Print
 
 شکستی سیستەمی بەرگری پێشمەرگەی کوردستان لەدژی داعش لە ناوچەکانی شەنگال و جەلەولا
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Saturday, August 16, 2014

سەرەتایەکی کورت؛
هەروەکو لێکۆڵینەوە سەربازیەکان دوای گرتنی شەنگال وتیان پێشمەرگەی کوردستان لەیەکەم تاقیکردنەوەی بەرگریدا شکستی هێنا و نەیتوانی ئەم ناوە پیرۆزەی خەباتی رابردوی پێشمەرگە بپارێزێ کە وەکو پێناسراو بو ئەمەش کەم نیە وا باس بکرێین و دەبێ هەمو لێپرسراوانی سیستەمی بەرگری لەکوردستان بە خۆیان و سیستەمەکەیاندا بێنەوە و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی شرۆڤە بکەن، لەخوارەوە هەندێ رەهەندی ئەم شکستە رون دەکەینەوە.

سەرۆکی هەرێم لە رۆژانی جەژندا سەردانی بەرەکانی جەنگی کرد لە رۆژئاوای دیجلە، ئەوکات داعش وای نیشان نەدابو ستراتیژی شەڕەکانی فراوانتر دەکات بۆ قوڵایی سێگۆشەی سنوری تورکیاو سوریا و کورستان هەنگاو دەنێ. ‌دەزگای سەربازی هەواڵگری کوردیش (وا دیارە هەروا کاردەکەن بەبێ زانیاری لەنێو دوژمن) هیچ زانیاری لەم بارەوە نەبو. سەرچاوەی ستراتیژی سەربازی کوردستان سەرەتا لەسەر ئەوە دامەزرا بو تەنها بەرگری دەکەین نەبادا توشی شەڕی نەتەوەیی و تایفی ببین کە ئەمە لە جەلەولا سەرکردەیەکی سەربازی کورد ئێستاش دوبارەی دەکاتەوە. لەچەند وتاری تردا شکستی ئەم ستراتیژەمان بەیانکرد و تەنها هۆیەک بۆ بەرگری هەبێ وەکو میکاڤیللی باسی دەکات ئەوە هێرشکردنە. بەڵام هێرشکردنیش هەر بە وشە نابێ ئامراز و هێز و پلان و توانای سەربازی دەوێ. لەدوای گرتنی شەنگال سەرکردایەتی سیاسی کورد بەتایبەت سەرۆکی هەرێم وتی ئێمە لەستراتیژی بەرگری هاتوینە دەرو ستراتیژی هێرشکردن پەیڕەو دەکەین. ئا هەر لەم ساتانە بو داعش و چەکدارەکانی پەلاماری گوێڕ و مەخموریان دا لەم نێوەشدا نە بەرگری پێویست کراو نەهێرشیش. دواتر بڕیاری ئۆباما کە ئەمەش هەم سەرکەوتنە بۆ دیپلۆماسیەتی کوردی هەرچەندە دیپلۆماسیەتەکەمان لەسەرەتای هەنگاوی دایە بەڵام ‌هێرشەکانی فڕۆکە سەربازیەکانی ئەمەریکا کۆتایی بە هێرشی داعش لە هەولیر ‌هێنا و سیناریۆکە کۆتایی هات، بەڵام ئەمە بۆ جەلەولا نەکرا دیارە ئۆباما لەدوایین لێدوانی بەڕاشکاوی دەڵێ کە بۆ کێ و بۆچی لەداعشمان داوە دەدەین.

ئەمە بە بیرهێنانەوەیەکی خێرای روداوەکانە و لەخوارەوە هەندێ باسی جیاجیا دەکەین بۆ رون بونەوەی تەواوی رەهەندەکانی سیستەمی بەرگری لە کوردستان و گرفتەکانی ئەم سیستەمە.

سیستەمی سەربازی لە کوردستان

لەواقعدا سیستەمی سەربازی کوردستان یانی هێزەکانی سەربازی پارتی و یەکێتی لەگەڵ لیوا تایبەتەکان و هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و دەزگاکانی دژە تیرۆر و ئاژانسی هەواڵگری و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پۆلیس دەگرێتەوە. هەمو ئەمانە لەشکڵدا سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و سەرکردایەتی پارتی و یەکێتیەوەن. ئەم هێزانە هەندێکیان لەنەوەی نوێن و هەندێکیان هەمان نەوەی پێشمەرگە کۆنەکانن و هەمو وەزعە سیاسی و سەبازیە کۆنەکانیان لەزەین دایە بە شەڕی براکوژی و دو ئیدارەیی و ژیان ناخۆشی پێشمەرگایەتی و دواتریش گەندەڵی بەڕێوەبردن بەرەو گەشەی ئابوری و ژیانێکی خۆشگوزەران.

بەرەکانی ناوخۆ؛ ئەم هێزانەی ناوخۆ کاری بەردەوام دەکەن لەهەمو مەیدانێکدا تارادەیەک رێکخراوترن لەهێزە سەربازیەکان سەرەڕای کەموکورتی لۆجیستی و ئامرازی پێویستی سەربازی. هێزەکانی ناوخۆ سەرەڕای هەمو کەم کوڕیەکانیان لەهێزی نیزامی و بە دیسلپین تر دیارن هەرچەندە ئەمانیش بە حیزبیەتەوە کاردەکەن، چونکە سیستەمی قەزایی سەربەخۆ لەکوردستان مەوجودیەتی نیە و حیزب باڵی بەسەر بەڕێوەبرنی کۆمەڵگا گرتوە و ئەم دەورانەش هێندەی تر مەسەلەکانی بە حیزبی بونی زیادتر کرد و تۆختری کردەوە، بۆیە هێزە ناوخۆیەکان هەر ئەسیری حزبن تا سیستەمی قەزایی لەناوەرۆکدا.

هێزی پێشمەرگە؛
ئەم هێزە کە حیزبیە و هیچ سیماتێکی سوپایەکی پرۆفیشینالی نیە وەکو ئەوەی لەوڵاتان دا هەیە نەک بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتو بگرە بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری وەکو تورکیا و ئێرانیش هەروایە. بەداخەوە کە وا دەڵێن، چونکە سیستەمی دیسلپینی بەهێزی نیە و تەنانەت لەکاتی بەرەکانی جەنگدا جل و بەرگ و شێوەی سڵاو کردن لەپلە دارەکان و شێوەی بەرەنگاری و زانیاری هەاڵگری سەربازی و چەک و تفاقی سەربازی و هتد، لەسوپایەکی رێکخراو بە دیسپلین ناکا. ئەم هێزە زیاتر لەهێزێکی حیزبی خۆبەخش دەچێ تا هێزێکی سەربازی تۆکمە و پۆشتە و پرداخ  و رێکخراو بە دیسپلینی سەربازی ئاسنین و بە‌هێز و بەتوانا. ئەمە مانای ئەوە نیە کە پێشمەرگەکان یان کەسایەتیەکان گرفتیان هەیە یان کەمیان دەکەینەوە هەرگیز نا پێشمەرگە ناوی بە خۆیەوەیەو من ئێستاش گەشبینم بەم رەوشە سیاسیە، چونکە خەڵکی هەژاری کوردستان روحی بەرگری بەهێزەو بەرگری دەکات، بەڵام رەخنەی ئێمە لەسیستەمێکە کە ئەمانە رێکخراو دەبێ بکات و کورتی هێناوە لەمبارەیەوە. ئەم هێزە نە نهێنی پاڕێزبوەو نە دەزگاکانی هەواڵگری لەنێو دوژمن بە هێز بوە، ئەمەش وای لەم هێزە کرد کە نەتوانی خوێندنەوەی دروستی بۆ گۆڕینی ستراتیژی شەڕی داعش هەبێ. ئەگەر هەروا کار بکەن ئەوە داعش دوبارە لەناوچەیەکی تریش غافلگیریان دەکات و ناوچەیەکی تری ناسک لەکوردستان دادەبڕێ. داعش لەسنورەکانی کوردستان بە ئازادی مناوەرە دەکات و خەندەق لێدەدات و هەرکات بە هەلی زانی هێرشدەکات. ئەم هونەرە لەشەڕکردن نوێ نیە بەڵام سیاسەتی سەربازی تەنها بەرگری بوەتە هۆی ئەم وەزعە.

ئایا گرفتی لۆجیستی (چەک و تەقەمەنی و تفاقی سەربازی) بونە هۆی ناهاوسەنگی هێزەکان و شکانی سیستەمی بەرگری پێشمەرگەی کوردستان یان مەسەلەکە زۆر واوەترە لەم هۆکارە کە سەرۆکی هەرێم باسی ئەو دەوڵەتە تیرۆرە دەکات لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا.

ئەگەر ئەم هاوکێشە وابوایە ئیرادەی گەلان دەبوا لەژمێریاری سەربازی و بەرگریدا سفر بوایە. من ناڵێم وانیەو لەلایەنی لۆجیستی سەربازی پێشمەرگە گرفتی نیە، ئەمە دروستە و هۆکارێکە بەڵام مەسەلەی سەرەکی شکستی سیستەمی بەرگری پیشمەرگەیە. من باس لەئیرادەو پەروەردەی سەبازی دەکەم لەنێو پێشمەرگەی کوردستان ئێستا لاوازە بە بەراورد بە پێشمەرگەی کوردستان لەساڵەکانی تری تەمەنی سەرەتاییدا یانی لەچلەکان تا دەگاتە نەوەدەکانی سەدەی رابردو ئەگەرچی ئەم کات هەمو شتەکان جیابون بەڵام ورەی بەرزی کوردایەتی و خەڵکی رەنجدەر بەهێز بو و بۆیەش توانای بەرگری بەهێز بو، باشترین نمونە پێشمەرگەکانی کوردستان لەهەشتاکان یان گەریلاکانن کە ئەوان دیسپلینی حیزبیان جیایە لەحیزبەکانی تر یان بەرەی فارەک لەکۆلۆمبیا و یان ئەزمونی گەلی ڤێتنام لەشەڕی تان بیان فو کە هێزە ئەمەریکا تایبەتەکان شکستیان هێنا لەبەرامبەر ئیرادەی گەلی ڤێتنام.

من دەکرێ تەنها شەڕەکانی شێخ مەحمود و بارزانیەکان دژی حکومەتی عێراقی بێنمەوە کە سەرۆک لەهەمو کەس باشتر دەزانێ ئیرادەی گەل دەتوانێ زۆر مەسەلە یەکلا بکاتەوە لەسیستەمی بەرگریدا. بەڵام قوربانی زۆرتری دەوێ. هێزەکانی نێو سەربازگەی کەسک و رەبیعە و شەنگال کە ‌هێزی حیزبی بون ئەم ئیرادەی گەلی کورد و پێشمەرگەیان دابەزاند و شەرمێکی زۆریان بۆ هێزی پێشمەرگە هێنا و ناو و خەباتیان لەکەدارکرد و روی تریان بە دوژمنان نیشاندا. دەبێ ئەمانە سەرەتایەک بن بۆ بونی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی و سیستەمی قەزایی ئازاد لە کوردستان ئەگەر حیزبیش سزایان بدا یان نا ئەوە نەتەوە هەقی خۆیەتی پەلکێشی دادگایان بکات و لە مەسەلەکان بکۆلێتەوە، ئەزموونمان لەگەڵ لێژنەکانی سەرۆک هەیە و هیچ ئامانجیان بۆ گەل نیە، ئێمە خوازیاری لیژنەی گەلین بۆ ئەم پرسە و سەرۆک بەحیزبی مامەڵەیان لەگەلدا دەکات هەقی خۆیەتی، بەڵام گەل زیاتر دەبێ داوابکات، قوربانیەکان هەر شەنگالیەکان نین، تەواوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سیستەمی بەرگرییان لە کوردستان بۆ دوا ئاست دابەزاند.

لە زۆر لە نوسینەکانماندا باسمان لەچاکسازی ناوخۆ کردوە من لێرەدا دوبارەی ئەم مەسەلەیە ناکەمەوە، بەڵام دەکرێ باس لەچەند رەوشێکی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بکەین کە ئەم سیستەمەی بەڕێوەبردنەی کە هەیە یەکێ لە هۆکارە سەرەکیەکانی لاوازی سیستەمی بەرگریە لەکوردستان لەگەڵ هەلوێستی رابەرایەتی کورد لەباشور لەکاتی ئاڵوگۆڕە سیاسیە خێراکان و نەبونی یەک خەتی سیاسی رۆشن و یەکگرتو و هەماهەنگ بۆ گشت مەسەلەکان و کارکردن بۆ ستراتیژێکی دیاریکراو و بە بەرنامە.

سیستەمی بەڕێوەبردن لەکوردستان کاری پێشمەرگە و پۆلیسی کردە کاری دوەم بۆ هاوڵاتیان و گوندنشینەکان. واتە لەپاڵ ئەم کارە کاری تریشیان دەکرد. ژیان و گوزەرانیان وا خراپە و خراپ بو، ئەوە خشتەی دو هەفتەیی و یەک هەفتەیی و دەوام نەکردن و هەڵاتن و خۆشاردنەوە و گەندەڵی ئیداری و ناونوسینی زیاد و مەعاشی بن دیوار و هتد گرتەوە. ئەم سیستەمی بەڕێوەبردن و حیزبیە وای لەپێشمەرگە کرد کەوا خۆیان لەپێش چاو کەم و بێ ئیعتبار بێ ئەمەش گرفتێکی سایکۆلۆژی گرنگە بۆ ئاستی ئینتیمای تاکەکان بۆ ووڵات و حکومەت. نەوەی نویی پێشمەرگە لەگەڵ نەوەی کۆنی پێشمەرگە کە مەسوولیانن جیاوازیان ئاسمان و رێسمانە یان خانەنشینەکان لەمانیش مەحرومترن یان پێشمەرگە کانی برینداری کۆن و لەدەست دانی ئەندامێکی لەشیان. هەمو ئەمانە مەعنەویاتی تاکی پێشمەرگەی دابەزاندوە و هەمویان لەبەر چاویانە دەڵێن ئەگەر شەهید بین یان بریندار بین هەروامان لێ دێ وەکو ئەوانەی ئەمڕۆ کە دەیبینین.

لەلایەکی تر ئەو بەشە لە پێشمەرگە کۆنانەی لە لێپرسراویەتی دان دو جۆرن، جۆرێکیان فیداکارن و هەمان روحیەتی کۆنیان هەیە، جۆرێکیشیان فێری سپلیت و دوژنە و باخ و سەیران و رابواردن و بازرگانی و دەوڵەمەندی بون وەکو قاسم شەشۆ دەبێژی بەرخودانیان بیرچۆتەوە.

دەکرێ هەمان مەسەلە لەسەر جەلەولا بهێنینەوەو گرتنی دو گەڕەک و پاککردنەوەی بوە کێشەی دو ڕابەری سەربازی و دواتر تەواوی شارەکە وەک تاکتیکی سەربازی تەسلیم بە داعشکرا بە پارەی بانکەکان و پۆلیسی عێراقەوە. ئەمە چەندە راستن ئەوە سەرچاوەیەکی بێ لایەن نیە ئەمە پشتراست بکاتەوە. بەڵام هەمان سیستەم و بە ناوی حیزبێکی ترە هەمان وەزعیان دروستکردوە. مێژوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پێشمەرگەکانی بۆ هەموان دیارن و دیاربون بەڵام بەم شێوەیە مامەڵەکردن لەسیستەمی بەرگری ئەوە ئەگەر رابەرەکانی شەهیدی یەکێتی زیندو بکەیتەوە هەرگیز رازی نین بەم سیستەمە بەرگریەی هەیە. ئەمە لەمەخمور و گوێریش هەر هەمان شت بون. ئیرادە بە هێز دەتوانێ زۆر مەسەلە یەکلابکاتەوە. هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەلك بە چەکی شانیان و بە بەرگری کردنیان لە مەخمور و خورماتوو و کۆبانی لەگەڵ ئیرادەی یەکینەکانی پاراستنی گەل بە شەش پێشمەرگە گیانی ئەم هەمو ئاوارەی چیای شەنگالیان پاراست (بەگوێرەی هەوالی فورات نیوز).

ئێستا مەسەلەکان گۆڕاون و هاوسەنگی هێز لەلایەنی سەربازی ئاوەژو بوەوە لەلایەنی یارمەتیدانی ئەنتەرناسیونالی و لەگەڵ حکومەت عێراقدا. بەڵام هەروا داعش ستراتیژی هێرشکردن پەیڕەو دەکات و پێشمەرگەش لەبەرگریدایە.

مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کاری سەرەکی وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراوانە کە سیستەمی بەڕێوەبردن و رێکخراوکردنی سیستەمی بەرگری کوردستان چاکتر بکات. هەروەها دەبێ بە دەست و برد ئەم سیاسەتەی هێرشکردن پەیڕەوبکرێ و پشتێنێکی ئەمنی بۆ کوردستان دروست بکرێ بەتایبەتی لەمڕۆوە کە زلهێزەکانی دونیا بە وەڵام هاتون و کۆمەک بە میللەتی کورد دەکەن. بەڵام ئەگەر بەم شێوەی سەرکردایەتیەو مۆدێلەی بەڕێوەبردن و عەقلیەتەی کۆنی رێکخراوبون کار بکەن ئەوە هەر وەکو خۆیان سیستەمەکەیان لەم ئاستە دەبێ و چەکەکانی کە لەدەرەوە دێن حزبی پێ بەهێز دەکەن و هیچی تر. هەروەها وەزیری پێشمەرگەش تەنها دەبێتە پلەیەکی وەزیفی و هیچ لەبارەی پلان و کارەکان و سیستەمی بەرگری سەربازی نابیستێ و نازانێ و وەکو فەرمانبەرێ دەمێنێتەوە. ئەمەش خەسارەتێکی گەورەیە لەتەواوی گەلانی کوردستان و مێژوی نەهامەتیەکان خۆی دوبارە دەکاتەوە.
Sbeiy.com © 2007