Print
 
 كاتی جێبەجێكردنی رێكەوتنەکە هاتوە
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Monday, September 15, 2014

رۆژی‌ 28ی‌ ئه‌م مانگه‌ (100) رۆژ به‌سه‌ر دروستبونی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێده‌په‌رێ‌ و زیاتر له‌ پێنج مانگیش به‌سه‌ر رێككه‌وتنی‌ نێوان پارتی‌  و گۆڕان بۆ پێكهێنانی‌ حكومڕانی هاوبه‌ش له‌هه‌رێمدا، كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ رۆژی‌ 17ی‌ نیسان له‌هه‌ولێر راگه‌یه‌نرا.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له ‌رۆژی‌ متمانه‌ پێدان و سوێندخواردنیدا له‌به‌رده‌وام نوێنه‌رانی‌ گه‌لدا له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان وتی: ‌"كابینه‌ی هه‌شت كابینه‌ی بنكه‌فراوانی یه‌كڕیزی و یه‌كبونی نیشتمانی و چاكسازیه‌، كه‌ گوزارشت له‌ئیراده‌ و خواستی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات". به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی‌ هێشتا له‌ بواری‌ پراكتیكدا نه‌بۆته‌ واقع و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان وه‌ك هێزی‌ دوه‌هی‌ هه‌رێم نیگه‌رانه‌ له‌:

 یه‌كه‌م: هه‌نگاوه‌ چاكسازیه‌كانی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ تائێستا بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دڵخۆشكه‌رو ئومێد به‌خش نیه‌!

دوه‌م: له‌كۆی‌ زیاتر له‌ (500) پۆستی‌ گرنگی‌ ناو جیهازی‌ حكومه‌ت (له‌خواره‌وه‌ جۆری‌ پۆسته‌كانم وردكردۆته‌وه‌) ئێستا گۆڕان ته‌نها  (4) وه‌زیری‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و به‌رنامه‌ چاكسازیه‌كه‌ی‌ ده‌كات. كه‌ ده‌بوایه‌ حه‌قه‌ به‌شی‌ گۆڕان له‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌دا، له‌به‌شداری ته‌واوی‌ ناو جومگه‌ گرنگه‌كانی حكومڕانیدا ره‌نگی‌ بدایه‌ته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ پێنج مانگی‌ رابردودا كه‌ پارتی‌ رێككه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌ت راگه‌یاندوه ‌و له‌ماوه‌ی‌ نزیك به ‌100 رۆژی‌ ده‌ستبه‌كاربونی‌ كابینه‌كه‌شدا، گۆڕان كه‌ بێده‌نگه‌ی‌ له‌سستی‌ هه‌نگاوه‌ چاكسازیه‌كانی‌ حكومه‌ت و حه‌قه‌به‌شی‌ پۆسته‌كانی‌ خۆی‌ كردوه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ سێ‌ فاكته‌ره‌وه‌ هه‌بوه‌: (زه‌مه‌نی‌ كورتی‌ رێككه‌وتن و كابینه‌كه‌، برینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌، هه‌ڵتۆقینی‌ داعش و روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌وشه‌ره‌دا)... به‌ڵام ئیتر كاتی‌ ئه‌وه‌هاتوه‌ پارتی‌ وه‌ك پێكهێنه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ حكومه‌ت قه‌رزه‌كانی‌ گۆڕان بداته‌وه‌ و ده‌ستبكات به‌ جێبه‌جێكردنی‌ خاڵی‌ چواره‌می‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ی‌ نێوانیان كه‌ ده‌ڵێ؛ ‌"چه‌سپاندنی‌ پره‌نسیپی‌ (شه‌راكه‌ت) له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ به‌شداربوه‌كانی‌ حكومه‌ت، هاوبه‌شی‌ راسته‌قینه‌ بن له‌ ده‌سه‌ڵات و دروستكردن و جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاردا".

بۆ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و خاڵه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌م دو روه‌وه‌ خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌و ره‌نگده‌داته‌وه‌:
یه‌كه‌م: ده‌ستپێكردن به‌چاكسازی‌ ریشه‌یی‌ راسته‌قینه‌ كه‌ زۆرێكیان له‌كارنامه‌كه‌ی‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیدا هاتوه‌، كه‌ رۆژی‌ 18/6 له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان خوێندیه‌وه ‌و گۆڕان به‌جدی‌ ده‌یه‌وێت له‌هاوبه‌شبونیدا په‌یام و به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ جێبه‌جێبكات كه‌ له‌هه‌ڵبژادنی‌ 21/9 دا به‌ڵێنی‌ به‌خه‌ڵكدا.

دوه‌م: وه‌رگرتنی‌ حه‌قه‌ به‌شی‌ پۆسته‌كانی‌ خۆی‌ كه ‌به‌وپێیه‌ی‌ 24%ی‌ كۆی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ده‌بێت له‌كۆی‌ جومگه‌كانی‌ حكومڕانیدا بۆ ئه‌م هێزه‌ ره‌نگبداته‌وه‌ كه‌به‌م شێوه‌یه‌یه‌:
# له‌ناو سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (نزیكه‌ی‌ 40 پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ فه‌رمانگه‌ و لیژنه‌و راوێژكار) هه‌ن كه‌ده‌بێت به‌شی‌ گۆڕانیشی‌ تێدابێت.
#ئه‌و پۆستانه‌ی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا گرنگیان هه‌یه‌و كه‌سی یه‌كه‌مه‌كانیشیان پله‌ی وه‌زیریان هه‌یه‌: (سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، فه‌رمانگه‌ی‌   هه‌ماهه‌نگی‌ و به‌دواداچون، سكرتێری‌ قانونی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، وته‌بێژی‌ حكومه‌ت، ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئابوری‌ هه‌رێم، فه‌رمانگه‌ی‌ كارگێڕی‌ و دارای‌ دیوانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، فه‌رمانگه‌ی‌ پلاندانان، فه‌رمانگه‌ی‌ ئایتی‌).
# ده‌سته‌كانی‌: (دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌، ده‌سته‌ی‌ ده‌سپاكی‌، ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ).
#ده‌یان پۆستی‌ ناو  دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم
#پۆستی‌ 16 نوێنه‌رای  حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ وڵاتانی‌ ئه‌مەریكا و ئه‌وروپاو ئاسیا و پۆسته‌كانی‌ ناو فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان له‌هه‌ولێر.
#پۆسته‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كان و ده‌سته‌سه‌ربه‌خۆكاندا كه‌ به‌ده‌قیقی زیاتر له‌ (215) پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ناو وه‌زاره‌ت و ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه‌، كه‌ له‌ئێستادا له‌و ژماره‌یه ‌(93)یان سه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-ه‌و (114) به‌ڕێوه‌به‌ریان سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستان-ه‌و (8)ی تریشیان سه‌ر به‌ لایه‌نه‌كانی ترن.
# پۆستی راوێژكار له‌ده‌زگاكانی حكومه‌تدا، كه‌ له‌ئێستادا 188 پۆستی‌ راوێژكار له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كاندا هه‌یه‌ و له‌و ژماره‌یه‌ش (53) یان سه‌ر به‌یه‌كێتی‌ یه‌و (120) شیان سه‌ر به‌ پارتی‌ و  15 راوێژكاره‌كه‌ی‌ یكه‌ش سه‌ربه‌ حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ن. به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا گۆڕان راوێژكاری‌ بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ش دانابێت كه‌ وه‌ریگرتون.
# پۆستی‌ زیاتر له‌ 205  به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ له‌ناو وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و ده‌سته‌كان.
#ده‌یان پۆستی‌ گرنگی‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێم... كه‌ هه‌رچه‌نده‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ له‌بواری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا شه‌ری بێلایه‌نی و سه‌ربه‌خۆبونی قه‌زاو پیشه‌یبون ده‌كات، به‌ڵام  مافی خۆیه‌تی له‌فۆرمۆله‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وپله‌و پۆستانه‌دا مافی‌ پێداچونه‌وه‌ی‌ هه‌بێت...

بارودۆخی‌ سێ‌ مانگی‌ رابردوی‌ هه‌رێم نیشانیداین كه‌ چاكسازی‌ له‌سیستمی‌ حكومڕانی‌ هه‌رێمدا، ئه‌مڕۆ له‌هه‌موكاتێك زیاتر پێویسته‌و شه‌ری‌ داعش پێیوتین چه‌ند كڵۆڵ و لاوازین له‌بواری‌ ژێرخانی‌ ئابوی‌ و ژێرخانی‌ ئیداری‌ و ژێرخانی‌ سه‌ربازیدا!

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان خوازیاری‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌رده‌وام بێت به‌و مه‌رجه‌ی‌ بتوانێت لانی‌ كه‌می‌ به‌رنامه‌ چاكسازیه‌كه‌ی‌ بخاته‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ و جێبه‌جێی بكات، كه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و به‌رده‌وامیه‌ش ره‌نگه‌ تاساڵێكی‌ دیكه‌ ته‌نها لای‌ پارتی‌ بێت، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گۆڕان له‌ناو حكومه‌تێكدا درێژه‌ به‌كاركردن نادات  كه‌ ببێته‌ هۆی چۆكپێدادانی! ببێته‌ هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ پره‌نسیپ و په‌یامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی! ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ هێزێكی تر ببێ به‌ پاشكۆ!

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران ئێستا له‌زیاد له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌ژێر فشار دایه‌ ئه‌وانیش فشاری‌ ده‌نگده‌ر و هه‌ڵسوراوه‌كانی‌ و فشاری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیشه‌، چونكه‌ ئاستی‌   چاوه‌ڕوانییان له‌وه ‌زیاتر بو كه‌ ئێستا به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌، هه‌ربۆیه‌ پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ شه‌ریكه‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕانه‌ له‌ حكومه‌تدا ده‌توانێت به‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌ڵێنی‌ چاكسازیه‌ی‌ به‌گۆڕانی‌ داوه‌، نیگه‌رانی‌ ده‌نگده‌ره‌كانی‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌؟ یان دۆخه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زه‌مه‌نی‌ دوساڵ پێش ئێستا، چونكه‌ گۆڕان به‌ڵێنی‌ به‌خه‌ڵك دابو به‌هه‌مو نرخێك نه‌به‌شدارده‌بێت له‌ حكومه‌ت و نه‌درێژه‌ به‌مانه‌وه‌شی‌ ده‌دات!
Sbeiy.com © 2007