|
کوردستان ناوەندی یەکلاکردنەوەی ململانێ |
نوسهر: ئامانج هەرتەلی
|
Saturday, September 20, 2014 |
کوردستان لەزۆربەی کاتەکانی مێژو، ناوەندی گەورەی زۆرانبازی دەسەڵاتدارانی خۆی بوە بۆ یەکاڵاکردنەوەی ململانێ کانیان، بەتایبەتیش کوردستانی باشور چەقەکەی بوە، کوردیش قوربانی گەورەی ئەو ململانێیە بوە . ئەوەتە لەسەردەمی سوڵتان سەلیم خەلیفەی عوسمانی ((دوای گەڕانەوەی لە جەنگ لەگەڵ سەفەوەیەکان، دایکی لێیدەپرسێت کوڕم چیت کرد، دەڵێ دایکە دیوارێکم لەنێوان خۆم و سەفەویەکانم دروستکرد، دایکی دەڵێت چۆن توانیت ئەو دیوارە دروست بکەیت، لەوەڵامی دایکیدا دەڵێ لەگۆشت و خوێن، لەو عەشیرەتە کوردانە کە دەکەونە نێوان ئێمەو سەفەوەیەکان قەرارە ئەوان بجەنگن دژیان)). بەردەوام تارۆژی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بەردەوام سودیان لەساویلکەی سەرانی کورد وەرگرتوە چ لەژێر تەئسیراتی ئاینی بوبێت یان بەرژەوەندی تر وایان لەکورد کردبێ کە بکەونە ژێر کاریگەری ئەوان .
لەئێستادا ململانێکی قوڵ کەوتۆتە نێوان ئەمەریکا و ئێران، ئەمەریکا لەکۆنگرەی وڵاتانی دژ بەرێکخراوی تیرۆرستی داعش لەپاریس رازی نەبوە بەشدار بێت، بەشدارینەکردنی ئێران لەم کۆنگرەیە کاردانەوەی خراپ دروست دەکات لەسەر رەوشی هەرێم، لەکاتێکدا داعش ملی بە بەغدا نا عێراق داوای لەئەمەریکا کرد کە هاوکاری بکات، بەڵام ئەمەریکا داواکەی رەتکردەوە، لەوکاتەی ئەمەریکا هاوکاری لەڕوی سەربازی و مرۆیی بۆ کورد راگەیاند، کورد وتەنی ئێران بەم هەنگاوەی ئەمەریکا (کێچی کەتەکەوڵ).
ئێران دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، لەڕێگای رەوتی شیعی کەوتە ململانێی گەورە لەگەڵ نەیارە سەرسەختەکەی کە زەمەنێک لەدورەوە دژایەتی یەکتریان دەکرد، بەهاتنە بن باڵی ئێران لەدوای ٢٠٠٣. ئێران توانی ململانێکان بە قازانجی خۆی ئاوەژو بکاتەوە ئەمەریکا لەڕێگای رەوتی شیعی ناچار بەگەڕانەوە بکات دوای قوربانیدانێکی زۆر لە ٢٠١١ دا، بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لەعێراق وردە وردە بەرەو لەناو بردن دەبرد، هەژمونی خۆی باڵادەست دەکرد لەعێراق دا .
دوای ناچارکردنی ئەمەریکا بەرۆیشتن لەعێراق، دوای قوربانیدانێکی زۆر، هاتنی داعش بۆ عێراق و دەست بەسەرداگرتنی ناوچەی سونی، پەلاماردانی داعش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لەدو لاوە ئەمەریکای هاندا بۆ ئەوەی هێرش بۆ سەر رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەست پێبکات. لەلایەکیان دوای نزیکبونەوەی داعش لەهەولێر هەڕەشەیەکی گەورەبو لەسەر هاوڵاتیانی خۆی لەهەرێم و، هەروەها کۆتایهاتنی بە هێڵی ٣٦ کە ئەنجومەنی ئاسایش لەساڵی ١٩٩١ بەمەبەستی پاراستنی گەلی کورد دەریکردبو. لەهەمان کاتدا تێکچونی ئەزمونی هەرێمی کوردستان لەلایەن داعش. زەرەرێکی گەورە بو بۆ ئەمەریکا لەخۆرهەڵاتی ناوەراست. لەلایەکی تر بۆ ئەمەریکا باشترین دەرفەت بو، بۆ ئەوەی جارێکی تر پێ خۆی لەعێراق قایم بکات، بەرژەوەندیەکانی خۆی لەعێراق باشتر بچەسپێنێ و بەرژەوەندی و هەژمونی ئێران بەرەو کەم بونەوە ببات .
کوردستان لەئێستا بەرەو ناوەندێکی قوڵی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەچێت، بەهاتنی داعش بۆ سەر هەرێم، ئەمەریکای ناچار کرد لەپێناو بەرژەوەندیەکانی لەهەرێم پەلاماری داعش بدات، لەهەمانکاتدا هێزی پێشمەرگەی پرچەک کرد، هێڵێکی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری هەرێم و پێشمەرگە کێشا کە چەندین دەوڵەتی هێنایە سەرهێڵ بۆ کۆمەک و هاوکاری، بەشداری پێنەکردنی ئێران لەکۆنگرەی پاریس و لێدوانەکانی سوپای قودس لەمەڕ پرچەکردنی پێشمەرگە بەمەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت، هەروەها لێدوانی موقتەداسەدر لەهەمبەر مانەوەی ئەمەریکا لەعێراق، رۆژ دوای رۆژ دۆخەکە لەسەر هەرێم ئاڵۆزدەبێت و هەرێم دەبێتە چەقی ململانێکانی وڵاتانی زلهێز. بەمەش پێدەچێ کورد سودی زۆری پێبگات و وەک پێشو مەترسی گەورەی لەسەر نەمێنێت، لەبەرئەوەی تورکیا هاوکاری ئەمەریکا نەبو دژی تیرۆر و وتەی بەرپرسانی تورکیا لەهەمبەر داخستن و رێگە گرتنی فڕینی باڵەفڕە جەنگیەکانی ئەمەریکا لەتورکیاوە بۆ ئاسمانی عێراق و کردنەوەی بنکەیەکی باڵەفڕخانەی جەنگی ئەمەریکا لەهەرێم، هەم هەرێم بەرەو بەهێزی دەبات، هەمیش دەیکات بەناوەندێکی ململانێی گەورەی یەکلایکردنەوەی وڵاتە بەرژەوەندیخوازەکانی ناوچەکەو دنیا.
|
|
|