|
یه‌کێتی... تاکه‌ی به‌م شێوه‌یه؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Friday, October 3, 2014 |
یه‌کێتی، پاش زنجیره‌یه‌ک پاشه‌کشه و ته‌قینه‌وه‌ی کێشه ناوخۆییه‌کانی له‌دوا ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی چواره‌می ته‌مه‌نیدا، تا ئه‌م ساته‌ش نه‌یتوانیوه رێگری له پیربون و په‌ککه‌وتنی پێشوه‌خته بگرێت.
مه‌حاڵ نیه هێزێک به‌و مێژو و ئه‌زمونه زۆره‌وه بتوانێت زه‌مینه‌ی هه‌ڵسانه‌وه ساز بکات به‌مه‌رجێک نیه‌ت و ئه‌قڵیه‌ت و ئیراده‌ی ئه‌و کاره‌ی هه‌بێت. روداوه‌کانی نزیکه‌ی دو ساڵی رابوردو ده‌ریانخستوه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هێزه، که خۆیان هۆکارێکی سه‌ره‌کی ئه‌و پهککهوتنهن، نه‌ک ته‌نها ئه‌هلی ئه‌و کاره نین، به‌ڵکو تا دێت به‌ره‌و داشکاندن و دابڕاندنی زیاتر ده‌ڕۆن.
زه‌مینه‌ی مێژویی
یه‌کێتی له سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه تا سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابوردو و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ئێران - عێراق کاری جدی بۆ بنه‌ما و دیده ستراتیژیه‌کانی ده‌کرد، یه‌کێتی لێره به‌دواوه، دوای شکستی دانوستاندن له گه‌ڵ به‌غداد ناچاربو په‌نا بۆ ئێران ببات، هێدی هێدی له بازنه‌ی ته‌کتیک و سیاسه‌تکردنی کورت مهدادا گیرسایه‌وه و به‌شێک له ئاراسته ستراتیژیه‌کانی له ئه‌رزی واقیعدا ده‌خسته خزمه‌تی ده‌سکه‌وته سیاسی و سه‌ربازیه کاتیهکانیهوه.
یه‌کێتی له چه‌ند قۆناغێکی جیاوازی دۆخی ئاڵۆزی باشور و ناوچه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌دا توشی شه‌ڕی لهبهلا و گه‌له‌کۆمێ و کێشه‌ی ناوخۆیی بوه، له زۆربه‌یاندا توانیویه‌تی دۆخه‌که بگۆڕێت و به‌سه‌رکه‌وتن یا که‌متر زیان لێێ ده‌رچێت. له گێژاوی ئه‌قڵیه‌تی مه‌دا کورتبین و له خۆباییبون و بێئۆقره‌یی و لێکترازاندا نه‌یتوانیوه مامه‌ڵه‌ی دروستی ئه‌و پێشکه‌وتنانه بکات، بۆیه هه‌رزو به‌شێکی له ده‌ستداوه، سه‌رله‌نوێ که‌وتۆته‌وه خۆی تا ههڵبسێتهوه و بگه‌ڕێته‌وه خاڵی پێش پاشه‌کشه، به‌کوردیه‌که‌ی سیاسه‌تی پینه و په‌ڕۆکردنی پێڕهوکردوه.
له‌ژێر زه‌بری روداوه‌کان و ئه‌م جۆره له کارکردنه یه‌کێتی نه‌یتوانیوه له سه‌ر ئه‌رزی واقیع له‌ڕوی سیاسیه‌وه به‌رده‌وام داکۆکیکه‌ری ستراتیژیه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی (نه‌ک دروشمه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان) رون و چه‌سپاو بێت، بۆیه په‌یامه سیاسی و هاوپه‌یمانیه‌کانی به‌پێی شوێن و کات و سروشتی لایه‌نه‌کانی تر گونجێنراون.
نمونه‌کان
نمونه: که‌سێک نادۆزیته‌وه نکۆڵی له رۆڵی سه‌ره‌کی یه‌کێتی له ئاماده‌کاری و هه‌ڵسوڕاندنی راپه‌ڕینی 1991 و دواتر له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی یه‌که‌م حکومه‌تی هه‌رێم له 1992 و چه‌سپاندنی فیدراڵیزمدا بکات. هه‌ر خودی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی خۆیان بون که وه‌ک پارتی پشکی به‌رچاویان هه‌بو کاتێک ئه‌م ئاراسته ستراتیژیه نه‌ته‌وه‌ییانه‌یان خسته خزمه‌تی ململانێی حیزبی و ده‌سکه‌وتی مادی و فیفتی به فیفتی و شه‌ڕی ناوخۆ و له‌تکردنی باشور و دو ئیداره‌یی و ... تاد.
نمونه: بیرۆکه‌ی پشت رێکه‌وتنی ستراتیژی بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ دروست و نیشتمانیه، به‌ڵام کاتێک رێکه‌وتنه‌که له ئه‌رزی واقیعدا بۆ پاوانخوازی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌ته‌کان و ئیفلیجکردنی حوکمڕانی و پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌کردن به‌کارهێنرا، به‌واتایه‌کی تر درێژه‌پێدانی شه‌ڕێکی ناڕه‌وا بو به‌بێ چه‌ک، ئیتر سه‌رجه‌م ئه‌و بیرۆکانه‌ی پشت رێکه‌وتنه‌که هیچ به‌هایه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌ما، بۆیه لاوانه‌وه به‌و قه‌وانه نه‌یتوانی و ناشتوانێت چیتر خه‌ڵکی چه‌واشه بکات. هه‌ر بۆیه یه‌کێتی له سایه‌ی تێڕامانی بۆ رێکه‌وتنه‌که و مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵیدا، وێرای سودی مادی، زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌که‌م ده‌رچو. ئه‌م زیانکردنه، پێشئه‌وه‌ی ته‌نها خه‌تا و گوناهه‌که‌ی بخرێته ئه‌ستۆی پارتی، له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌سته به‌پشکی یه‌کێتی له هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه و چاوه‌ڕوانی نادروستی له رێکه‌وتنه‌که و لادان له مه‌به‌سته ستراتیژیه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی.
ئه‌م ده‌ورانه‌ی ژیانی یه‌کێتی چه‌ندین جار دوباره بۆته‌وه. جاران، تایبه‌ت له سه‌رده‌می شاخدا، سه‌رکردایه‌تی فیعلی یه‌کێتی له‌لایه‌ن به‌ڕێزان مام جەلال و نه‌وشیروان مسته‌فاوه نه‌یهێشتوه پاشه‌کشه و شکسته‌کان زۆر بخایه‌نن و پێوه‌یان دیاربێت، له غیابی مام جەلال و وازهێنانی نه‌وشیروان مسته‌فا له یه‌کێتی دۆخی یه‌کێتی چی لێهات و به‌ره‌و چی ده‌ڕوات بێ هیچ کۆمێنتێک لای هه‌مو ئاشکرایه.
ئێستای یه‌کێتی
دۆخی یه‌کێتی له دو ساڵی دواییدا چه‌ند باره‌کردنه‌وه‌ی لێدانی قه‌وانه‌که‌ی جارانه. له غیابی مام جەلالدا چڕینه‌وه‌ی ئه‌مجاره زۆر به‌رچاو و نه‌شاز و هه‌راسانکه‌ره، زه‌قترین سیماکانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی دابڕانی ته‌واوی جومگه‌کانی سه‌رکردایه‌تی و فره‌کوێخایی و بێباکی و پێداگری و شۆڤێنیزمنی حیزبی و سیاسه‌تی خورمژه، کۆی گشتی ئه‌م شێوازه له حیزبایه‌تیکردن ئاکامی بێ ئومێدیه له چاکبونی دۆخی ناوخۆ و زیادهڕۆییهکانیش پشتئه‌ستوره به هێزی چه‌کدار و ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایشی ژێر ده‌ستیان و به کارئاسانی و یارمه‌تی ئێران و به‌غداد. ئه‌م خه‌سڵه‌تانه به‌جۆرێک روخساری یه‌کێتییان به‌ته‌م و لێڵی داپۆشیوه که بینینی روخساره ره‌سه‌نه‌که‌ی ئه‌سته‌م کردوه.
له ئێستادا نه‌هجی سیاسی یه‌کێتی کاڵبونهوهیهکی خه‌ستی ئه‌قڵانیه‌ت و کراوه‌یی و واقیعبینینی پێوه دیاره، تابێت به‌هۆی هه‌ڵوێست و مامه‌ڵه‌کردنی ناجێگیر و نادیاری ده‌سه‌ڵاتدارانیه‌وه یه‌کێتی زیاتر خۆی داده‌بڕێت و ناحه‌زه‌کانی زیاد ده‌که‌ن، ئه‌و هه‌ڵوێست و جموجۆڵه سیاسیانه‌ی ده‌یکات، چی له‌ئاستی کێشه گه‌وره‌کانی ناوخۆی و چی سه‌باره‌ت به‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی، له بازنه‌کانی ئه‌سته‌نگ دروستکردن و پێداگری ناڕه‌وا و موماته‌ڵه و پێچوپه‌نا و پینه و پهرۆکردندا ده‌سوڕێنه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سایه‌تی و گروپانه‌ی ناو یه‌کێتی ویستویانه کاری جدی بۆ چاره‌ی دۆخه‌که بکه‌ن زو لێدراو‌ن و په‌رواێز کراون.
ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان گێژاوێکی سیاسیان خهڵقاندوه که هیچ ئاراسته‌یه‌کی سیاسی چه‌سپاو و دیاریکراو تێیدا به‌رچاو ناکه‌وێت، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت تێکه‌ڵاوه له چه‌ند چه‌مکێکی په‌رته‌وازه و ناجێگیر و ته‌نانه‌ت نه‌گونجاو له گه‌ڵ یه‌کتردا، وه‌ک گورج و گۆڵ بۆ کوردی باکور و رۆژئاوا خه‌مسارد و بێده‌نگ به‌رامبه‌ر کوردی رۆژهه‌ڵات، بهغدادێکی به‌هێز به‌زامن بۆ کورد ده‌زانن له‌کاتێکدا به‌غداد کوردستانی توشی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی دارایی کردوه و بۆ چاره‌ی کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌کان ده‌سته‌ده‌ستی به‌کورد ده‌کات، له‌کاتێکدا یه‌کێتی چالاکانه شه‌ڕی داعش ده‌کات، به‌ڵام زۆر خه‌تمی حیزبایه‌تیان پێوه دیاره و تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو خۆی له پشکی به‌رپرسیاریه‌تی روداوه‌کان ده‌شارێته‌وه، یه‌کێتی بێ ره‌چاوکردنی پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسیه‌ت و هه‌ڵبژاردن رون و ئاشکرایه ده‌یه‌وێت هه‌ر پرسێک تا دوا دڵۆپی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بیدۆشێت.
نمونه‌کان
بۆ نمونه: یه‌کێتی بۆ نزیکه‌ی 15 ساڵ (دوای رێکه‌وتنی واشنتۆن) شه‌ریک و هاوپه‌یمانی پارتی بوه، تابۆی کرا له گه‌ڵ پارتیدا به‌یه‌که‌وه ئه‌م کوردستانه‌یان دۆشی (له 70 ملیار دۆلاری پشکی وه‌رگیراو له به‌غداد نزیکه 6-7 ملیار دۆلاریان بۆ خۆیان بردوه، بێجگه داهاتی تر: گومرگ، داهاتی پارێزگا و شاره‌وانیه‌کان، داهاتی بازرگانی ره‌ش به نه‌وت و به‌نزینه‌وه - نزیکه 3 ملیار دۆلار - داهاتی بازرگانی کۆمپانیه زه‌به‌لاحه‌کانی سه‌ر به‌حیزب)، هیچ نه‌ما بۆ خۆیانی زه‌وت نه‌که‌ن (له فه‌قێی مزگه‌وتێکه‌وه تا باڵاترین پۆست)، کاتێک رێکه‌وتنی ستراتیژی گڵۆڵه‌ی که‌وته لێژیه‌وه و پارتی باڵاده‌ست به‌شێکی داواکاریه‌کانی یه‌کێتی پشتگوێ ده‌خات، به‌چه‌پ و راستدا که‌وتونه‌ته گیانی پارتی.
بۆ نمونه: یه‌کێتی وا هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت که نه‌بای بینیویه و نه باران، له حکومه‌ت به‌شداره و پشکی خۆی به‌زیاده‌وه وه‌رگرتوه و له‌لاکه‌ی تریشه‌وه چه‌قۆ له حوکمڕانی تیژده‌کات. له هه‌موی کۆمیدی تر ده‌یه‌وێت ده‌سته چه‌وره‌که‌ی خۆی به گۆڕاندا بسڕیت، وه‌ک ئه‌وه‌ی گۆڕان ده‌یان هه‌زار موچه‌خۆری حیزبی دامهزرانبێت، هه‌زاران خانه‌نشینی ره‌ش و گوماناوی بۆ دۆست و ئه‌حبابی کردبێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی گۆڕان ته‌نها له‌یه‌ک سهفقهدا نیو ملیار دۆلار شیرینی نه‌وتی وه‌رگرتبێت و که‌س مه‌سیری سه‌نتێكی نه‌زانێت. به‌ڵی، یه‌کێتی زۆر هه‌وڵی نه‌زۆک ده‌دات گۆڕان وه‌ک ئاستی خۆی له حوکمڕانیدا نمایش بکات، ئه‌و گۆڕانه‌ی لێی کوشت و تا پێیکرا تۆقاندی و نانبڕی کرد و سزای دا و به‌تانک و زرێپۆش له "شاره حه‌یاته‌که" ئابڵوقه‌ی مه‌کۆی سه‌ره‌کیدا، ئه‌و گۆڕانه‌ی له به‌رامبه‌ر چه‌ند داواکاریه‌کی رهوایدا هێزی زێرێڤانی و دژه تێرۆر و میلیشیا تایبه‌ته‌کانیان بۆ کۆکرده‌وه تا سه‌رکرده‌کانی له‌ناوبه‌رن و ئاسه‌واری گۆڕان بسڕنه‌وه. ئه‌مه وه‌فای ده‌ستڕۆیشتوانی یه‌کێتی بو بۆ هاوخهبهتانی چه‌ندین ساڵانه‌یان و بۆ دروشمه به‌سه‌رچوه سیسه هه‌ڵوه‌ریوه‌کانی سۆشیال دیموکراسی و پۆست مۆدێرنیزمی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی.
بۆ نمونه: یه‌کێتی له پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا چه‌ندی پێکرابێت رێگه‌ی پێچوپه‌نا و چه‌واشه‌کاری گرته‌به‌ر، ته‌نانه‌ت به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێری مه‌کته‌بی سیاسیه‌که‌ی دانی به‌وەدا ناوه که له سه‌ره‌تای پرۆسه‌که‌دا یه‌کێتی هه‌ڵه‌ی کردوه.
وێرای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی دروشمی حکومه‌تی یه‌کڕیزی نیشتمانی به‌رزکردبوه، وه‌لێ هه‌ڵوێست و ره‌فتار و داواکاریه‌کانی له‌و پرۆسه‌یه‌دا له سه‌رچاوه‌ی رق و کینه‌وه بۆ گۆڕان هه‌ڵقوڵا بون، چاویان به‌رایی نه‌ده‌هات گۆڕان وه‌زاره‌تێکی گرنگ وه‌ربگرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌س خۆیان کوردایه‌تیان کردبێت و باقی حه‌شامات شایسته‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نه‌بن، ئه‌گه‌ر بشبن به ئیجازه‌ی ئه‌وان بێت.
بۆ نمونه: له‌سه‌ر ئاستی تریش یه‌کێتی رۆژێک هیوایه‌کی زۆر له‌سه‌ر حکومه‌تی تورکیا هه‌ڵده‌چنێت و هێزه کورده‌کانی باکور به "زه‌ره‌ربه‌خش به کوردایه‌تی" وه‌سف ده‌کات (ئه‌م وه‌سفکردنه پشتئه‌ستوره به چه‌ند دۆکیۆمێنت و به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێکراو)، کاتێک تورکیا ده‌بێته پاڵپشتی به‌هێزی پارتی و ئه‌وه‌نده گوێ به‌یه‌کێتی نادات جامی غه‌زه‌بی به تورکیادا ده‌رێژێت و مویه‌ک به‌به‌ینی دۆستایه‌تی له گه‌ڵ هێزه "زهرهربهخشهکاندا" ناچێت، هه‌روه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی ناسراوی باکور جارێک وه‌سفی کرد: "هه‌رکاتێک یه‌کێتی پێویستی پێمان بێت به‌سه‌ر شانی ئێمه‌دا خۆی به‌هێز ده‌کاته‌وه".
بۆ نمونه: گریمان یه‌کێتی هه‌مو کورسیه‌کانی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به هه‌وڵ و کۆششی خۆی بردۆته‌وه و بۆ یه‌ک میللیمه‌تر ساخته‌ی نه‌کردوه و بۆشی نه‌کراوه، بۆچی ملکه‌چی ئیراده‌ی زۆرینه نابێت که متمانه‌ی یه‌ک کورسی زیاتریان به گۆڕان به‌خشیوه. ئه‌وه جۆرج بوشی کوڕ بو به جیاوازی 500 ده‌نگ له خولی یه‌که‌می سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی له ئال گۆری برده‌وه. سیاسه‌تی پینه‌و و په‌ڕۆی یه‌کێتی له‌م پرسه‌دا به‌رده‌وامه، سه‌رقاڵی ده‌م شیرینکردنی ئه‌م هێز و ده‌سته‌مۆکردنی ئه‌و ده‌نگه. هه‌ر رۆژه و جه‌مسه‌رێکی یه‌کێتی قسه‌یه‌ک ده‌کات و پاساوی فهبرهکهکراو بۆ به‌جێنه‌هێشتنی به‌شێک له عه‌رشی ده‌سه‌ڵات له سلێمانی ده‌چڕنه‌وه، له‌وه‌ش تێپه‌ڕیت زیاده‌ڕۆیی به‌رامبه‌ر به سلێمانی ده‌کرێت کاتێک ده‌نگه نه‌شازه‌کانی ناو یه‌کێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ته‌نها شایسته به یه‌کێتی ده‌زانن، وه‌ک ئه‌وه‌ی سلێمانی یان له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ کردبێت و که‌عبه‌ی نه‌گۆڕیان بێت.
له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گۆڕان وه‌ک براوه‌ی یه‌که‌م سه‌برێکی زۆری نواندوه، گۆڕانخوازان هیوادارن ئه‌م سه‌بره به‌نیشانه‌ی لاوازی و بێده‌سه‌ڵاتی لێکنه‌درێته‌وه، هاوکاتیش ئه‌قڵانیه‌ت له‌وه‌دایه یه‌کێتی به‌یه‌که‌وه له گه‌ڵ هێزه‌کانی تر ئه‌م کێشه‌یه بهپێرهوکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسیه‌ت چاره بکه‌ن، نه‌ک به موزایه‌ده‌کردن و خۆسه‌پاندن، ئه‌مه کێشه‌ی حوکمڕانیه‌کی لۆکاڵیه بۆیه با کێشه‌که بۆ خه‌ڵکی شاره‌که جێهێڵن چاره‌ی بکه‌ن و غه‌یره ده‌ستی تێوهرنهدات و خۆی تێوه هه‌ڵنه‌قورتێنێت.
ئه‌مانه به‌شێكن له هه‌ڵوێست و ره‌فتاری ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی. پێشتر بۆ خۆم و چه‌ند که‌سێکی تریش ده‌یان به‌ڵگه و دۆکیۆمینتمان وه‌رگێڕاوه و به‌شێک لێیان بڵاوکراونه‌ته‌وه که بێ پێچوپه‌نا باس له‌و ره‌فتار و هه‌ڵوێستانه و هی تریش ده‌که‌ن.
پرسیارێکی جدی و ره‌وا
له‌م سه‌رده‌وه پرسیارێکی جدی خۆی ده‌سه‌پێنێت: ئایا یه‌کێتی ئه‌و هێزه ماوه بتوانرێت مامه‌ڵه‌یه‌کی دروستی درێژخایانه‌ی سیاسی و حوکمڕانی له گه‌ڵ بکرێت؟
سه‌رجه‌م نمونه باس‌کراو و باسنهکراوهکان زه‌مینه‌ی وروژاندنی ئه‌م پرسیاره‌ن.
که‌س نکۆڵی ناکات له‌وه‌ی یه‌کێتی هێزێکی ده‌سه‌ڵاتداره، وه‌لێ به‌کارهێنانی پێگه و ده‌سه‌ڵاتیان، وه‌ک له‌و نمونانه‌ی سه‌ره‌وه به‌رچاو ده‌که‌ون، ئاراسته‌کانی قوڵبونه‌وه‌ی کێشه‌کان و ناته‌بایی و نائارامی و لێکترازان و تیژکردنه‌وه‌ی ناکۆکی و ململانێکانی لێکه‌وتۆته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له ئاکامی شکسته‌کان توشی گرێکوێره‌یه‌کی سیاسی بون، ئه‌م گرێکوێره دو ئاراسته‌ی سه‌ره‌کییان تێیدا به‌دی ده‌کرێن: هۆکاره‌کانی شکست و پاشه‌کشه و دوه‌میشیان هه‌ڵسانه‌وه.
کرۆکێکی کێشه‌که له‌وه‌دایه که ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی شکست بۆ فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه، ناوبه‌ناویش باسێکی سه‌رکه‌شی خۆیان ده‌که‌ن به‌مه‌به‌ستی فه‌رامۆشکردنی ناڕه‌زایی ناوخۆ. بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام په‌لاماری رکابه‌ره‌کانیان ده‌ده‌ن.
پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌وه‌ی له ههبگهکهیاندا هه‌بو به‌رامبه‌ر به گۆڕان و تاڕاده‌یه‌کیش پارتی به‌کاریان هێنان.
پارتی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2010 بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، که به ده‌نگێکی ئێجگار زۆر وه‌ک هێزی یه‌که‌می کوردستان مایه‌وه توشی غروریهکی بێئه‌ندازه بو، له سایه‌ی ئه‌و غرورهدا هه‌ڵه‌ی له به‌غداد و له هه‌ولێریش کرد. یه‌کێتیش له‌دوا هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان باش به‌ره‌و پێشچوه (به‌پێێ چه‌ند راپۆرت و شیکردنه‌وه ئێران رۆڵێکی گرنگی له‌م پێشهوهچونهدا هه‌بوه)، راسته‌وخۆ دوای راگه‌یاندنی فه‌رمی ئه‌نجامه‌کان یه‌کێتی به‌جۆرێک غرور و بێباکی و پێداگری پێوه‌دیاره که پێده‌چێت هه‌مان هه‌ڵه‌کانی پارتی بکاته‌وه.
ئه‌گه‌ر یه‌کێتی به‌رده‌وام بێت و به‌ته‌واوی بکه‌وێته داوی ته‌کتیک و هه‌ڵه‌وه، وێرای زه‌ره‌ر به کورد و به خۆیان، ده‌بێت زو دۆخه‌که ئیحتوا بکرێت تا ماڵوێرانیه‌کی گه‌وره‌ی لێنه‌که‌وێته‌وه.
ئه‌گه‌ر یه‌کێتی به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای به‌رده‌وام بێت ئه‌وا بوارێکی که‌م بۆ لێدوان و گفتوگۆ ده‌مێنێته‌وه، له‌و کاته‌شدا ئه‌سته‌م ده‌بێت له گفتوگۆ و لێدوان گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌نجامێکی جێگیر به‌رهه‌م بهێنێت.
کۆتاقسه
مه‌به‌ست له‌م سهردکردنه په‌رده‌پۆشکردنی پشکی لایه‌نه‌کانی تر (به‌تایبه‌ت پارتی) نیه له کێشه و قه‌یرانه‌کاندا، هه‌روه‌ها ئه‌م سه‌رده مانای سڕینه‌وه‌ی کاره باشه‌کانی یه‌کێتی نیه، ئه‌و کارانه‌ی که له خزمه‌تی حوکمڕانیدان له‌ئێستا و ئاینده‌دا، بۆ نمونه یه‌کێتی چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی خستۆته‌ڕو، وه‌ک هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم. دو ئاراسته‌ی زۆر گرنگ بۆ ئێستا و ئایندهی باشور، بۆ خۆم ئومێد ده‌خوازم کاری جدی له‌سه‌ریان بکرێت.
له‌و باوه‌ره‌دام زۆربه‌ی بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی وه‌ک ئه‌م ده‌ستڕۆیشتوانه‌ی ئێستای یه‌کێتی بیرناکه‌نه‌وه، ئه‌وان به‌ردوه‌ام جه‌ماوه‌رێكی به‌ئه‌مه‌ک بون بۆ خاک و نه‌ته‌وه، هاوکاتیش ئه‌رکی سه‌رشانیانه یه‌کێتی له‌م میحنه‌ته رزگار بکه‌ن و بیخه‌نه‌وه سه‌ر رێبازه ره‌سه‌نه‌که‌ی، بهباوهڕم ئه‌مه ته‌نها رێگه چاره‌یه بۆ رزگارکردنی یه‌کێتی له میحنهتهکهی و داڕشتنی پێداویستی و که‌ش و هه‌وای هه‌ڵسانه‌وه.
|
|
|