Print
 
 لۆخۆیان دڕ و لۆ وی‌ دی‌ كڕن
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, October 6, 2014

جارێكیان له‌ گۆڤاره‌كه‌ی‌ نوسه‌رانی‌ كورد "نوسه‌ری‌ كورد" بیرم بێ‌ خولی‌ دوه‌م بو چوارینێك به‌ناوی‌ به‌شیر موشیره‌وه‌ داگیرابو، وه‌ك به‌شیرێكان ده‌ڵێن نوسینی‌ یه‌كێ‌ دیكه‌و ته‌ئلیفی‌ به‌شیر، شیعره‌كه‌ به‌م جۆره‌ بو:
له‌ ئاست یه‌كتر دڕن چه‌شنی‌ هه‌ڵۆ یه‌ك داده‌پاچن بۆ
له‌بۆ غه‌یره‌ شڕن چه‌شنی‌ په‌ڕۆ وه‌ك ده‌ست و قاچن بۆ
هه‌زار تیره‌و لك و هۆزن وه‌كو دوژمن له‌ یه‌ك ناچن
ئه‌ترسم رۆژێ‌ له‌م خاكه‌ هه‌مو تیاچن وه‌كو سمكۆ

ئه‌وه‌ خێره‌ له‌ناویه‌كدا هێنده‌ دڕن بچوكترین قسه‌له‌یه‌كتر قه‌بوڵ ناكه‌ن، كه‌چی‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ وله‌به‌رده‌م توركیاو ئێران له‌به‌رانبه‌ر هه‌مو هێرش و قسه‌و سوكایه‌تیه‌كدا كڕو كپ ناوێرن هیچ بڵێن، ئاخر ئێمه‌ لامان وابو، پایته‌ختی‌ هه‌رێمه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ ئیدی‌ هێزنیه‌ لێوه‌ی‌ نزیك بێته‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ ئێران بێت و بڵێ‌ ئه‌گه‌ر قاسم سلێمانی‌ و 70 كه‌سه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ نه‌بوایه‌ داعش هه‌ولێری‌ ده‌گرت، جا خۆئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ هاوارمان ده‌كرد "ئه‌گه‌ر سه‌رۆك ئه‌مر بفه‌رمێ‌ شه‌ڕی‌ هه‌مو ئومه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كه‌ین"  ئاخر به‌چیه‌وه‌ شه‌ڕی‌ ئومه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كه‌ی‌ جانم خۆ ئه‌وه‌تا ئاغای‌ سلێمانی‌ به‌خۆی‌ و 70 كه‌سه‌وه‌ فریای‌ هه‌ولێر كه‌وتوه‌ و كه‌سیش نیه‌ ئێران به‌درۆبخاته‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ ته‌نانه‌ت له ‌به‌رزترین ئاستا سوپاسمان كرد، ئه‌رێ‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ناوخۆبو، وه‌ك ده‌ستبڕینه‌كه‌ی‌ پێشتری‌ بابایه‌كی‌ دیكه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ردۆغانیشی‌ هاته‌سه‌ر ئه‌و پیاوه‌ كه‌ تا ناقوڕگه‌ی‌ لیپه‌ له‌ هاوكاری‌ داعش منه‌تی‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌رماندا ده‌كات، ئه‌و كوردستانی‌ بۆ پاراستوین، ئێ‌ بۆ وا نه‌ڵێ‌ ئه‌وه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌ڵێ‌ "توركیا براو دۆسته‌" ئه‌وله‌بری‌ ئاكپارتی‌ ده‌ڵێ‌ "كه‌س باوه‌ڕ به‌وه‌ ناكا توركیا یارمه‌تی‌ داعش بدات" ئیتر براو دۆستی‌ له‌مه‌ زیاتر چی‌، ئێمه‌ له‌نێوان ئه‌و هه‌مو تڕو منه‌ته‌ی‌ توركیاو ئێراندا به‌ربوینه‌ته‌ وێزه‌ی‌ یه‌كترو منه‌تی‌ ئه‌وه‌ به‌سه‌ر یه‌كتردا ده‌كه‌ین، كه‌ كاممان نیشتمانی‌ ترو كاممان دڵسۆزترین، له‌ كاتێكا له‌ مه‌ودای‌ 10 ساڵدا نزیكه‌ی‌ هه‌شتا ملیار دۆلار به‌ئاشكرا له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌ و ئێستا ناتوانین له‌واده‌ی‌ خۆیدا موچه‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بده‌ین، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ هیچ نه‌ما بۆ ئه‌م حیزبانه‌ نه‌یكه‌ن.

ئه‌رێ‌ خێره‌ ئه‌م دو حیزبه‌و كادیره‌كانی‌ به‌ دو دێڕ ناتوانن وه‌ڵامی‌ ئێران و توركیا بده‌نه‌وه‌، كه‌چی‌ بچوكترین شت له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن به‌فیلێك و به‌رده‌بنه‌ وێزه‌ی‌ یه‌كتر، ئه‌وه‌ له‌كاتێكا ده‌بوایه‌ له‌مه‌ودای‌ 23 ساڵی‌ رابردودا كۆمه‌ڵێكی‌ ته‌ندروست و ساغڵه‌م و نیشتمانپه‌روه‌ری‌ ئه‌وتۆیان دروستكردبا پێنجوێنیه‌ك ئازاری‌ چه‌مچه‌ماڵیه‌ك به‌هی‌ خۆی‌ بزانێ‌ و چه‌مچه‌ماڵیه‌ك له‌پێناوی‌ زاخۆییه‌كدا قوربانی‌ بدات، واته‌ هاونیشتمانیه‌كیان دروستكردبا له‌م سه‌ربۆ ئه‌و سه‌ری‌ كوردستان به‌ ماڵی‌ خۆی‌ بزانێ‌.

ئه‌وه‌ی‌ له‌ جه‌له‌ولا شه‌ڕده‌كات و به‌رگری‌ ده‌كات ئه‌ركی‌ خۆی‌ جێبه‌جێ‌ ده‌كات و هی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ منه‌ت به‌سه‌ركه‌سدا بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر من نه‌بم گورگ ده‌تانخوات، هه‌زار ساڵه‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ هه‌یه‌و ئه‌و نا، ئه‌وه‌ی‌ له‌ شه‌نگالیش كه‌مته‌رخه‌می‌ نواندوه‌و هه‌ڵاتوه‌ پێویسته‌ به‌پێی‌ یاسا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكرێت و ئه‌وه ‌گرێ‌ نه‌درێ‌ به‌كۆی‌ حیزبێكه‌وه‌ كه‌ له‌شوێنێكی‌ دیكه‌ قوربانی‌ ده‌دات و شه‌هیدی‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ من بۆ خۆم زۆر دژی‌ ئه‌وه‌م هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ كوردستان هێزو سوپای‌ حیزبه‌كان بن، وه‌ك یه‌كه‌كانی‌ هه‌فتاو هه‌شتاو زێره‌ڤانی‌ و تادوای.

یه‌كێتی‌ و پارتی‌ پێویسته‌ ئیدی‌ واز له‌و زمانه‌ زبره‌ بێنن ده‌رهه‌ق به‌یه‌كترو ده‌ستهه‌ڵگرن له‌و سوكایه‌تیكردنه‌، هیچ نا شه‌رمی‌ خوێنی‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ بیانگرێ‌ كه‌ له‌چوار پارچه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ هاتون و لێره‌ بونه‌ته‌ نه‌مامی‌ ئه‌و باخچه‌یه‌، له‌ دۆخی‌ وه‌ك ئێستادا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ مام جه‌لال ته‌ندروستی‌ هاوكار نیه‌ ئه‌ركی‌ قورس له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی‌ و نه‌وشیروان مسته‌فا و بڕیار به‌ده‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌ ناو یه‌كێتی‌ و سه‌ركرده‌ی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانه‌، سنورێك بۆ ئه‌م هه‌مو قسه‌وقسه‌ڵۆكه‌ دابنه‌ن و بیر له‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه ‌و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان بكه‌نه‌وه‌، لانی‌ كه‌م با بۆ ئه‌وه‌ كۆبنه‌وه‌ سنورێك بۆ ئه‌و منه‌تكاریه‌ی‌ توركیا و ئێران دابنێن، چونكه‌ ئه‌و دو وڵاته‌ له‌ مێژوی‌ دورودرێژی‌ خۆیاندا كه‌میان به‌ كورد نه‌كردوه‌.
Sbeiy.com © 2007