|
توركیا؛ لهئومێدهوه بۆ خه‌ون! |
نوسه‌ر: محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
|
Wednesday, November 5, 2014 |
روداوه‌كانی سوریا، توركیای برده ئومێدێكی قوڵه‌وه، ئه‌و ئومێده‌ی خه‌ونی له‌مێژینه‌ی بو، سوریایه‌كی دیموكرات، به‌بێ ده‌سه‌ڵاتدارێكی دیكتاتۆری وه‌ك (ئه‌سه‌د) ببینێ، چونكه ئه‌و دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی توركیا بو، قه‌تیش دو دڵی نه‌كردوه له‌هه‌رشتێك له‌ده‌ستی هاتبێت به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی له‌ناوچه‌كه‌دا. ئه‌مه بو سه‌رچاوه‌ی ئومێده‌كه‌ی توركیا، له‌ناوچونی ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ها بۆ توركیا خه‌ونێكی قوڵ و دور بو، بەڵام به‌هاری عه‌ره‌بیی، له‌چاو تروكانێكدا گۆڕییه‌وه به ئومێدێك.
كه‌چی ئومێدهكهشی سه‌رله‌نوێ بوه‌وه به خه‌ون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی، سه‌رله‌به‌ری هاوكێشهكهی ئاوه‌ژو كرده‌وه، ده‌ستێوه‌ردانی زلهێزه‌كان له‌ناو سوریادا له‌نێوان پاڵپشتیی و دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د)دا، چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ی توركیای نه‌پێكاو له‌قازانجی پرۆژهكهشیدا نه‌شكایه‌وه. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه ئێستا له‌به‌رده‌م سیاسه‌تێكی هه‌ڵپه‌سێراو دایه، نه ئاسۆی رێڕه‌وی روداوه‌كه‌ی له‌به‌رچاو رونه و نه ئه‌وه‌شی له ده‌ست دێت تازه قه‌ره‌بوی سیاسه‌تی چه‌ند مانگی رابردوی بكاته‌وه.
ئومێده‌كه‌ی توركیا له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبو؟
له‌سه‌ره‌تادا روداوه‌كانی ناو سوریا، هه‌نگاو به هه‌نگاو له‌په‌ره‌سه‌ندندا بون، ئه‌و ده‌نگه زیاتر زاڵ بو كه ده‌یگوت سوڕی سیاسیی (به‌شار ئه‌سه‌د)، گه‌شتوه‌ته كۆتا‌و چه‌ند رۆژێكی كه‌می له‌به‌رده‌مدا ماوه، ئه‌مەریكییه‌كان، زیاتر له‌جارێك ئه‌مه‌یان دوباره ئه‌كرده‌وه، تا وای لێهات له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێن (به‌شار ئه‌سه‌د) سه‌رۆكێكی ناشه‌رعییه، ده‌یانوت هه‌رچی زوه ده‌بێت سوریا به‌جێ بهێڵێت. ئه‌م ده‌نگه ته‌نها لهئهمەریكاوه نه‌ده‌بیسترا، بگره زۆرێك له‌وڵاتانی ئه‌وروپاش له‌نمونه‌ی (ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا)، هه‌مان ئاوازیان به ده‌نگێكی به‌رزه‌وه، ده‌وته‌وه.په‌یامێكی وه‌ها له‌ڕۆژئاواوه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا، لهسوربونێكی جیدی به‌لاوه هیچی تری نه‌ئه‌گه‌یاند.
ئیدی لێره‌وه توركیا، كه‌وته خۆی و ده‌یویست ره‌وتی روداوه‌كانی داهاتو بخاته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه، به هیوای ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی دوای قۆناغی (به‌شار ئه‌سه‌د) له‌قازانجی ده‌وڵه‌تی توركیادا، كۆتایی بێت. ئه‌مه بو توركیای كرده خاوه‌نی ئومێدێك كه ده‌مێك بو خه‌ونی پێوه ده‌بینی.
كه‌وتنی سوریا بۆ توركیا، چی مه‌غزایه‌كی ده‌بو؟
سوربونهكهی رۆژئاوا ئه‌گه‌ر به سوڕی سروشتیی خۆیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی پلانی بۆ دانرابو، بێ گرفت، برۆشتایهته سه‌ر، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) سه‌راو ژێر بكرایه. به‌جارێك توركیا له‌به‌رده‌م مه‌غزایه‌كی زۆر و زه‌وه‌ند دا، خۆی ده‌بینیه‌وه، ئه‌و مهغزایانهش، هه‌م راستكردنه‌وه و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی رابردو بون، هه‌میش وه‌ك گهمهكارێك، رۆڵێكی گه‌وره‌تری له‌ناوچه‌كه‌دا بۆ ده‌ره‌خسا. كه دواجار له قازانجی ئاسایشی نێونه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌یدا، ده‌كه‌وته‌وه.
جێگیر بونی هه‌رێمی كوردستان له‌باكوری عێراق وه‌ك ئه‌مری واقیع، به‌نیسبه‌ت توركیاوه هه‌ڵه بو، رێگه نه‌دان به جموجوڵی سه‌ربازیی له‌لایه‌ن ویلایەتە یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكاوه له‌ساڵی 2003 له دژی عێراق،ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه بو، ئاسه‌واری هه‌مو ئه‌و هه‌ڵانه‌ش، بۆ توركیا و سیاسه‌ته‌كه‌ی، به خراپیی شكاوه‌ته‌وه. بۆیه له‌كاتی كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شا ئه‌سه‌د) دا،زۆر مه‌حاڵ بو، توركیا جارێكی دیكه به بێ پێداچونه‌وه به هه‌ڵه‌كانیدا، مامه‌ڵه‌ی بكردایه و رێگای دابا، ئه‌زمونێكی تاڵی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌عێراقدا، جێگیر بو، دوباره ببوایه‌ته‌وه.
ته‌نانه‌ت له‌ڕێگه‌ی یارمهتییهكانییهوه بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا،كه یه‌ك ئامانجی گرنگ كۆیكردبونهوه، كه ئه‌ویش ڕێگه گرتن بو له دروستبونی هه‌رێمێكی كوردیی له‌باكوری سوریادا رێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا خۆشده‌كرد، ببێته گه‌مه‌كارێكی بێ ركابه‌ر له‌ناو سوریادا، كه ئه‌مه‌ش جگه له سودگه‌یاندن به ئامانجه‌كانی توركیا، كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆڵه‌كه گرنگهكهیهتی، ئه‌بێ چیدیكه بێت بۆ توركیا؟
بۆچی ئومێده‌كه‌ی توركیا، جارێكی دیكه بوه‌وه به خه‌ون ؟
ده‌ستێوه‌ردانی سیاسه‌تی جیهانیی له‌كێشه‌كه‌ی سوریادا، نه‌یهێشت توركیا به ئومێده‌كانی بگات. چونكه چۆنێتیی كاركردنی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیی له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ی سوریا، ئاراسته‌ی روداو و چاوه‌ڕوانییه‌كانی له‌ئاستی هه‌رێمایه‌تییه‌وه به‌ره‌و ئاستی جیهانیی گۆڕی. تا ئه‌و كاته‌ی، هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چون، كه به‌لاداخستنی كێشه‌كه‌ی سوریا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تیی، یه‌كلاده‌كرێته‌وه، له‌م باره‌یه‌شه‌وه، ده‌وڵه‌تی توركیا، له‌رێگه‌ی گرتنه‌خۆی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوه، هه‌روه‌ها پێشكه‌شكردنی هه‌مو جۆره هاوكارییه‌ك بۆیان، تا راده‌یه‌كی ئێجگار باش، جڵه‌وی ره‌وتی روداوه‌كانی، له‌قازانجی خۆیدا، كردبو.
هاوپه‌یمانه‌كانی سوریا (روسیا، چین، ئێران)، نه‌یانتوانی وه‌ك تهماشاكارێك به‌چاوی خۆیان، كه‌وتنی هاوپه‌یمانێكی مێژویی و ستراتیژیی خۆیان ببینن، به‌شێوازی جیاجیا، كه‌وتنه‌خۆ لهبهرگرییكردن له‌ده‌وڵه‌تی سوریا، (روسیا و چین) له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاساییشدا، رێگربون له‌ده‌رچونی هه‌ر بڕیارێك له‌دژی ده‌وڵه‌تی سوریا، ئێرانییه‌كان له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕی سه‌ربازییه‌وه له‌نێو خاكی سوریادا، وه‌فاداریی خۆیان نیشاندا. ئاشكرایه هه‌ر جموجوڵێك هاوپه‌یمانه‌كانی سوریا،پێی هه‌ستن، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ت و چاوه‌ڕوانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌بێت، چونكه مانه‌وه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) له‌قازانجی توركیادا نییه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه راسته.
به‌رگریی سه‌رسه‌ختانه‌ی هاوپه‌یمانه‌كانی سوریا، كاری له‌سه‌ر ستراتیژییه‌تی وڵاتانی رۆژئاواش هه‌بو، ئه‌و كاته‌ی رۆژئاواییه‌كان، به‌باوه‌ڕ بهخۆبونێكی زۆره‌وه، ده‌یانوت (به‌شار ئه‌سه‌د) ده‌بێت ده‌سه‌ڵات به‌جێ بهێڵێت، كه‌چی ئێستا، گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی كاتییش بێت، له‌بڕیارێكی له‌و جۆره، خۆیان ده‌بوێرن. به‌ڵكو حاڵی حازر كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، سوریا به‌سه‌ر سێ هه‌رێمدا، دابه‌ش بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌لابردنی (به‌شار ئه‌سه‌د) بكرێت. كه‌واته لێره‌دا، ئیراده‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) و هاوپه‌یمانه‌كانی له دژی سیاسه‌تی رۆژئاوا‌و له‌زیانگه‌یاندن به ئامانج و چاوه‌ڕوانییه‌كانی توركیادا سه‌ركه‌وت.
توركیا نیازی وابو، ئه‌گه‌ر بونی سه‌ربازیی له‌سه‌ر خاكی سوریادا نه‌بێت، ئه‌وا بونی سیاسیی هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م رێگه له‌دروستبونی هه‌رێمێكی كوردیی بگریت، هه‌میش ئه‌و په‌یوه‌ندییه دوژمنكارانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د)دا هه‌یبو، بیگۆڕیته‌وه به په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دوای (به‌شار ئه‌سه‌د)دا، چونكه پێویستیی ئاسایش و ستراتیژییه‌تی توركیا ئه‌وه ده‌خوازێت.
ده‌ستێوه‌ردانی زلهێزه‌كان،چۆن له دژی ئومێده‌كه‌ی توركیا شكایه‌وه ؟
به‌وشێوه‌یه‌ی كه رۆژئاواییه‌كان، نه‌خشه‌یان بۆ كێشابو، ره‌وتی روداوه‌كان له‌ناو سوریادا، رێچكه‌ی خۆی وه‌ربگرتایه، ده‌وڵه‌تی توركیا، سودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بو، بەڵام به‌ریه‌ك كه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان (هاوپه‌یمان و دژه‌كانی سوریا) له‌سه‌ر خاكی سوریادا وایكرد، توركیا له‌هاوكێشه‌كه بكاته ده‌ره‌وه یان ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی نه‌بێت، ئه‌مه چۆن بو؟
روسیا بۆ ئه‌وه‌ی قورسایی سیاسه‌تی رۆژئاوا له‌سه‌ر سوریا كه‌م بكاته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا، به‌ره‌یه‌كی نوێی له‌دژی ڕۆژئاوا و ئه‌مەریكا، له‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا،كرده‌وه.له‌و ڕێگه‌یه‌وه،هه‌ر هیچ نه‌بێ، رۆژئاوا و ئه‌مەریكای له بانگه‌شه‌ی روخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) پاشگه‌ز كرده‌وه، به دیوێكی دیكه‌دا، مانای ئه‌وه‌یه هێشتا (به‌شار ئه‌سه‌د) له‌ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه. بۆیه له‌م پێناوه‌دا، سیاسه‌تی رۆژئاواییه‌كان، گۆڕانێكی چه‌ندیی و چۆنیی به‌سه‌ردا هاتوه. ئه‌و كاته‌ی له‌وپه‌ڕی باوه‌ڕ به‌خۆبونه‌وه لهچاوهڕوانیی كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (ئه‌سه‌د)دا بون، هیچ حیسابێكیان بۆ هێزه ئازادییخوازهكانی دیكه‌ی ناو سوریا كه له‌ده‌ره‌وه‌ی (ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی سوریا و سه‌ربازه ئازاده‌كان)ه‌وه بون نه‌ده‌كرد، بەڵام پێویستیی رۆژئاوا‌و ئه‌مەریكا بۆ سه‌رخستنی پلانه‌كه‌یان، له‌لایه‌ك و بۆ ئیحتیواكردنی هێزه‌كانی دیكه‌ی ناو سوریا له ایهكی دیكه‌وه، ناچاربون، خۆیان له‌هێزه‌كانی دیكه نزیك بكه‌نه‌وه كه ئه‌ویش كورده‌كانی رۆژئاوایه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت، ئێستا سیاسه‌تی رۆژئاوا یه‌كانگیر بوه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی كوردی رۆژئاوادا، كه‌واته ڕه‌وتی روداوه‌كان له‌سوریادا، به‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕوات كه له‌گه‌ڵ ئاسایش و ستراتیژییه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیادا، دژ بوه‌ستێته‌وه.
بۆیه سه‌یر نییه كه توركیا تاك لایه‌نه سیاسه‌ت ده‌كات نه ده‌توانێت له‌گه‌ڵ ته‌وژمی سیاسه‌تی ئهمەریكاو رۆژئاوادا هاوته‌ریب بڕوات. نه ده‌شتوانێت ئاراسته‌ی سیاسه‌تی خۆی به‌لای روسیادا بگۆڕێت. چونكه هیچ كام لههاوپهیمان و دژه‌كان له‌ناو خاكی سوریا، هیچیان بۆ ده‌وڵه‌تی توركیا پێ نییه. به‌مشێوه‌یه ئه‌وه‌ی توركیا چاوه‌ڕێی ده‌كرد له‌گه‌ڵ كه‌وتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د)دا، بۆی بچێته‌سه‌ر ئێستا باش له‌وه گه‌شتوه، به‌هۆی گۆڕینی ئاراسته‌ی سیاسه‌تی رۆژئاواوه، هه‌روه‌ها به‌ره به‌ره جێگیربونی ده‌سه‌ڵاتێكی كوردیی له‌باكوری سوریادا (كورستانی رۆژئاوا) ئه‌و ئومێده‌ی كه هه‌یبو جارێكی دیكه ئه‌بێته‌وه به‌خه‌ون. |
|
|