Print
 
 كه‌مال فواد له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سیاسه‌ت
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, November 17, 2014

سیاسه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵات سروشتی‌ ته‌ڵه‌ی‌ هه‌یه‌، زۆرجار ئه‌وانه‌ی‌ پێوه‌ی‌ ده‌بن، ده‌گلێنه‌ زۆر گرفتی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌وه‌، بۆ نمونه‌ زۆربه‌ی‌ زۆریان گه‌نده‌ڵ ده‌رده‌چن، زۆرێكیان ده‌سبه‌رداری‌ بیروباوه‌ڕ ده‌بن و ده‌ئاڵێنه‌ پله‌و پۆست و پاره‌وه‌، كه ‌من ئه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌ت واده‌كه‌ن كه‌ هونه‌رێكه‌ بۆ گۆڕینی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ سیاسه‌ت وه‌ك هونه‌ری‌ رامكردن سه‌یرده‌كه‌ن، رامكردن به‌مانای‌ كه‌وی‌ كردن و ده‌سته‌مۆكردن، ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ كوردیه‌ نیشانه‌ی‌ تێگه‌یشتنی‌ فیوداڵانه‌ی‌ كورده‌ له‌ سیاسه‌ت، له‌ كه‌ركوكیش كورده‌كه‌ ده‌ڵێت؛ "فڵان كه‌س ئاین و ئۆینی‌ زۆره‌" ئاین ئاینه‌، ئۆین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست وازی‌ و یاری‌ و گه‌مه‌ش بێت له‌وێدا مه‌به‌ست لێی‌ سیاسه‌ته‌، ئۆینبازیش ده‌ڵێن.

دكتۆر كه‌مال فواد سیاسه‌تی‌ كرد بۆ گۆڕینی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، كه‌واته‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ دیارده‌ كوردیه‌كه‌ بو، من لێره‌دا له‌سه‌ر روه‌ سیاسیه‌كه‌ ناوه‌ستم، ئه‌وه‌نده‌ی‌ گه‌ره‌كمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پیاوه‌ یه‌ك دو قسه‌ بكه‌م له‌ دنیای‌ نوسین و میدیادا، خۆزگه‌ دكتۆر سیاسه‌تی‌ نه‌كردبا، وه‌ك سیاسه‌تی‌ كرد، هه‌رزو په‌نجه‌ی‌ له‌سه‌ر كێماسیه‌كان دانابا، لاموایه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ كێماسیه‌كانی‌ دنیای‌ سیاسه‌تی‌ كوردیه‌، ئێمه‌ ره‌خنه‌گری‌ سیاسی‌ و توێژه‌ری‌ سیاسی‌ وردمان نیه‌ تا بێسڵ ده‌ست له‌سه‌ر كه‌موكوڕیه‌كان دانێ، ئێمه‌ سیاسی‌ قه‌ڵه‌و و قه‌به‌ ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی‌ سێبه‌ره‌كه‌ی‌ هه‌مومان داپۆشێ‌.

دنیای‌ په‌یدۆزی‌ و نوسین و راڤه‌ی‌ میدیاكارانه‌ی‌ دكتۆر شایانی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاوڕی‌ لێبدرێته‌وه‌ و قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار كوردستانه‌كه‌ی‌ به‌درخانیانی‌ گرد و كۆكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ شاكارێكی‌ شایان ده‌زانرێ‌، له‌ماوه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ ئه‌ودا من چه‌ندین جار هه‌واڵپرسیم كردوه ‌و له‌سه‌ریشیم نوسیوه‌، من دكتۆرم وه‌ك نوسه‌رو بیریارێكی‌ كوردی‌ ناسیوه‌ و لێوه‌ی‌ نزیك بوم نه‌ك وه‌ك سیاسیه‌ك، كه ‌زۆرجار خه‌ڵك  تێوه‌ی‌ ده‌ئاڵێن.

مه‌رگی‌ دكتۆر فواد دوای‌ سێ ساڵ له‌ نه‌خۆشیه‌كی‌ كوشنده‌ ئه‌ویش كشانی‌ تاڵه‌ تیشكێكی‌ تره‌، تاڵه‌ تیشكێك كه‌ دكتۆرای‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ هێناو په‌ره‌ی‌ به‌ زمانی‌ كوردی‌ دا و دیكۆمێنته‌رێكی‌  گه‌وره‌ بو، كشانی‌ تاڵه‌ تیشكه‌كان به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن، هه‌میشه‌ پێویسته‌ قه‌رزی‌ ئه‌وانه‌ بده‌ینه‌وه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ بۆ خۆیان نا بۆ خه‌ڵكی‌ تر ژیان، ئه‌و وه‌ك به‌شیریه‌كی‌ خۆش مه‌شره‌ب و بێده‌نگ و هه‌مه‌كار بۆ خه‌ڵكی‌ تر ژیا.
ئه‌شێ‌ رۆژگارێكی‌ دیكه‌ش بێینه‌وه‌ سه‌رباسی‌ ئه‌و میره‌ به‌شیریه‌، درود.
Sbeiy.com © 2007