Print
 
 حیزب لە بەرەکانی شەڕ
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Sunday, November 30, 2014

لە کەم شوێنی دونیا هاوشێوەی کوردستان فرە هێزی چەکداری بونی هەیە، کاتێ حیزبەکان لە  شاخ بون بە قەد ژمارەی حیزبەکان هێزی جیاجیای چەکدار بونیان هەبو، زۆربەی ململانێ سیاسیەکان بە رێگەی چەکداری یەکلایی دەکرانەوە. لە شاخ هیچ سەرکردەیەک یان مەکتەب سیاسیەک، تیپ و لق و مەڵبەند یان بەتالیۆنی تایبەت بە خۆی نەبو، ئەوەی هەیبو و مافی خۆی بو و پێویست بو مەفرەزەیەک پێشمەرگە وەک پاسەوان لە خزمەتیا بو.

ئێستا سەرەڕای بونی وەزارەتی پێشمەرگە وەک دامەزراوەیەکی شەرعی حکومەت نەک هەر هێزی چەکداری حیزب بونی هەیە، بەڵکە  زۆرێک لە بەرپرس و مەکتەب سیاسیەکانی ناو یەک حیزب جگە لە پاسەوانە تایبەتەکانیان، بە قەبارەی گەورەی وەک فەوج و لیوا هێزی تایبەت بەخۆیان. بونی ئەم هێزە تایبەتانە لە کاتێکدایە هەمویان لە سایەی دەزگا ئاسایشە حیزبیەکانیان جەخت لە سەقامگیری باری ئاسایشی هەرێم دەکەنەوە. ئەگەر وایە، ئەی بونی ئەم هێزانە بۆچی؟

- لەناو حیزبەکان چەند جەمسەری و بەرژەوەندی ئابوری گەورەی جیاجیا پەیدابونە، بۆیە بەدور نازاندرێت بونی ئەم هێزانە زیاتر بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکانی ناوخۆی حیزب یان چاوتراسندنی هەڤاڵەکەی خۆی یان بەرامبەری بێت.
- هەندێ لەبونی ئەو هێزانە  بەدەر نیە لە لاسایکردنەوە یان خوپێوەگرتن.

ئەگەر وێنەی بەرەکانی شەڕیش ببینین و گوێ لە هەواڵەکان بگرێن دەبینین چ جۆرە بێسەروبەریەک لە دابەشبونی هێزەکان هەیە. جیاوازی زۆر گەورەش دەبیندرێت لە کاتی شکست و سەرکەوتنەکاندا.

لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەزاندرێت لە موسڵەوە بۆ جەلەولا کێ قارەمان و بەرپرسە لە سەرکەوتنەکان. بەڵام ئەوەی دیارنیە و کەس خۆی ناکات بە خاوەنی بەرپرسەکان و بەرپرسیارێتی شکستەکانن. ئەو شکستانەی بە هۆی کەمتەرخەمی و نەشارەزایی و هەڵەکانی ئەوانەوە رویانداوە و سەدان پێشمەرگە بریندار، شەهید، نادیار بون.

سەرکەوتن و شکست
سەرکەوتن و شکستی هێز زۆر ئاساییە و دو دوانەن زۆرجار پێکەوە یان یەک لەدوای یەک دێن. بەڵام ئەوەی نائاساییە لە کاتی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لە هەمو بەرەکاندا لە موسڵەوە بۆ جەلەولا سەرکردە حیزبیەکان و هێزە تایبەتیەکانیان دێنە بەرچاو و سەرکەوتنەکان بە باڵای ئەماندا دەدوردرێ، شکستیش ئەمان خاوەنی نین و تەنهاو تەنها ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەنگەرەکانی پێشەوە لێی بەرپرسن. ئەمەش یەکێکە لەو نادادپەروەریە گەورەیەی بەرامبەربە  هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێ. هەندێ لە نادادپەروەریەکانی تریش:
١- هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە موچەیەکی کەمی بچڕبچر و ماندو، هێزەکانی ئەوان بە خواردنی باش و حەساوە و موچەی زۆرباش.
٢- چەکەکانی دەستی پێشمەرگەی کوردستان چەکی سوک و ئەوانیش بە دەیان هەمەری درع و تانک و چەکی قورسەوە دێن بۆ بەرەکانی شەڕ. ئەفسەرێک پێی گوتم " بەڵێن دەدەم، ئەگەرئەو چەکانە بدەن بەدەستی ئێمەوە، لە حەویجەش داعشەکان راودەنێین".
٣- ئەوان گورگانە لێدەدەن و دەگەڕێنەوە، ئەم شێوە شەڕی پارتیزانیە ٩٠% سەرکەوتوە، وەک ئەو هێرشەی داعش کردیە سەر لیوایەک پێشمەرگە لە ( تل الورد) و لە چەند سەعاتێکدا داگیری کرد. سروشتی هێزی کوردی لە کۆنەوە وابوە لە هێرشدا زۆرباشە، لە بەرگریشدا بەجۆرێکی تر. بۆیە ئەگەر هێزی پێشمەرگە لەگەڵ ئەو هێزە تایبەتانە لە هەمو شتەکاندا جێگۆڕکێیان پێبکرێت ئەوا هەمان رۆڵ دەبینن. کەواتە هێزی پێشمەرگە بۆئەوەی ببێتە ئەو هێزەی کە توانای بەرگری هەبێت و پێویستی بەو هێزە تایبەتانە نەبێت، دەبێت ئەمانەی بۆ دابین بکرێت:
١- کاسەی پڕ.
٢-  چەکی باش
٣- مەشق و راهێنانی باش 
٤- خاوەن دەسەڵات و بریار و کەسایەتی خۆی.

هەمو ئەم هێزانە رۆڵەی کوردستانن، بۆیە پێویستە لە بەرەکانی شەڕدا وەک یەک تەماشا بکرێن. بەداخەوە لەبەر بونی ئەو جیاوازیانە هێزە مەیدانیەکە ئەو هێزە تایبەتانە نامۆ دەبینێت و نادادپەروەریەکەش بە چاوی خۆیان دەبینن. لێرەوەش ساردبونەوە و شکست دەست پێدەکات.
 
بەرەی شەڕ لە خوارو و رۆژئاوای کەرکوک
١- هێزەکانی داعش نزیکەی ٢٥ - ٣٠ کم لە کەرکوکەوە دورن.
٢- لە جادەی گشتی کەرکوک - دوزخورماتو ، نزیک  شارۆچکەی " تازە" هێزەکانی دوژمن نزیکەی ٥٠٠ پێنج سەد مەتر دورن. لە توانایاندا هەیە هاتوچۆکردن لەو رێگەیە بگرن.
٣- بەشێ لە بیرە نەوتەکان و کارگەی کارەبا و غاز ئەوەندە نزیکن لە هێزەکانی دوژمنەوە دەتوانن کارکردن تێیان پەکبخەن.

بۆیە، لە گەڵ ئەوەی لە سایەی بازوی پێشمەرگە و پۆلیس، ناو شاری کەرکوک ئارامە و تا رادەیەکی باش ژیان ئاساییە و تەقینەوەکان بەرەو نەمان چونە، بەڵام بۆ زیاتر دڵنیابونی دانشتوانی کەرکوک و نەمانی دڵەڕاوکێ و پاراستنی ئەو دامەزراوە ئابوریانە باشتر وایە هەوڵبدرێت هێزەکانی دوژمن زیاتر بەرەو قەزای حەویجە دوربخرێنەوە.

بەدواداچون

ئەوەندەی لە نزیکەوە ئاگاداربم و لە و سەردانیانەی دور لە چاوی کامێرا لەگەڵ برادەرەکان کردبێتم بۆ بەرەکانی شەڕ، یان لە پێشمەرگە و فەرماندە مەیدانیەکان لە ساتەوەختی شەڕ و دوای شەڕ بیستبێتم. بەرەکانی شەڕ جگە لەو ٤ خاڵەی سەرەوە پێویستیان بە:
١- وشیارکردنەوەی سیاسی باشی سەرکردە مەیدانیەکانی شەڕ هەیە. بە تایبەتی لە روی پێشگیریکردن لە رودانی هەندێ دیاردەی دزێو و ناشرین.
٢- رێکخستنەوە و دابەشکردنەوەی هێزەکان لە بەرەکانی شەڕ.
- وردبینی لە کاری لۆجستیکی.
- حەرامکردنی ململانێی حیزبی.
لێرەوە و دوای نەهێشتنی ناکۆکیە حیزبیەکان دەتواندرێت هەمو ئەو سەرکەوتنانەی هێزی پێشمەرگە بە زیانی زۆر کەمتر بەدەست بهێندرێت. پێشمەرگەش دەبێتە ئەو هێزەی بۆ بەدەستهێنانی ئەو سەرکەوتنانە چاوەڕوانی هێرشە ئاسمانیەکان و هاوکاری هیچ لایەنێکی تر نەکات، حیزب و نوێنەراکانیشیان هێندە بەشان و باڵی کەسدا هەڵنەدەن.

چارەسەر

سەرۆکی هەرێم ، حکومەت، وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ وەک خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕیار لە بواری کاروباری پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان، پێویستە زۆر بە پەلە و بوێرانە کاری یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی  هێزەکانی هەر یەک لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بە کردەوە تەواو بکەن. ئەوەی ئێستا هەیە و دەبیندرێ و دەگوترێ بواری قسەکردن، خاترگرتن و موجامەلەکردنی تێنەپەڕاندوە. دواکەوتنی زیاتریش لەم بوارە چاوەڕواندەکرێت لێکەوتەی خراپی لێبکەوێتەوە. ناشبێت سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەش کەس توشی لە خۆبایی بون بکات و ئەرکەکان دوابخات. بەتایبەتی لەم کاتەدا،  کاتێ دونیا بەدەنگی گەلی کوردستانەوە هاتوە، هاوکارن، پێشمەرگەیان ناسیوە، بۆیە لەهەمو کات زیاتر پێویستە سەرکردایەتی کورد بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کێشەکان و یەکخستنەوەی ماڵی کورد بکات لە سەروی هەموشیانەوە رێکخستن و یەکخستنی هەریەک لە هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ.
Sbeiy.com © 2007