Print
 
  ئه‌ركه‌ نوێیه‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و متمانه‌ی‌ خه‌ڵك
نوسه‌ر:  ئاریان رەشید شەریف
Friday, December 12, 2014

ئه‌ركه‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، دوای‌ وه‌رگرتنی‌ چه‌نده‌ها پۆستی‌ ئیداری‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، زۆر جیاواز ده‌بێت له‌ ئه‌ركه‌كانی‌ پێشوتری‌ و ئه‌ركه‌كانی‌ قۆناغی‌ ئۆپۆزسیۆن بونی‌. ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی‌ پێشودا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌وڵه‌كانی‌ له‌سه‌ر چاودێری‌ كردنی‌ وردی‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵماڵینی‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر كه‌موكوڕی‌ و هه‌ڵه‌و ناته‌واویه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی چڕكردبێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ قۆناغی‌ پێشودا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ كاری‌ له‌سه‌ر نیشاندانی‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانی‌ داموده‌زگا جۆراوجۆره‌كانی‌ حكومه‌ت كردبێت و هه‌وڵی‌ دابێت هاونیشتمانیان له‌و گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌موكوڕیانه‌ ئاگادار بكاته‌وه‌و كاری‌ بۆ بزواندنی‌ خه‌ڵك و وشیاركردنه‌وه‌یان له‌مه‌ڕ ناته‌واوی‌ و كه‌موكوڕیه‌كان كردبێت، تا له‌م رێگایه‌وه‌ له‌ لایه‌ك كار بۆ وه‌ستاندنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كه‌موكوڕیه‌كان بكات و له‌ لایه‌كی‌ تر له‌ رێگه‌ی‌ مۆبێلیزه‌كردنی‌ جه‌ماوه‌ر كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ره‌زامه‌ندی‌ خه‌ڵك و ده‌نگی‌ خه‌ڵك بكات به‌ ئامانجی‌ گه‌شتنه‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌وا ئه‌ركه‌كانی‌ له‌ ئه‌مڕۆدا قورسترو هه‌ستیار تر ده‌بێت.

له‌ ئه‌مڕۆدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ته‌نها رۆڵی‌ چاودێر ناگێڕێت و كاره‌كانی‌ به‌ته‌نها له‌ چاودێری‌ كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌سه‌ڵات كورت نابێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌مڕۆدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هاوبه‌شی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.

ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ و جیاوازه‌ له‌ قۆناغی‌ پێشو بریتییه‌ له‌ ره‌فتاری‌ سیاسی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، تێپه‌ڕاندن و گواستنه‌وه‌یه‌ له‌ ره‌فتاری‌ ئۆپۆزسیۆن  بۆ ره‌فتاری‌ ده‌سه‌ڵات. له‌ ئه‌مڕۆدا ناكرێت بزوتنه‌وی‌ گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ بڕوانێته‌ پرۆسه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی و خۆی‌ له‌ كارو كرده‌وه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات بێخاوه‌ن بكات. ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ ئه‌مڕۆدا پێشكه‌شكردنی‌ نمونه‌یه‌كی‌ جوانی‌ فه‌رمانڕه‌واییه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌و كه‌موكوڕی‌ و ناته‌واویانه‌ی‌ كه‌ له‌ قۆناغی‌ ئۆپۆزسیۆنیدا ئاشكرایان ده‌كردو ره‌خنه‌یان لێ ده‌گرت. هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیه‌كانی‌ حكومه‌ت له‌ پێشودا یارمه‌تیده‌ری‌ راسته‌قینه‌ ده‌بێت له‌ به‌خشینی‌ به‌رچاوڕونیه‌كی‌ باش به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌ ئاراسته‌ی‌ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵ و تواناكانیان به‌ ئامانجی‌ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕیانه‌ و كۆشش كردنی‌ توندو جدی‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌یان.

سه‌رجه‌م ئه‌و پۆستانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌ده‌ستی‌ هێناوه‌ پۆستی‌ گرنگ و هه‌ستیارن و چۆنیه‌تی‌ به‌ڕێوه‌بردن و پیاده‌كردنیان نه‌خشی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن. پیاده‌كردنی‌ مۆدێلێكی‌ نوێ‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و فه‌رمانڕه‌وایی به‌له‌به‌رچاو گرتنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و ئامانجه‌كانی‌ خه‌ڵك و داواكانی‌ هاونیشتمانیان متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ زیاتر ده‌كات و ره‌وایه‌تی‌ ده‌سه‌ڵات پایه‌دارو پته‌و ده‌كات. به‌ پێچه‌وانه‌ش پێشكه‌ش نه‌كردنی‌ نمونه‌یه‌كی‌ نوێ و ناوازه‌و درێژه‌دان به‌هه‌مان شێوازی‌ په‌یڕه‌وكراوی‌ ڕابوردو متمانه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ لاواز ده‌كات و سه‌ره‌نجامیش ره‌وایه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی‌ توشی‌ قه‌یران ده‌بێت.

* ماسته‌ر له‌ فیكری‌ سیاسی‌ هاوچه‌رخ
Sbeiy.com © 2007