|
ئاڵای كوردستان و سرودی ئه‌ی ره‌قیب |
نوسه‌ر: ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف
|
Wednesday, December 17, 2014 |
هه‌مو گه‌لانی سه‌ر روی زه‌وی، ئازاد و سه‌ربه‌ست بن، یان داگیركراو ژێر دهستهبن، یان به‌شێوه‌ی (ئۆتۆنۆمی یان فیدراڵی یان كۆنفیدراڵی)، له چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زیدا بژین، خاوه‌نی ئاڵا و سرودی نیشتمانی تایبه‌ت به خۆیانن، ئاڵا‌و سرودی نه‌ته‌وه‌یش بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێناسه‌و ناسنامه‌یه ،سه‌لمێنه‌ری مانه‌وه‌و به‌رده‌وامیدانه به (به‌رخودان و زیندویه‌تی و شكۆمه‌ندی)، له پێناو زیاتر ئاشنا بون به گرنگی و بایه‌خی ئاڵا‌و سرودی نیشتمانی له‌خواره‌وه له‌دو خاڵدا له‌ڕوی مێژوییه‌وه باسی هه‌ر یه‌كه‌یان ئه‌كه‌ین.
یه‌كه‌م/ ئاڵا
به‌درێژایی مێژو له‌نێو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه جۆراو جۆره‌كاندا ئاڵا بونی هه‌بوه، یه‌كه‌مین نه‌ته‌وه‌ش كه ئاڵایان به‌كارهێناوه وڵاتی دانیماركه، كه له‌ساڵی 1219ی زایینی دا ئاڵای نیشتمانیان دروستكردوه و مێژوی یه‌كه‌مین ئاڵایان له‌جیهاندا بۆ خۆیان تۆماركردوه، ئاڵای وڵاتی سویسراش دوه‌م كۆنترین ئاڵایە كه له‌ساڵی 1339 ی زایینی دروستكراوه. له‌وڵاتی ئێمه‌شدا ئاڵاكه‌مان ئه‌گه‌رچی هه‌تا ئیمڕۆش له‌ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یه‌كاندا به‌فه‌رمی نه‌ناسێنراوه، بەڵام مایه‌ی شانازیمانه كه ئێمه‌ی كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌دێر زه‌مانه‌وه خاوه‌نی ئاڵای تایبه‌ت به خۆمانین، به ئاوهڕدانهوهیهكی خێرا به مێژودا ده‌بینین كه سه‌ره‌تای دروستبونی ئه‌و ئاڵایه‌ی كه له ئیمڕۆدا وه‌ك ئاڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌ناسرێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه ژماره‌یه‌ك روناكبیر‌و سیاسه‌تمه‌دار و كه‌سایه‌تی ناسراوی كورد له ئه‌سته‌نبوڵ خه‌ریكی دامه‌زراندنی (كۆمه‌ڵه‌و رێكخراوه كوردیه‌كان) و ده‌ركردنی (گۆڤار و رۆژنامه‌ی كوردی) بون، یه‌كه‌مینجار ئه‌و شێوه ئاڵایه‌ی كوردستان كه ئیستا هه‌مانه له‌سه‌رده‌ستی (كۆمه‌ڵه‌ی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌معیه‌ت ته‌عالی كوردستان) به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مین عالی به‌درخان و به به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سایه‌تی ناوداری له‌ساڵی 1919 دروستكرا، ئه‌و ئاڵایه‌ی كه تا ئیمڕۆ بۆمان ماوه‌ته‌وه هه‌مان ئه‌و ئاڵایه‌یه كه ئه‌و رێكخراوه نزیكه‌ی 95 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بڕیاری له‌سه‌ردا بو، به گوێره‌ی ئه‌و ئاڵایه ره‌نگی سور له‌سه‌ره‌وه و ره‌نگی سه‌وز له‌خواره‌وه‌و ره‌نگی سپی له‌ناوه‌ڕاستدا خۆرێكی زه‌ردیش له‌ناوه‌ڕاستی سپیه‌كه‌دا دره‌وشاوه‌ته‌وه، له‌ساڵی 1927دا كه لەوڵاتی لوبنان له‌یه‌كگرتنی (جمعیه‌ت ته‌عالی كوردستان و كۆمیته‌ی ئیستقلال و كوردستان میلیه‌ت و كوردستان ته‌شكیلات) كۆمه‌ڵه‌ی خۆیبون پێكهێنراو دواتر له‌ساڵانی (1928-1930) مه‌ڵبه‌ندی گشتی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه له‌شاخی ئارارات لهئاگریداغ به سه‌رۆكایه‌تی (فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ئیحسان نوری پاشا) ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان دامه‌زراند، له‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه له هه‌بونی ئاڵایه‌كی تایبه‌ت به‌و راپه‌ڕینه ئاڵای كوردستانیش به‌رزكراوه‌ته‌وه، له‌هه‌ردو قۆناغی حوكمڕانی شێخ مه‌حمودی نه‌مردا له‌ساڵانی 1918 و 1922دا له‌شاری سلێمانی، حكومه‌تی كوردستانی جنوبی خاوه‌نی ئاڵای تایبه‌تی خۆی بوه، له 17ی كانونی یه‌كه‌می 1945 له ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌دا له‌گۆڕه‌پانی چوارچرا له‌شاری مهاباد له‌ناوچه‌ی موكریان، له‌نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ردا به ئاماده‌بونی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له‌جێی ئاڵای ئه‌و سه‌رده‌می ئێران كه رۆژێك پێشتر له‌سه‌ر دام و ده‌زگاكانی شار داگیرا بو، ئاڵای كوردستان وه‌ك ئاڵای كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌پایته‌ختدا هه‌ڵكرا، ئاڵاكه‌مان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه له‌هه‌مو ناوچه‌كانی سنوری كۆماری كوردستاندا هه‌ڵكرا، هه‌مان ره‌نگه‌كانی ئێستای ئاڵای كوردستان بوه، بەڵام لهههردولای تیشكی خۆره‌كه دو گوڵه گه‌نم هه‌بوه له‌گه‌ڵ كتێبێك و قه‌ڵه‌مێك له‌ناوه‌ڕاستی خۆره‌كه‌دا. كه ئه‌مه مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵای كوردان بێت، كه‌واتە له دێرزه‌مانه‌وه هاتا ئیمڕۆش ئاڵاكه‌مان پێمان ئه‌ڵێت كه رەنگی سور نیشانه‌ی به‌رده‌وامی خه‌بات و نه‌به‌زینه، ره‌نگی سپی نیشانه‌ی پاكی و راستییه، ره‌نگی سه‌وز نیشانه‌ی به‌پیتی خاك و پڕه له‌سه‌وزایی و به‌ربومی ده‌غڵ و دان و كانگای زێڕو زیوه، هه‌تاویش له‌ناوه‌ڕاستی ئاڵاكه‌دا سمبولی ئازادییە.
دوه‌م/ سرودی نیشتمانی
هه‌روه‌ها له‌دێرزه‌مانه‌وه له‌نێو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه جۆراوجۆره‌كان سرودی نیشتمانی بونی هه‌بوه، یه‌كه‌مین سرودی نیشتیمانیش له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه داهێنراوه كه یه‌كه‌مجار له‌ساڵی 1619 وه‌ك پارچه مۆسیقایه‌ك له‌لایه‌ن مۆزیكزانی ئینگلیزی (جۆن پۆل) بڵاوكراوه‌ته‌وه دواتر له 28ی ئه‌یلولی 1745 به‌ریتانیا به سرودی (خوا شازاده‌مان بۆ بپارێزێت) بوه خاوه‌نی سرودی نیشتمانی و مێژوی یه‌كه‌مین مارشی نیشتمانیان له‌جیهاندا بۆ خۆیان تۆماركرد، لهفهرهنساشدا ئاواز‌و هۆنراوه‌ی ئه‌فسه‌رێك به ناوی (جۆزیف رۆجێ جێ دۆلیس) له‌ته‌موزی 1795دا به‌فه‌رمی كرایه سرودی نیشتیمانی فه‌ره‌نسا كه به دوه‌م كۆنترین سرودی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت، له‌وڵاتی ئێمه‌شدا مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی سرودی نیشتیمانیمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژوی ژیاننامه‌ی شاعیری مه‌زن و ناودار یونس رەئوف ناسراو به دڵدار، كه له‌ساڵی 1940دا له‌زینداندا به‌هۆنینه‌وه‌ی سرودی ئه‌ی ره‌قیب، هه‌ست و سۆزی (كورد بون و نیشتیمانی بون) له‌گه‌ڵ وشه‌و ئاوازدا ئاوێته یهكتربون، بۆ یه‌كه‌مجاریش له‌ساڵی 1945دا و له‌سه‌رده‌می كۆماری كوردستان له‌شاری مهاباد ئه‌ی ره‌قیب بو به سرودی نیشتیمانی كوردستان.
له‌ساڵانی 1970 به دواوه ناو به‌ناو له‌هه‌ر به‌شێكی نیشتیمان‌دا به ئاشكرا یان نه‌هێنی له‌خه‌باتی شاخ و شاردا، ئاڵای كوردستان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌و ئه‌ی ره‌قیبیش وه‌ك مارشی نیشتیمانی هه‌ست نه‌ته‌وایه‌تی تاكی كوردی جوڵاندوه، هه‌روه‌ها ناوه ناوه لێره‌و له‌وێ له بۆنه‌و یاده‌كاندا، روناكبیران و رۆشنبیران و نه‌ته‌وه‌یه‌كانی ره‌وه‌ندی كوردی هه‌مو به‌شه‌كانی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به وتنی سرودی ئه‌ی ره‌قیب و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، جگه لهشادبونی رۆحی كورد بونیان، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان ناساندوه، ئاڵا‌و سرودی نیشتیمانی دو بزوێنه‌ری كاریگه‌رن، كه ئاوێته‌ی یه‌كترن و دوانه‌یه‌كن له‌یه‌ك جومگه‌دا، كه به‌ڵكهو سومبولی ناساندنی ناسنامه‌ی نهتهوهیمانن، له‌دوایی راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ی باشوری كوردستانیش جگه له‌وه‌ی كه به ئازادانه مارشی نیشتیمانی كوردستان به رۆحی گه‌وره بچوك ئاشنا بو، ئاڵاكهشمان له‌شارو دێ له‌شاخ و ده‌شت له‌باشوری كوردستان ده‌گه‌شایه‌وه، له‌ساڵی 1998 به‌دوا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه به فه‌رمی وه‌ك ئاڵای كوردستان بڕیاری له‌سه‌ر درا، كه تیشكی خۆره‌كه‌ی 21 دانه تیشكه‌و له‌چوار ره‌نگی (سور، سپی، زه‌رد، سه‌وز) پێكهاتوه، جیاوازی ئه‌م ئاڵایه‌ی ئیمڕۆمان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك سه‌رده‌م و شوێندا (ته‌نها له‌شێوه‌و قه‌باره‌ی خۆرهكهو تیشكه‌كان) دا به‌دیار ئه‌كه‌وێت، له‌ساڵی 2000 به‌دواوه زۆرینه‌ی گه‌لی كورد و نزیك به سه‌رجه‌م رێكخراوه سیاسیه‌كانی هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ی كوردستان ئاڵای كوردستان وه‌ك ئاڵای نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و سرودی ئه‌ی ره‌قیب وه‌ك مارشی نیشتمانی په‌سه‌ند كردوه، له‌یه‌كی ته‌موزی 2003 دا له‌هه‌رێمی كوردستانی عێراق دا به بڕیارێكی فه‌رمی ئاڵای كوردستان له پاڵ ئاڵای عێراقدا له‌هه‌مو دام‌و ده‌زگا حكومیه‌كان هه‌ڵكرا.
لهئیمڕۆدا ئازادانه له‌به‌شێكی نیشتیمان‌دا ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تری سه‌ر روی ئه‌و زه‌مینه خاوه‌ن ره‌مز و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ین، هه‌ر چه‌نده ئه‌ی ره‌قیب و ئاڵای كوردستان ئاواتی له‌مێژینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و خه‌ونی گه‌وره‌ی ئه‌م نیشتمانه په‌رت و وڵاتە به‌ش به‌شكراوه و گه‌له په‌ژمورده‌یه بوه، ره‌مزی به‌رخودان و فیداكاری و هێمای بون و مانی كورد و كوردستانیش بوه، به‌درێژایی مێژو هه‌ر كاتێك كورد ئاڵای نیشتیمانی له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیدا به‌رز كردبێته‌وه دوژمنان هه‌مویان كۆك بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دژایه‌تی بكه‌ن، ترس و هه‌ره‌شه‌یان له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد دروستكردوه، به جیاوازی سه‌رده‌مه‌كان ئه‌وه‌ی لهئیمڕۆماندا زیاتر له‌ترسه ده‌ره‌كیه‌كان مه‌ترسیدارترو ترسناكترو پڕ كێشهتره كاڵبونه‌وه‌ی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ی و زاڵبونی رۆحیه‌تی حیزبایه‌تیه، لایه‌نه سیاسیه‌كانی ئه‌م به‌شه ئازاده‌ی كوردستان كه له‌ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه له پاڵ حه‌ماسی شۆڕشگێڕی و به‌رخودانی گه‌ل، ره‌وشێكی لێواو لێو لهحهماسی شوڕشگێڕی حیزبیان هێناوه‌ته بون، كه تا ئیمڕۆش له‌ئه‌جیندای حیزبایه‌تیان دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، حیزب ساڵانێكه توانیان ئاره‌زومه‌ندانه ناوچه‌كان ره‌نگ بكه‌ن رەنگهكانمان لای جیاواز‌و په‌سه‌ندو ناپه‌سه‌ند بكه‌ن، بەڵام نه‌یانتوانی دوای هه‌مو قۆرغكاریهكان نه‌شیده حیزبیه‌كانیان لێره و له‌وێ كه ده‌دران به گوێماندا شوێنی ئاوازه خۆشه‌كه‌ی سرودی ئه‌ی ره‌قیب بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ره‌وابێت حیزب (له‌یاد و بۆنه حیزبیه‌كان و له‌سه‌ربان و ناوه‌وه‌ی باره‌گاكانیان دا ئاڵای حیزبی هه‌ڵبكه‌ن و ئه‌ندامانی حیزب ته‌نها گوێبیستی سرودی حیزبی بن)، ئه‌وا هیچ ره‌واییه‌ك نیه كه هه‌مو بۆنه نیشتیمانیه‌كان هه‌مو كوچه‌و کۆڵانێكی شار‌و لادێ، هه‌مو ده‌شت و شاخ و نشێوێك، هه‌مو ته‌لارو باڵه‌خانه‌یه‌ك، هه‌مو پرد و شه‌قام و رێڕه‌وێك، هه‌مو سه‌یرانگاو سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاو، باڵا‌و ناخی هه‌مو تاكێك و... هتد) به حیزبی بكرێت، ده‌با هه‌موان هه‌وڵبده‌ین ئاڵای حیزب به‌سه‌ر ئاڵای كوردستاندا زاڵ نه‌كه‌ین، ده‌با ئاڵای كوردستان له‌هه‌مو شوێنێكی نیشتیمانه‌كه‌مان ته‌نها ئاڵا بێت كه بشهكێتهوهو بیكه‌ینه ئه‌و ئاڵا موقه‌ده‌سه‌ی كه جێگای ململانێی هه‌مو ره‌نگێك بگرێته‌وه و ببێته هه‌وێنی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و رزگار بون و سه‌ربه‌خۆیی، باشترین وته‌ش بۆ كۆتاییهێنان به‌م بابه‌ته پیرۆزباییه رۆژی 17ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ كه رۆژی ئاڵای كوردستانه جه‌ژنی نیشتمانیه و له هه‌موان پیرۆز بێت، له‌م یاده‌دا پێویسته هه‌رده‌م له‌بیرمان بێت كه به درێژایی مێژو سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی ئه‌و هه‌مو شێوازی له‌ناوبردن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یمان، وه‌ك له‌سرودی ئه‌ی ره‌قیبدا شاعیر ئه‌ڵێت: كه‌س نه‌ڵێ كورد مردوه، کورد زیندوه، زیندوه قەت نانه‌وێ ئاڵاكه‌مان.
|
|
|