|
شیعه له‌م دیوی ده‌رگاكه |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Wednesday, January 7, 2015 |
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی له كتێبێكیدا به ناوی "الشیعه والدوله القومیه" به دورودرێژی باسی ئازاره‌كانی شیعه ده‌كات له عێراق، من چه‌ندین جار ئاماژه‌م به‌و كتێبه داوه كه دیكۆمێنتی و پڕ زانیاریه، به‌ڵام له ساڵی 2003 به‌دواوه ئیدی شیعه شتێكی تره، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌و دوای روخانی سه‌دام حوسێن، شیعه به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستی به‌سه‌ر بهغدایاگرت و ورده ورده نه‌ك ههربهڕهكهی له‌ژێر پێی سونه ته‌نانه‌ت له ژێر پێی ئه‌مه‌ریكاش ده‌ركرد، شیعه‌كان له‌بری ئه‌وه‌ی ئه‌و رابردوه تاڵه بكه‌نه وانه‌یه‌ك تا سته‌مكاری له به‌غدا سه‌ر هه‌ڵنه‌داته‌وه، كردیانه رێگه‌یه‌ك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه، ئه‌وان ئه‌وه‌نده به خێرایی ده‌ستیان پێكرد وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی هه‌شتا نه‌وه‌ت ساڵ به چه‌ند ساڵێكی كه‌م بكه‌نه‌وه، له گه‌رمه‌ی ئه‌م تۆڵهكردنهوهیهدا سونه ئاڵابوه ده‌ردی خۆیه‌وه، له‌بری بیركردنه‌وه له دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌و هاوبه‌شی و گه‌یشتن به دیموكراسی راسته‌قینه پهلكێشكرا هه‌م بۆ شه‌ڕی شیعه و هه‌م بۆ ئامێزكردن به توندڕه‌ویدا، ساڵی 2003 له‌گه‌ڵ تیمێكی زۆر كه‌مدا به ژماره له شاره‌كانی باشوری عیراق به دوی گۆڕی ئازیزاندا ده‌گه‌ڕاین، له یه‌كێ له كتێبخانه‌كانی سه‌ماوه سه‌رگه‌رمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كان بوم، دیار بو گه‌نجێك زۆر به‌وردی دیقه‌تی ئه‌وه‌ی داب‌و كه‌من چۆن كتێبه‌كان ئه‌م دیو ئه‌و دیو ده‌كه‌م و یه‌ك دو كتێبم هه‌ڵگرت ویستم بڕۆم لێی پرسیم له ئێرانه‌وه هاتوی، وتم نا له‌كوردستانه‌وه، وتی بۆ ده‌ڵێی كوردستان، كوردستان بیدعه‌یه و ئێمه هه‌مو عیراقین، له‌و باره‌یه‌وه زۆرمان وت و منیش هه‌وڵی زۆرم دا تێیگه‌یه‌نم "وه‌لێ هه‌یو" هه‌رچه‌ند داوه‌تی كردم بۆ دانیشتنێ له ناوه‌ندێكی خۆیان نه‌چوم و له‌یه‌كتر جیابوینه‌وه، ساڵی دواتر له داقوق شیعه‌كان به هۆیه‌كی زۆر بێ‌مانا سوكایه‌تیان به به‌رپرسێكی كورد كرد‌و ته‌نانه‌ت ناچاریان كردبو بنوسێته‌وه قۆندهرهكانیانهوه، ئه‌وه‌شیان وێنه گرتبو، ئێمه ویستمان له راگهیاندنا ئه‌و ناجۆریه له قاو ده‌ین، به‌ڵام به‌رپرسانی كوردی كه‌ركوك تكایان كرد گه‌وره نه‌كرێته‌وه!
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر لای یه‌نگیجه شیعه‌كان هه‌مان هه‌ڵوێست به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك ده‌نوێنن و ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌كه گه‌وره نه‌بێته‌وه دانبه‌خۆیدا ده‌گرێت، ئێستا میلیشیا شیعه‌كان له خورماتو، داقوق، تازه، جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و شوێنه‌كانی تر ته‌نگ به ئه‌وانی تر هه‌ڵده‌چنن و ناچاری ئه‌وه‌یان ده‌كه‌ن یان ملبده‌ن یان به‌ره‌نگار بنه‌وه، ئه‌م دۆخه تا دێ مه‌ترسیدار تر ده‌بێت و له رابردوشدا ده‌یان ناجۆری كراوه، كه ره‌نگه ئێستا كاتی ئه‌وه نه‌بێت بخرێنه‌وه به‌ردیده، كه‌ركوك وه‌ك پارێزگا له‌به‌رده‌م ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌دایه گێچه‌ڵه‌كان تادێن زیاد ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عیش به راده‌یه‌ك ئاگاداری ئه‌و دۆخه‌یه كه ناچاری ئه‌وه بو له‌و سته‌مكاریه بێته وه‌ڵام و بڵێت ماڵ و سه‌روه‌ت و سه‌ری خه‌ڵك غه‌نیمه نیه‌و حه‌رامه، میلیشیا شیعه‌كان هاتونه‌ته ئه‌م دیوی ده‌رگاكه‌وه، له‌ناویداندا پیاوی گفت و گۆو ئاشته‌وایی به‌دی ناكرێ ئه‌مه‌ش ئێمه ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌وان سه‌رقاڵی هه‌مان ئه‌و یاریه‌ن كه چه‌ند ساڵی رابردو له‌گه‌ڵ سونه‌ی عه‌ره‌ب كردیان، گه‌رچی له نێوان سونه‌و شیعهرهی عه‌ره‌بدا دو خاڵی هاوبه‌شی عه‌ره‌بی بون و عیراقی بون هه‌بو، به‌ڵام خاڵی هاوبه‌شی ئێمه چیه له‌گه‌ڵ ئه‌وان جگه له چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی دورو درێژ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه تا كۆتاییه‌كه‌ی، ئه‌م خاڵه هاوبه‌شه كه‌س به پوڵێك نایكڕێ ته‌نانه‌ت ئه‌وان به جۆرێك كار ده‌كه‌ن تا شیعه‌ی كوردیش كوردبونهكهی بخاته دوای شیعه بونهكهیهوه، له‌م نێوانه‌دا مرۆڤایه‌تی ونه، راستی ئێمه پێویستمان به سهبهتهیهكه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی كورد‌و شیعه‌ی تیا تاوتوێ بكه‌ین، گه‌ر نا شه‌ڕێكی تر به‌شێوازێكی تر له ژێر ناوێكی تردا به‌ڕێوه‌یه. |
|
|