Print
 
 هێز و عەقڵی کورد
نوسه‌ر:  مەحمود عەبدوڵا
Monday, February 2, 2015

کورد میللەتێکی چاونەترس و ئازا و رەوشت بەرزن، ئەمە لە لاپەڕەکانی مێژودا زۆر دوبارەبۆتەوە، دۆست و دوژمن گەواهی ئەوە مان بۆئەدەن ئەوانەی هاتونە کوردستان لە زەینە فۆنی یۆنانییەوە تا مارتن ڤان برونەس، لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا ئەم راستییە لە بەرگری هێزی کورد بەرامبەر بە هێزێکی دڕندەی وەک داعش بۆ دۆست و دوژمن ئاشکرایە، ئەگەرچی ئەم ئازایەتی و گیانفیداییە بۆتە ترس لەدڵی دوژمندا و هۆکارێکیش بوە بۆئەوەی داگیرکەرانی کوردستان کۆک بن لەسەر دژایەتی کردنی کورد و نەهێڵن کورد خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بۆ ئەم مەبەستە لەهێزی کورد رایان کردوە و پەنایان بۆ عەقڵی کورد بردوە، بەڵام ئاخۆ عەقڵی کورد چ خزمەتێکی بە ئەوان کردوە، زۆرجار عەقڵی سیاسی کورد قەرەبوی زیانەکانی دوژمنی کردۆتەوە، تاوای لێهاتوە کەسانێک بڵێن؛ "ئەوەی کورد بە جەنگ بەدەستی هێناوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندویەتی" جا ئەو راستیە چەند تاڵێش بێت دەبێت بوترێت، چونکە ناکرێ نەخۆش لەبەر تاڵی عیلاجەکەی فەرامۆش بکات و بەئازارەوە بتلێتەوە. لەدوای دەوڵەتی (ماد)ەوە عە‌قڵ و هێزی کورد یەکگرتو نەبوە، ئەگەر رۆژگارێک لەباری کۆمەڵایەتیەوە پێکهاتەیەکی خێڵەکی هەبوە و هێزی کورد دابەش بوە بەسەر عەشیرەتەکاندا و هەر عەشیرەتە و پارێزگاری لە ناوچەکەی خۆی کردوە و میرنشینیکی دامەزراندوە، ئەوا ئەمڕۆش عەقڵ و هێزی کورد بەسەر حیزبەکاندا دابەش بوە. هێزە کوردیەکان زۆر حەزییان لە گفتوگۆیە لەگەڵ دوژمن، لێ لەگەڵ یەکتر مجادەلەیان پێخۆشە تا لێک تێگەیشتن و گفتو گۆ، تەنانەت ئامادەن بە پیر مەرگەوە بچن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دوژمن.

مێژونوسی کورد شەرەفخانی بەدلیسی لە شەرەفنامەدا دەڵێت: "کاتێ شائیسماعیل هات بەرەو کوردستان دوازدە میری کورد چونە لای شا بۆ شاری (خوی)، بەڵام شا ئیسماعیل هەمویانی کوشت و دەست و پێوەندی خۆی لە جێگا دانان) شا هاتبو کوردستان داگیر بکات ئەوانیش بەپیریەوە چون تا لە دەسەڵات بمێننەوە. ئەم عەقڵییەتە پێویستە کۆتایی بێت، دەبێ هێزە کوردیەکان لەئاستی دەرەوەدا یەک گوتاریان هەبێت و دڵیان خۆش نەبێت بەوەی کە هێزێکی دەرەکیان دۆستە و هێزێکی کوردیش دوژمن، پێویستە بەکردار ئەوە بسەلمێنن. مەبەستم لە یەک گوتاری هێزەکانی باشور نییە، بەڵکو هێزە سیاسیەکانی کورد لە هەرچوار پارچە، پێویستە دەسەڵاتخوازی و فراوانخوازی لەگەڵ بیری نەتەوەیی لێک جودابکەینەوە، بەناو بانگترین میری کورد - میرمحەمەدی سۆران- کە گوایە هەوڵی کوردستانێکی سەربەخۆی داوە سەرەتا پەلاماری کوردی داوە پەلاماری میرنشینێکی تریداوە بۆئەوەی دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنێت! هەروەها میرانی بابان بەهەمان شێوە کە ئاکامەکەی تەنها کورد کوشتن بوە. من باوەڕم وایە ئێستاش دۆخە کە هەروایە، بەڵام بەشێوازێکی تر، کاتێک هێزێکی کوردی لە باکور پارتێک دروست دەکات بەهاوکاری تورکیا بۆ کەمکردنەوەی  نفوسی هێزێکی تری کوردی ئەوە خەم خواردن نییە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، بەڵکو فراوان خوازییە و کەمکردنەوەی کاریگەریی کوردە لەسەر دەسەڵاتی داگیرکەر، چونکە ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆ بەخۆ لێک دەمڕێنن، ئەگەر ئەوە راستییە پێویستە لەپێشەوە متمانەی یەکتر بەدەست بێنن و نەک متمانەی داگیرکەر، هەمو هێزە کوردییەکان پێویستە سەرەتا ستراتیژێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان، واتا مەبەستی من ئەوە نییە کە نابێت هێزێکی باکور لەباشور کاری سیاسی خۆی بکات و بەپێچەوانەشەوە، بەڵکو چۆنیەتی کارکردن و مەبەست گرنگە. پێموایە تابەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و سەرکەوتنی کۆنگرە کە کورد سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست ناهێنێت، کۆنگرەی نەتەوەیی یەکەم کارە کە دەبێت ئەنجام بدرێت بۆئەوەی بتوانن ستراتیژێکی هاوبەشیان هەبێت، واتا کۆنگرە ئەساسی دەوڵەتی کوردییە.

بەدرێژایی مێژو هێزی کورد کاردەکات، بەڵام عەقڵی سیاسی کارناکات، نابێت ئیتر کورد دوای روداوەکان بکەوێت، نابێت دڵی بەلێدوانی بەرپرسانی خۆرئاواش خۆش بێت، بەڵکو دەبێت کورد خۆی ستراتیژی هەبێت، ئەگەر لەکاتی جەنگدا ئەوروپا و ئەمەریکا چەپڵە بۆ ئازایەتی کورد لێدەدەن، رەنگە دوای جەنگی داعش و سەرکەوتنی کورد لەو شەڕە ئەوان واز لە کورد بهێنن بۆ عێراق و تورکیا و ...هتد.

لە (جەنگی قرم) کورد شەڕی دژی دەوڵەتی عوسمانی دەکرد بەسەرکردایەتی یەزدان شێر، هەر راپەڕینی کوردانیش بو بوە هۆی سەرکەوتنی روسیا لە شەڕی قرم، بەڵام دواتر روسەکان پشتیان لە کورد کرد و هاوکاری یەزدان شێریان نەکرد، کابرایەکی ئینگلیز بەناوی (نەمرود رەسام) داوای لە یەزدان شێر کرد گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانییەکان بکات، بەڵام لەباتی گفتوگۆ زیندانیان کرد و شۆڕشەکە کۆتایی هات. بڕوانە -کوردەکان کێن؟ نوسینی ماهیر عەبدولسەلام.

راستە سەدە و نیوێک زایاتر بەسەر جەنگی قرمدا تێپەڕیوە، بەڵام یەک سەعات بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا تێنەپەڕییوە، هێشتا سیاسەتی ئەوان سیاسەتی بەرژەوەندییە، نەک ئەوەی کوردشایەنی ئەوەیە ببێت بەدەوڵەت، راستە کوردستان خاوەنی نەوتێکی زۆرە وەک هاشم ساڵحی دەڵێ: ئەمەریکا بەخێرایی هەورە بروسکە بۆنی نەوت دەکات. بەڵام بۆئەوان باڵانسی هێز گرنگترە. ئایا ئەوان ئامادەن پشتگیری کورد بکەن و پشت لە تورکیا بکەن و گۆڕەپانەکە بۆ ئێران جێ بهێڵن؟ ئایا متمانەی ئەوەیان بەکورد هەیە کە بیکەن بەئیسرائیلێکی تر و لەدژی ئێران و تورکیا هاوکاری کورد بکەن؟ کورد چ جێگایەکی هەیە لە هاوپەیمانییەتی دژی داعش دا؟ رەنگە ئەوەی لەمێشکی کورددایە سەبارەت بەخۆرئاوا تەنها خەیاڵێکی خۆش بێت.
Sbeiy.com © 2007