|
کەرکوک: پاسەوانی نیشتمانی و حەشدی شەعبی! |
نوسهر: مهلا فهرمان
|
Tuesday, February 10, 2015 |
دەگێڕنەوە، دایک و زڕدایکێک لەسەر منداڵێک دەچنە دادگا، لە پێش دادوەر هەر یەک لە دو ژنەکە وەک دایکی راستەقینە خۆی دەردەخات، دادوەریش بە ژنەکان دەڵێت؛ هەریەکێکتان پەلێکی منداڵە بگرن و بۆخۆتان رایکێشن، کامتان مناڵەکەی بۆلای خۆی راکێشا مانای وایە ئەوە مناڵی ئەوە، هەردو ژنەکە کەوتنە باڵ راکێشانی مناڵەکە، دایکە راستەقینەکە بینی مناڵەکە خەریکە هەردو قۆڵی لەبنا دەردەچێت، دڵی پێ دەسوتێ و لەپێناو رزگاربونی گیانی جگەرگۆشەکەی دەستی بەردەدا، زڕ دایکەکەش دڵی خۆش دەبێ و پێی وایە مناڵەکەی بردۆتەوە. بەڵام خۆشبەختانە دادوەرەکە پیاوێکی زیرەک دەبێت.
لە ٢٠٠٣ کەرکوک لەنێوان حیزبی کوردیدا بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاوشێوەی ئەو منداڵە پەلی رادەکێشرێرت، ئەگەر لەوێ دایکە راستەقینەکە بونی هەبو، بەڵام لە شانسی کەرکوک نە ئەو دایکە راستەقینەیە بونی هەیە نە ئەو دادوەرە زیرەکەش.
سەرەڕای ئەوەی ئەم دو حیزبە هەریەکە ئاسایشی حیزبی، دەزگای هەواڵگری...تاد تایبەت بە خۆی هەیە، هەماهەنگیشیان پێکەوە زۆر لاوازە. لە زۆر روداودا بە دو ئاراستە و دو ئاقاری زۆر جیادا سەوڵی کەڵەکی سەر ئاوە لێڵ و شەپۆلاویەکە لێدەدەن. روداوەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، جەواهیر مۆڵ و باڵاخانەی ئۆتێل کەرکوک سێ روداون هەڵوێستە جیاجیاکانیان پشت راست دەکەنەوە.
لە شەڕی گوندی وەحدەش دوای ئەوەی لقی پارتی ئاگادارکرایەوە هێرش ناکرێت و شەڕ نابێت، بەڵام پاشان هێرش دەستی پێکرد و ئەو زیانە گەورەیە بەر هێزی پێشمەرگە کەوت: دەیان شەهید، بریندار و دیل.
دەربارەی ئەو چەند گوندەی لە شەڕی ٣٠/٣١/ ١ /٢٠١٥دا هێزی پێشمەرگە لە داعشی سەندەوە، بەرپرسانی ئەم دو حیزبە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەم گوندانە هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێ، لە لایەکی ترەوە و هەر لەم بارەوە حیزب و پارێزگاری کەرکوکیش دو بۆچونی زۆر جیاواز و دژ بەیەکیان هەیە.
حەشدی شەعبی
پێکهاتەی ئەم هێزە ١٠٠% شیعە مەزهەب و عەرەبە، لە چەندین هێزی جیاجیا پێکهاتوە: بەدر، عەسائب الحق، مەهدی...تاد. لە سنوری گوندی تازە و شارۆچکەی دوزخورمات نزیکەی ٥٠٠٠ پێنج هەزار چەکداری ئەم هێزە بونیان هەیە. هەندێکیش بە بەیانوی پاراستنی مەزارگەوە هاتونەتە ناوچەکە.
رون و ئاشکرایە پارتی و یەکێتی، دو هەڵوێستی زۆر لێکجیاواز و دوریان هەیە لەسەر هاتن و بونی هێزی حەشدی شیعی لە سنوری کەرکوک و دوزخورماتو.
بۆ دوەم جار هادی عامری فەرماندەی ئەو هێزە دێتە کەرکوک و سەردانی پارێزگار دەکات. زۆرێک لە رۆژنامەنوسان و رای گشتی شەقامی کەرکوک سەردانەکەیان پێباش نەبو و دژی قسە و بۆچانەکانی وەستانەوە. لە سەردانی ئەمجارەشی پارێزگار و بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بینیوە لە کەرکوک، هیچ یەکێ لە نوێنەری حیزبە کوردیەکانی دی ئاگاداری ئەم هاتنە و کۆبونەوەیە نەبونە. پارتی لە هەمو حیزبەکانی تر بەم هاتنە ناڕەحەتترە و قسەیان هەیە.
سایتی شارپرێس:
"پیلانێكی حەشدی شەعبی ئاشكرادەكات پارتی: جگە لەهێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی تر بۆی نییە بێتە كەركوك"
دەربارەی پاسەوانی نیشتمانیش
رۆژ نوری شاوەیس: "پشتگیری دروستكردنی پاسەوانی نیشتیمانی لە كەركوك دەكەین".
http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=27798target=%22_blank%22
دەربارەی سیاسەتی پەتپەتێنی حیزبی لە کەرکوک نمونەی بەڵگەدار زۆرن، بەڵام لێرە ئەم بابەتە جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر، شەقامی کەرکوک و کوردستان و ئەوانەی خۆیان بە سەرکردەی حیزب و کورد دەزانن. بابێن لە نزیکەوە سەیری ئەو پەتپەتێنە حیزبیە بکەن نەک لە نێوان حیزبەکان بەڵکە لە ناو خودی یەک حیزب و لەنێوان حیزب و ئیدارەی کەرکوک بونی هەیە. ئەو پەتپەتێنەی گەر زیاتر بەردەوام بێت نەک مەترسی ئابڕوچونی لێدەکەوێتەوە بەڵکە لە دەستدانی کەرکوک و خاکیش.
کەرکوک و کەرکوکیەکانیش لەنێوان ئەم پەتپەتێن و چون و نەچونە بۆنەتە قوربانی و سەریان سوڕماوە. بێدەنگبن "داعش دێت"، بێدەنگ بن "بەعسی دێتەوە"، بێدەنگ بن "کەرکوکمان لە دەست دەچێت، عەرەبی شۆڤێنی هەیە"، بەڵێ لە بەرپرسە نەتەوەییەکە پێویستە لە هەمو گەندەڵیەکان بێدەنگ بن. ئەوانیش لە ژێر ناوی ئەم پرسە پیرۆزە لە پەتپەتێن و چاوپۆشی لە گەندەڵیەکان بەردەوامن. |
|
|