Print
 
 ژمارەی کۆبونەوەکان
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Friday, February 13, 2015

بەرلەوەی بچمە ناو باسکردنی بابەتەکەوە، بە باشی دەزانم بۆ پشتیوانی وتارەکەی "کاک نەبەز گۆران" ئاماژە بەو هاوکێشە بیرکاریە بدەم کە بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەم جۆرە کۆبونە بیمانایانە دەتواندرێت بەکار بهێندرێت:
١- دیاریکردنی جۆرەکانی میوە، چەند جۆرە: سێو، پورتەقاڵ، کیڤی، مۆز ...تاد. لەهەر جۆرێک چەند کیلۆ کڕدراوە. دەکرێت ژمارەی هەمو بوتڵە ئاوەکانیش بەکاربهێندرێت.
٢- بۆ هەر کۆبونەوەیەک چەند کیلۆ کڕدراوە، نەک چەند خوراوە.
٣- بڕیار و دەرئەنجامی کۆبونەوەکان = نزیک دەبێتەوە لە سفر (ئەم خاڵە دیار و ئاشکرایە و هاوڵاتیان لەهەمو کەس باشتری ئەزانن).
٤- پاڵپشت بەم زانیارانەی سەرەوە دەتوانرێت بە یەکێ لەم دو رێگایە ژمارەی کۆبونەوەکان بزاندرێت:
بە نزیکراوەیی= ژمارەی کۆبونەوەکان= خاڵی ١/ خاڵی ٢
یان
ژمارەی کۆبونەوەکان= خاڵی ١/ خاڵی ٣= بێ کۆتایی

زۆری کۆبونەوە بۆ:
١- کەمی یان نەبونی متمانە لە نێوان لایەنەکان.
٢- نیەت پیسی و تەڵەکەبازی و شکاندنی ملی یەکتر، یەک لەمانە، هەوڵدانی دابەزاندنی پێگەی لایەنی بەهێز لە ناو جەماوەر بە مەبەستی شکاندنی لە هەڵبژاردنی داهاتو. لێرە هەمان سیاسەتی پیاوە کوێرەکە لە شەڕدا بەکاردەهێندرێت.
٤- مێژوی کۆبونەوە لە کوردستان دەریدەخەن کە لای هەندێ لایەن زۆری کۆبونەوە خوی پێوە گیراوە و بوە بە بەشێک لە کەلتوری حیزبی.
٥- بێ ئیشی و دەست بەتاڵی.
٦- نەبونی توانای بیرکردنەوە و داهێنانی نوێ لای سەرکردایەتی.
٧- زاڵبونی بەهرەی ئەکتەری لای هەندێ کەسی خۆ بەسیاسیزان.

قازانجەکانی زۆری کۆبونەوە
بۆ کات بەسەربردن و بێتاقەتی و خۆپاراستن لە هۆکارەکانی نەخۆشی دەرونی.

زیانەکانی زۆری کۆبونەوە
١- پارە خەرجکردنێکی زۆر لە پێناوی هیچ.
٢- دروستکردنی راڕایی و دڵە راوکێ لای کۆمەڵانی خەڵک.
٣- نەمانی متمانەی خەڵک بە قسە و گوفتەکانی دەسەڵات.
٤- ماندووکردن و سەرلێشێواندنی دەزگاکانی راگەیاندن، کەمکرندەوەی متمانەی خەڵک بە خۆیان و هەواڵەکانیان و زیادکردنی بیزاری گوێگرتن لێیان.
٥- شێواندنی بازاڕ و کڕین و فرۆشتن.
٦- درێژەدان بە گەندەڵی و رۆتین لە دامەزراوە حکومیەکان.
٨ - کەوتنەوەی ناڕەزایی لای ئەندامانی ئەو لایەنەی ئاڵای چاکسازی بەرزکردۆتەوە.

بۆیە، کاتی ئەوەیە شاندی ئەو هێزەی ئاڵای شەفافیەت و چاکسازی هەڵگرتوە و جەماوەر ئۆمێدی پێیەتی پێداگری بکات و هەوڵی جدی بدات بۆ زوو یەکلاییکردنەوەی دەرئەنجامی کۆبونەوەکان و نەبنە شەریک لە بێزاری خەڵک لە بیستنی ئەو هەمو هەواڵە چەند بارەبوانە، بەکورتی ئەگەر لایەنی بەرامبەر جدی نیە لە گفتوگۆکان و دەیەوێ بە هەمان ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردو کات بەسەر بەرێ، ئەوا هەقە لە کۆبونەوەکان بکشێنەوە و زۆر راشکاوانە بە جەماوەری کوردستانی رابگەیەنن. چونکە جەماوەر دەڵێ "لەگەڵ بەغدا ئەوە حاڵمانە، داعشیش شەڕمان دەکات، دونیا سەیرمان دەکەن و هەندێکیان هاوکاریمان دەکەن لە ناوخۆش هەر خەریکی ئەو جۆرە کۆبونەوانەن". سلYمانیش شوکور وشیارە و تێدەگات!

لە کۆاتاییدا دەمەوێ بڵێم:
ئەرێ ئەوا هەندێ لە سیاسیەکان راهاتون و سودمەند دەبن لە زۆری ژمارەی کۆبونەوەکان، ئەی میدیاکاران بۆ هێندە ئارەزوی چەند بارەکردنەوەی هەمان هەواڵ و روداو دەکەن و هەمان دەموچاوەکانمان پیشان دەدەنەوە؟ داواتان لێدەکەم بگەڕێنەوە بۆ روماڵکردنی یەکەم کۆبونەوە و لەگەڵ ئەوەندەیەمین کۆبونەوە بەراوردی بکەن. ئەگەر من میدیاکار بومایا و ئەو بەراوردەم بکردایا دورنەبو بیرم لە بایکۆتی روماڵکردنی هەمو ئەو جۆرە کۆبونەوانە بکردایا و تاکی سەر شەقامم بدواندایا.
Sbeiy.com © 2007