|
بۆچی داعش په‌لاماری کوردستانی‌دا؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, February 14, 2015 |
له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره زۆر وتراوه و نوسراوه، تا ئه‌م ساته‌ش شێکردنه‌وه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دروستی ئه‌و پرسیاره به‌رچاو نیه. له مانگی رابوردودا هه‌واڵێک بڵاوکرایه‌وه گوایه به‌ڕێز مسعود بارزانی زانیاری هه‌یه کێ له پشت هاندانی داعش بوه بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردستان، به‌پێی هه‌واڵه‌که سه‌رۆکی هه‌رێم له کاتێکی گونجاو‌دا زانیاریه‌کان ئاشکرا ده‌کات. بێگومان زانینی ئه‌و لایه‌ن و وڵاتانه‌ی هانی داعشیان داوه یاخود کارئاسانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کردوه به‌شێکی زۆری وه‌ڵامی پرسیاره‌که له‌خۆ ده‌گرێت. له گێژاوی هه‌ریسه‌ی سیاسی و ئه‌منی و ئابوری ناوچه‌که‌مان کاندیده‌کانی پشتگیری و هاندانی داعش دژ به کورد که‌م نین، یه‌که‌مین په‌نجه‌ی گومان بۆ شۆڤینیزمی نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که و داگیرکه‌رانی کوردستان درێژ ده‌کرێت، ئه‌رکێکی سه‌رشانی هه‌مومانه پارچه‌کانی ئه‌م پوزڵه بدۆزینه‌وه و به‌یه‌که‌وه گرێیان بده‌ین تا ته‌واوی تابلۆکه ببینین. له‌م بابه‌ته‌دا له سایه‌ی شرۆڤه‌ی چه‌ند چاو‌دێر و لێکۆڵینه‌وه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشکێک بخرێته سه‌ر چه‌ند تارماییه‌ک که وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان ته‌نیوه.
داعش و عێراق
پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له عێراق له کۆتایی 2011 کێشه‌کانی نێوان شیعه و سوننه به‌رده‌وامبون و نائارامی سیاسی له عێراق رو له هه‌ڵکشان بو. سوننه‌کان ده‌ستیان به‌خۆپیشاندانی چڕ‌وپڕ و به‌رفراوان کرد که دواتر گه‌یشته ئاستی پێکدادانی چه‌کداری. گروپه رادیکاڵه‌کانی سوننه له سوریا، وه‌ک داعش، شه‌ڕیان ده‌کرد، کاتێک به‌شێک له چه‌کداره‌کانی ئه‌و گروپانه له ساڵانی 2012 و 2013 رویان له عێراق کرد بوه هۆکاری زیادبونی توندوتیژی له عێراق.
به‌پیترین زه‌مینه بۆ ده‌رکه‌وتنی به‌هێزی داعش له عێراق ململانێکانی نێوان شیعه و سوننه‌یه، چه‌کدارانی داعش سوننه مه‌زهه‌بن. هه‌رچه‌نده کێشه‌کانی نێوان ئه‌و دو مه‌زهه‌به‌ی ئیسلام زه‌مینه‌ی مێژوییان هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌کانی ئێستای عێراق ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژوه نین، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیان به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه هه‌یه.
داعش له ئه‌زمونی چه‌ند ساڵیدا له سوریا کامپی مه‌شقکردن بۆ چه‌کدارانی کردۆته‌وه و له‌شکرێکی به‌هێزی پێگه‌یاندوه و چه‌ند هه‌زار شه‌رکه‌ری له وڵاتانی دنیاوه په‌یوه‌ندیان پێوه کردوه و ئێستا سوپایه‌کی جیهادی له سوریا و عێراق هه‌یه، بۆ ئاینده چاوی بریوه‌ته چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ئوردون و ئیسرائیڵ و فه‌له‌ستین و لوبنان و به‌شێک له باشوری تورکیا.
له 10 حوزه‌یرانی 2014 داعش به‌ئاسانی شاری موسڵی داگیرکرد و دواتر توانیان شه‌نگاڵ و جه‌له‌ولا و ته‌لعه‌فه‌ر و چه‌ند شوێنێکی تریش داگیر بکه‌ن، له‌م هێرش و به‌ره‌وپێشچونانه‌دا دانیشتوانانی سوننه‌ی ئه‌و ناوچانه پشتگیری داعشیان کرد که پێشتر پشتگیری سه‌دامیان ده‌کرد.
مۆڵگه‌ی به‌هێزی ئێستای داعش زیاتر له 500 کلم له سوریا و عیراق درێژده‌بێته‌وه، ناوچه‌یه‌ک نزیکه‌ی گه‌وره‌یی وڵاتی به‌لجیک کۆنترۆڵ ده‌کات، له شاری ره‌قه له باکوری سوریا درێژده‌بێته‌وه تا دوه‌روبه‌ری به‌غداد، یه‌کێک له زهقتترین گرنگی ستراتیژی ئه‌و ناوچه‌یه بونی چه‌ندین کێڵگه‌ی نه‌وته تێیدا.
داعش کار بۆ باڵاده‌ستی له عێراق ده‌کات و شکستی ته‌واوی حکومه‌تی عێراقی مه‌به‌سته. داعش ماوه‌یه‌کی درێژ نێوان به‌هێمنی خۆی راگرتبو، له گه‌ڵ وه‌رچه‌رخاندنی روداوه‌کانی سوریا بۆ شه‌رێکی مه‌زهه‌بی داعش به‌هێز هاته ناو گۆره‌پانه‌که‌وه.
چه‌ند وڵاتێکی ناوچه‌که، وه‌ک تورکیا و سعودیه و قه‌ته‌ر و ته‌نانه‌ت ئێران و ئیسرائیل به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان رێگرییان له به‌هێزبونی داعش نه‌کردوه، هه‌ریه‌ک له‌م وڵاتانه بۆ ئه‌جێندای تایبه‌تی خۆی ئیشی به‌داعش هه‌یه و داعش‌یش وه‌ک لاسارێکی چه‌قاوه‌سو سودی له هه‌مویان کردوه و دڵیانیشی نهرهنجاندوه.
سه‌رچاوه‌کانی دارایی داعش
داعش به دو شێوازی سه‌ره‌کی پاره په‌یدا ده‌کات، به‌شێک وه‌ک گروپێکی بازرگانی مافیا ئاسا و به‌شێکی وه‌ک رێکخراوێکی خێرخوازی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای یارمه‌تی چه‌ور له وڵاتانی که‌نداو و شوێنی تر ده‌گه‌رێت. له ساڵی 2012 داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر چه‌ند کێڵگه‌یه‌کی نه‌وت له سوریا و دواتریش له عێراق و به‌نرخێکی هه‌رزان نه‌وتی به هه‌مو جۆره کریارێک فرۆشتوه. داعش له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بازرگانی به که‌لوپه‌لی تره‌وه ده‌کات و ته‌نانه‌ت که‌لوپه‌له ئاساوهراکانیشی فرۆشتوه. له سوریا داعش باج کۆده‌کاته‌وه و کاره‌با ده‌فرۆشێت و نه‌وت هه‌نارده ده‌کات. گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی تاڵان‌کردنی بانکی موسڵ بو کاتێک ده‌ستی به‌سه‌ر 425 ملیۆن دۆلاری حکومه‌تی عێراقدا گرت.
نه‌وت
عێراق یه‌کێکه له یه‌که‌م پێنج وڵاتی دنیا بۆ یه‌ده‌کی نه‌وت و ئێستا 4%ی نه‌وتی دنیا به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له رێکخراوی ئۆپێکدا دوه‌م گه‌ره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وته دوای سعودیه. له سه‌ره‌تای ساڵی 2014 دا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له عێراق به 3.6 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێکدا بۆ یه‌که‌مجار له 36 ساڵدا گه‌یشته لوتکه، به‌پێی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه چاوه‌روان ده‌کرێت له ساڵی 2019 بگاته 5 ملیۆن به‌رمیل له رۆژێکدا. کرۆکی ئابوری عێراق بریتیه له نه‌وت که له مێژه 95% داهاتی دراوی قورس بۆ عێراق دابین ده‌کات. چه‌ند کۆمپانیایه‌کی نه‌وتی زه‌به‌لاحی دنیا و ئه‌مەریکا له عێراق و کوردستانیش کارده‌که‌ن، وه‌ک ئێکسۆ‌ن مۆبایل و شێڤرۆن.
بۆچی توندوتیژی له عێراق ئاراسته‌ی نرخی نه‌وت ده‌کات؟
به‌هۆێ کاره تێرۆریسته‌کانی داعشه‌وه ئاسایشی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له عێراق و بازاڕی نه‌وت به‌گشتی له دنیادا که‌وتونه‌ته مه‌ترسیه‌وه، هاوکاتیش چه‌ند سێکتۆرێکی ژێرخانی پیشه‌سازی نه‌وت له عێراق له‌ژێر مه‌ترسیدایه، وه‌ک هیڵی گواستنه‌وه له که‌رکوک بۆ مینای جیهانی تورکی که توانای گواستنه‌وه‌ی600.000 به‌رمیلی له رۆژێکدا هه‌یه. زیاده بۆ ئه‌مه‌ش گواستنه‌وه‌ی کێشه‌کان بۆ کوردستان چه‌ند لایه‌نێکی پرسی نه‌وت، تایبه‌ت له که‌رکوک، خستۆته مه‌ترسیه‌وه که رۆژانه نزیکه‌ی 260.000 به‌رمیل له رۆژێکدا به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
نرخی نه‌وت له سێپته‌مبه‌ری 2013ه‌وه به‌رزترین ئاستی به‌ده‌ستهێنا کاتێک له 120 - 125 دۆلار بۆ به‌رمیلێک نزیکبوه‌وه، ئه‌و ئاسته به‌رزه‌ی نرخی نه‌وت کاریگه‌ری زۆر خراپی له‌سه‌ر هاورده‌که‌رانی نه‌وت کرد، ئه‌زمونه‌کانی دوا نیو سه‌ده ده‌یسه‌لمێنن هه‌مو به‌رزبونه‌وه‌یه‌کی زۆری نرخی نه‌وت به‌خێرا بۆته هۆکاری رکودی ئابوری له وڵاتانی رۆژئاوا.
له 20 حوزه‌یرانی 2014 نرخئ نه‌وت بۆ به‌رمیلێک له 107.26 دۆلار نزیکبوه‌وه که هه‌فته‌یه‌ک پێشتر 106.91 دۆلار بو، نرخی نه‌وت له‌و هه‌فته‌یه‌دا له گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی کێشه‌کان له عێراق زیاتر بهرزدهبو. نرخی نه‌وت به‌گشتی تا کۆتایی ساڵی رابورد به‌به‌رزی مایه‌وه، نیوان 85-110 دۆلار بۆ به‌رمیلێک.
به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و گاز به‌گشتی کاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر سێکتۆری وزه هه‌یه، چونکه داهاتی زیاتر هاندانی وه‌به‌رهێنانی زیاتر له بواری وزه ده‌کات و کۆمپانیاکانی نه‌وت قازانجی زۆری لێده‌که‌ن.
داعش و کوردستان
بۆ زۆربه‌ی چاودێرانی سیاسی مایه‌ی سه‌رسوڕمان بو کاتێک داعش په‌لاماری کوردستانی دا و چه‌ند شوێنێکی ستراتیژی گرنگی سه‌ر ڕیگای سه‌ره‌کی به‌ره‌و هه‌ولێری گرت و له هه‌وڵیر زۆر نزیک بوه‌وه.
Phillip Smyth، لێکۆله‌وه‌ر له زانکۆی Maryland که به‌وردی چاودێری دۆخه‌که ده‌کات له‌م روه‌وه ده‌ڵێت: "ئه‌مه گۆرانکاریه‌کی گه‌وره‌یه"، به‌بۆچونی ئه‌م پسپۆره دو هانده‌ری سه‌ره‌کی له پشت ئه‌م کاره‌وه‌ن: یه‌کێکیان ئۆپۆرچینیستی داعشه، داعش تێگه‌یشتوه یه‌که‌کانی هێزه کوردیه‌کان هه‌مان هێز و توانایان نیه، بۆیه ده‌توانن چ ناوچه‌یه‌ک بگرن که ده‌زانن ده‌یگرن، دوه‌م خاڵ ستراتیژیه: داعش ویستی کورده‌کانی باشور له رۆژئاوا داببرێت و به‌م شێوه‌یه گرێدانی جوگرافی ئه‌م دوناوچه‌یه بپچڕێنن.
وه‌ک ئاشکرایه له که‌رکوک که‌مایه‌تی تورکمان و مه‌زهه‌بی شیعه‌شی تێدا ده‌ژی و له مێژه‌وه له گه‌ڵ کورد خۆیان به‌خاوه‌نی شاره‌که ده‌زانن. له کێشه‌کانی هه‌رێم له گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر که‌رکوک ته‌رتیباتی ئه‌منی بۆ شاره‌که نێوان کورد و حکومه‌تی عێراق رێکخرابو، کورد به‌رپرسیاریه‌تی باکور و رۆژهه‌ڵاتی له ئه‌ستۆدا بو و هێزه‌کانی عێراق باشور و رۆژئاوا. کاتێک داعش په‌لاماری چه‌ند ناوچه‌یه‌کی که‌رکوکی دا هێزه‌کانی سوپای عێراق بێ ته‌قاندنی فیشه‌کێک شوێنه‌کانیان چۆلکرد، پێشمه‌رگه به‌په‌له ئه‌و شوێنانه‌ی گرته‌ده‌ست.
کورد له باشور کێشه‌یه‌کی خه‌ستی له گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق له‌سه‌ر پرسی نه‌وت هه‌یه، بۆیه کاتێک زۆربه‌ی که‌رکوک که‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتی کورد پێگه‌مان له‌و کێشه‌یه‌دا به‌هێز بو، چونکه ده‌توانین راسته‌وخۆ نه‌وتی که‌رکوک به‌رێگه‌ی تورکیاوه بۆ ده‌ره‌وه هه‌نارده بکه‌ین، یاخود له دانوستاندنه‌کاندا به‌کار بهێنرێت.
نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوسی ناوداری ئه‌مەریکا Fred Kaplan له‌سه‌ر داعش و کورد و ئه‌مەریکا و عێراق ده‌ڵێت: ده‌سته‌واژه‌ی "شه‌ڕی عێراق" ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆماوی 2003-2011، کاتێک هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌مەریکا عێراقیان داگیرکرد و رژێمی سه‌دامیان روخاند و زۆربه‌ی داموده‌زگاکانی حوکمڕانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و عێراق له شه‌ڕێکی تایفی و مه‌زهه‌بیدا گیرسایه‌وه، دواتر هێزه‌کانی ئه‌مەریکا هه‌وڵی دامرکاندنهوهیان دا. کاتێک له2007 درکیان کرد به‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی دۆخه‌که نایه‌ن به به‌گه‌رخستنی ته‌ره‌فه‌کان دژ به‌یه‌کتر ته‌کنیکی کاری دژه تێکده‌ریان به‌کارهێنا، کارێک بوه هۆکاری که‌مبونه‌وه‌ی به‌رچاوی توندوتیژی. عهرابێکی ئه‌م ته‌کتیکه، ژه‌نه‌راڵ داڤید پێتراوس، ئه‌وسات رایگه‌یاند سوده‌کانی ئه‌م کاره کاتی ده‌بن، به‌لایه‌نی که‌مه‌وه هێزه‌کانی ئه‌مەریکا بوارێکیان بۆ هێزه سیاسیه‌کانی عێراق ره‌خساند بۆ هه‌ناسه‌دان تا رێکه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن.
دوای کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له کۆتایی2011 ده‌رکه‌وت، که نوری مالیکی نیه‌تی نه‌بو به‌رده‌وام بێت له هێورکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که له گه‌ڵ سوننه‌کان، به‌پێچه‌وانه‌وه که‌وته مامه‌ڵه‌کردنی توندیان و جارێکی تر ئاگری شه‌ری مه‌زهه‌بی گه‌شایه‌وه.
نه سه‌رۆک ئۆباما و نه هیچ ئهمەریکیهکی هوشیار خۆی ناخاته ناو ئاگری ئه‌م "شه‌ڕه‌ی عێراق"ه‌وه. هێرشه ئاسمانیه‌کانی ئه‌مەریکا بۆ سه‌ر داعش له کوردستان شتێکی تره.
له سه‌رده‌می ته‌قینه‌وه‌ی کێشه‌کانی نێوان شیعه و سوننه دۆخی کوردستان ئارام بو و ئاسایش تێیدا به‌رقه‌رار بو. زه‌مینه‌ی مێژویی بۆ ئه‌م دۆخه هه‌یه، له ساڵی 1970 حکومه‌تی عێراق و ئه‌مەریکا هاورا بون له پێدانی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچه‌که، له ئاکامی زریانی بیابان له ساڵی 1991 و کۆره‌وی کورد ناوچه‌یه‌کی ئارام بۆ کورد دانرا و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بریاری 688 بۆ پاراستنی کورده‌کان ده‌رکرد و ئه‌مەریکا ناوچه‌ی نه‌فرینی سه‌پاند.
له‌سایه‌ی ئه‌م پاراستن و چاودێریه‌ی ئه‌مەریکادا کوردستان گه‌شه‌ی ئابوری به‌رچاوی کرد و ناوچه‌یه‌کی بازرگانی ئازاد له گه‌ڵ تورکیا و ئێران که‌وته‌گه‌ڕ، له چه‌ند ساڵی رابوردودا کوردستان په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی له گه‌ڵ چه‌ندین کۆمپانیای گه‌وره‌ی رۆژئاوادا دروست کردوه.
شه‌ڕ و مه‌رافه‌ی شیعه و سوننه عێراقی هێنایه لێواری ده‌وڵه‌تێکی شکست، کورد ده‌ستی به گرێبه‌ستی نه‌وتی خۆی له گه‌ڵ چه‌ندین کۆمپانیای دنیادا کرد‌و تا ده‌هات کوردستان له سه‌ربه‌خۆیی نزیک ده‌بوه‌وه. گۆڕانکاریه‌کی له‌و جۆره عێراق و تایبه‌ت سوننه‌کان له به‌شێکی گرنگی داهاتی نه‌وت بێبه‌ش ده‌کات.
کاتێک له مانگی حوزه‌یرانی 2014 داعش روی له عێراق کرد زۆربه‌ی رۆژئاوا پێیان ناخۆش بو، به‌ڵام کارێکی ئه‌وتۆیان نه‌کرد، چونکه:
- داعش بچوک به‌رچاو ده‌که‌وت.
- زۆر که‌م له رۆژئاوا درکیان کردبو به‌وه‌ی سوپای عێراق له سایه‌ی مالیکیدا ناوێکی زل و ماڵێکی وێران بو.
- داعش یاری به دوژمنایه‌تی به‌شێکی زۆری سوننه به‌رامبه‌ر حکومه‌تی شیعه‌ی مالیکی ده‌کرد.
بۆیه زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی رۆژئاوا پێیان وابو چاره‌ی کێشه‌که ئه‌وه‌یه عێراقیه‌کان حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان دروست بکه‌ن.
دوا قسه
کاپلان ئاماژه‌ی نه‌داوه به‌وه‌ی حزوری داعش له عێراق و هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر کوردستان زه‌مینه‌خۆشکه‌ر بو تا چه‌ند خواستێکی رۆژئاوای بچنه سه‌ر سکه‌ی جێبه‌جێکردن و به‌دیهێنان، له سه‌رویانه‌وه ئه‌مەریکا باوه‌شی بۆ کرایه‌وه تا به‌هه‌مو هێزیه‌وه بگه‌ڕیته‌وه ناوچه‌که، حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان، پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق بونه زه‌مینه‌ی گرێدانه‌وه‌ی شیعه و سوننه و کورد له عێراق، به‌شداری به‌غداد له به‌ڕێوه‌بردنی پرسی نه‌وتی کوردستان که داوایه‌کی دێرینی ئه‌مەریکا بو به‌شێوه‌یه‌کی کاتیش بێت هاته‌دی، بچوککردنه‌وه‌ی رۆڵی تورکیا که له قه‌واره‌ی خۆی ده‌رچوبو و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابو ببێته زلهێزێ یه‌که‌می ناوچه‌که، هه‌روه‌ها ئاگری ئه‌م شه‌ره مه‌زهه‌بیه هه‌ردو میحوه‌ری شیعه و سوننه میانرهوهکانی له ئه‌مەریکا و رۆژئاوا نزیک کردۆته‌وه. گروپه تێرۆریسته‌کان له پانتهییهکی جوگرافی بچوکی دیارکراودا گیرساونه‌ته‌وه، دوروبه‌ریان به سوپای چه‌ند وڵاتێکی ناوچه‌که ته‌نراوه و ئاسمانه‌که‌شی شه‌و و رۆژ به‌ده‌ست هاوپهیمانانهوهیه، له سه‌رخۆش سه‌رچاوه‌کانی هێزی ئه‌و گروپانه گه‌مارۆ ده‌درێن.
ئه‌مەریکا و رۆژئاوا په‌له‌یان نیه، ئێمه‌ی کوردیش ناچارین له گه‌ڵیاندا بڕۆین، تۆبلێی توانای کارێکی ترمان هه‌بێت؟
ئه‌مانه به‌شێکی گرنگن له نه‌خشه‌ی سیاسسی ناوچه‌که، رۆژ به‌دوای رۆژ ورده‌کاری زیاتر به‌رچاو ده‌که‌ون، ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له‌م پرۆسه ئاڵۆزه‌دا ئه‌و پاروه نانه‌یه که به‌غداد به هه‌زار منگه‌منگ ده‌ینێرێت، تۆکمه‌ترکردنی نێوماڵی کورد، بوژاندنه‌وه‌یه‌کی بهگروتینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و خۆشه‌ویستی بۆ خاک، هه‌روه‌ها کورد سه‌لماندی ده‌توانێت به‌رگری له خاکه‌که‌ی بکات، بۆ ئه‌مانه کورد له هه‌مو به‌شه‌کانی کوردستان ئۆقیانوسێک له خوێنی به‌خشیوه، به‌رامبه‌ر به‌و خوێنه کاتی هاتوه سه‌رۆکی هه‌رێم ئاشکرای کات داعش گۆچانی ده‌ستی کێ بوه. |
|
|