|
شه‌ڕی داعش... چۆن؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Tuesday, February 24, 2015 |
دوای داگیرکردنی موسڵ و روداوه‌کانی تر گه‌لێک پرسیار سه‌باره‌ت به‌توانا سه‌ربازی و لۆجیستیک و راگه‌یاندن و داراییه‌کانی داعشه‌وه ده‌کرێت. زۆر له‌سه‌ر داعش و ره‌گ و ریشه‌ی نوسراوه، ئه‌وه‌ی تاڕاده‌یه‌ک به ته‌مولێڵی ماوه‌ته‌وه لایه‌نی سه‌ربازی و لۆجیستیکی ئه‌م گروپه تێرۆریسته و ستراتیژی شهڕکردنیهتی.
له‌م نوسینه‌دا له‌سه‌ر رۆشنایی چه‌ند توێژینه‌وه و بابه‌تی په‌یوه‌ندار هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشک بخه‌مه‌سه‌ر لایه‌نی سه‌ربازی و جه‌نگ له گه‌ڵیدا.
چه‌ک به‌خشین و سه‌رهه‌ڵدانی توندڕه‌وی
له ساڵی 2007 دارێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مەریکا و سعودیه پێیانوابو بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نفوزی ئێران که له عێراق و سوریا تا باشوری لوبنان درێژده‌بێته‌وه شه‌ڕ و ئاڵۆزی له ناوچه‌که باشترین ئامرازه بۆ تێکدانی ئه‌و هاوکێشه‌یه و دانانی سنور و کۆسپ له به‌رده‌میدا. له‌و ساڵه‌وه به‌دواوه داعش مه‌شقی پێکراوه و چه‌کدار کراوه و پاره‌یه‌کی زۆری له چه‌ند وڵاتێکی کونسۆڵی هاریکاری که‌نداوه‌وه پێبه‌خشراوه و چه‌ندین کارئاسانی بۆ کراوه و یارمه‌تیش دراوه له‌لایه‌ن ئه‌ندامێکی ناتۆ که تورکیایه.
هاوکات له گه‌ڵ ئه‌و سیاسه‌ته تازه‌یه له ساڵی 2007 نوسینێک له رۆژنامه‌ی New
Yorker بڵاوکرایه‌وه، نوسه‌ره‌که‌ی، Seymour Hersh، که له سه‌نته‌ره‌کانی بڕیاردان له واشنتۆن نزیکه نوسیویه‌تی: "بۆ پوچهلکردنی رۆڵی ئێران ئیداره‌ی بوش بڕیاریداوه پێداچونه‌وه به ئه‌فزه‌ڵیه‌تی سیاسه‌تیان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا بکه‌ن. له لوبنان له گه‌ڵ سعودیه به‌یه‌که‌وه کاریان کرد تا حزب الله لاواز بکه‌ن که له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ئه‌مەریکا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه له چه‌ند ئۆپه‌راسیۆنێکی تایبه‌ت دژ به ئێران و سوریا". یه‌کێک له ئاکامه‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته به‌هێزبونی گروپه رادیکاڵه سوننه‌کان بو که ئه‌وکات هه‌واداری رێکخراوی ئه‌لقاعیده بون.
پێشتر ئه‌مەریکا له ئه‌فغانستان هه‌مان سیاسه‌تی پێڕه‌و کردبوZbigniew Brzezinski راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رۆک جیمی کارتر (1977-1981) له ساڵی 1979 پاش داگیرکردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن یه‌کێتی سۆڤیه‌ته‌وه پرۆگرامێکی یارمه‌تی سه‌ربازی و پاره‌ی بۆ موجاهیدینی ئه‌فغانستان ده‌ست پێ‌کرد، له ئاکامدا سه‌رهه‌ڵدانی گروپه ئیسلامیه توندره‌وکانی لێکه‌وته‌وه. ئوسامه بن لادن یه‌کێک بو له‌وانه‌ی ئه‌مەریکا له ئه‌فغانستان به‌چه‌ک و پاره دژی سۆڤیه‌ت پشتگیری ده‌کرد.
به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌مەریکیه‌کان چه‌ندینجار له گه‌ڵ گروپه یاخبیوهکانی سوریا به توندرهوهکانێشهوه دانیشتون، که پێده‌چیت له به‌شێک لێیان نوێنه‌رانی داعش به‌شداریان کردوه، ئه‌مەریکا و رۆژئاوا و دۆسته نزیکه‌کانیان له ناوچه‌که چه‌ک و یارمه‌تی تریان به‌و گروپانه داوه دژ بهرژێمهکهی ئه‌سه‌د.
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ندین چاودێری سیاسی و سه‌ربازی پرچه‌ککردنی یاخیبوه‌کان پلانێکی باش نیه، بێگومان ئه‌مەریکیه‌کان پاش ئه‌زمونیان له گه‌ڵ بن لادن ده‌بوا درکیان به‌و راستیه بکردایه، به‌داخه‌وه ئه‌مەریکا له‌و جۆره پلانانه به‌رده‌وامبوه.
iTrace و چه‌ک و لۆجیستیکی داعش
ماوه‌یه‌که پرۆگرامێکی ئه‌لکترۆنی iTrace بۆ شێکردنه‌وه ستراتیژیه‌کان به‌کاره، پرۆژه‌ی ئه‌م پرۆگرامه له‌لایه‌ن رێکخراوی توێژینه‌وه‌ی ناکۆکیه چه‌کداریه‌کانه‌وه جێبه‌جێکراوه، پرۆژه‌یه‌کی یه‌کێتی ئه‌وروپایه که زانیاری ورد و دروست له‌سه‌ر شوێنی هه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی به‌ده‌ست ده‌هێنێت و شێکردنه‌وه‌ی وردیان بۆ ده‌کرێت، ئه‌م پرگرامه له ساته‌کانی شه‌ڕ و پێکدادانیشدا راسته‌وخۆ کاره‌کانی ئه‌نجام ده‌دات.
له ئاکامی به‌کارهێنانی ئه‌م پرۆگرامه راستیه‌ک ده‌رده‌که‌وێت که چه‌ند ساڵێکه شێکهرهوهکان داوای ده‌که‌ن: چه‌ککردنی یاخیبوه‌کان کارێکی باش نیه، چونکه ئه‌و چه‌کانه لای به‌ره‌ی دژ ده‌رده‌که‌ون. ئه‌م پرۆگرامه نیشانی ده‌دات که داعش هێزی بێئه‌ندازه‌ی تایبه‌تی نیه و ره‌فتاری ستراتیژی داعش له ئاینده‌یه‌کی نزیکدا به‌وردی و ئاسان شێده‌کرێته‌وه و پێشوه‌ختیش پێی ده‌زانرێت.
ئه‌و وڵاتانه‌ی چه‌ک بۆ کوردستان ده‌نێرن زۆر به‌ئاسانی و به‌خێرایی به‌رێگه‌ی iTrace ده‌توانن بزانن چه‌که‌کانیان له کوێ و لای کێ گیرساونه‌ته‌وه و چۆنیش گوێزراونه‌ته‌وه، چونکه چه‌ک بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له یه‌ک شوێندا نامێنێته‌وه.
بۆ نمونه زۆر زو زانراوه چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی روسیا و ئێران وه‌ک یارمه‌تی بۆ ئه‌سه‌د لای داعش گیرساونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌کانه‌ی داعش له سوپای عێراق ده‌ستیان که‌وتوه و لێێان نوسراوه " موڵکی حکومه‌تی ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مەریکا" ، وه‌ک تانک و هامه‌ر و شاحنه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌مەریکا، به‌هه‌مان پرۆگرام زانراوه داعش چۆن هه‌ڵیگرتون و له هێرشه‌کانیدا به‌کاریانی هێناوه.
له حاڵه‌تی داعشدا زنجیره ژماره‌ی چه‌که‌کان سراونه‌ته‌وه، له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا کاتێک چه‌ک به یاخیبوه‌کان ده‌درێت ئه‌م کاره ده‌که‌ن، له‌وانه‌شه ئه‌مه ئاماژه‌یه‌ک بێت بۆ بازرگانیکردن به چه‌که‌وه. بۆ نمونه دۆزینه‌وه‌ی چه‌که نوێکان له رێگه‌ی ئه‌و پرۆگرامه‌وه له سوریا و عێراق ( زۆربه‌ی جار چه‌کی چینین) ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که بازرگانه‌کانی چه‌ک ئه‌و چه‌کانه‌یان گه‌یاندۆته ناوچه‌که. راپۆرته‌کان ئاماژه‌ش ده‌که‌ن به‌وه‌ی که سودان هه‌نارده‌که‌رێکی نوێی باشی چه‌که.
یه‌کێک له نمونه‌کانی تر که داعش چۆن چه‌کی ده‌ستکه‌وتوه، موشه‌کی دژه تانکه که له ساڵی 2013 سعودیه داویه‌تی به سوپای ئازادی سوریا و دواتر لای داعش دۆزراوه‌ته‌وه.
پرۆفیسۆرێکی بواری چه‌ک ده‌ڵێت: کاتێک خه‌ڵک چه‌کدار ده‌که‌یت به‌هێزتر ده‌بن و تا ئه‌م هێزه‌ش زیاد بکات ده‌بێت له خۆت بپرسیت تا چه‌ند گوێت لێده‌گرن.
خاڵی ده‌وم له‌م لێکۆڵینه‌وه‌دا بریتیه له کاری ستراتیژی داعش، ده‌رکه‌وتنی به‌په‌له‌ی چه‌ند چه‌كێکی تایبه‌تی له ده‌ستی داعشدا ئاماژه‌ن به‌وه‌ی که تا چه‌ند یه‌که‌کانی داعش توانای جموجۆڵی خێرایان هه‌یه. له ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا 500 کیلۆمه‌تریان بریوه تا ته‌قه‌مه‌نی و چه‌ک بگه‌یه‌ننه خاڵێکی گرنگ، ئه‌ویش کۆبانێ بو. لێكۆلێنهو و ده‌رئه‌نجامه‌کانی له سێپته‌مبه‌ردا کراون له کاتێکدا داعش سه‌ره‌تای ئۆکتۆبه‌ر ده‌ستی به په‌لاماردان کرد. ده‌رئه‌نجامه‌کانی دواتر نیشانی ده‌ده‌ن که گه‌مارۆدانی کۆبانێ ئه‌وه‌نده ئاکامی لاوازی به‌رگری کورده‌کان نه‌بو، به‌ڵکو به‌هۆی کاری رێکخراوی توند و تۆکمه‌ی داعش بو بۆ گه‌مارۆدانه‌که. له‌سه‌ر رۆشنایی توانای داعش بۆ جێگۆرکێ و گواستنه‌وه‌ی خێرای چه‌ک ده‌کرێت هه‌نگاوه چاوه‌روانکراوه‌کانی داعش بناسرێنه‌وه و کاری دروست دژیان ئاماده بکرێت.
به‌رێگه‌ی پرۆگرامی iTrace ه‌وه ده‌کرێت هه‌نگاوه ستراتیژیه‌کانی داعش و کاره لۆجیستیکیه به‌رچاوه‌کانیان پێشوه‌خت بزانرێت، ئه‌م به‌رچاویه و ئاشکراکردنی کاره‌کانیان خاڵی لاوازکردنی داعشن، چونکه له دوا مه‌تافدا جه‌نگ سه‌رلێشێوان و فروفێڵکردنه، بۆ نمونه له په‌راوێزی هاتوهاواری پرۆپاگه‌نده‌ی داعش ماڵپه‌رێکی گه‌رانی به‌ریتانی Bellingcat.com توانیویه‌تی شوێنی کامپه‌کانی داعش بۆ مه‌شقپێکردن به رێگه‌ی به‌راوردکردنی وێنه‌کانی پرۆپاگه‌نده‌ی داعش له گه‌ڵ نه‌خشه‌کانی سایتی گوگڵ بدۆزێته‌وه.
ئایا داعش ستراتیژیه‌تی شه‌ڕی گۆڕیوه؟
هۆکاری سه‌رکه‌وتنی داعش له گرتنی موسڵ به‌و ئاسانیه‌ی رویدا له لاوازی و راکردنی دو فرقه‌ی سوپای عێراق بو. داعش له بنه‌ره‌تدا بزوتنه‌وه‌یه‌که له‌سه‌ر بنه‌ماکانی شه‌ڕی پارتیزانی دروستبوه و دارێژراوه، بۆیه پرسیارێکی جدی له‌ناوه‌نده‌کانی ستراتیژی سه‌ربازی له دنیادا ده‌کرێت: وێرای چه‌ند سه‌رکه‌وتنێکی داعش ئایا ده‌توانێت ئه‌و شوێنانه‌ی گرتونی له ده‌ستیدا بمێننه‌وه؟ و ئاکامی ئه‌م ستراتیژیه سه‌ربازیه‌یان چۆن ده‌بێت؟
نمونه‌ی رێکخراوێک که شه‌ڕی پارتیزانی گۆریوه بۆ شه‌ڕی کراوه ڤیتکۆنگی ڤێتنامه، له سه‌ری ساڵی نوێی ڤێتنام له ساڵی 1968 شه‌ڕکه‌رانی ڤیتکۆنگ ده‌مامکه‌کانیان فرێدا و چون جاده به‌جاده شه‌ڕی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا و ڤێتنامی باشوریان کرد، ئه‌م جۆره له شه‌ڕکردن هه‌زاران کوژراوی ڤیتکۆنگی لێکه‌وته‌وه، بۆ ڤیتکۆنگ که‌مین دانان له دارستانێکدا کارێکی زۆر جیاوازتر بو له شه‌ڕی ناوشار که ئه‌مەریکیه‌کان زۆر شاره‌زای بون. به‌هه‌مان شێوه‌ش کاتێک تاڵیبانی ئه‌فغانستان له به‌رامبه‌ر هێرشی ئه‌مەریکا له ئۆکتۆبه‌ری 2001 سه‌نگه‌ریان به‌رامبه‌ر لێدان به ده‌ردێک چون ئه‌وه‌ی له ژیاندا مابو ته‌نیا توانی رابکات.
شه‌ڕی technicals
چه‌کدارانی داعش ماشێنی له جۆری پیکاپ به‌کارده‌هێنن که له پشته‌که‌ی چه‌كێکی ئۆتۆماتیکی قورسی تێدا دانراوه بۆ شه‌ڕکردن، ئه‌م شێوه‌یه نزیکه‌ی چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک لهمهوپێش له سۆماڵیاش به‌کارهێنراوه، ئه‌م یه‌که شه‌ڕکه‌ره مۆبایله ده‌بێت ده‌ست بوه‌شێنێت و خێراش لێبخورێت. گروپی تێرۆریستی الشباب له سۆماڵیا وازی له‌م تێکنیکاله بۆ مه‌سافه‌ی درێژهێناوه، چونکه هه‌ده‌فێکی ئاسانه بۆ فرۆکه جهنگێهکان، داعش‌یش له‌م روه‌وه زه‌ره‌ری زۆری پێگه‌یشتوه.
چۆن شه‌ڕی داعش بکرێت؟
وه‌زیری به‌رگری پێشوی ئه‌مەریکا Chuck Hagel به‌مجۆره باسی داعش ده‌کات: "گروپێکی تۆکمه‌ن و ته‌نها گروپێکی تێرۆریست نین، هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیان، توانای ستراتیژی و ته‌کتیکی سه‌ربازیان هه‌یه و ته‌مویلێکی زۆر ده‌کرێن".
چه‌ند به‌رپرسێکی سه‌ربازی ئه‌مەریکی پێیانوایه چێچێنیهکان رۆڵێکی به‌رچاویان له توانا سه‌ربازیه‌کانی داعشدا هه‌یه. چێچێنیهکان له ساڵی 2001ه‌وه له سنوره‌کانی نێوان پاکستان و ئه‌فغانسان شه‌ڕیان کردوه و بۆ ده‌یان ساڵ شه‌ڕیان دژ به هێزه‌کانی روسیا کردوه.
ستراتیژیه‌تی داعش بۆ شه‌ڕ
له‌سه‌ر ئاڵا ره‌شه‌که‌ی داعش Jonathan Bloom ، پرۆفیسۆر له هونه‌ری ئیسلام له زانکۆی بۆستن، ده‌ڵێت: "ئاڵای ره‌شی ئیسلام وه‌ک سیمبۆڵێک بۆ سه‌ده‌ی هه‌شت ده‌گه‌ڕێته‌وه، کاتێک نه‌وه‌ی دوه‌می ئیسلام ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، تێکستی سه‌ر ئاڵاکه که شه‌هاده‌ته، بیرۆکه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلام له مێژودا، ده‌وروژێنێت". هه‌ڵگرتی ئام ئاڵایه که بۆ سه‌ده‌ی هه‌شت ده‌گه‌ڕێته‌وه وامان لێده‌کات ئێمه‌ش ئاورێک له‌و سه‌رده‌مه بده‌ینه‌وه تا ستراتیژی سه‌ربازی داعش تێبگه‌ین.
له‌م باره‌یه‌وه Michael van Ginkel، نوسه‌رێک له ئه‌تڵانتا، له نوسینێکدا به ناونیشانی: "ستراتیژه سه‌ربازیه‌کانی ئیسلام له سه‌رده‌می محەمەد" نوسیویه‌تی: "له‌سه‌ره‌تادا له گروپی شه‌ڕکه‌ری بچوکدا رێکخرابون، سه‌ره‌تا هه‌وادارانی محەمەد بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر نه‌یاره‌کانیاندا پێره‌وی شه‌ڕی پارتیزانیان ده‌کرد، محەمەد خێرا توانی هۆزه عه‌ره‌به‌کان به به‌رفراوانی بجوڵێنێت، خۆیان له په‌لاماردانی قافڵه‌کان لاده‌دا تا هێرشی گه‌وره‌تر ئه‌نجام بده‌ن. دیدی ستراتیژی محەمەد و ته‌کتیکه‌کانی یارمه‌تی سوپای ئیسلامی دا تا ده‌ست به‌سه‌ر خاکی زیاتردا بگرن، ته‌نانه‌ت دوای وه‌فاتی محەمەد به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بون".
عه‌ره‌ب به شمشێر و تیروکه‌وان و رم وه‌ک تاکه که‌س شه‌ڕی یه‌کتریان ده‌کرد، نه‌ک وه‌ک یه‌که‌یه‌کی شه‌ڕکه‌ری تۆکمه‌ی یه‌کگرتو، هه‌ر شه‌ڕکه‌رێک له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌کاندا خه‌مخۆری شه‌ڕی خۆی بوه بێئه‌وه‌ی بایه‌خی به هاورڕێکهی ته‌نیشتیه‌وه هه‌بێت.
شه‌ڕه سه‌ره‌تاییه‌کانی موسڵمانان بریتیبون له ده‌ستوه‌شاندن و راکردن و که‌مین دانان، له‌م شه‌ڕانه‌دا توانای به‌هێزی موسڵمانان بۆ شه‌ڕکردن له گه‌ڵ خاڵی سهرپرایس هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی سه‌رکه‌وتنه‌کانیان بون. ئه‌م شه‌ڕانه پێچه‌وانه‌ی شه‌ڕه کۆنه‌کانی عه‌ره‌ب بون که پێشوه‌خت هه‌ر دولای شه‌ڕ له سه‌ر شوێنه‌که رێکده‌که‌وتن و دوای شه‌ڕی دو که‌س له هه‌ر دولا شه‌ڕه گه‌وره‌که ده‌ستی پێده‌کرد. شه‌ڕکه‌ره‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام شه‌ڕیان ته‌نها بۆ چێژی یه‌ک سه‌رکه‌وتن نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه ستراتیژ و درێژخایانه‌کان بو.
Michael van Ginkel له درێژه‌ی نوسینه‌که‌یدا نوسیویه‌تی: "محەمەد زنجیره‌یه‌ک ته‌کتیکی له شه‌ڕه‌کاندا به‌کارده‌هێنا تا به‌که‌مترین زیان به‌سه‌ر دوژمن‌دا سه‌رکه‌وێت، وه‌ک چه‌واشه‌کردن، ته‌کتیکی نوێ و دیبلۆماسیه‌ت، هاوکات شه‌ڕی ده‌رونی به‌رامبه‌ره‌که‌شی ده‌کرد به‌رێگه‌ی کوشتنی به‌کۆمه‌ڵ تا ناحه‌زه‌کانی چاوترس بکات. به‌کارهێنانی خه‌نده‌ق، وه‌ک له شه‌ڕی خه‌نده‌ق، ئامرازه‌کانی گه‌مارۆدان وه‌ک له شه‌ڕی طایفدا، شۆڕشێکی گه‌وره‌یان له شێوازی شه‌ڕی عه‌ره‌بدا به‌رپاکرد".
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ندین پسپۆری سه‌ربازی رۆژئاوا سه‌رکرده سه‌ربازیه‌کانی داعش هه‌مان ته‌کتیکه‌کانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به‌کارده‌هێنن که نزیکه‌ی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌کارهێنراون، هه‌رکه‌سێک کۆماندۆی هێزه‌کانی داعش بێت زانیاری وردی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی شه‌ڕکردنی پێغه‌مبه‌ر هه‌یه.
به‌ره‌وپێشچون و کشانه‌وه‌ی ته‌کتیکی، داگیرکردنی روبه‌رێکی گه‌وره، به‌کارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن، به‌کارهێنانی نه‌وت وه‌ک سه‌رچاوه‌ی پاره، وه‌رگرتنی خه‌ڵک له گروپه موسڵمانه‌کانی رۆژئاوا به‌رده‌وامیان به کاره‌کانی داعش داوه.
ستراتیژی دژ
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چاودێرێکی سیاسی یه‌کێک له هه‌ڵه گرنگه گه‌وره‌کانی کۆماندۆ سه‌ربازیه‌کانی رۆژائاوا ئه‌وه‌یه که دوژمن وه‌ک خۆیان ده‌بینن: داعش وه‌ک ئێمه وان، بیروباوه‌ریان هه‌یه، هه‌مو جیهادیه‌کانی داعش حه‌ز ده‌که‌ن ماشێنی گه‌وره و مۆدێرنیان هه‌بێت، خانویه‌کیان له ناوچه دڵگیره‌کان هه‌بێت... تاد، بۆیه ده‌کرێت قسه‌یان له گه‌ڵدا بکرێت. ئه‌وانه تێنه‌گه‌یشتون که ئاڵا ره‌شه‌که‌ی داعش مانای ئه‌وه‌یه رۆژئاوا دوچاری شه‌ڕێکی ئاینی بۆته‌وه. به‌شێک له سه‌رکرده سیاسیه‌کانی رۆژئاواش درک ناکه‌ن به‌وه‌ی که ئاین تا ئه‌م ساته‌ش هێزێکی کاریگه‌ره له دنیادا.
ئه‌م چاودێره به‌رده‌وامه و ده‌ڵێت: شه‌ڕ کارێکی قێزه‌وه‌نه، ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌رکه‌وتنمان به‌سه‌ر داعشدا بوێت ده‌بێت ئه‌و کاره قێزه‌وه‌نانه بکه‌ین.
Jessica Lewis McFate به‌رێوه‌به‌ری لێکۆڵینه‌وه له په‌یمانگای دراساتی شه‌ڕ و نزیکه‌ی سێ ساڵ وه‌ک ئۆفیسه‌ری هه‌واڵگری سوپای ئه‌مەریکا له عێراق و ئه‌فغانساتن کاری کردوه و دوجار بۆ کاره‌کانی خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێبه‌خشراوه، له نوسینێکدا به‌ناونیشانی: ستراتیژێکی دژ بۆ ده‌وڵه‌تێکی دژ، له به‌شێکیدا ده‌ڵێت: "داعش ته‌نها رێکخراوێکی تێرۆریست نیه، به‌ڵکو خاوه‌نی سوپای خۆیه‌تی، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش خاک له سوریا و عێراق داگیرده‌کات بۆ دامه‌زراندنی حوکمڕانی عه‌قیده که گونجاوه له گه‌ڵ دوا ئامانجی ئه‌لقاعیده... گرنگه ستراتیژیه‌تی دژ به داعش له‌وه‌وه سه‌رچاوه نه‌کات چۆن بون، ده‌بێت له نیوهچاره و شکاندنی کاتی تێپه‌ڕبێت.
یه‌کێک له‌و خاڵه زۆر گرنگانه‌ی ئه‌مەریکا و خۆرئاوا تا ئه‌م ساته‌ش پشتگوێ‌یان خستوه ئه‌وه‌یه، که داعش توانیویه‌تی تا راده‌یه‌کی زۆر ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانی له‌و شوێنانه‌ی داگیری کردون بچه‌سپێنێ، بۆیه ئه‌مه بۆته خاڵێکی به‌هێزی داعش که کۆنترۆڵی سه‌ربازی بکاته کۆنترۆڵی سیاسی و به‌و هۆێهشهوه بتوانێت ئیدیعا بکات، که ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت بۆته ئه‌مرێکی واقیع. بۆیه ده‌بێت ستراتیژیه‌تی دژ له‌ناوبردنی توانا سه‌ربازیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی داعش بێت". |
|
|