|
بۆچی شه‌ڕ یه‌خه‌ی کوردی گرتوه؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, March 7, 2015 |
کورد له باشور هیچکات له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه وه‌ک ئه‌م ساڵه‌ی دوایی روبه‌ڕوی شه‌ڕی ده‌ره‌کی و قه‌یران و کێشه نه‌بۆته‌وه، ئه‌م دۆخه ته‌نها مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر حوکمڕانی خۆماڵی دروستنه‌کردوه، به‌ڵکو خاکی نیشتمانیش به‌ده‌ستی ره‌شی تێرۆر و شۆڤینزم و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هێزه‌کانی دنیا و ناوچه‌که‌وه بۆته گوڕه‌پانی شه‌ڕێکی درێژخایان و ماڵوێرانی.
کۆی گشتی ئه‌و شه‌ڕ و وقهیرانانهی یه‌خه‌ی کوردیان گرتوه ئاکامی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد نیه، بێگومان چه‌ند بۆچونێک له‌ناوماندا زیندون و ده‌ڵێن هۆکارێکی سه‌ره‌کی قه‌یرانی دارایی خودی فه‌رمانره‌وایی کورده، پشتبه‌ستن به تورکیا له پرسی نه‌وتدا لایه‌نه‌کانی تریان لێ هار کردین، بانگه‌شه بۆ سه‌ربه‌خۆیی دنیای لێ وروژاندین، لێکترازانی نێوماڵی کورد ده‌روازه‌کانی بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی ناوچه‌که له کاروبارمان زیاتر واڵاکرد، نه‌بونی لێکتێگه‌یشتنێکی نه‌ته‌وه‌یی نێوان هێزه‌کانی کوردستانی گه‌وره بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی کورد په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی خستۆته په‌راوێزه‌وه و چه‌ند بابه‌تێکی تر.ئه‌م بۆچونانه به‌شێک له راستیه‌کان ده‌خه‌نه‌ڕو، به‌ڵام ئه‌م خه‌تاباری و گوناه و که‌مته‌رخه‌می و خۆپه‌رستیه حزبیه هۆکاری سه‌ره‌کی نین بۆ ئه‌و دۆخه‌ی کورد توشی بوه، ئه‌م فاکته‌رانه بونه‌ته کارئاسانیکهر بۆ ئه‌و هێز و لایه‌نه ده‌ره‌کیانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیان له‌م دۆخه‌دا هه‌یه و کار بۆ ئه‌جێندای تایبه‌تیان ده‌که‌ن.
ئه‌و زه‌مینه و لایه‌ن و فاکته‌رانه چین و کێن زه‌مینه‌یان بۆ شه‌ڕ له باشور خۆشه کردوه و چۆن مامه‌ڵه له گه‌ڵ کورد و دۆخه‌که ده‌که‌ن؟
ناکۆکی مه‌زهه‌بی
1400 ساڵه ناکۆکی و دابه‌شبون و شه‌ڕی مه‌زهه‌بی جه‌سته‌ی ئیسلامی به‌رنه‌داوه، به‌هۆیه‌وه سه‌رگه‌ردانی و کوشتن و ماڵوێرانی ماڵی موسڵمانانی گرتۆته‌وه و دنیای ئیسلامیش له وێرانی و کوشتن و چاندنی رق و کینه و دوژمنایه‌تی نێوانیان شتێکی باشیان لێ دروێنه نه‌کردوه.
له گه‌ڵ سه‌رکه‌وتنی شۆرشی ئیسلامی ئێران و پێره‌وکردنی کۆماری ئیسلامی به‌رابه‌رایه‌تی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی بۆ پره‌نسیپه‌کانی مه‌زهه‌بی شیعه له حوکمڕانی و مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ دنیای ئیسلامدا ئیتر ئاگری شه‌ڕی مه‌زهه‌بی به‌گه‌رمی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه، ته‌ره‌فی سوننه به سه‌رکردایه‌تی سعودیه و پاره‌ی ئه‌و وڵاته و وڵاتانی که‌نداو و چه‌ند وڵاتێکی تری ناوچه‌که روبه‌روی هه‌ڵکشاندنی نفوزی ئێران له ناوچه‌که بونه‌ته‌وه.بێگومان شه‌ڕی عێراق- ئێران به‌شێکی له خزمه‌تی ئه‌و پلانه‌دا بو، سعودیه و وڵاتانی هاوشێوه‌ی پشتگیری سیاسی و دارایی سه‌دامیان ده‌کرد.ئه‌م شه‌ڕه بێ کۆتاییه‌کی یه‌کلاکه‌ره‌وه وه‌ستێنرا و بۆ ماوه‌یه‌ک، تا داگیرکردنی کوێت، دۆخه‌که به‌گرژی و ئاڵۆزی و نیه‌تی خراپ تهنرابو.
دوای داگیرکردنی کوەیت رژێمی سه‌دام وه‌ک هێڵی یه‌که‌می به‌ره‌ی سوننه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی نفوزی ئێران لاواز و شه‌که‌ت بو و ئه‌مەریکا و رۆژئاوا ته‌وقی ته‌واویان داب‌و.هه‌رچه‌نده ئه‌مەریکا له سه‌ره‌تادا عێراقی دژ به ئێران به‌هێز ده‌کرد، دواتر چه‌ندین چه‌مکی سیاسی تریان به‌کارهێنا، وه‌ک ئیحتوای دولایه‌نه و مامه‌ڵه‌ی یه‌کسان و میحوه‌ری شه‌یتان، به‌ڵام ئێران تا ده‌هات به‌هێزتر ده‌بو، به روخاندنی سه‌دام و ده‌رکه‌وتنی شیعه وه‌ک هێزێکی سه‌ره‌کی حوکمڕانی له عێراق ئیتر لاسه‌نگیه‌کی گه‌وره نێوان هه‌ردو مه‌زهه‌ب له عێراق و سوریا و ناوچه‌که بوه ئه‌مری واقیع.ئه‌قڵانیه‌ت و واقیعبینین ده‌یانتوانی ئه‌م تێکچونه به‌دیالۆگ و رێگه‌ی سیاسی رێکبخه‌نه‌وه، له غیابی ئه‌و چه‌مکانه‌دا شه‌ڕ و پێکدادان مایه‌وه بۆ راستکردنه‌وه.مالیکی ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی شیعه بو که ده‌روازه‌کانی عێراقی بۆ ئێران خستبوه سه‌رپشت و کاری جدی بۆ په‌راوێزکردن و دوژمنایه‌تی سوننه ده‌کرد، بۆیه چاوه‌ڕوانی ره‌دێکی توندی به‌ره‌ی سوننه ده‌کرا.
سه‌رهه‌ڵدانی داعش و به‌هێزبونی له گێژاوی شه‌ڕی ناوخی سوریا و کارئاسانی و یارمه‌تیدانی له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێکی سوننه مه‌زهه‌ب و به بێده‌نگی و ره‌زامه‌ندی رۆژئاوا نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن، که بێجگه له سوننه مه‌زهه‌به‌کان رۆژئاوا و ئیسرائیلیش مه‌به‌ستیانه داعش بۆ وه‌ستاندنی هه‌ڵکشاندنی نفوزی شیعه به‌رابه‌رایه‌تی ئێران له ناوچه‌که به‌کاربهێنن.
هه‌مو تێده‌گه‌ین بۆچی هێزێکی وه‌ک داعش و ئاغاکانیان شه‌ڕ به‌باڵاده‌ستی شیعه له عێراق و ناوچه‌که ده‌فرۆشن، ئێمه‌ی کورد له باشور به مه‌زهه‌ب زۆربه‌مان سوننه‌ین، ناوچه‌یه‌کی درێژی به‌رفراوانی سنوره‌کانی باشور له گه‌ڵ سوننهدان، دوای روخاندنی سه‌دام ده‌روازه‌کانی کوردستان بۆ کۆنه به‌عسی و به‌رپرسه باڵاکانی رژێمی سه‌دام کراوه بو، چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی سوننه مه‌زهه‌ب له ساتی ته‌نگانه‌دا رویان له کوردستان کرد، ته‌نانه‌ت به‌شێک له سه‌رکرده‌کانی کورد ئاماده بون داڵده‌ی خێزان و که‌سه نزیکه‌کانی سه‌دام بده‌ن.کورد تاڕاده‌یه‌ک به هاوسه‌نگی مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ پێکهاته‌ی شیعه و سوننه له عێراق و حکومه‌ته‌کانی به‌غدادا کردوه و به‌گشتی نه‌بۆته لایه‌نگری لایه‌نێک له ناکۆکیه‌کانیاندا.له‌ڕوی سیاسی و ئابوریشه‌وه حوکمرانی له باشور هه‌وڵیداوه به‌رژه‌وه‌ندیه جیاکانی ئێران و تورکیا و ته‌نانه‌ت وڵاتانی که‌نداویش هاوسه‌نگانه رابگرن.
بۆچی له‌م شه‌ڕه‌دا باشوری کوردستان بۆ سوننه و داعش و به‌ره‌ی شیعه و ئه‌مەریکا و رۆژئاوا ئه‌وه‌نده گرنگه؟
پرسیارێک بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پێویسته هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر زۆر مه‌سه‌له بکه‌ین.
زۆربه‌ی کوردی باشور موسڵمانن و به‌درێژایی مێژو (چه‌ند گروپێکی تێرۆریستی بچوک نه‌بێت) توندره‌و و رادیکال نه‌بون و به ئاشتی له گه‌ڵ سه‌رجه‌م مه‌زهه‌ب و ئاینه‌کانی تردا ژیاون.
له دوای روخاندنی سه‌دامه‌وه کورد له باشور به‌ئاراسته‌یه‌کی میانره‌وانه و به پشتگیری رۆژئاوا توانیویه‌تی نمونه‌یه‌کی حوکمرانی و گه‌شه‌پێدانی گوزه‌رانی جیاواز له ناوچه‌کانی تری عێراق به‌دیبهێنێت، حوکمرانیه‌ک وێرای گه‌نده‌ڵی و که‌موکوری له‌لایه‌ک زه‌مینه خۆشکه‌ره بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تی کوردی و له لایه‌کی تریشه‌وه توانیویه‌تی چه‌مکێکی لیبراڵیزم و دیموکراسیه‌ت له ناوچه‌که‌دا بوروژێنێت که بۆته مایه‌ی نیگه‌رانی و توره‌بونی داگیرکه‌رانی کوردستان و ئیسلامه توندره‌و و رادیکاڵه‌کانی ناوخۆ و ناوچه‌که و ئایندهی ئه‌م ئه‌زمونه به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانن.هاوکاتیش ئه‌مەریکا و ئه‌وروپا دڵگرانن به ئاراسته‌ی سه‌ربه‌خۆبونی باشور که به هه‌ڵسه‌نگاندنیان یه‌کپارچه‌یی عێراق و هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌که تێکده‌دات.
هه‌رچی به‌ره‌ی شیعه‌یه ئه‌وه‌نده کێشه‌ی له گه‌ڵ ئه‌م گۆرانکاریانه‌دا نه‌بوه به‌مه‌رجێک به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابوری و ئه‌منیه‌کانی ئه‌وان پارێزراو بن و سه‌ربه‌خۆیی کورد نه‌بێته ئه‌مرێکی واقیع و کورد نه‌بێته هۆکارێک بۆ تێکچونی هاوسه‌نگی هێز له عێراق و ناوچه‌که.
باشوری کوردستان ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی لۆککراوه و خاوه‌نی مه‌نفه‌زێکی ستراتیژی خۆی نیه، سه‌رجه‌م مهنفهزه ئابوری و سه‌ربازی و هه‌واڵگریه‌کان به‌ده‌ست گه‌مه‌که‌ره گه‌وره‌کان و ناحه‌زانی کورده‌وه‌ن.ئه‌م راستیه وایکردوه پێگه‌ی کورد له باشور و تموحاتی بۆ ئاینده به‌رده‌وام به‌و هاوکێشه سیاسیه ئاڵۆزانه‌ی ناوچه‌که ببه‌سترێته‌وه، بۆیه به‌رده‌وام کورد له باشور هه‌ده‌فێکی ئاسان بوه بۆ به‌کارهێنان و په‌لاماردان و پشتلێکردن و سزادان.مێژوی نزیکمان لێوانلێون له نمونه‌ی زیندو و گه‌وره.
به‌لای ئه‌مەریکا و رۆژئاواوه کورد له باشور به‌هۆی جیۆستراتیژی و قوڵایی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌توانێت زۆنێکی عازل بێت له نێوان لایه‌نه سه‌ره‌کیه‌کانی کێشه گه‌وره‌کانی مه‌زهه‌بی و سیاسی و ئابوری ناوچه‌که، چونکه کورد له بنه‌ره‌تدا به‌شێک نه‌بوه له‌و کێشانه و ماوه‌ی بیست ساڵێکه تاراده‌یه‌ک توانیویه‌تی هاوسه‌نگی په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه سه‌ره‌کیانه‌دا رابگرێت.بهههڵسهنگاندیان زیاده‌رۆیی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له‌و هاوکێشه‌یه‌دا، وه‌ک نزیکبونه‌وه‌ی سیاسی و ئابوری توندوتۆڵ له تورکیا و هه‌وڵدان بۆ سازدانی میحوهریکی به‌هێزی نه‌وت و گاز له گه‌ڵیدا و دورکه‌وتنه‌وه‌ی زه‌ق له به‌ره‌ی شیعه و حکومه‌تی عێراق باشوری کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێمیان کرده ئامانجێک بۆ هه‌ره‌شه و فشار و شه‌ڕ به‌مه‌بستی راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و لاسه‌نگیه‌ی به‌رپا بوبو، به‌واتایه‌کی تر بۆ باشور نیه له‌و رۆله‌ی بۆی دیاریکراوه زیاده‌رۆیی بکات.
چاوپۆشین و بێده‌نگی له گرتنی موسڵ و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی سنوره‌کانی باشور له گه‌ڵ به‌شه عه‌ره‌به‌کانی عێراق و له گه‌ڵ رۆژئاوای کوردستان و دواتر دانانی هێڵی سور بۆ زیاده‌رۆییه‌کان داعش له مه‌خمور و ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ئاماژه‌ی زیندون که ئه‌مەریکا و رۆژئاوا مه‌به‌ستیانه کورد به‌مه‌رجه‌کانی ئه‌وان رۆڵی خۆی ببینێت.تا ئێستاش یارمه‌تیه‌کان بۆ باشور له‌و ئاست و جۆره‌ن که کورد بتوانێت به‌رگری له ناوچه‌کانی خۆی بکات.
زانیاری و راپۆرته فه‌رمیه‌کان و شێکردنه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسی ئاماژه ده‌ده‌ن به‌وه‌ی (ته‌حجیم و ئیحتواکردنی کوردی باشور) به کوردیهکهکی (ده‌سته‌مۆکردنی) ئامانجێکی هاوبه‌شی گه‌مه‌که‌ره گه‌وره‌کانی ئه‌م شه‌ڕه‌ن که به‌ناوی جه‌نگی دژه تێرۆر به‌راده‌ی یه‌که‌م به کورد به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن.
ئه‌مەریکا و کورد و شه‌ڕه‌که
کاتێک له کۆتایی 2011 هێزه‌کانی ئه‌مەریکا عێراقیان جێهێشت ته‌نها یه‌ک سه‌ربازی ئه‌مەریکی له هه‌رێمی کوردستان گیانی له‌ده‌ست نه‌دابو.سه‌رۆک ئۆباما له لێدوانێکدا بۆ Times ده‌رباری حکومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت: " حکومه‌تی کوردی به‌و شێوازه کارده‌کات که ئێمه خوازیارین بیبینین".
بۆ زیاتر به‌رچاورونی رۆڵی ئه‌مەریکا به‌شێکی زۆری نوسینێکی رۆژنامه‌گه‌ری ئهمەریک DEXTER FILKINS له رۆژنامه‌ی The New Yorker به‌ناونیشانی " شه‌ڕه‌که‌ی ژیانیان" له 29 سێپته‌مبه‌ری 2014 بڵاوکراوه‌ته‌وه ده‌خه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ران، نوسه‌ر له پێشه‌کیدا نوسیویه‌تی:
کۆشکی سپی خوازیاره کورد رۆڵیان له پاراستنی عێراق له داعش هه‌بێت، له درێژه‌ی نوسینه‌که‌یدا هاتوه: " ئیداره‌ی ئۆباما به‌توندی پابه‌نده به‌سیاسه‌تی " یه‌کپارچه‌یی عێراق، هێمنانه کار ده‌کات بۆ ریگرتن له خه‌ونی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی".
ئۆباما راشکاوانه سیاسه‌تی ئیداره‌که‌ی به‌رامبه‌ر به کورد له دو خاڵدا باسکردوه: یه‌که‌م به‌کارهێنانی کورد وه‌ک هاوپه‌یمانێکی کاریگه‌ر له شه‌ڕی له‌ناوبردنی داعشدا، دوه‌میش وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر جیابونه‌وه‌یان له عێراق.له واشنتۆن وێناکێشهکه زۆر رونه: ئه‌گه‌ر دروستبونی ده‌وڵه‌تی کوردی له واقیع نزیک بێته‌وه ئه‌وا پرۆژه‌ی 12 ساڵه‌ی ئه‌مەریکا بۆ بنیاتنانی عێراق پارچه‌پارچه ده‌بێت.FILKINS له درێژه‌ی نوسینه‌که‌یدا ده‌نوسێت: مه‌سرور بارزانی پێی وتم: "عێراق ته‌نها له زهنی خه‌ڵکی ناو کۆشکی سپی‌دا ماوه".
له‌سه‌روبه‌ندی هێرشه‌کانی داعشدا مسعود بارزانی به ته‌له‌فۆن قسه له گه‌ڵ مالیکی ده‌کات تا ئاگاداری بکات و هاریکاری کوردی پێ رابگه‌یه‌نێت، FILKINS نوسیویه‌تی: بارزانی پێی وتم " له وه‌ڵامدا مالیکی پێی وتم: تۆ ته‌نها ئاگات له کوردستان بێت و باقی عێراق له ژێر کۆنترۆڵدایه".سه‌باره‌ت به‌و چه‌کانه‌ی ئه‌مەریکا به‌کوردی داوه، مه‌سرور بارزانی پێی وتم: " هیچکات ئه‌مەریکا ئه‌و جۆره چه‌کانه - دوربینی شه‌و، هامه‌ری سه‌ربازی، M-16s – به ئێمه‌ی نه‌داوه، کلاشینکۆفی ساڵانی هه‌فتا و نه‌وه‌ده‌کانیان پێداوین...ئه‌مەریکیه‌کان رێگریان لێکردوین تا خۆمان چه‌کی نوێمان ده‌ستکه‌وێت".له په‌رۆشی بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا کورده‌کان له ماوه‌ی دواییدا رازیبون به‌پشتگیری سه‌ربازی و چه‌ک له ئێرانه‌وه.
سه‌باره‌ت به تورکیا به‌رژه‌وه‌ندیه ئابورییه‌کانی له کوردستان زۆر گه‌وره و به‌رفراوانن، ژماره‌ی کۆمپانیا تورکیه‌کان له کوردستان زیاتره له 1200 کۆمپانیا و 100.000 تورک کاریان تێدا ده‌که‌ن.تورکیا نیگه‌رانه له گه‌شه‌کردنی رۆلێ ئێران له عێراق و چه‌ند ناوچه‌یه‌کی کوردستان که له شه‌ڕکردنی داعشدا به‌زه‌قی به‌رچاوه.
نه‌وت
کلیلی سه‌ره‌کی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌وته‌که‌یه‌تی، گۆره‌پانی ئه‌م شه‌ڕه ماوه‌یه‌که گه‌رم ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ناکۆکیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له گه‌ڵ به‌غداد توندتر بون کاتێک حکومه‌تی هه‌رێم هێڵێکی گواستنه‌وه‌ی راسته‌وخۆی له کوردستانه‌وه بۆ تورکیا راکێشا.کێشه‌که گه‌یشته ئاستێک که مالیکی بریاری وه‌ستاندنی پشکی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراقی ده‌رکرد و حکومه‌تی هه‌رێمی له به‌شێکی گه‌وره‌ی داهات بێبه‌ش کرد.وه‌ڵامی کورد رێکه‌وتنی 50 ساڵانه بو بۆ فرۆشتنی نه‌وت به تورکیا.
سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی ئه‌م کێشه‌یه زمانی ته‌مولێڵی ده‌ستوری عێراقه، ئه‌حکامه‌کانی ده‌ستور و یاساکانی عێراق نه‌وتی بۆ دو جۆر دابه‌ش کردوه: نه‌وتی ده‌رهێنراو پێش 2005 (ساڵی په‌سندکردنی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی) و نه‌وتی دواتر.نه‌وتی پێش 2005 حکومه‌تی عێراق به‌رپرسی سه‌ره‌کیه لێی، زمانی ده‌ستور بۆ نه‌وتی دوای 2005 رون نیه و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ناکۆکی توندی سه‌رده‌می دارشتنی دهستورهکهیه، لێره‌دا ده‌ستور داواده‌کات " حکومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمه‌کان به‌یه‌که‌وه پلانی ستراتیژی بۆ وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و گازی وڵات دارێژن"، به‌ناراسته‌وخۆ ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ته لۆکاڵیه‌کان دوا ده‌سه‌ڵاتی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان له ناوچه‌کانیان هه‌یه.
له سه‌ره‌تاوه کورد به‌مافی ده‌ستوری خۆی ده‌زانێت یه‌کلایانه ته‌سه‌روف به‌نه‌وتی ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌وه بکات، ئه‌م لێکدانه‌وه بۆ ده‌ستور له هه‌رێم بۆته ئه‌مرێکی واقیع و ئێستا توانای خۆماڵی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه گه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆی کردوه کورد ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیانه پیشه‌سازی نه‌وت به‌رێوه‌ببات.نه‌هاتنی پاره له به‌غداده‌وه و ئه‌و بره پاره‌یه‌ی له فرۆشتنی نه‌وت ده‌ست ده‌که‌وێت ناتوانێت دابینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کان بکات، ئاکامه‌که‌ی ژیانی ئابوری هه‌رێم له لێواری دارماندندایه.ئه‌و وانه واقیعیه‌ی هه‌رێم ده‌بێت له‌مه‌وه فێربێت ئه‌وه‌یه سیاسه‌تی واقیعبینانه ته‌نها به ته‌مه‌نا به‌رێوه ناچیت.
حکومه‌تی عێراق هه‌ره‌شه‌ی یاسایی کردوه که هه‌ر کۆمپانیا ولایه‌نێک نه‌وتی هه‌رێم بکرێت رێکاری یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گرێته‌به‌ر، وه‌ک لای دادگایه‌کی ئه‌مەریکی و لای دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس کردی.له‌مانه گرنگتر حکومه‌تی تورکیاش ئاماژه‌ی داوه که داوا له هه‌رێم ده‌کات داهاتی نه‌وتی فرۆشراو، له بانکێکی تورکیادا دانراوه، به‌پێی ده‌ستوری عێراق مامه‌ڵه‌ی بکات، به‌واتایه‌کی تر کورد ته‌نها 17% له داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی خۆیان وه‌ربگرن.
ئیداره‌ی ئۆباما رایگه‌یاندوه که له مه‌سه‌له‌ی نه‌وتی هه‌رێمدا بێلایه‌ن ده‌بێت، به‌ڵام له پراکتیکدا ئه‌مەریکا هوشیاری ده‌دات به‌هه‌ر لایه‌نێک نه‌وته‌که بکرێت.Nat Kern ، سه‌رنوسه‌رێکی بلآوکراوهیهکی بواری پیشه‌سازی نه‌وت به FILKINS ی وتوه: " کاتێک ئه‌مەریکا بلێت نه‌وتی کورد مه‌کرن، که‌س نایکرێت".به‌پێی زانیاریه‌کانی FILKINS که له سه‌رچاوه‌ی کوردیه‌وه وه‌ری گرتوه له‌و 16 که‌شتیه تانکه‌ره نه‌وته‌ی به‌رێکراوه دوانیان فرۆشروان به کرواتیا و ئیسرائیڵ، ئه‌وانی تر رێگای خۆیان گۆریوه و هه‌ندێک لێیان باره‌که‌یان بۆ که‌شتی تر گواستۆته‌وه و له ده‌ریادا ده‌سورێنه‌وه و ده‌سکاری که‌شتیه‌که‌یان کردوه تا به‌ئاسانی نه‌دۆزرێنه‌وه.
به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مەریکیه‌کان کورده‌کان قازانجیانه کاتێک له گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق رێبکه‌ون و پشکی خۆیان له داهاتی نه‌وت وه‌ربگرن، به‌وته‌ی کارمه‌ندێکی ئه‌مەریکی " ئه‌گه‌ر کورده‌کان بۆ چه‌ند ساڵی داهاتو نه‌وتێکی زۆر بفرۆشن وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت هێشتا ناکاته بری ئه‌و پشکه‌ی خۆیان که له حکومه‌تی به‌غداد وه‌ری ده‌گرن، ئاشتی هه‌ورامی شتێکی تر ده‌ڵێت.تا ئه‌و ساته‌ی کورده‌کان خولیای سه‌ربه‌خۆیی بن رێکه‌وتن له‌سه‌ر پرسی نه‌وت مه‌حاڵه".
سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
ئه‌گه‌رهاتو کورد بتوانن نه‌وته‌که‌یان بفرۆشن ده‌بێت به‌رێگه‌ی تورکیادا بروات، ئه‌م واقیعه پێگه‌ی کوردی لاواز کردوه.FILKINS نوسیویه‌تی، به‌رهه‌م ساڵح پێی وتم: " من نامه‌وێت مامه‌ڵه به ئیعتیمادکردنێک به ئیعتمادکردنێکی تره‌وه بکه‌م، ئه‌گه‌ر ئێمه په‌له بکه‌ین ده‌بینه کۆیله‌ی تورکیا".ساڵح پێی باشه کورد هێمنانه هه‌نگاو به‌ره‌وه سه‌ربه‌خۆێی بنێت.
له‌ژێر مه‌ترسی داعشدا کورد زۆر یه‌کگرتون له په‌رۆشیان بۆ ده‌وڵه‌تیكی سه‌ربه‌خۆ.له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له ناخی خه‌ڵکدا بێزاری به‌رامبه‌ر مسعود بارزانی و جلال تاڵه‌بانی هه‌یه.ئه‌م هه‌سته به توندی له ناخی گه‌نجه‌کاندا وروژاوه کاتێک ده‌بینن سه‌روه‌تی نه‌وت بۆ تاقمێکی تایبه‌تی ده‌وروبه‌ری ئه‌و دو سه‌رکرده‌یه ده‌چێت.
له‌ژێر فشاری ئه‌مەریکا نوێنه‌رانی حکومه‌تی عێراق و سه‌رکردایه‌تی کورد به‌ڵێنیان داوه که لێدوانه‌کانیان سه‌باره‌ت به رێکه‌وتنێکی درێژخایان له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت ده‌ست پێبکه‌نه‌وه به‌رامبه‌ر رازیبونی کورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێننه‌وه.رێکه‌وتنێک له گه‌ڵ به‌غداد رێگا بۆ بارزانی ده‌کاته‌وه تا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدرێت و دۆخی ئابوری هه‌رێم ببوژێته‌وه.
له‌سه‌ر به‌شداری کورد له کابینه‌که‌ی عه‌بادی FILKINSنوسیویه‌تی: کورد به پێنج وه‌زیر به‌شداری کابینه‌که‌ی عه‌بادی کردوه به جێگرێکی سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه، سه‌رۆکی پارتی وتی: "بڕیاری کورد بۆ به‌شداریکردن له حکومه‌تی عێراق بریارێک نه‌بو به‌ته‌واوی به دڵمان بێت". هیچ که‌سێک چاوه‌روانی ئه‌وه نیه ئه‌م بریاره جێگیر بێت.
FILKINSله کۆتایی نوسینه‌که‌یدا ده‌ڵێت: پاش خه‌باتێکی زۆر و به‌ڵێنه‌کانی به کورد پێده‌چیت بارزانی بریاری داوه له‌سه‌ر رێبازه‌که‌ی خۆی به‌رده‌وام بێت.بارزانی رایگه‌یاندوه که پرسی ده‌وڵه‌ت له ئێستاد ئهسبهقیهتی نیه.
له‌م باره‌یه‌وه بارزانی وتی: " بونی داعش له‌سه‌ر سنوره‌کانی کوردستان و کێشه‌کان له به‌رده‌م فرۆشتنی نه‌وت پاشکشه‌یه‌کی به کورد کرد"، به‌ڵام وتیشی: " ئه‌م روداوانه - ئابوری و ئه‌منی – پرۆسه‌که ناگۆرن، له‌وانه‌یه ئه‌م روداوانه کار له‌سه‌ر حساباتکردنهکه بکه‌ن، به‌ڵام پره‌نسیپه‌کان تێک ناده‌ن".هه‌روه‌ها وتی له‌وانه‌یه ریفراندۆم له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ساڵی ئاینده بکرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامدانی له‌م ساڵیش‌دا ئه‌گه‌رێکه.ئیستا ئهسبهقیهتمان تێکشکاندنی داعشه و خهڵقاندنی دۆخێکی گونجاوه بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم". کۆتایی نوسینه‌که‌ی FILKINS
بابزانین ئیسرائیل چۆن بیر له ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌که‌نه‌وه له کۆتایی مانگی مایسی ساڵی رابوردو، نه‌تانیاهۆ، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیل، له وتاریکیدا له په‌یمانگای لێکۆڵینه‌وه بۆ ئاسایشی نیشتمانی له ته‌ل ئه‌بیب وتی ده‌بێت ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی پشتگیری بکرێت، هه‌ر هه‌مان هه‌فته شه‌معون پێرس و ئاڤیگادۆر لیبه‌رمان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، داوایان له ئۆباما و جۆن کێری کردوه پشتگیری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد بکه‌ن. به هه‌ڵسه‌نگاندنی نه‌تانیاهۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌توانێت پێشه‌وه‌چونی داعش بوه‌ستێنێت و چی زیاتر مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌که زیاد ناکات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا نه‌تانیاهۆ باسی نه‌کردوه و خواستێکی قوڵی ناخیه‌تی ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته کوردیه روبه‌روی نفوزی ئێران له ناوچه‌که ببێته‌وه، به‌واتایه‌ک تر ببێته هێڵی یه‌که‌می به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئێران.
ئه‌مانه ورده‌کاری و زه‌مینه‌ی به‌رچاو و شاردراوه‌ی دۆخی ئێستای باشوری کوردستانن، حیکمه‌تی سه‌ره‌کی له‌ودایه هێزه سه‌ره‌کی و دڵسۆزه‌کانی کوردایه‌تی به یه‌ک هه‌ڵوێستی و یه‌ک به‌رنامه مامه‌ڵه له گه‌ڵ دۆخه‌که‌دا بکه‌ن. |
|
|