|
هه‌ڵه‌بجه پارێزگایه‌كی نوێ، بۆ سه‌رده‌مێكی نوێ! |
نوسه‌ر: عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی
|
Sunday, March 15, 2015 |
وه‌ك هه‌میشه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌یڵێن: باشترین وه‌فاو رێز بۆ شه‌هیدانی سه‌ربه‌رزی هه‌ڵه‌بجه، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شارهكهیانو رێزگرتنی زیندوهكانو پاراستنی ئه‌و به‌ها باڵایانه‌یه كه له‌گه‌ڵ شه‌هیدبونی شار‌و خه‌ڵكه‌كه‌یدا له دایكبون.
ئه‌مڕۆ 27 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر شه‌هیدبونی ئه‌و شاره‌دا، هێشتا شار‌و خهڵكهكهیو شه‌هیده‌كانی له ئاستی گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌دا نه‌بونه‌ته ئه‌و سیمبوله‌ی كه له ئاستێكی به‌رزی نیشتیمانیدا له به‌رۆكی هه‌مو مرۆڤێكی كورد‌و سیستمی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی درابێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، یادی ئه‌مساڵ له كاتێكدایه بڕیاری به پارێزگاكردنی ده‌كرێت ببێته دیاریییهك ئه‌گه‌رچی بچوكه‌و هێشتا به‌رجه‌سته‌ش نه‌بوه بۆ كهسو كاری شه‌هیدان، قسه‌ی من له‌م ساڵیاده‌دا كه بوه‌ته ئهركو پرسیاری ئه‌م وتاره‌ش، ئه‌وه‌یه: پارێزگای چواره‌می هه‌رێمی كوردستان چۆن پارێزگایه‌ك ده‌بێت؟ ئایا ده‌كرێت ببێته پارێزگایه‌كی نوێ له سه‌رده‌مێكی نوێ‌دا؟
گرنگه كاتێك باسی پارێزگا ئه‌كه‌ین ئه‌و راستییه بزانین كه ئێمه باسی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن ده‌كه‌ین، هه‌ر له بنه‌ماشدا داواكاری خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌و دڵسۆزانی له كوردستان بۆ پارێزگاكردنی، هه‌ر له روانگه‌ی رهخنهیهكهوهیه ئاراسته‌ی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و بیرۆكراسیهتهی هه‌یه‌و ئه‌و لاوازییه‌ی هه‌یه‌تی له سپاردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و ئه‌و وجوده‌ی به مرۆڤی ده‌به‌خشێت له‌نێو سیستمه‌كه‌ی خۆیدا، له راستیدا ره‌خنه‌كه له جێگه‌ی خۆیهتیو هه‌مو پسپۆڕان‌و بهرپرسانو هاوڵاتیانیش كۆڕاین له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌م سیستمی به‌ڕێوه‌بردنه‌ی كوردستان هێنده كۆن‌و خراپه ده‌توانم رێگه به خۆم بده‌م بڵێم گه‌شتوه‌ته ئاستی داڕزانو به‌م حاڵه‌ی ئێستهوهو به‌بێ گۆڕانكاریی ریشه‌یی هه‌مه‌لایه‌نه تیایدا، ناكرێت چاوه‌ڕێی هیچ ئومێد‌و خێرێكی لێ بكه‌ین كه له ئاست تموحی مرۆڤی كورددا بێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ناتوانێت هاوشانی ئه‌و جیهانه نوێیه بڕوات كه داهێنانو گۆڕانكارییه‌كانی به‌رده‌وام له ته‌قینه‌وه‌دان.
له بنه‌مادا به پارێزگاكردنی هیچ شارێكی گه‌وره‌و گرنگی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه هیچ له دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر به مانای وشه پارێزگاكه پارێزگایه‌كی نوێ نهبێتو به‌ڕێوه‌بردنێكی نوێ‌و بنه‌مای به‌ڕێوه‌بردنی نوێی تیا نه‌چه‌سپێت، كه گرنگترینیان پهیڕهوكردنه له چه‌سپاندنی چه‌مكی به‌ڕێوه‌بردنی باش (Governance)و سودوه‌رگرتنه له ته‌كنه‌لۆجیای نوێ له بواری به‌ڕێوه‌بردندا.
هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان پارێزگایهكیان بۆچیه ئه‌گه‌ر سه‌ره‌و نۆره‌گرتنی فه‌رمانگه‌كان به‌رده‌وام بێت تیایدا بۆ ساده‌ترین خزمه‌تگوزاریی؟ پارێزگایه‌كی نوێیان بۆچییه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی بۆئه‌وه‌ی باخچهیهكیان بۆ دروست بكرێت واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌و له ده‌رگای ئه‌م بهرپرسو ئه‌و به‌رپرس بده‌ن؟ بۆ چییانه پارێزگایه‌ك ئه‌گه‌ر هاوڵاتی بۆ ده‌ستخستنی مافێكی سه‌ره‌تایی پێویستی به ده‌یان واژۆ‌و ده‌یان ژورو ده‌یان بیناو ده‌یان رۆژ چاوڕوانی هه‌بێت؟ پارێزگایهكم بۆ چییه نه‌توانێت خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی پێشكه‌وتو پێشكه‌ش بكات؟ پارێزگایهكم بۆچییه كه تیایدا كۆمپیوته‌ره‌كان بۆ گۆڕانی‌و ئۆتۆمبیلی فه‌رمانگه‌كان بۆ كڕینی پێداویستی ماڵ‌و مناڵی به‌رپرسانی شار به‌كاربێت؟ پارێزگایهكم بۆ چییه فه‌رمانگه‌كانی شوێنی به‌فیڕۆدانی سهروهتو سامانی هاوڵاتیانو سه‌رمایه مرۆییهكهیان بێت؟
به‌م حاڵه‌ی ئێسته‌و بهمشێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه هه‌ڵه‌بجه پارێزگابێت یان لادێ هیچ جیاوازی نییه، ته‌نانه‌ت هه‌مو كۆڵانێكی هه‌ڵه‌بجه‌ش بكرێت پارێزگا سودێكی ئه‌وتۆی نییه له ئاست دڵخۆشی خهڵكهكهیو وهفادابێت بۆ شه‌هیده‌كانی.
بۆیه له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و ههڵهبجهییهكانو دڵسۆزه‌كانی ئه‌و شاره‌و دامه‌زراوه‌ی پهرلهمانو سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش پێویسته به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م پارێزگایه هه‌ر له بنه‌مادا به شێوزاێكی نوێ دا‌نێت، له ئاستی گه‌وره‌یی جه‌سته‌ی مه‌عنه‌وی هه‌ڵه‌بجه‌و خه‌ڵك‌و سیمبولییه‌تی ئه‌م شاره‌دا بێت، ئه‌وه‌ش به دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای نوێ، چه‌سپاندنی چه‌مكی به‌ڕێوه‌بردنی باش‌و دادگهرییو هاوڵاتیكردن به سه‌نته‌رو به‌رجه‌سته‌كردنی دروشمی حكومه‌ت له‌پێناو هاوڵاتیدا، ئه‌وه‌ش كارێكی گران نییه، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا شار‌و پارێزگاكه له سه‌روه‌ختی دروستكردنیدایه، ده‌كرێت ئه‌و بناغه‌یه‌ی داده‌نرێت بناغه‌یه‌كی نوێ بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و پارێزگایه له روی روبه‌ره‌وه زۆر فراوان نییه‌و له روی ژماره‌ی دانیشتوانیشه‌وه ژماره‌یه‌كی ماندوكه‌ر نییه بۆ خستنه‌سه‌رپێی ئه‌و دامه‌زراوه نوێیانه‌ی باسیان ده‌كه‌ین، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌و پارێزگایه به مرۆڤی كارا‌و به توانا‌و دڵسۆز بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان كه ده‌كرێت ببنه پایه‌یه‌كی به‌هێزی دروستكردنی ئه‌و پارێزگا‌و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنه نوێیه.
ده‌رئه‌نجامی دروستكردنی پارێزگایه‌كی نوێی له‌م چه‌شنه‌ی باسمان كرد، بێجگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه سودمه‌ندی یه‌كه‌مه‌و به باشترین شێوه ده‌توانێت سود له توانا ماددی‌و مرۆییه به‌رده‌سته‌كانی وه‌رگرێت، ده‌شبێته نمونهیهكو پێشه‌نگێك بۆ سێ پارێزگاكه‌ی تری هه‌رێم، كه به‌و رێچكه‌یه‌دا بڕۆن‌و كوردستانیش ده‌بێته خاوه‌نی پارێزگایه‌كی نمونه‌یی كه له بۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا شانازی پێوه بكات، شانازی به پێشكهوتویییهكهیو شانازی به‌و ناسنامه‌یه‌ی هه‌یه‌تی، كه ناسه‌ره‌وه‌ی سته‌مكاری فهرمانڕواییهكو سته‌ملێكراوی گه‌لێكه.
* مامۆستای زانكۆ
|
|
|