Print
 
 هێزی‌ كار
نوسه‌ر:  ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ساڵح مه‌عروف
Saturday, April 4, 2015

هه‌رچه‌نده‌ كوردستانه‌كه‌مان (خاوه‌نی‌ خاكی‌ به‌پیت و ئاوی‌ سازگار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كانزاو رازاوه‌یه‌ به‌ سروشتی‌ دڵڕفێن)، به‌ڵام ساڵانێكه‌ له‌ دو سه‌رده‌می‌ جیاوازدا، هێز و تواناكانی‌ كار له‌ هه‌رێمه‌كه‌مان دا له‌كار ئه‌خرێن. به‌رئه‌نجامی‌ ئه‌و له‌كارخستنه‌ش بۆته‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ نه‌بوژانه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئابوریمان، له‌م نوسینه‌دا كه‌له‌سه‌ر هێزی‌ كار ئه‌دوێین، سه‌ره‌تا پێویسته‌ قۆناغه‌كانی‌ ره‌وشی‌ مێژوی‌ و هه‌نوكه‌ی‌ له‌ كارخستنی‌ هێز و توانا مرۆیه‌كانی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بخه‌ینه‌ڕو، تا له‌ هاوكێشه‌كانی‌ (خاك، ئاو، هه‌وا) له‌پێناو (ئاوه‌دانی‌ و بنیادنان)دا، رۆشنترو زانستیانه‌تر دەرگاكانی‌ ده‌ربازبون له‌ چه‌ق به‌ستوی‌ به‌ روی‌ به‌كارخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ كاردا بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م/ سه‌رده‌می‌ داگیركاری‌ و فه‌رمانڕه‌وایی‌ به‌عسیه‌كان
به‌عسیه‌كان له‌ نیوه‌ی‌ دوهه‌می‌ ساڵانی‌ حه‌فتاكانه‌وه‌ تا راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ (1991) دا له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ سیاسه‌تی‌ سوتماك كردنی‌ خاك دا، توانی‌ به‌شێك له‌ هێزو تواناكانی‌ كارله‌ كاربخات و تاكی‌ كوردی‌ له‌ كه‌سێكی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ بكاته‌ كه‌سێكی‌ بێ‌ به‌رهه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ی‌ بۆی‌ كرا خاكی‌ به‌ پیتی‌ ده‌كرد به‌ شوێنی‌ نیشته‌جێبون یان سه‌ربازگا یان كێڵگه‌ی‌ به‌ مین چێنراو، لێره‌ دا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ و پێویستی‌ هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردنه‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ راگواستنی‌ گونده‌كانه‌وه‌ كه‌ تائیمرۆش كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌، (سستبونی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كانه‌)به‌ تایبه‌ت هه‌ردو كه‌رتی‌ پیشه‌سازی‌ و كشتوكاڵ، ناچالاككردن و وه‌ستاندنی‌ گه‌شه‌ی‌ ئه‌و كه‌رته‌ خۆبژێوی‌ و ئابوری‌ به‌خشانه‌)، به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی‌ دیارده‌ی‌ بێكاری‌ و نه‌مانی‌ به‌رهه‌می‌ خۆماڵی‌ و دروستبونی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ ئاسایشی‌ خۆراكیش دائه‌نرێن، به‌رئه‌نجام به‌عسیه‌كان هێزی‌ كاریان له‌ كوردستاندا له‌كارخست و پایه‌كانی‌ ژێرخانی‌ ئابوریان هه‌ڵته‌كاند وبه‌ربه‌ستی‌ پته‌ویان له‌به‌رده‌م بوژانه‌وه‌ و بنیادنان دا دروستكرد.

دوهه‌م/ سه‌رده‌می‌ راپه‌ڕین و فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆمان
له‌ دوایی‌ راپه‌ڕینی‌ به‌هاری‌ 1991وه‌، پێشبینی‌ تاكی‌ كوردی‌ بو كه‌ له‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌مدا به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ گونده‌كان و بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ هێزه‌ خاوه‌نكاره‌كان له‌ زێدی‌ خۆیاندا ببونایه‌ته‌وه‌ به‌ كه‌سی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر، به‌ڵام به‌ هۆی‌ نه‌بون وكارانه‌بونی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ تۆكمه‌ی‌ (ئابوری‌ وئاوه‌دانیی‌)، نه‌ توانرا به‌رنامه‌ی‌ درێژخایه‌نی‌ به‌عسیه‌كان كۆتایی‌ بێبهێنرێت، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵانی‌ 1991 تا 2003 هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ قۆناغه‌كانی‌ (شه‌ڕی‌ ناوخۆ و مه‌ترسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ به‌عسیه‌كان و قه‌یرانه‌كانی‌ ئابلوقه‌ی‌ ئابوری‌ و دوكه‌رت بونی‌ هه‌رێم و به‌رده‌وامی‌ ره‌وشی‌ نه‌شه‌ڕ نه‌ئاشتی‌ و....هتد) دا ده‌سه‌ڵاتداران حه‌قێكی‌ ناحه‌ق به‌ خۆیان بده‌ن كه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌وساڵانه‌یان تێپه‌ڕاندوه‌!، ئه‌وه‌ سه‌لمێنه‌ری‌ مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیدان بو به‌ ره‌وشی‌ هه‌ڵته‌كاندنی‌ پایه‌كانی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌، له‌ ساڵی‌ (2003) به‌دواوه‌ كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان ره‌وشێكی‌ (سه‌قامگیری‌ و ئارامتری‌) به‌خوه‌ دی‌، ده‌بو حكومه‌ت به‌ دوای‌ دروستكردنی‌ هه‌یبه‌تی‌ خۆیه‌وه‌ بوایه‌، نه‌ك له‌بری‌ بنیادنانی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ به‌(موچه‌ خۆركردنی‌ كۆمه‌ڵگا وبه‌رهه‌م هێنانی‌ هه‌زاران بێكاری‌ شاراوه‌ و موچه‌خۆری‌ بن دیوارو پشتگوێخستنی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان) به‌رده‌وامی‌ بدرایه‌ به‌ سیاسه‌تی‌ له‌كارخستنی‌ تواناكانی‌ كار، به‌رئه‌نجام له‌ سه‌رده‌می‌ حوكمڕانی‌ خۆشمان دا، كه‌وتینه‌ ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ دوای‌ بیست وچوارساڵ له‌ رزگاری‌ و حوكمڕانی‌ ( گشت هێز و تواناكانی‌ كارمان له‌ پێناو خاوه‌نداریه‌تی‌ ئابوریدا به‌كارنه‌خست).

به‌داخه‌وه‌ له‌ به‌رئه‌نجامی‌ شرۆڤه‌ی‌ ئه‌و دو قۆناغه‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی‌، كه‌ له‌ئێستادا له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ به‌به‌رهه‌م و به‌رزبونه‌وه‌ی‌ باری‌ ئابوری‌ وڵات، ژێرخانی‌ ئابوری‌ گۆڕانێكی‌ ئه‌وتۆی‌ به‌ خوه‌ نه‌بینیوه‌. كه‌رته‌كانی‌ (كشتوكاڵ و پیشه‌سازی‌ و گه‌شتوكوزار) كه‌ زۆرترین هه‌لی‌ كار ده‌سته‌به‌رئه‌كه‌ن، هێشتا نه‌بونه‌ته‌ مه‌یدانێكی‌ به‌رین بۆ كار و چالاكی‌ (جوتیاران وكرێكاران و شاره‌زایان و پسپۆران و خاوه‌ن بڕوانامه‌ له‌و بوارانه‌دا)، ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ئه‌و كه‌رتانه‌ هێشتا زۆر نزمن و ناتوانن وه‌ڵامی‌ پێداویستی‌ بازاڕیش بده‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ كوردستان (ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ جۆره‌ها كانزا وخاكه‌كه‌شی‌ به‌بیته‌ بۆ كشتوكاڵ وله‌ باریشه‌ بۆ دروستكردنی‌ به‌نداو)، ئه‌توانراو ئه‌توانرێت به‌سود وه‌رگرتن له‌{زانیاری‌ و زانسته‌كانی‌ سه‌رده‌م وتواناكان و تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و ته‌كنه‌لۆژیای‌ نوێ‌ و تواناو هێزی‌ مرۆیی‌، له‌گه‌ڵ بون و كارابونی‌ به‌رنامه‌كانی‌ گه‌شه‌ی‌ ئیداریی‌ و ئابوری‌ و...هتد}، له‌پێناو بنیادنانی‌ ئاینده‌ یه‌كی‌ تۆكمه‌و جێگیردا بره‌و به‌ داهێنان بدرایه‌، كه‌ ببونایه‌ته‌ هۆكاری‌ بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان، وه‌ هه‌نگاوێكیش ده‌بو بۆ به‌كارخستنی‌ هه‌زاره‌ها هێزی‌ كاری‌ ناوخۆ.

هه‌رچی‌ كه‌رته‌كانی‌ بازرگانی‌ وخزمه‌تگوزاریی‌ و بیناسازییه‌، جۆرێك گۆڕانی‌ به‌ خوه‌ بینیوه‌ و بونه‌ته‌ به‌رینترین مه‌یدانی‌ كارو چالاكی‌ به‌شێك له‌ كارمه‌ند و كرێكاری‌ خۆماڵی‌ و ته‌نانه‌ت هه‌زاره‌ها بیانیش ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هێزی‌ كار فاكته‌رێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنان وپه‌ره‌پێدانی‌ ئابوریی‌، ده‌بو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تواناكانی‌ كار له‌ هه‌مو بواره‌كاندا به‌كار بخرانایه‌، هێشتنه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ ناچاڵاكی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان له‌ئێستادا بۆته‌ یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ ئه‌م ره‌وشه‌ ئابورییه‌ شێواوه‌مان، كه‌واته‌ بۆ به‌رگرتن له‌ قه‌یران و هه‌لاوسانه‌كان، پێویسته‌ ئاوڕی‌ جدییانه‌تر له‌ هه‌مو كه‌رته‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌رتانه‌ی‌ كه‌ ئاڵوگۆڕبه‌خشن له‌ ژیانی‌ (ئابوری‌ و سیاسیی‌ وكۆمه‌ڵایه‌تیدا) بدرێته‌وه‌، له‌ به‌رئه‌نجامی‌ ره‌وشی‌ ناچالاكی‌ ئه‌و كه‌رتانه‌دا كه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌ هێزی‌ كاری‌ ناوخۆ بیكار ده‌بن، پرسیاری‌ وه‌ك{ ئایا چه‌ند كار بۆ پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ بێكاران له‌ ئێستا و ئاینده‌دا ده‌كرێت ؟. ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ كاری‌ ئازاد ده‌كه‌ن، یان له‌ كه‌رتی‌ تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن هه‌وڵی‌ زیاتر پاراستنی‌ خۆیان و ژینگه‌ی‌ كاریان ده‌درێت؟.ئایا ئه‌و له‌شكره‌ له‌ ده‌رچوانی‌ بواره‌كانی‌ كه‌رته‌ ناچالاكه‌كانی‌ وڵات له‌كوێ‌ و له‌ كام بواره‌ی‌ خۆیاندا به‌كارخراون وئه‌خرێن؟، ئایا ئاینده‌ی‌ هێزو تواناكانی‌ كار چی‌ ده‌بێت كه‌ ساڵانێكه‌ و به‌رده‌وام به‌سه‌دان ناوی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ له‌شكرێك له‌ بێكاری‌ شاراوه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت } ئه‌و پرسیارانه‌و ده‌یان پرسیاری‌ تریش له‌ ره‌وشی‌ له‌كارخستنی‌ هێزی‌ كاردا چاوه‌ڕوانی‌ وه‌ڵامێكی‌ شیاو و شیاسته‌ن به‌ بنیادنان و شكۆی‌ (نیشتمان و هاونیشتمانیان)، له‌ هه‌ر ره‌وشێكی‌ ئابوریشدا هاتنی‌ هێزی‌ كاری‌ ده‌ره‌كی‌ كاتێك كه‌ بوژانه‌وه‌ و پێشخستنی‌ ئابوریی‌ وڵات پێویستی‌ پێبێت ئیجابی‌ وبه‌هێزه‌، ئابوریی‌ كوردستان ئه‌مڕۆ له‌م ساته‌وه‌خته‌دا زیاتر پێویستی‌ به‌ هێزی‌ كاری‌ ته‌كنیكی‌ هه‌یه‌ بۆ كۆڕانگاریی‌ ته‌كنه‌لۆژیای‌ كۆن له‌ ئابوریی‌ كوردستاندا، ڕاسته‌ بونی‌ هێزی‌ كاری‌ بیانیی‌ له‌ڕوی‌ سیاسیه‌وه‌ ئیجابیه‌و خوێندنه‌وه‌ی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ساڵانێكه‌ هاتن و هێنانی‌ كرێكاری‌ بیانی‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی‌ چاولێكه‌ریی‌ وبازرگانی‌ لێهاتوه‌، به‌هه‌رحاڵ قسه‌مان له‌سه‌ر هێزی‌ كاری‌ ده‌ره‌كی‌ ته‌نها بۆ وروژاندی‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ (ئایا تا چه‌ند كاربه‌ده‌ستان و خاوه‌ن كۆمپانیاكان به‌مه‌به‌ستی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ ئابوری‌ به‌خشه‌كان سودیان له‌ هێزی‌ كاری‌ شاره‌زایان و ته‌كنیككارانی‌ بیانی‌ وه‌رگرتوه‌؟

به‌رئه‌نجام له‌ ره‌وشێكی‌ وه‌ك ئیمڕۆماندا كه‌ نه‌بوینه‌ خاوه‌ن ئابوریه‌كی‌ به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ، تواناو هێزه‌كانی‌ كاریش به‌ ناوی‌ جۆراو جۆره‌ وه‌ بێكاركران، لێره‌دا حه‌قه‌ بپرسین ئه‌رێ‌ بۆ ساتێكیش بێت باڵاده‌ستان و حكومه‌ته‌ حیزباویه‌كه‌مان، له‌خۆی‌ پرسیوه‌ كه‌جگه‌ له‌ چاندنی‌ توی‌ دوبه‌ره‌كی‌ و به‌رده‌وامیدان به‌ ناكۆكی‌ ویه‌كترشكاندن چیتان بۆ بنیاتنانی‌ ئاینده‌كردوه‌، ئه‌رێ‌ نه‌وه‌كانمان چۆن ئافه‌رینمان بكه‌ن كه‌ له‌ پێناو سه‌قامگیری‌ و خۆراگری‌ سه‌رخان و ژێرخانی‌ ئابوری‌ وڵاته‌كه‌مان دا گرنگی‌ ته‌واومان به‌ گشت سێكته‌ره‌كانی‌ به‌رهه‌مهێنان نه‌داوه‌، ئه‌رێ‌ به‌كام پێوه‌ری‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌پێورێت كه‌تا ئێستادا ساوا ئاسا هه‌ر چاوه‌ڕێی‌ به‌خشیش وبه‌خشنده‌ی‌ ئه‌م وئه‌وبین ، ئای‌ نیشتمانم ئه‌مه‌ چ مه‌ته‌ڵێكه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌ین، به‌ڵام به‌ فێربون و به‌رنامه‌ و گه‌شه‌كردن! به‌هه‌رحاڵ تا ئه‌م زامه‌و كۆی‌ زامه‌كانی‌ تر زیاتر نه‌كولێنه‌وه‌ و پڕ سوێتر نه‌بون، پێویسته‌ ژان وئازاری‌ نیشتمانه‌كه‌مان خه‌مخۆران هانبدات ، كه‌ له‌ پێناو ئاینده‌دا بنیاتنان بكه‌ینه‌ بناغه‌ی‌ به‌هێزبون، بۆئه‌مه‌ش ئابوری‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ هێنان وپێگه‌یاندنی‌ ئه‌قڵ و به‌كارخستنی‌ تواناكانی‌ كاره‌، نه‌ك له‌كارخستنی‌ هێزی‌ كاری‌ ناوخۆ و سه‌پاندنی‌ قۆناغێكی‌ ترسناكی‌ بێكاری‌ و بێبه‌رهه‌می‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و خراپتر نه‌چێت، تا زوه‌ ده‌بێت بیر له‌ به‌هێزی‌ و پته‌وی‌ ئابوری‌ بكه‌ینه‌وه‌، بۆ هێنانه‌كایه‌ی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ ئابوری‌ به‌هێز پێویسته‌هه‌رچی‌ زوتره‌ قۆناغی‌ گه‌شه‌ی‌ ئاوه‌دانی‌ و بوژانه‌وه‌ ده‌ستپێبكا، ده‌با له‌ پێناو سارێژكردنی‌ زامه‌كانی‌ نیشتماندا دور له‌ حه‌زو خۆزگه‌و رق و قینی‌ حیزبایه‌تی‌ ته‌نها به‌ بیری‌ نیشتمانی‌ راڤه‌ی‌ قه‌یران و كێشه‌كانمان بكه‌ین و هه‌موان له‌یه‌ك گروپدا به‌ بیروڕای‌ جیاوازه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ كه‌رته‌ به‌رهه‌مبه‌خشه‌كان كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی‌ به‌رینه‌ بۆبه‌كارخستنه‌وه‌ی‌ هێزی‌ كار له‌ پێناو گه‌شه‌ی‌ ئابوریدا.
Sbeiy.com © 2007