|
ئه‌نفال و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌رخۆ بژێوی و خۆخاوهنی
|
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Tuesday, April 14, 2015 |
سه‌ره‌تا: له‌باره‌ی چه‌مك و پێناسه‌ی ئه‌نفاله‌وه قسه‌و باسی زۆر كراوه بۆیه لێره‌دا ناچینه‌وه سه‌ری، هه‌رئه‌وه‌نده ده‌ڵێین، كه ئه‌نفال بریتی بو له هه‌شت قۆناغ، له 19ی -2-1988 ده‌ستی پێكردو له سه‌ره‌تای مانگی 9ی هه‌مان ساڵ كۆتای هات، له 6-9 به فه‌ڕمی حكومه‌تی به عس كۆتای پرۆسه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌ڵام وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌كه مێژوی ئاماده‌كاریه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی 1987 ئه‌وكاته‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بوبه به‌رپرسی ده‌فته‌ری باكوری حیزبی به‌عس.
له‌و سڕینه‌وه‌یه‌دا ده‌یان هه‌زاركه‌س كرانه ژێر خۆڵی بیابانه‌كانی باشوری عێراقه‌وه، كه من بۆ خۆم له ساڵی 2003 چومه‌ته سه‌ر ده‌یان گۆڕی به كۆمه‌ڵ.
هه‌شت قۆناغه‌كه‌ی ئه‌نفال نزیكه‌ی ته‌واوی كوردستانی گرته‌وه‌و زۆرترین فشاریش بۆ سه‌ر به‌ری سۆرانی باشوری كوردستان بو، به شێوه‌یه‌ك كه نزیكه‌ی 7 له هه‌شت قۆناغه‌كه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گرتهوهوههڵبژاردنی ناوه‌كه‌ش له سوره‌تێكی قورئانه‌وه وه‌رگیرا بو. ده‌قی سوره‌ته‌كه چڕ ده‌بێته‌وه له یه‌ك ئایه‌تا "له‌باره‌ی ئه‌نفاله‌وه لێت ده‌پرسن، بێژه ئه‌نفال بۆ خودا‌و پێغه‌مبه‌ری خودایه".
بۆچی به‌عس ئه‌نفالی ده‌ستپێكرد:
عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید نزیكه‌ی ساڵێ به‌ر له په‌لاماره‌كانی ئه‌نفال بوبه به‌رپرسی ده‌فته‌ری باكوری حیزبی به‌عس و باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌فته‌ره‌كه له كه‌ركوك بو،هه‌ر ئه‌و ده‌م عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بڕیارێكی 6 خاڵی دهركردو هه‌ڕه‌شه‌ی سوتاندن و له ناودانی كرد، له بڕیاره‌كه‌دا ئه‌وه‌شی وتبو ئه‌گه‌ر هه‌ر فه‌رمانده‌و به‌رپرسێكی سه‌ربازی ئه‌و كاره جێبه‌جێ نه‌كه‌ن سزای توند ده‌درێن، به‌عسیه‌كان له‌وده‌مه‌دا له‌سه‌رو به‌ندی كۆتا هاتنی شه‌ڕی عێراق – ئێران‌دا بون، راسته شه‌ڕه‌كه 8-8-1988 كۆتای هات، به‌ڵام زۆر خاوببوهوه، به‌عسیش له تۆڵه‌كردنه‌وه له كورد ده‌گه‌ڕا، به‌تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه پێشمه‌رگه هه‌ندێك شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان دهكردو ده‌ستیان ده‌گرت به‌سه چه‌ندین شوێندا وه‌ك شه‌ڕه‌كانی بێتواته، سه‌نگاو، هه‌ڵه‌بجه‌و شوێنگه‌لی دیكه، هه‌ڵبه‌ت به‌عسیه‌كان بونی گونده‌كانی كوردستانیان به گه‌وره‌ترین پاڵپشت و هۆی مانه‌وه‌ی شۆڕش ده‌زانی، بڕوای ته‌واویان به‌وه هێنابو ئه‌گه‌ر گونده‌كان نه‌مێنن، شۆڕشیش كۆتای دێت "من بۆ بزوتنه‌وه‌كانی كورد زیاتر پێمباشه هه‌را به‌كار بێ تا شۆڕش"، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌نفالی یه‌كیان به تایبه‌تی بۆ سه‌ر ئه‌و گوندانه بو كه سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی لێبو، وه‌ك گونده‌كانی "سه‌رگه‌ڵو به‌رگه‌ڵو چاڵهواو دۆڵی جافه‌تی و ئه‌و ناوچه دڵگیره" له‌م په‌لاماره‌دا هه‌مه‌جۆری چه‌كیان به‌كارهێنا و په‌لاماره‌كه‌ش له 19ی شوباتی 1988 ده‌ستی پێكرد، له‌و قۆناغه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر بونه قوربانی و به‌شێكیش له خه‌ڵك رویانكرده دیوی كوردستانی رۆژهه‌ڵات و به هۆی سه‌رماو سۆڵه و به‌فره‌وه خه‌ڵكانێك له ناوچون و هه‌ڵدێران و بونه خۆراكی مردن، ئه‌وانه‌ی له‌و مه‌ینه‌تیه رزگاریان بوه باسی له ده‌ستچونی ئازیزانیان به كاریگه‌رترین شێوه ده‌كه‌ن، كه چۆن له ده‌ست و كۆڵیان مناڵ و هاوسه‌ر خزاوه‌و نه‌یانتوانیوه به دوایاندا بچن و دهرازیان بكه‌ن.
قۆناغه‌كانی تر گوازرایه‌وه بۆ قه‌ره‌داخ و ناوچه‌ی گه‌رمیان و قادركه‌ره‌م و سه‌نگاو شوێنه‌كانی تر، ئه‌م ناوچانه باشترین گروپه شهڕوانهكانی پێشمه‌رگه‌یان لێبو، به‌عسیه‌كان بۆ ئه‌وه ئه‌نفالیان كرد تا:
یه‌كه‌م: پێشمه‌رگه بێپشت و په‌نا بهێڵنه‌وه.
دوه‌م: جوتیار و وه‌رزێره‌كان له خاك و زه‌وی خۆیان دورخهنهوهو بێكاریان بكه‌ن و ناچاری جاشێتیان بكه‌ن.
سێیه‌م: له سنوری پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌كانی گه‌رمه‌سێر پڕۆژه‌ی ته‌عریب درێژه پێبده‌ن.
چواره‌م: هێزی پێشمه‌رگه‌و سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان ناچاری ملدان و رێكه‌وتن بكه‌ن.
پێنج: له ئۆردوگای سه‌ربازیدا ئه‌و خه‌ڵكه كۆبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێ.
هه‌ڵبه‌ت جگه له‌م خاڵانه خاڵگه‌لی دیكه‌ش هه‌ن، هه‌ڕه‌شه‌كانی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید به ئاشكرا بۆنی جینۆسایدێكی سه‌ر تا سه‌ریان لێدێت.
ئۆردوگاكانی دیلی:
ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له گوند‌و جێ و رێی خۆی دورخرایه‌وه، له ئۆردوگا زۆره ملێكان "ئۆردوگاكانی ده‌ستبه‌سه‌ری" له‌ژێر چاودێری توندا كۆكرایه‌وه، ئه‌م ئۆردوگایانه له هه‌مو كوردستان دروستكرا نمونه‌ی ئۆردوگاكانی "سمود، شۆڕش، بنه‌سڵاوه، داره‌تو، نه‌سرو باریكه" ...هتد ئه‌م ئۆردوگایانه زیاتر له سه‌ربازگه‌ی دیلی ده‌چون، شێوازی دروستكردنه‌كه‌یان به‌جۆرێك بو كه به ئاسانی ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێ، ئه‌وانه‌ی له‌م ئۆردوگایانه كۆكرانه‌وه ئه‌وانه‌بون كه له گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و زیندانه‌كان رزگاریان بو، له‌وشوێنه تازه‌یه‌شیان ناچاری ئه‌وه كران كه بۆ بژێوی ژیان به دوی كاری ناجۆری وه‌ك چه‌كداری و چونه نێو فه‌وجه سوكهكانهوه بگه‌ڕێن.
كاتێ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ده‌ستی به‌سه‌ر گونده‌كاندا گرت و هه‌موی سوتاندو ته‌فرو تونای كردن، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد كه هه‌ر كه‌سێك له ناوچه قه‌ده‌غه كراوه‌كان ببینرێ یه‌كسه‌ر بكوژرێ، ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تی ده‌ست و پێی خه‌ڵكی به‌سته‌وه له‌وه‌ی بتوانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێن و رێی خۆی.
ئه‌م ئۆردوگایانه‌ی دیلی له‌بری ئه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین كۆتاییان پێبهێنرێ و خه‌ڵكه‌كه له‌و ناوچانه‌ی ئازاد كراوه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خۆ‌یا ن په‌ره‌یان پێدراو كرانه شارۆكه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر خه‌ڵكی له گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆی په‌شیمان كرده‌وه، هه‌ڵبه‌ت ناكرێ بار‌و دۆخی ده‌رونی و له ده‌ستچونی ئازیزان و یاده‌وه‌ریه تاڵه‌كانیش به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن.
له خۆخاوهنیهوه بۆ كۆت و به‌ند:
ئێمه بۆ ئه‌م نوسین و توێژینه‌وه كورته بیست گوندمان به نمونه وه‌رگرتوه، ئه‌و بیست گونده هه‌مویان ده‌كه‌ونه سنوری كه‌ركوك و چه‌مچه‌ماڵ و گه‌رمه‌سێره‌وه، له یه‌ك ناوچه‌ش وه‌رنه‌گیراون، هه‌ڵبه‌ت ناوچه‌كانی دیكه باشتر نین خۆئه‌گه‌ر بۆ نمونه 1000 گوندمان وه‌رگرتبا توشی شۆك ده‌بوین، دواتر لیستی گونده‌كان نوسراوه، له كۆی بیست گوند به‌ر له ئه‌نفال 1341 خێزان هه‌بوه، واته یه‌ك ساڵ به‌ر له په‌لاماره‌كانی ئه‌نفال ئه‌و گوندانه 1341 خێزانی تیا ژیاوه، كه ته‌نێ بۆ شهكرو چای و نه‌وت پێویستیان به شار بوه، ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی هۆیه‌كی گرنگی دابین كردنی میوه‌و سه‌وزه‌و گۆشت و هه‌نگوین و شیره‌مه‌نی و دانه‌وێڵه بونه بۆ شاره‌كان كۆی ئه‌و بیست گونده ئێستا 194 خێزانی كوردی تیایه، به‌ڵام ته‌نیا خاڵه بازیانی نزیكه‌ی 300 ماڵه عه‌ره‌بی تیایه، خه‌ڵكی گونده‌كانی كوردستان به‌ر له ئه‌نفال بۆ كه‌مترین كهلو په‌ل پشتیان به حكومه‌ت ده‌به‌ست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی كه‌ل و په‌لی رۆژانه‌و خۆراك و شمه‌كی ماڵ خۆیان دابینیان ده‌كرد، به‌ڵام دوای ئه‌نفال 100% پشتیان به حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌ست، ئه‌مه‌ش بو به‌هۆی:
یه‌كه‌م: بێكاری و تهمهڵیهكی زۆر
دوه‌م: شكانی شكۆی مرۆڤ و ناچاركردنی به ژیانێك كه ئاواتی بۆ نه‌خواستوه.
سێیه‌م: له ده‌ستدان و له بیر چونه‌وه‌ی توانا‌و به‌هره‌و ئه‌فراندنه‌كانی وه‌ك رستن و چنین و فه‌رش و به‌ڕه دروست كردن و تا دوای بۆ نمونه دایكی من كه خاوه‌نی خانه‌واده‌یه‌كی گه‌وره‌ش بوین كه‌چی به په‌ڕۆ و كه‌ل و په‌لی كۆن چه‌ندین به‌ڕه‌ی ره‌نگاو ره‌نگی دروست كردبو.
خه‌ڵكی گونده‌كان به‌ر له ئه‌نفال خاوه‌نی خۆیان بون، خۆیان بڕیارده‌ری ژیانی خۆیان بون، ئه‌نفال ئه‌وه‌ی لێسه‌ندنه‌وه و كردنی به لاره خواری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات، دوای راپه‌ڕینیش هیچ پڕۆژه‌و به‌رنامه‌یه‌ك ئامادهنهكرا بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و خۆ خاوهنیهی خه‌ڵكی گونده‌كان و ده‌سه‌ڵاتی كوردی بۆ نهبوژانهوهی گونده‌كان درێژه‌ی به هه‌مان سیاسه‌ت و كه‌لتوری به‌عس دا.
له كارخستنی مرۆڤ به‌م جۆره سیاسه‌ته هه‌وڵێكه بۆ:
یه‌كه‌م: له ده‌ست و پێخستن.
دوه‌م: بێئیشكردن و ناچاركردن.
خه‌ڵكی گونده‌كانی كوردستان له سایه‌ی په‌لاماره دڕندانه‌كانی ئه‌نفالدا به‌و جۆره له ده‌ست و پێخران و له خۆ خاوه‌نی و خۆبژێویه‌وه بونه بێكارو مشه خۆر، هه‌ڵبه‌ت به‌عس وه‌ك دوژمن و نه‌یار ئه‌وه‌ی كرد به‌ڵام چاره‌سه‌ر نه‌كردنی ئه‌م دۆخه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كوردیه‌وه، به ته‌واوه‌تی كه‌سێتی كوردی له باشوری كوردستان تێك‌شكاند.
به‌راوردێك له‌نێوان 1988و 2015دا
له‌نێوان ئه‌م دو ساڵه‌دا 27 ساڵ جیاوازی هه‌یه ئێمه بۆ ئه‌م نوسینه 20 گوندی سنوری پارێزگای كه‌ركوك و گه‌رمه‌سێرمان وه‌رگرت، ئه‌و بیست گونده به‌ر له په‌لاماره‌كانی ئه‌نفال ئاوادان و پڕبون له جوڵه‌و بزاوت و ژیان كردن، هه‌مو گونده‌كان مه‌ڕو ماڵات و گاڕان و له‌وه‌ڕگه‌و كشت و كاڵی خۆیان هه‌بو، ته‌واوی گونده‌كان تراكتۆر‌و ئۆتۆمبیل و پێویستیه‌كانی دابین كردنی بژێزی خۆیان هه‌بو، بۆنمونه ته‌نیا گوندی قه‌شقه له‌و كاته‌دا زیاتر له" 3000"سێ هه‌زار مه‌ڕو بزنی هه‌بوه.
ژماره‌ی ماڵه‌كانی ئه‌و بیست گونده له ساڵی 1988 و به‌ر له په‌لاماری ئه‌نفال به‌م جۆره بوه:
ناوی گوند --- ژماره‌ی ماڵ
تازه‌شار 30 ماڵ
كانی قادر=40
ئاوباریك =40
قومپهڵك =70
مۆتلیجه= 50
ئاوای شێخ حه‌مید= 70
چه‌مسورخاو= 30 ماڵ
جانی= 26
قه‌شقه= 200
وێڵه= 45
گۆله‌مه‌و= 50
عالیاوه= 17
قه‌ڵامكایل خوارو= 18
قه‌ڵامكایل سه‌رو= 20
ساتی= 60
ده‌لۆ= 70
ههیهره سور= 25
ئۆمه‌ره گه‌ده= 80
ته‌په‌لو= 100
خاڵۆ بازیانی= 300 ماڵ
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ژمارانه تاراده‌یه‌كی زۆر به نزیكی وه‌رگیراوه‌و ئێمه لایه‌نی كه‌ممان وه‌رگرتوه، چونكه هه‌ر گوندێك یه‌ك دو ماڵ كه‌مترمان وه‌رگرتوه ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گونده‌كان ماڵی سه‌ربازی ههڵاتو خه‌ڵكی دیكه‌ی لێبوه، وه‌ك كه‌س و كاری پێشمه‌رگه.
كۆی گشتی ماڵه‌كانی ئه‌م بیست گونده 1341 ماڵه واته به تێكڕایی هه‌ر گوندێك 67ماڵ زیاتری به‌رده‌كه‌وێت، له كاتێكا ئه‌گه‌ر ئێستا كۆی ماڵه‌كانی ئه‌و بیست گونده كۆبكه‌ینه‌وه به تێكڕای هه‌ر گوندێك 10 ماڵی به‌رناكه‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆی ماڵه‌كانی ئه‌و بیست گونده ئێستا 194 ماڵه به‌م جۆره‌ی خواره‌وه:
"تازه‌شار 5 ماڵ، كانی قادر 7 ماڵ، ئاوباریك 7 ماڵ، قومپهڵك 3 ماڵ، مۆتلیجه 16 ماڵ، ئاوای شێخ حه‌مید 22 ماڵ، چه‌مسورخاو 4 ماڵ، جانی 7 ماڵ، قه‌شقه 3 ماڵ، وێڵه 4 ماڵ، گۆله مه 7 ماڵ، عالیاوه چۆڵه، قه‌ڵامكایل خوارو 3 ماڵ، قه‌ڵامكایل سه‌رو 3 ماڵ، ساتی 15 ماڵ، ده‌لۆ 11 ماڵ، ههیهره سور 7 ماڵ، ئۆمه‌ره گه‌ده 5 ماڵ، ته‌په‌لو چۆڵه، خاڵۆ بازیانی 55 ماڵ".
ئه‌م به‌راورده كورته به ئێمه ده‌ڵێت، له دوای بیست و حه‌وت ساڵ له ئه‌نفالكردنی كوردستان، ئێستا كوردستان له روی ئاوه‌دانی گونده‌كان و بوژانه‌وه‌ی كشت و كاڵ له خه‌راپترین دۆخدایه، با هه‌مو هه‌فته‌یه‌كیش به‌رنامه‌ی جۆراو جۆرلهسهر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانه‌وه نیشانی ئێمه بدرێت.
راستیه‌كی تر كه ناكرێ باس نه‌كرێت، ئه‌وه‌یه كۆی دانیشتوانی ئه‌و بیست گونده كه 1341خانه‌واده‌ن ئه‌گه‌ر گریمان ههرخانهوادهیهك پێنج كه‌س بوه، واته كۆی گشتی دانیشتوان بریتی بوه له 6705 كه‌س له‌و ژماره‌یه ئه‌گه‌ر وادابنه‌ین هه‌ر خێزانه‌و یه‌ك به خێوكهریان هه‌بوه كه‌واته 1341 كه‌س ده‌كات، له‌و ژماره‌یه كه ئه‌ركی به خێو كردنی زیاتر له 5000 پێنج هه‌زار كه‌سیان له ئه‌ستۆ بوه، هیچ یه‌كێكیان موچه‌خۆری حكومه‌ت نه‌بونه، ئه‌مه‌ش به ئێمه ده‌ڵێت ئه‌و خه‌ڵكه خه‌ڵكی خۆخاوه‌ن و سه‌ربه‌خۆ بونه با به به‌رده‌وامیش له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی حكومه‌ت و كۆپته‌ره‌كانی حكومه‌تدا بوبن.
ئێستا دانیشتوانی ئه‌و بیست گونده كه دانیشتوی شار‌و شارۆكهكانن، زۆربه‌یان چاویان له ده‌ستی حكومه‌ته‌و به موچه ده‌ژین، به‌وه‌ش به‌شێكی زۆر له سه‌ربه‌خۆیی خۆیان له ده‌ستداوه، له كاتێكا ئه‌گه‌ر بزانین، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستاش دامه‌زراندن به راده‌یه‌كی زۆر گرێ ئه‌دات به حیزبی بون و حیزبی نه‌بونه‌وه،ئه‌مه تا ئێستا له هه‌ردو زۆنی سه‌وزو زه‌رد به ئاشكرا به‌دیده‌كرێت، هه‌ڵبه‌ت هێشتا سیماكانی ئه‌و دوزۆنه به شێوه‌یه‌كی ته‌واو له هه‌ناوی یه‌كگرتنه‌وه‌دا ره‌نگی پهرچهمهكهیان نه‌گۆڕاوه.
چی بكرێت:
هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه زۆر ئه‌سته‌م بێت به خه‌ڵك بگوترێ بڕۆره‌وه بۆ لادێ و پێویستیه‌كانی ژیانیش به ته‌واوه‌تی دابین نه‌كرابێت، یان كه‌سێك وا بڵێت كه خۆی ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بێت بڕوات له گوند بژی، بۆ ئه‌وه زۆر گرنگه پێویستیه‌كانی ژیانكردن به ته‌واوه‌تی ئاماده كرابن، وه‌ك:
یه‌كه‌م: رێگا‌و بان و كاره‌باو ئاوی خواردنه‌وه‌ی پاك.
دوه‌م: بونی بنكه‌ی ته‌ندروستی و خوێندنگه‌و بنكه‌ی كشت و كاڵ و په‌له‌وه‌ر.
سێیه‌م: دابین كردنی پێویستیه‌كانی كشت و كاڵ و مه‌ڕو ماڵات.
چواره‌م: دروستكردنی دیوار به‌ندی شه‌هیدو ئه‌نفالكراوان و كورته‌یه‌ك له باره‌ی گونده‌كه‌وه، بۆ دروستكردنی په‌یوه‌سته‌گی.
پێنجه‌م: كه‌م كردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی جیاوازیه‌كانی نێوان شار‌و لادێ.
ره‌نگه ئه‌م هه‌نگاوانه ببنه فاكتێكی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كان، هه‌ڵبه‌ت ده‌كرێ حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بیر له رێ و شوێنی دیكه‌ش بكه‌نه‌وه، چه‌ند كاره‌ساته گوندێك به‌ر له ئه‌نفال 300 ماڵ بوبێت و ئێستا 7 ماڵ. |
|
|