|
کەرکوک و چیرۆکەکانی (١٦) |
نوسهر: مهلا فهرمان
|
Thursday, April 30, 2015 |
بەشیر و مڕە ( تاڵاوە)
ئەم دو ناوەی سەرەوە ناوی دو گوندن لەو دەیان گوندانەی کەوتونەتە باشوری کەرکوک، دوای ١٩٧٥ هەمو ئەم ناوچەیە بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوە.
سەردەمی بەعس ( ١٩٦٣ - ٩/٤/٢٠٠٣)
گوندی بەشیر
گوندێکی تورکمانی شیعە نشینە، بە دوری ٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری کەرکوکەوە. تورکمانەکانی ئەم گوندە هاوشێوەی کورد لە کەرکوک بەر شاڵاوی تەعریب و راگواستن کەوتن. خەڵکەکەی راگوێزرا و عەرەبی لێ نیشتەجێ کرا.
موڕە ( تاڵاوە)
ئەم گوندە یەکێکە لەو دەیان گوندەی کورد لە دوای ١٩٧٥ بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوە، کورد لێی دەرکراوە و عەرەب لە جێیان نیشتەجێ کراون. ناوە گشتیەکەی کە ناوێکی کوردیە لە تاڵاوە وە کراوە بە عەرەبی ( مرە) ، ( تاڵ = مر)
قۆناغی دوای روخانی بەعس (٢٠٠٣ - ٦/٢٠١٤)
لەدوای روخانی بەعسەوە، بە تایبەتی دوای ٢٠٠٤ گوندەکانی ئەم سنورە بە تایبەتی ئەو گوندانەی عەرەبی سونە لێی نیشتەجێن مۆڵگە و لانکەی تیرۆرستان بونە، لەم گوندانەوە ئامادەکاری بۆ زۆربەی کارە تیرۆرستیەکانی ناو کەرکوک کراوە. تەقینەوەکان روحی هەزارانی چنیوەتەوە.
گوندی بەشیر
لە ٢٠٠٣ و دوای روخانی رژێمی بەعس تورکمانەکان گەڕانەوە گوندەکەی خۆیان و عەرەبە هاوردەکانیان دەرکرد. لە دوبارە دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەم گوندە تورکمانیە بە فەرمانی مام جەلال تاڵەبانی حکومەتی ئەوکاتەی سنوری سەوز هاوکاری لە رادەبەری ئەم گوندەی کرد.
گوندی موڕە ( تاڵاوە)
بە پێچەوانەی گوندی بەشیری تورکماننشین، ئەم گوندە کوردنشینە و چەندین گوندی تر نە عەرەبە هاوردەکان دەرکران نە کوردەکانیش گەڕانەوە، نە دەسەڵاتی کوردیش لە گەڕانەوەیان رۆڵیان هەبو.
هاتنی داعش ( ٦/٢٠١٤ - ...)
دوای هاتنی داعش لە ٦/٢٠١٤ بۆ سنوری پارێزگای کەرکوک، ئەم هێزە تیرۆرستیە توانی زۆر بە ئاسانی کۆنترۆڵی قەزای حەویجە و هەمو ئەو گوندانە بکات لە ناوچەکە، لێرەوە داعش بو بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر کەرکوک و دانیشتوانەکەی. ئەگەر فیداکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوکاری هاوپەیمانان نەبوایا ئەو هەڕەشەیە دەبو بە واقیع و هاوشێوەی سەردەمی بەعس کۆڕەوێکی تر دروست دەبو.
گوندی موڕە ( تاڵاوە)
ئەم گوندە و گوندەکانی خالد، سەعد و وەحدە، عوزەیریە، عەتشانە ...هتد. پێشمەرگە کاری خۆی کرد و ئەم گوندانەی لە چنگی داعش دەرهێنا و ئازادیانی کرد، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ گەڕانەوەی ئەم گوندانە بۆ خاوەنی شەرعی خۆیان کە تاڵەبانیەکان و کاکەییەکانن، موخابن هەوڵێک هەیە لە لایەن ئیدارەی کەرکوکەوە بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان بۆ ئەو گوندانە و قەرەبوکردنەوەیان.
گوندی بەشیر
هیشتا ئەم گوندە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، هێزە شیعەکان و حەشدی شیعی دوای هەوڵێکی زۆر نەیانتوانیوە ئەم گوندە رزگار بکەن. لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و دەرکردنی عەرەبە هاوردەکان و گەڕانەوەی تورکمانەکان.
لێرەوە و لەم دو گوندەوە (بەشیر و موڕە) جێی ئەوەیە روی دەم لە دەسەڵاتی کوردی و ئیدارەی کەرکوک بکرێت و بگوترێ "ئەرێ، ١٢ ساڵە دەسەڵاتتان بۆچی بە کارهێناوە؟".
|
|
|