|
ته‌ڵاق و لێكجیابونه‌وه، هۆكارێك بۆ نائومێدی |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Sunday, May 3, 2015 |
رهگهزبون مه‌سه‌له‌یه‌كه و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام مرۆڤبون نا، ئه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ قاڵبه ره‌سه‌نه‌كه‌ی خودی مرۆڤبونه كه بریتییه له ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌تایبه‌تی خێزان، نه‌ك دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز (ژن-پیاو) ئه‌ركی سه‌ره‌كی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و رێكخراودامهزراوهكانی ژنان و ئافره‌تان ئه‌وه‌یه كه، ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بونیاد بنێن، ئیتر له به‌ره‌یه‌كه‌وه دژی به‌ره‌یه‌كی تر نه‌وه‌ستن (مرۆڤ ده‌ریایه نه‌ك كهف) كه‌واته پێویسته ئامانجی ههمولایهكمان پاراستنی كه‌رامه‌تی ئینسان بێت.
پێویسته ئامانجی ئێمه چڕكردنه‌وه بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق و لێكجیابونه‌وه، وه‌ك ئاشكرایه كه فاكته‌ری بونیادی و كارا بۆ دیارده‌یه‌كی وه‌ك ته‌ڵاق... بریتییه له پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌ڕوی چۆنیه‌تییه‌وه.
به‌پێی یاسای باری كه‌سی ژماره (15)ی ساڵی (2008) له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ها پێناسه‌ی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری كردوه: (گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری: گرێبه‌ستێكی ئاره‌زومه‌ندانه‌یه له‌نێوان پیاو و ژن‌دا به‌و هۆیه‌وه هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ ئه‌وه‌ی تر حه‌لال ئه‌بێت به‌پێی شه‌رع و یاسا، مه‌به‌ست له‌و گرێبه‌سته پێكهێنانی خێزانه له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و به‌زه‌یی و به‌رپرسیاریه‌تی هاوبه‌شی لێ به‌دی دێت...، گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری ئه‌به‌سترێت به ده‌ربڕینی به‌ڵێ به زمان یان به‌پێی داب و نه‌ریت له یه‌كێ له لایه‌نه‌كانی گرێبه‌سته‌كه‌وه ره‌زامه‌ندی له ئه‌وه‌ی تر...).
خێزان به‌پێی راگه‌یاندنی مافی مرۆڤ به‌ندی (16) بڕگه (3) ده‌ڵێ: (خێزان ئه‌و پێكهاته سروشتییه‌یه كه بنچینه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌و مافی پاراستنی له ئه‌ستۆی كۆمهڵگاو ده‌وڵه‌تدایه) كه‌واته گرنگیدان به خێزان مه‌سه‌له‌یه‌كی جیهانییه، خێزان رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینێت له بونیادنانی جۆری كۆمه‌ڵگا (كۆمه‌ڵگا له روی چۆنیه‌تیه‌وه ) به مانایه‌كی تر په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه هه‌یه له نێوان تێكچونی شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا.
به‌پێی رێكه‌وتننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بۆ مافی مه‌ده‌نی و رامیاری به‌ندی (23) بڕگه‌ی (3،4) ده‌ڵێ: (هیچ په‌یمانێكی هاوسه‌رێتی به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئازادانه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌بنه ژن و مێرد له داهاتودا نابه‌سترێت)، له‌وه زیاتر عێراق له پاڵ توركیا و نه‌رویج و...هتد واژوی له‌سه‌ر ئه‌و پێناسه‌یه كردوه. كه‌واته هاوسه‌رگیری پرۆسه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌یه به پێچه‌وانه‌وه به هاوسه‌رگیری دانانرێت...، من به ناونیشانی توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م كۆمه‌ڵگایه باس له راستییه‌ك ده‌كه‌م و ئاماده‌م به به‌ڵگه‌وه بیسه‌لمێنم كه، بونی توندوتیژی خێزانییه...، له یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی خێزان له توندوتیژی، چه‌ند نمونه‌یه‌ك له‌و توندوتیژیانه به مه‌به‌ست ده‌خه‌مه‌ڕو:
* هاوسه‌رگیری به‌زۆر.
* هاوسه‌رگیری ژن به ژن و منداڵ به شودان.
* به شودان له جیاتی خوێن.
* بڕینی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی.
* مێرد به زۆر ژنی خۆی ناچاری به‌دڕه‌وشتی بكات.
* خۆ كوشتن له ئه‌نجامی توندوتیژی.
جێگه‌ی نیگه‌رانییه تا هه‌نوكه ئه‌و جۆره توندوتیژیانه به‌رده‌وامیان هه‌یه و به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو پراكتیزه ده‌كرێن، میكانیزمی به دواداچون له‌و په‌ڕی لاوازی دایه و ته‌نانه‌ت ئه‌و توندوتیژیانه به دادگاكان (دادوه‌ری)دا تێده‌په‌ڕن، ئه‌و جۆره توندوتیژیانه‌ی سه‌ره‌وه رۆژانه ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه (ته‌ڵاق، بریتییه له هه‌ڵگرتنی كۆتی هاوسه‌رگیری به‌شێوه‌یه‌كی راشكاوانه كه شه‌رع و یاسا گوزارشتی لێده‌كات به بێ به‌ستنه‌وه به شێوه‌یه‌كی دیاریكراو یان به زمانێكی دیاریكراو به كه‌وتنی له لایه‌ن مێرد یان ژن..."به‌پێی یاسای ئاماژه پێكراو") به‌رهه‌م دێننه‌وه و خانه‌واده‌كان له‌باریه‌ك ده‌به‌ن و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و خزمایه‌تییه‌كان ده‌پچڕێنن و منداڵان بێ نه‌وا و سه‌رگه‌ردان ده‌كه‌ن و منداڵه‌كان ده‌بنه قوربانی توندوتیژیه‌كانی ناو خێزان و سه‌ر شه‌قام...، به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانم بڵێم هاوسه‌رگیری له‌م كۆمه‌ڵگایه له جۆری "هاوسه‌رگیری سازكراوه"، له‌وه زیاتر په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان له جۆری میكانیكییه نه‌ك ئۆرگانیكی ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا جۆرێك له دژیه‌كی دروست ده‌كات، سه‌ره‌ڕای بونی جۆرێك له بێ ناسنامه‌یی ئه‌م قۆناغه‌ی كۆمه‌ڵگاكه‌مان رونتر بڵێم ئێمه له قۆناغی بێ ناسنامه‌یی كولتوری مۆڕاڵی (فیكری كۆمه‌ڵگا)دا ژیان ده‌كه‌ین...،
نه‌بون یاخود كه‌می وشیاری یاسایی سه‌باره‌ت به ئه‌رك و مافه‌كانی ژن و مێرد زه‌نگی مه‌ترسییه‌كی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌یه كه ده‌مێكه لێدراوه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان لێی بێ ده‌نگن كه، بوه‌ته فاكته‌رێكی كارا له پاڵ فاكته‌ره‌كانی دیكه‌ی ته‌ڵاق یاخود درێژبونه‌وه‌ی كێشه خێزانییه‌كان و هاتنه پێشه‌وه‌ی قوربانیه‌كی گه‌وره‌تر له‌وه ئه‌ویش "منداڵه" هاوكات ئه‌و منداڵه بێ لایه‌نه له كێشه خێزانیهكه له كاتێكدا قوربانییه گه‌وره‌كه منداڵه، به بۆچونی من هه‌رئه‌وه‌شه كه واده‌كات ئه‌و منداڵه له داهاتودا به دوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌دا بگه‌ڕێت و كۆمه‌ڵگاكه‌ی بكاته ئامانج له رێگه‌ی ئه‌نجامدانی تاوان. كه‌واته ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه، هۆكارێكه بۆ نائومێدی و شێواندنی كۆمه‌ڵگا، چونكه به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق له هه‌رێمی كوردستان به باشی هه‌ستی پێده‌كرێت و ئه‌م واقیعه ده‌بێته پێناسه‌ی كۆمه‌ڵگا (كۆمه‌ڵگایه‌كی شێواو).
خاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه خێزانیه‌كان تا هه‌نوكه خودی دادگا نییه به ده‌ربڕینێكی تر زۆربه‌ی ئه‌و ژن و مێردانه‌ی كه بۆ جیابونه‌وه (ته‌ڵاق) سه‌ردانی دادگا ده‌كه‌ن پێش ئه‌وه‌ی بێنه دادگا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی كێشه‌كه‌یان دراوه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ش بریتییه له خانه‌واده‌ی ژن و مێرده‌كه یاخود یه‌كیان به‌پێی داب و نه‌ریته زیانبه‌خشه‌كان، بۆ نمونه: له یه‌كێك له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان داوایه‌كی جیابونه‌وه (تفریق) تۆمار كرابو به تێپه‌ڕبونی كات توانرا باوه‌ڕ به‌و ژن و مێرده بهێنرێت كه ئاشت ببنه‌وه و بگه‌ڕێنه‌وه لای یه‌كتر (ژیانی هاوبه‌ش)، به دڵنیایی ژنه‌كه زۆر حه‌زی ده‌كرد بگه‌ڕێته‌وه لای هاوسه‌ره‌كه‌ی له راستیدا پیاوه‌كه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی قه‌بوڵ بو، به‌ڵام باوكی ژنه‌كه گوتی: (به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ كچه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای پیاوه‌كه‌ی و...، به هه‌ر نرخێك بێت ده‌بێ ته‌ڵاق وه‌ربگرێت...)، به‌داخه‌وه سه‌ره‌نجام دادگا بڕیاری جیابونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه‌ی ده‌ركرد.
پێویسته به‌رچاو رونیهكی باش هه‌بێت بۆ ئه‌و تاكانه‌ی كه به‌نیازن بچنه پرۆسه‌ی هاوسه‌ر گیری و خێزان پێك بهێنن، ده‌رباره‌ی ئه‌رك و مافه‌كانی ژن و مێرد... به‌گشتی و سه‌باره‌ت به ماڵی هاوسه‌ری (ماڵی سه‌ربه‌خۆ) به تایبه‌تی، كه دواتر گرنگی ماڵی هاوسه‌ری به نمونه رون ده‌كه‌مه‌وه.
ئه‌و هۆكارانه‌ی كه كاریگـهرن لـه‌سه‌ر به‌رز بونه‌وه‌ی رێـژه‌ی تـهڵاق و لێك جیابونه‌وه:
* هه‌ڵبژاردنی نادروست:
له سه‌ره‌تای هه‌ڵبژاردنی كچ یان كوڕ بۆ پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ری (خێزان) له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ره‌مه‌كییه، دور له عه‌قڵ و لۆژیك، زۆربه‌ی جار هه‌ڵبژاردنه‌كه سۆزداری (عاطفی)ه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌ن و پلان بۆ بونیادنانی خێزانێكی ته‌ندروست دابڕێژن به ده‌ربڕینێكی دیكه ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی ده‌چنه پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌چاوی سه‌ر یه‌كتر قه‌بوڵ ده‌كه‌ن، نه‌ك به چاوی عه‌قڵ، به‌هه‌مان شێواز له‌كاتی دروست بونی كێشه‌و ناكۆكییه خێزانییه‌كان دیسانه‌وه عه‌قڵ ناكه‌نه خاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه، ده‌شێت لێره‌وه بڵێم نه‌گونجان له‌نێوان ژن و مێرد دێته‌كایه‌وه چونكه ئه‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه دو بهختهكییه...
* تهدهخولكردنی كه‌سی سێیه‌م:
یه‌كێك له فاكته‌ره كاراكان كه له دادگاكان ده‌بینرێت ته‌ده‌خولی كه‌سی سێیه‌مه بۆ ژیانی تایبه‌تی ژن و مێرد جا چ له‌لایه‌ن خانه‌واده‌ی ژن و مێرده‌كه بێت یان له لایه‌ن خانه‌واده‌ی یه‌ك له‌و ژن و مێرده بێت،ئه‌و هۆكاره رێژه‌ی ته‌ڵاق به ئاستێكی به‌رچاو به‌رز ده‌كاته‌وه،چونكه كاتێ كێشه خێزانییه‌كان له بازنه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ژن و مێرده‌كه تێبپه‌ڕێت چاره‌سه‌ر كردنی ئاسان نابێت، رونتر بڵێم كێشه خێزانیه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رێتی قه‌باره‌ی كێشه‌كه گه‌وره‌تر ده‌بێت له‌وه‌ی كه هه‌یه و رێگه‌ی چاره‌سه‌ر كردنه‌كه‌یشی ئاڵۆز ده‌بێ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه ره‌سه‌نه‌كه كاڵ ده‌بێته‌وه و چه‌ند گیروگرفتێكی دیكه دێته پێشه‌وه.
بۆ نمونه:
(س) كوڕێك بو (ش) كچێك، دوای ساڵێك خۆشه‌ویستی ژیانی هاوسه‌ریان پێكهێنا. دوای تێپه‌ڕبونی دو مانگ له ژیانی هاوسه‌رییان (ش) له‌لایه‌ن (س) ده‌رده‌كرێت...
هۆكاره‌كه‌ی:
دایكی (س) هه‌ركاتێك (ش) ده‌چێته‌وه ماڵی باوكی به مه‌به‌ستی سه‌ردانی كردن... ئه‌وا تۆمه‌تی زۆری بۆ هه‌ڵده‌به‌ستێت و تۆمه‌ته‌كانیش دورن له راستی، پیاوه‌كه‌ش ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی داوه‌ته ده‌ست ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی كه به ئاره‌زوی خۆیان ده‌یجوڵێنن... كێشه‌ی نێوان (س) و (ش) گه‌یشته ته‌ڵاق! هه‌روه‌ها (ش) دواجار له دادگا له‌سه‌ر داوای ته‌ڵاق په‌شیمان بویه‌وه، به‌ڵام كار له كارترازا بو، چونكه له ده‌ره‌وه‌ی دادگا له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستای ئاینی جیاببونه‌وه، كه‌واته له دادگادا داواكه‌یان له جۆری په‌سه‌ند كردنی ته‌ڵاق (تصدیق طلاق ) بو، "توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م جۆره داوایه‌دا ناتوانێت هیچ رۆڵێك ببینێت، چونكه له دادگا ته‌نها ته‌ڵاقه‌كه په‌سه‌ند ده‌كرێت به‌پێی رێ‌و شوێنی یاسایی".
ئه‌م نمونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی ماڵی هاوسه‌ری (بیت شرعی) ده‌كات له‌ژێر رۆشنایی یاسای باری كه‌سی...، ئه‌و كه‌یسه‌ی باسم كرد هۆكاره بنچینه‌ییه‌كه‌ی بریتی بو له نه‌بونی ماڵی هاوسه‌ری، ئه‌و بابه‌ته وای كرد هۆكارێكی دیكه دروست بێت كه ته‌ده‌خولی كه‌سی سێیه‌مه.
* بونی كه‌مته‌رخه‌می له ئه‌رك و مافی ژن و مێردایه‌تی:
وه‌ك ئاشكرایه مێرد (پیاو) ئه‌ركی دابین كردنی بژێوی ژن و منداڵی له ئه‌ستۆ دایه...، ژنیش ئه‌ركی رێكخستنی ماڵ و چاودێری كردنی منداڵی له ئه‌ستۆ دایه...، ئه‌گه‌رچی هه‌نوكه به هۆی گۆڕان له شێوازی ژیان... جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی له ئه‌رك و مافی ژن و مێردایه‌تی (ژیانی هاوبه‌ش – هاوسه‌رێتی) دروست بوه.
* به‌شودانی زۆره‌ملێ و ژن به ژنی و گه‌وره به بچوك:
تا ئه‌م چركهساتانهش ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیریانه ئه‌نجام ده‌درێت و به‌رده‌وامی هه‌یه، ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیریانه لێره‌دا بونی هه‌یه‌و ده‌توانم به نمونه باسی بكه‌م و دواتریش هه‌رلایه‌نێك گومانی له راستی زانیاریهكهم هه‌بو ئه‌وا من وه‌ك توێژه‌رێك بۆی ده‌سه‌لمێنم و كه‌یسه‌كانی ده‌خه‌مه به‌رده‌ست.
نمونه:
هاوسه‌رگیری له جۆری (گه‌وره به بچوك) له‌نێوان دو خێزانی خزمی نزیك ئه‌نجام دراوه، له سه‌رینی ئه‌و هاوسهرگیریهیان بونه‌ته خاوه‌نی پێج منداڵ (دو كچ له خێزانێك و سێ كوڕ له خێزانه‌كه‌ی تر) به‌هۆی بونی كێشه له یه‌كێك له خێزانه‌كان، كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی هه‌ردو خێزانه‌كه به "ته‌ڵاق" لێك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، پێنج منداڵ... بونه قوربانی داب و نه‌ریتێكی زیانبه‌خش، هه‌روه‌ها پچڕانی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی له نێوان هه‌ردو خانه‌واده‌كه...، به هه‌مان شێوه له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری له جۆری (ژن به ژن) نمونه‌ی زیندومان هه‌یه...، هه‌روه‌ها به‌شودانی زۆره‌ملێ...
* هۆكارێكی دیكه‌ی به‌رز بونه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق، نه‌بونی وه‌ڵامێكی گونجاوه بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی كه ده‌ڵێ هاوسه‌رگیری چییه (چییه‌تی هاوسه‌رگیری)؟
به‌شێكی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه بریتییه له چۆنیه‌تی په‌روه‌رده كردنی تاك...، به‌شه‌كه‌ی تری بریتییه له به‌شدار بونی ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی كه به نیازن بچنه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری یاخود ژیانی هاوبه‌ش (خێزان پێك بهێنن) له خولێكی كۆمه‌ڵایه‌تی...
* بونی جۆرێك له دژیه‌كی و به‌ریه‌ك كه‌وتن له‌نێوان یاسای باری كه‌سی و مامۆستایانی ئاینی له پراكتیكدا:
بۆ نمونه، ماره‌بڕینی پێشوه‌خته (ماره‌بڕینی ته‌مه‌نی بچوك له‌لایه‌ن مامۆستای ئاینی ئه‌نجام ده‌درێت كه‌چی یاسای باری كه‌سی ته‌مه‌نی شوكردنی زۆر به‌ڕونی دیاری كردوه...، ئه‌و تاكانه‌ی كه نه‌گه‌یشتونه‌ته ته‌مه‌نی یاسایی بۆ مه‌به‌ستی ماره‌بڕین ئه‌وا له‌سه‌ر ده‌ستی، مامۆستایه‌كی ئاینی ماره ده‌بڕدرێن و دواتر زۆر به‌ئاسانی به ماره‌بڕینی ده‌ره‌كی له دادگا گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیریان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌وه‌ش (پرسه خهسوانێیه).
ته‌ڵاقدان له ده‌ره‌وه‌ی دادگا (له‌لایه‌ن مامۆستای ئاینی ته‌ڵاق دهدرێًت و دواتر له رێگه‌ی دادگا به داوایه‌ك له جۆری "په‌سه‌ند كردنی ته‌ڵاق" تۆمار ده‌كرێت و به‌پێی رێ‌و شوێنی یاسایی ته‌ڵاقه‌كه په‌سه‌ند ده‌كرێت).
*بونی هۆكاری شاراوه:
مه‌سه‌له‌ی په‌رده‌ی كچێنی...، سمێڵ تاشین...، كه‌مته‌رخه‌می یا بێ توانایی له سه‌رجێیی كردن (سێكس) و كه‌می وشیاری سێكسی...!
*هاوسه‌رگیری ناچاره‌كی (بهملداهاتن) له ئه‌نجامی بونی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی له قۆناغی هه‌رزه‌كاری و كه‌می وشیاری سێكسی:
بۆ نمونه:
قوتابیه‌كی كچ له پۆلی هه‌شته‌می بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ كوڕێك ده‌كه‌وێته په‌یوه‌ندیه‌كی خۆشه‌ویستی، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یان بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك درێژه ده‌كێشێت و له‌و ماوه‌یه چه‌ندین جار سێكس له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن...، دوای ماوه‌یه‌ك نیشانه‌كانی سكپڕبون له‌و كچه هه‌ست پێده‌كرێت...، كچه‌كه له‌گه‌ڵ دایكی ده‌چێته لای پزیشك به مه‌به‌ستی پشكنین، له ئه‌نجامی پشكنینه‌كه ده‌ركه‌وت كه ته‌مه‌نی منداڵه‌كه‌ی چه‌ند مانگێكه...، ئه‌و قوتابییه بۆ پاراستنی گیانی خۆی و ئابڕوی خانه‌واده‌كه‌ی به ناچاری هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه كرد، له‌كاتێكدا ئه‌و كوڕه ئاڵوده بو به مادده هۆشبه‌ره‌كان و...، تا هه‌نوكه‌ش نهێنی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه له‌نێوان ئه‌و سێ كه‌سه پارێزراوه (دایك، كچ و زاوا)، ئه‌و هاوسه‌رگیریه بوه دۆزه‌خێك بۆ ژنه‌كه، له‌سه‌ر جێی هاوسه‌ری بونه خاوه‌نی منداڵێك، دوای نزیكه‌ی ساڵێك له زویر بونی ژنه‌كه و ژیان كردن له‌گه‌ڵ دایباب، ئه‌و ژنه له یه‌كێك له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان داوای جیابونه‌وه (تفریق)ی تۆمار كرد و...، له ئه‌نجامدا دادگا بڕیاری جیابونه‌وه (تفریق)ی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسه ده‌ركرد. له كۆتاییدا پرسیار له ژنه‌كه كرا سه‌باره‌ت به له‌ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی و... ژنه‌كه‌ش له وه‌ڵامدا گوتی: (من نه‌مده‌زانی په‌رده‌ی كچێنی به سێكس كردنی پێش پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری له‌ده‌ست ده‌ده‌م، به‌ڵكو من وامده‌زانی كه په‌رده‌ی كچێنی به‌و سێكس كردنه له‌ده‌ست ده‌ده‌م كه ئه‌و سێكسه به مه‌به‌ستی منداڵبون بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ژن و مێرد له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌یكه‌ن...!)
*سزای به‌ندكردن:
كاتێ یه‌كێك له هاوسه‌ره‌كان (ژن – مێرد) سزای به‌ند كردنی له‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وا هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌توانێت داوای جیابونه‌وه (تفریق) بكات، چونكه به‌ندكردن هۆكارێكه بۆ ته‌ڵاق. بۆنمونه: ژنێك له یه‌كێك له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان داوای جیابونه‌وه (تفریق)ی تۆمار كرد دوای ئه‌وه‌ی كه هاوسه‌ره‌كه‌ی به تاوانی كوشتنی كه‌سێك سزای زیندانی كردنی تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، ئه‌و ژنه توانی له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیاببێته‌وه وه‌ك مافێكی خۆی...
*ناپاكی هاوسه‌ری:
كاتێ یه‌كێك له هاوسه‌ره‌كان (ژن – مێرد) ناپاكی هاوسه‌ری بكات، ئه‌وا هاوسه‌ره‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه داوای جیابونه‌وه (تفریق) تۆمار بكات...، وه‌ك مافێكی خۆی، له دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان نمونه‌ی له‌م جۆره‌مان زۆره.
*نه‌گونجان له‌گه‌ڵ یه‌كتر:
به‌بۆچونی من، به‌ستنه‌وه‌ی ته‌ڵاق به هۆكاری "نه‌گونجان" خۆدزینه‌وه‌یه له هۆكاره ره‌سه‌نه‌كه، ئه‌گه‌رچی زۆرترین رێژه‌ی ته‌ڵاق له‌م كۆمه‌ڵگایه هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌گونجان ده‌گه‌ڕێننه‌وه به‌پێی ئاماری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان. به تێگه‌یشتنی من، نه‌گونجان هۆكارێكی زۆر رێژه‌ییه بۆ ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه‌ی هاوسه‌ران، گونجان له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی تازه مه‌سه‌له‌یه‌كه و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه، هه‌ندێ له كه‌سه‌كان كه ده‌چنه ژینگه‌یه‌كی تازه ناتوانن به ئاسانی ئه‌و ژینگه تازه‌یه قه‌بوڵ بكه‌ن و له سه‌ره‌تادا ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، گونجان له‌گه‌ڵ ژینگه نوێیه‌كه له لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه به‌ستراوه‌ته‌وه به تاكه‌كانی ئه‌و ژینگه‌یه، كه‌واته ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتارانه‌ی كه له خۆیانی نیشانده‌ده‌ن وه‌ڵامدانه‌وه‌یه بۆ ژینگه تازه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای "گونجان"، به واتایه‌كی دیكه نه‌گونجان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ناوی ئه‌و روپۆشهیه كه چه‌ندین هۆكاری پێداپۆشراوه.
*نه‌خۆشییه ده‌رون كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان:
ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌رون كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه تاك له خێزانه‌وه وه‌ری ده‌گرێت له ئه‌نجامی خراپی په‌یوه‌ندی نێوان دایك و باوك له لایه‌ك و په‌یوه‌ندی دایباب له‌گه‌ڵ منداڵه‌كان له لایه‌كی دیكه...
*فـرهژنـی:
ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری دوه‌م، كاتێ پیاو هاوسه‌رگیری دوه‌م له‌گه‌ڵ ژنێكی دیكه ئه‌نجامده‌دات، ئه‌وا هاوسه‌ری یه‌كه‌می ئه‌و پیاوه بۆی هه‌یه داوای جیابونه‌وه بكات...
*ئافره‌ت له‌و ته‌مه‌نه‌ی كه بۆی دیاریكراوه شوی كرد، ئه‌وا ده‌توانێت داوای ته‌ڵاق بكات.
*هاوسه‌رگیری به مه‌به‌ستی ئاگربه‌ست...
*ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی كردن به‌تایبه‌تی مۆبایل...
*نه‌زۆكی:
نه‌زۆكی، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌زۆكییه له ژنه‌كه‌دا بێت...
*نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان:
بۆ نمونه:
توشبونی یه‌كێك له هاوسه‌ره‌كان به نه‌خۆشی شیزۆفرینیا...هتد،
*ئاڵوده بون به مادده هۆشبه‌ره‌كان:
*گومان له یه‌كتر كردن:
*ماس میدیا:
هۆیه‌كانی راگه‌یاندن له‌م كۆمه‌ڵگایه له ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه نین...، راگه‌یاندنی كوردی زیاتر له‌سه‌ر شتگه‌لێكی فانتازیا كار ده‌كات به به‌راورد له‌گه‌ڵ واقعی كۆمه‌ڵگا، له كه‌ناری دیارده‌كان ده‌وه‌ستێت و ته‌نها له هه‌وڵی وه‌سف كردنی دیارده‌كانه و ناچێته ناو ورده‌كاری، ئه‌وه‌ش زیانی لێده‌كه‌وێته‌وه یاخود قه‌باره‌ی زیانه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات...
*ئامـار:
وه‌ك ده‌زانین ساڵانه له رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی ته‌ڵاق راده‌گه‌یه‌نرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماری دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه راده‌گه‌یه‌نرێت وه‌ك ژماره راست و دروسته، به‌ڵام چۆنیه‌تی دابه‌ش كردنی ئه‌و رێژه‌یه به‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بونه‌ته هۆی ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه نادروسته، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی عه‌شوائی داده‌نرێن...! هه‌روه‌ها چه‌شنه‌كانی ته‌مه‌نیش به‌هه‌مان شێوه.
له كاتێكدا چۆنیه‌تی دابه‌ش كردنی رێژه‌ی جیابونه‌وه و ته‌ڵاق به‌سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بونه‌ته هۆی ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه نادروست بێت، چۆن ده‌توانرێت پێشگیری له به‌رز بونه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق و جیابونه‌وه بكرێ؟ ئه‌ڵبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌ك بكه‌ین، سه‌ره‌تا پێویسته هۆكاری ئه‌و كێشه‌یه به دروستی ده‌ستنیشان بكه‌ین.
كـۆسـپ و تهگهرهكـانی به‌رده‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ته‌ڵاق و لێك جیابونه‌وه:
* ده‌سه‌ڵاتی عه‌شیره‌ت و خێڵ و بنه‌ماڵه... باڵاده‌سته. له‌وه زیاتر ئه‌ندامانی هه‌ریه‌ك له‌و عه‌شیره‌تانه خاڵێكی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه (مرجع) كه سه‌رۆك عه‌شیره‌ت یاخود ئاغاكهیانه...، هێندێك جار له كاتی دروست بونی كێشه‌و ناكۆكییه‌كان هێزی خۆیان له دژی داموده‌زگا حكومییه‌كان به‌كار ده‌هێنن... هتد، كێشه‌كان به گشتی و كێشه خێزانییه‌كان به تایبه‌تی له‌ڕێگه‌ی ریش سپی و سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ت و... چاره‌سه‌ر ده‌كرێن نه‌ك دادگا، به مانایه‌كی دیكه تا هه‌نوكه وه‌ك پێویست دادگا نه‌بوه‌ته خاڵی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌و ناكۆكییه‌كان، ئه‌و بارودۆخه كێشه‌یه‌كی بونیادیه له‌م كۆمه‌ڵگایه، كه‌واته كۆمه‌ڵگاكه‌مان ئه‌وه‌نده وشیاری یاسایی نییه كه كێشه و گیروگرفته‌كانی له رێگه‌ی دادگاكانه‌وه چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به واقعی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، چونكه "تاك، به‌رهه‌می واقعه".
* زیادبونی ژماره‌ی دانیشتوان و به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی تاوان و كێشه جۆر به جۆره‌كان و گۆڕان له شێوازی ژیان و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و دابڕانێكی به‌رچاو له نێوان كولتوری ماددی و مه‌عنه‌وی...، هه‌روه‌ها ده‌توانم بڵێم دادگاكان له روی فیزیكی و سامانی مرۆیی (ده‌ستی مرۆیی) وه‌ك پێویست نین، بۆ نمونه ساڵانی رابوردو زۆر به كه‌می هاوڵاتیان به مه‌به‌ستی به ده‌ستهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌كان (به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی، دابه‌شنامه‌ی شه‌رعی،، به‌ڵگه‌نامه‌ی له دایك بون، به‌ڵگه‌نامه‌ی ماره‌بڕین و...هتد) سه‌ردانی دادگایان ده‌كرد، به‌ڵام هه‌نوكه ره‌نگه هه‌فته‌یه‌ك دوای كۆچی دوایی هه‌ركه‌سێك،كه‌سوكاری مردوه‌كه دێنه دادگا به مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی و دابه‌شنامه‌ی شه‌رعی خوالێخۆشبو. كه‌واته گۆڕان له شێوازی ژیان و زیاد بونی ژماره‌ی دانیشتوان و زیادبونی رێژه‌ی تاوان و گۆڕان له روی چۆنییه‌تی تاوان وای كردوه كه دادگا ئه‌و شوێنه نه‌بێت كه هاوڵاتی وه‌ك پێویست خه‌ز بكات كێشه‌كانی خۆی تیادا چاره‌سه‌ر بكات...
* دادگا و بێ بایه‌خكردنی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و پێگه راسته‌قینه‌یه‌ی نییه كه پێویسته هه‌یبێت ته‌نانه‌ت ئه‌و پسپۆرایهتییه له دادگاكان وه‌ك زیاده‌یه‌ك سه‌یر ده‌كرێت،هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پسپۆرایه‌تی له دادگا زۆر به‌كه‌می حیسابی بۆ ده‌كرێت، له‌وه‌ش وردتر دادوه‌ر فه‌رمان ده‌دات و فه‌رمانبه‌رانیش جێ به جێ كردن...، ته‌نها توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له دادگایه‌ك داده‌نرێت و نه رێگه‌ی پێده‌درێت ته‌نها خه‌ریكی پسپۆڕایهتییهكهی بێت نه ژورێك (هۆبه‌ی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ) هه‌یه تاوه‌كو توێژینه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام بدات!...هتد
* هۆشیاری كۆمه‌ڵگا له ئاستێكی نزمدایه سه‌ره‌ڕای كه‌می ئاگایی یاسایی، ته‌نانه‌ت شێوازی گفتوگۆ كردن له كاتی په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه ناته‌ندروسته یاخود جۆرێك له توند‌و تیژی له قسه‌كردن به‌دی ده‌كرێت...، بۆیه ورد بونه‌وه له كێشه خێزانییه‌كان زۆر جار ئاسته‌مه و پێویستی به كات و شوێنی گونجاو هه‌یه...هتد
پێشـنیار، له پێناو كهمكـردنهوهی رێـژه‌ی ته‌ڵاق و جیابونه‌وه:
*پێداچونه‌وه به یاسای باری كه‌سی و هه‌مواركردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان.
*ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه له كات و ساتی دیاریكراو له نێوان (ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، وه‌زاره‌تی كار‌و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كار و باری ئاینی و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری...).
*كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتیناتی دادگاكان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی لێهاتویی فه‌رمانبه‌ره‌كانی...
*هه‌ڵێنانی هه‌نگاوی كرده‌یی سه‌باره‌ت به(ماره‌بڕین و ته‌ڵاق له‌لایه‌ن مامۆستایانی ئاینی).
*گرنگیدان به په‌روه‌رده‌ی خێزانی له رێگه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و فێركردن.
*ئه‌ركی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه كه رابه‌ری خێزانی بكاته مۆدێلێك له كۆمه‌ڵگا...
*پێویسته توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود هۆبه‌ی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له نێو دادگاكان راسته‌وخۆ سه‌ر به وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت نه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری (له هه‌مو دادگایه‌ك ژوری توێژینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت هه‌م بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه خێزانییه‌كان و هه‌میش بۆ توێژینه‌وه ).
*پێویسته رێكخراودامهزراوهكانی ژنان و ئافره‌تان له هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی ژن و پیاو (خێزان ) دابن.
*دانانی هۆبه‌ی ئامار له سه‌رجه‌م دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان، دامه‌زراندنی پسپۆرانی ئامار له‌و هۆبه‌یه.
*ڕاپه‌ڕاندنی كار و چالاكییه‌كانی دادگا به‌پێی پسپۆرایه‌تی فه‌رمانبه‌ره‌كان بێت (له كاتی دابه‌ش كردنی ئیش و كاره‌كانی دادگا پسپۆرایه‌تی له‌به‌رچاو بگیرێت).
* بڕوانامه‌ی شایسته‌یی بۆ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری له دادگاكان:
كردنه‌وه‌ی خولێك بۆ ئه‌و كچ و كوڕانه‌ی كه به‌نیازن بچنه پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریه‌وه له‌پێناو به ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی شایسته‌یی بۆ ژیانی هاوبه‌ش، پێویسته ئه‌م خوله له سه‌نته‌ری پارێزگاكان بێت...، وانه‌بێژه‌كان له بوار و پسپۆرایه‌تی جۆراوجۆر پێك بێن به تایبه‌تی له‌م بوارانه: ( توێژه‌رانی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، پزیشكی ده‌رونی، پزیشكی پسپۆر له كۆئه‌ندامی زاوزێ به‌گشتی و پزیشكی پسپۆر له بواری ئافره‌تان به‌تایبه‌تی و مامۆستای ئایینی...)، ده‌بێ ده‌رچوی ئه‌و خوله هه‌ڵگری بڕوانامه‌یه‌ك بێت كه له لایه‌ن ئه‌و پسپۆرانه‌وه په‌سه‌ند و واژو كرا بێت. بونی ئه‌و بڕوانامه‌یه ببێته مه‌رجێك بۆ ته‌واو كردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی ماره‌بڕین له دادگا.
* توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له دادگا
|
|
|