|
چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Saturday, May 9, 2015 |
دایباب وه‌ك خێزان و په‌روه‌رده و فێركردن وه‌ك سیسته‌م، ده‌كه‌ینه كلیلی قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. ئهلف و بێی چه‌وساندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زی له‌و دو كه‌ناڵه ده‌ست پێده‌كات و هه‌ر له‌وێش كۆتایی دێت.
له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌مانان خێزان فاكته‌ری بنچینه‌ییه سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی ئه‌م بابه‌ته به‌وه‌ی كه، خێزان یه‌كه‌مین خانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگایه و یه‌كه‌مین كه‌ناڵی به‌كۆمه‌ڵایه‌تی بونی تاك له خێزانه‌وه‌یه، به‌تایبه‌تی له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له جۆری "په‌یوه‌ندی میكانیكین". لێره‌دا خێزان هه‌ڵگری پیرۆزییه‌كی بێ چه‌ند و چۆنییه، كه‌سایه‌تی تاك به توندی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری خێزان، فێرگه، گروپی هاوڕێیان و هاوته‌مه‌نه‌كان، هاو پیشه‌كان و هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵی...، پردی ترس و بوێری له خێزانه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگا درێژ ده‌بێته‌وه، رونتر بڵێم خێزان ئه‌ركی وێناكردنی ژیان له‌ڕوانگه‌ی تاك له ئه‌ستۆ ده‌گرێت. ئه‌م راستییه وای كردوه ته‌نانه‌ت حكومه‌ت (لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به ناوه‌ڕۆكی باسه‌كه)، جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت ده‌ست بخاته نێو خێزانه‌كان له باره‌ی چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان.
له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵاندا دایباب رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینن له ئاراسته‌كردنیان، له‌به‌رنه‌بونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌كردنی ئامانجدار، كه تاك له‌ڕوی چۆنیه‌تییه‌وه باربهێنێ.
كه‌واته دایباب به ئاره‌زویه‌كی خێڵه‌كی و سوننه‌تی منداڵ په‌روه‌رده ده‌كه‌ن، دواجار كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر بونیادنانی كه‌سێتی تاك به‌جێ ده‌هێڵێ و ده‌بێته هۆی زیاد بونی دڕك له كۆمه‌ڵگا، هه‌ندێك جاریش ئه‌و جۆره په‌روه‌رده كردنه دو بهختهكی ده‌بێت.
له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن ناسنامه‌ی قۆناغ وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا گۆڕان و پێشكه‌وتن ئه‌سته‌مه، چونكه له رێگه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه ده‌توانرێ به‌ردی بناغه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتو دابنرێت، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ئه‌و سیسته‌مه عه‌قڵی ئازاد به‌رهه‌م بهێنێ، نه‌ك پیت و وشه‌كان ببنه كۆت و زنجیر بۆ كۆیله كردنی فیكری تاك و كۆمه‌ڵگا.
جێگه‌ی داخه، كه سیسته‌می په‌روه‌رده و فێركردن له‌م كۆمه‌ڵگایه ته‌نها ژماره‌یه‌كه و له ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵگا جێگه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه، راستی قسه ئه‌وه‌یه كه (ئاشی نه‌زان خوا ده‌یگێڕێ).
كۆمه‌ڵگاكه‌مان په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی به ئایینه‌وه هه‌یه، زیاتر له سه‌دا نه‌وه‌دی هاونیشتیمانیانمان موسڵمانن، ئایینی پیرۆزی ئیسلام رۆڵی ژن به‌رز ده‌نرخێنێ...، هاندان بۆ وه‌چه خستنه‌وه و ئه‌ركی په‌روه‌رده كردنی منداڵ وا ده‌كات كه دایك به‌خێوكردنی منداڵ له ئه‌ستۆ بگرێت، دایك بۆ گه‌شه‌ی ده‌رونی و جه‌سته‌یی منداڵ پێویستییه‌كی حه‌تمییه. كه‌واته مانه‌وه‌ی ژن له ماڵ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی تاكه له‌ڕوی چۆنیه‌تی. بۆیه به‌كه‌م سه‌یركردنی ئه‌و ژنانه‌ی، كه له ماڵه‌وه ده‌مێننه‌وه (ژنی ماڵ) كارێكی یاساغه و پێچه‌وانه‌ی شه‌ریعه‌تی ئاسمانی و مافی مرۆڤه، چونكه تائێستا ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ دایك نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، كه جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی ته‌واوی منداڵ بێ.
به بۆچونی من پیاوسالاری له چركه‌ساتی ههوهسپهرستی خۆی مانیفێست ده‌كات، ئه‌گینا عیشق و خۆشه‌ویستی قوربانیدان و پێكه‌وه‌ژیانه. یه‌كێك له ده‌رهاوێشته نه‌رێنییه‌كانی كۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه‌كان، بریتییه له لاواز بونی توانای هاودڵی كردن (په‌یوه‌ندی ئۆرگانیكی) كه ده‌بێته هۆی نزمبونه‌وه‌ی ئاستی ته‌ندروستی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و سه‌رهه‌ڵدانی زیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام ئێمه له كۆمه‌ڵگایه‌كی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری سوننه‌تیدا ده‌ژین، كه‌چی هاودڵی كردن... تا ئه‌وپه‌ڕی لاوازه، هیچ جۆره جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی سیستماتیكمان نییه، كه له زیانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بمانپارێزێ، به ده‌ربڕینێكی تر كێشه‌یه‌كی بونیادیمان هه‌یه، كۆمه‌ڵگای ئێمه سه‌رنشینی شه‌مه‌نده‌فه‌رێكه له هێڵ (سكه) لایداوه و به‌ره‌و چاره‌نوسێكی نادیارمان ده‌بات، ئه‌ڵبه‌ته چاره‌نوسێكی نادیار له پله‌ی خراپیدا.
دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر چه‌ند و چۆنی بابه‌ته‌كه كاریگه‌ره، شه‌رم و عه‌یبه... ئابڕو ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ن، كه گوزارشت له ره‌گه‌زی مێینه ده‌كات، چونكه به بیستنی ئه‌وانه، یه‌كبینه وێنه‌ی ئافره‌ت له زه‌ینت دروست ده‌بێ به‌و مانایه‌ی هیچ یه‌كێك له‌وانه ره‌گه‌زی نێر ناگرێته‌وه! ئه‌وه‌ش دابونهریتێكی زیانبه‌خشه، كه له په‌روه‌رده‌وه فرچك (خو)مان پێوه گرتوه. ئه‌گه‌ر ژن بیه‌وێ ئه‌و سنوره وه‌همیانه تێپه‌ڕێنێت، ئه‌وا پێویسته خۆی له‌و به‌ربه‌سته ته‌قلیدیانه ببوێرێت، كه هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی و لۆژیكیان نییه. وه‌ك ئاشكرایه رزگار بون له داب و نه‌ریته زیانبه‌خشه‌كان كارێكی ئه‌وه‌نده ئاسان نییه، چونكه تاكگه‌رایی (individualism) لای ئێمه‌مانان نه‌قشی نه‌هێناوه. به واتایه‌كی دیكه (من) كاراكته‌ری بنچینه‌یی هاوكێشه‌كان نییه، له بارودۆخێكی وه‌هادا ته‌واوكاری ژن و پیاو سه‌باره‌ت به ژیان نایه‌ته‌دی، ئیتر به هۆی ره‌گه‌زه‌وه مافی ئینسان پێشێڵ ئه‌كرێ. هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵگا سه‌نگی مه‌حه‌كه بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی ژیان. بونیادی كۆمه‌ڵگا، له كۆمه‌ڵێك سیسته‌م پێك دێت و وابه‌سته‌و كاریگه‌رن به‌سه‌ر یه‌كه‌وه، بۆ نمونه سیسته‌می (سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری) به سیستماتیك نه‌بونی ئه‌مانه، به‌ڵگه‌ی هه‌بونی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌قلیدی و ده‌سه‌ڵاتێكی خێڵه‌كییه، له واقعێكی وه‌هادا داب و نه‌ریته زیانبه‌خشه‌كان به چڕی ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌گه‌ر توندوتیژی خێزان به نمونه وه‌ربگرین (هاوسه‌رگیری سازكرا و زۆره ملێتی، به‌شودانی منداڵ یاخود هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته، هاوسه‌رگیری ژن به ژن، به شودان به مه‌به‌ستی ئاگربه‌ست و له جیاتی خوێن، هاوسه‌رگیری مه‌رج بۆ دانراو له لایه‌ن خانه‌واده‌ی كچه‌كه...، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان و جیاكردنه‌وه‌ی ژن و مێرد به خواستی ئه‌وانی دیكه، پچڕاندنی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، ناچاركردنی ژن له‌لایه‌ن مێردیه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی كاری به‌د ره‌وشتی و له‌ش فڕۆشی، خۆكوشتن وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی توندوتیژی خێزان، ناچاركردنی منداڵ بۆ سواڵكردن و كاركردن و بێ به‌شكردنی له خوێندن، له‌بار بردن وه‌ك ده‌رهاویشته‌ی توندوتیژی خێزانی، نه‌ریتی لێدان له ئه‌ندامانی خێزان، سوكایه‌تی پێكردن و جنێودان ... ئازاری ده‌رونی و جه‌سته‌یی و ...)، ئه‌و داب و نه‌ریته زیانبه‌خشانه تا هه‌نوكه به‌رده‌وامیان هه‌یه، چونكه به‌دواداچون و جێبه جێكردنی یاسا له ئاستی پێویست نییه، ته‌نانه‌ت میكانیزمی پێشگیری له سه‌رهه‌ڵدانی زیانه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان تا ئه‌وپه‌ڕی لاوازه، سه‌ره‌ڕای نزمی ئاستی هۆشیاری یاسایی ئه‌وا به‌هۆی رۆتینیاتهوه تاك بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی خۆی له یاسا هه‌ڵدێت و... هه‌روه‌ها بێده‌نگی و چاو داخستنی "داواكاری گشتی" سه‌باره‌ت به داب و نه‌ریته زیانبه‌خشه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه هۆكاری بنچینه‌یی مانه‌وه و درێژبونهوهیانه. به گشتی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه باوه‌ڕیان به پرسی ژن نییه، ته‌نانه‌ت به‌شداری پێكردنی مێیینه له كایه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا ته‌نها بۆ جوانكاری و جۆرێك له رازیكردنی ئه‌م و ئه‌وه، سه‌ره‌ڕای ههوهسپهرستی، چونكه ئه‌وان ئافره‌ت به ناونیشانی یه‌ك ئینسانی پسپۆڕ و كارزان قه‌بوڵ ناكه‌ن. ئه‌گه‌رچی به‌ره‌و واقعێكی دیكه هه‌نگاو ده‌نێین، به‌ڵام نازانرێ به‌ره‌و چ ئاقارێكه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كان نه‌نوسراونه‌ته‌وه، رونتر بڵێم گواستنه‌وه‌یه‌كی عهشوائییه! هه‌روه‌ها سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی، كه بریتیه له په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان تاكه‌كانی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو.خزمه‌تگوزارییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به عه‌قڵی چه‌قبه‌ستو پێشكه‌ش ده‌كرێن. كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیمان ئه‌زمون نه‌كردوه، ته‌نانه‌ت لادێنشینی ناو شارمان هه‌یه و تا ئه‌م كاته‌ش شار نه‌بۆته ئه‌و فه‌زایه‌ی كه هاوڵاتی تیایدا سه‌ر پشك بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزاوت و بزوتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تێیدا بڕسكێن، كه‌واته شار، شاری ئاغایه و ره‌عیه‌تیش كۆیله‌ی ده‌ره‌به‌گه، له‌م واقعه‌دا ژن بێجگه له كه‌نیزه‌كی ئاغا،... ناتوانێ بكه‌رێكی دیكه بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه سه‌رۆك كۆماریش بێت، چونكه فیكری ئازاد نییه.
له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌ژین، كه خودی ئینسان به چاوپۆشین له ره‌گه‌زه‌كه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سانێك وه‌ك ئامراز و دارده‌ستێك به‌كار ده‌هێنرێن و له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیان بێبه‌ش ده‌كرێن، گه‌نج و لاوان قوربانی یه‌كه‌من كه به‌ده‌ست عه‌قڵی خێڵه‌كییه‌وه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. ده‌توانم بڵێم تاك به ناونیشانی مرۆڤ به‌های مرۆڤبونی كاڵ كراوه‌ته‌وه و هه‌قیقه‌تی مرۆڤبونی لێ زه‌وت كراوه.
خودی هه‌ڵاوێردن له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز (نێر و مێ) له‌لایه‌ن هه‌ر دامه‌زراوه و رێكخراوێ، نیاز پاكی لێ به‌دی ناكه‌م، چونكه به‌ر له‌وه‌ی (ژن یا پیاو) بین مرۆڤین. بۆیه پێویسته له گۆشه نیگایه‌كه‌وه له پرسه‌كه بڕوانین، كه بتوانین كه‌رامه‌تی ئینسان بپارێزین. له‌وه زیاتر ژنان له‌لایه‌ن خودی خۆیانه‌وه ده‌كرێن به پردی گه‌یشتن به مه‌رام و ئامانجه تایبه‌تییه‌كانی چه‌ند كه‌سێك،...دابه‌شبونی ژن له‌م هه‌رێمه به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیا‌و حیزب و... هۆكارێكی تری خۆ به كۆیله كردنیانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئامانجه ره‌سه‌نه‌كه‌یان لاده‌ده‌ن. لاوازبونی متمانه له نێوان ژنان و پیاوان به‌ره‌نجامی ئه‌و دوژمنكاریهیه كه له‌لایه‌ن رێكخراو و دامه‌زراوه‌كانی ئافره‌تان... دژ به پیاوان ئه‌نجام ده‌درێت. له جێگای ئه‌وه پێویسته ئه‌مان كاربكه‌ن بۆ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه ژیان و به‌رز نرخاندنی رهنجیاری ژن و پیاو له به‌رامبه‌ر سه‌ختییه‌كانی ژیان له پێناو به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست، كه له رێگه‌ی به‌رز كردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاری به گشتی و خێزان به تایبه‌تی، هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه و پێشخستنی توانا شاراوه‌كانی تاك دێته دی. له بنه‌ڕه‌تدا ژن و پیاو هه‌میشه رهنجیار و... سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌ری یه‌كترن، كارڵ ماركس ئه‌ڵێت: ((ژێرده‌ستی و شوێنكهوتویی ئافره‌ت له سروشت و پێكهاته بایۆلۆژییهكانیهوه سه‌رچاوه ناگرن، به‌ڵكو به‌رهه‌می ئه‌و میكانیزمه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه، كه مێژینه‌یه‌كی ئاشكرا‌و دیاریان هه‌یه و شیاوی گۆڕانن)). |
|
|