Print
 
 ئاژەڵ و مرۆڤ
نوسه‌ر:  ئاریان رەشید شەریف
Sunday, May 10, 2015

مرۆڤ ئەو ئاژەڵەی نکۆڵی لە ئاژەڵبونی خۆی دەکات
مێژو بەردەوام لەهەوڵی ئاشکراکردنی رازی پەیدابونی یەکەمین نیشانەکانی ژیانی سەرزەوی و یەکەمین دەرکەوتەکانی ئادەمیزادو یەکەمین قۆناغی پەیدابونی ژیانی مرۆییە،  زانستی مێژو سەرقاڵی وەها کارێک و دەرئەنجامی وەها پێداویستی و زەرورەتێکە. مرۆڤ بەدوای سەرەتای خۆیدا دەگەڕێت و دەیەوێ رازی یەکەمین ساتەکانی سەرهەڵدان و پەیدابونی بدۆزێتەوە، دەیەوێ خۆی بناسێت لە رێگەی ناسینی رەچەڵەک و نەژادی خۆیەوە، لێرەشەوە مرۆڤ تاکە بونەوەرێکە لەسەر ئەم ئەستێرەیەی ناوی زەویمان لێناوە دەربارەی بنەڕەت و بونی خۆی دەکەوێتە پرسیار، بەمەش شەرەفی هەبونی مێژوی پێدەبڕێت.

ئاژەڵەکان نە داهاتویان هەیە نە رابوردو، ئەوان هەمیشە لە ساتی ئێستادا دەژین، چونکە هیچ دەربارەی رابوردویان نازانن، هیچ هەوڵێکی داهاتوش نادەن، ئەوان نازانن لەبەرئەوەی بێ ئاوەزن، گرنگی بە داهاتو نادەن لەبەرئەوەی هۆشمەند نین، ئەوان لەژێر کاریگەری یاساکانی سروشتدا جموجۆڵ دەکەن و رەمەکە ئاژەڵیەکانییان ئاراستەو رێنوێنییان دەکات. بەپێچەوانەوە مرۆڤ ئەو بونەوەرە هۆشمەندو خاوەن ئاوەزەیە خۆی لە سەرجەم ئاژەڵەکانی تری هاوژینی جیا دەکاتەوە، ئەو بوەیە دەربارەی بونی خۆی دەکەوێتە رازو نیاز، ئەو ئاژەڵەیە دەیەوێت نکۆڵی لە ئاژەڵی بونی خۆی بکات و خۆی بۆ ئاستی خواوەند بەرز بکاتەوە، خواوەندیش داهێنراوی زەینی خۆیەتی. مرۆڤ داهێنەری مۆراڵ و بەهاکانە و لەناخی خۆیدا هەڵگری خەسڵەتگەلی رۆحانی و مەعنەویە، خۆشەویستی و رق و ئیرەیی و بەزەیی و سۆزو قوربانی دان و فریودان و لێبوردەیی و تۆڵەکردنەوەو چەندەها بەهاو رەفتارو رەوشتی تر لە ناخیدا درک پێدەکات خۆی لە میانەی ئەو پارادۆکس و بەهاو خەسڵەتانەوە پێناسە دەکات. ئەو بونەوەرێکە داوەری دەکات و دەیەوێ چاکەو خراپە لێکجیا بکاتەوە، دژایەتی خراپە دەکات و بەدوای چاکەی رەهادا دەگەڕێت. خواوەندیش لای ئەو ئەو بوە ئەزەلیەیە کە بەرجەستەی چاکەی رەها دەکات و هەمو سیفەت و خوە چاکەکانی لە خۆیدا هەڵگرتوە، خواوەند لای مرۆڤ راستی رەهاو چاکەی هەمیشەییە. مرۆڤ لەسەر بنەمای ئایدیاڵی خۆی خواوەندی خۆی دەخوڵقێنیت و لەبەرامبەر خۆی دایدەنێت، ئەو بوە ئایدیاڵیەی لە خۆیدا توانای بەدیهێنانی نییە دەیداتە پاڵ خواوەند، خواوەند روناکیە نەک تاریکی خۆشەویستییە نەک رق و کینە، دادپەروەریە نەک ستەمکاری. بۆ خۆدەربازکردنیش لە مەیلە شەڕانگێزیەکانی و ئارەزو خواستە خراپەکانی – کە بەلای خۆیەوە خراپن – پاکانە بۆ خۆی دەکات و ئەو کارو کردەوانە فڕێدەداتە دەرەوەی خودی خۆیی ، دەیداتە پاڵ بویەک باڵاتر و بەهێزتر لە خۆی، (شەیتان، ئەهریمەن، ئیبلیس) بەرئەنجامی ئەم دۆخە سایکۆلۆجیایەی مرۆڤن.

ئاژەڵەکان نە خودایان هەیەو نە شەیتان نە رابوردویان هەیەو نە داهاتو، ئاژەڵەکان بویەکی بێ مێژون، ئەوان بیرناکەنەوە، بڕیار نادەن، هەڵنابژێرن، کۆمەڵگا دروست ناکەن، دەوڵەتداری ناکەن، خیزان پێک نا‌هێنن، سیاسەت ناکەن، ئەوان تەنها بەو شێوەیە دەژین کە سروشت بۆی دیاری کردون، تەنها وەڵامی رەمەکەکانیان دەدەنەوە، دەخۆن دەخۆنەوە سێکس دەکەن دەحەسێنەوە، بەبێ ئەوەی پلان بۆ ئەم کارانەیان دابنێن. ئەوان هەست بە دەرئەنجامی کارو کردەوەکانیان ناکەن، نەهەست بە شانازی دەکەن و نە بە تاوان، هەستی پەشیمانی و پاشگەز بونەوە هەستگەلێکی نامۆو نەناسراون لای ئەوان، چونکە ئەوان لە بناغەدا هەست بەبەهاو گرنگی ئەو کارانە ناکەن کە ئەنجامی دەدەن. مرۆڤ خۆی لە هاوڕی ئاژەڵەکانی جیا دەکاتەوە و نکۆڵی لە سروشتی خۆی دەکات، هەست کردن بە گوناح و تاوان دوچاری ئازاری سەختی ویژدانی دەکات و سەبوری خۆی بە قوربانی دان دەداتەوە. قوربانی دان زادەی ساتە یەکەمینەکانی تیهزرین و تێڕامانی مرۆڤە، بیرۆکەی قوربانی دان زادەی هەستکردن بە تاوان و گوناهە، زادەی سزادانی خودو تۆڵەکردنەوەی رەفتارە نەشیاو بێزراوەکانی خودی خۆیەتی. قوربانیدان پیویستی بە لایەنی قوربانی بۆ دراوە، پاکبونەوە لە تاوان زاتێکی پاک و بێگەرد کە داوای لیبوردن پەسەند دەکات دەکاتە پێویستی، خواوەند زادەی وەها دۆخێکی ئینسانییە، بیرۆکەی خواوەند دەرئەنجامی هەستکردن بەهەڵەو تاوان و ترس لە سزاو ئەشکەنجەدانە. خواوەند کەفارەتی گوناهەکانی مرۆڤەو چاکەو خراپە ئایدیاڵی سەرەکی بیرۆکەی بونی خواوەندە، پاداشتی چاکەو سزای خراپە دەئەنجامی هەست کردنە بە چاکەو خراپە، تۆڵەی تاوانباران لە هەستکردن بە تاوانەوە سەرچاوە دەگرێت و خواوەند ئەو بوە ئەزەلی و باڵایەیە کە گوزارشت لە باشەی رەها دەکات و لە سەرەوە سەرپەرشتی کارو کردەوەکانی مرۆڤ دەکات. خواوەند بەرهەمی مێژوی ژیانی مرۆڤەو لە نێو رەوتی گەشەکردنی عەقڵ و ئاوەزو هەستەکانی مرۆڤ لە دایک دەبێت، قۆناغی گوستنەوە لە بەربەریەتەوە بۆ شارستانیەت قۆناغی سەرهەڵدانی ئایین و خواوەندە. گرێی هەست بە گوناهکردن خاڵی سەرەتای وێناکردن و نەخشاندنی خواوەندە، مرۆڤ لە هزرو ویژدانی خۆیدا خوای خۆی دروست دەکات و پاشان فڕێی دەداتە دەرەوەی خۆی، چونکە لای ئەو خواوەند گوزارشتە لە چاکەی رەها، بەڵام ئەو هێشتا نەیتوانیوە لە دەستی خراپە قوتار بێت، بۆیە هەست بەگوناهدەکات و بیرۆکەی خواوەند وەکو بەرجەستەکەری چاکەی رەها لە ناخیدا لە دایک دەبێت. بەڵام ئەو ناخە کە هێشتا بۆنی ستەم و ئیرەیی و رق و کینەو کوشتنی لێدێت ناکرێت جیگەی خواوەند بێت بۆیە خواوەند لە شوێنێکی تر وێنا دەکات و سەرزەمین بە جیگایەکی شیاونازانێت، ئەو وێنەی خواوەند بە بڵندتر لە مرۆڤ دەنەخشێنێت و سەری بۆ سەرەوە بەرز دەکاتەوەو ئاسمان بە شوێنی لەبار و گونجاوی ئەو لە قەڵەم دەدات. کردەوە خراپەکانیشی بە نزمتر لە خودی خۆی سەیر دەکات و بۆ ناخی زەمینی دەنێرێت، شەیتان لە ناخی زەویدایە جەهەنم شوێنی ئەوەو ژێر زەوی و دۆزەخ شوێنی لەباری شەیتان و هێزە خراپەکانە. لە میتۆلۆژیای گریکیدا "زیۆس" لە ئاسمانەو گوزارشتە لە باڵا دەستی و بەهێزی ئەو، "هادیس" خوای دۆزەخەو مردوانی ژێر زەوی فەرمانڕەوایی دەکات.

لە چاخی رۆشنگەریدا مرۆڤ شۆڕشێک بەسەر تەرزی بیرکردنەوەی خۆیدا بەرپا دەکات و دەیەوێت خۆی لە وەهم و خەیاڵەکانی ئازاد بکات، عەقڵ دەکاتە سەر مەشق و زانست لە شوێنی خوداو شەیتان دادەنێت، ئەو خودا دەکوژێت و لەگەڵیدا شەیتانیش لە بەین دەچێت، دەیەوی لە بیرەوەری خۆیدا خوداو شەیتان بۆ هەتایە بسڕێتەوە. یاخی بونێک بەرامبەر بەهاو نەرێتەکان بەرپا دەکات و عەقڵی خۆی دەکاتە پێوەری شتەکان، بانگەشەی ئازادی خۆی دەکات و کارەکانی بەبەرهەمی خواستی ئازادانەی خۆی وەسف دەکات. هیچ قسەیەک لە چاکەو خراپە ناکات مادام کردەوەکان لە خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن، ئەوەی ئەو ئەنجامی دەدات راستییەو گوزارشتە لە خودی راستەقینەی خۆی، هەمو کارو کردەوەیەک بەلایەوە ئاسایی و گونجاوە مادام خۆی ئەنجامیان دەدات، مۆراڵیش لە گۆڕێ نەماوە تا داوەری بکات "ئەگەر خودایەک بونی نەبێت هەمو شتێک رێگە پێدراوە". بەڵام ئەم ئازادییە بەرەو پوچگەرایی رێنوێنی دەکات، چونکە ئەو هێشتا لە خودی راستەقینەی خۆی نەگەشتوەو لە خودناسی خۆیدا دوچاری هەڵەو کەموکوڕی بوە. ئەو لە نێوان ئاژەڵ و خواوەندا گیری خواردوەو هێشتا دوالیزمی شەیتان و فریشتە لە قوڵایی بونیدا هەستی پیدەکرێت.

مرۆڤ ئەو بوەیە دەیەوێت لە سروشتی خۆی هەڵبێت و لە پێستی خۆی بێتە دەرەوە، خودا دروست دەکات و پاشان لەناوی دەبا، خۆی دەداتە دەست عەقڵ و شوێنی خواوەندی پێ پڕ دەکاتەوە، بەڵام هەمان عەقڵ روبەڕوی مەترسی لە بەین چونی دەکاتەوەو ژیانی وێران دەکات، ئەو ناتوانێت بەبێ خواوەند بژی و لە قوڵایی بونیدا بۆشایی خواوەند هەست پێدەکات، ئیمان لاوازی دوچاری پەتای نائومێدی دەکات. ئەو بە ئاژەڵێتی خۆی رازی نابێت و لێی یاخی دەبێت، سەرەنجامیش لە نێوان ئاژەڵ و خواوەند، لەنێوان رەمەک و عەقڵ، دوچاری شێتی و دیوانەیی دەبێت.
Sbeiy.com © 2007