|
گۆڕان لەبەردەم لێشاوی پرسیارەكاندا.. ئێوەو ئەوان |
نوسهر: بهختیار شارهزوری
|
Sunday, May 17, 2015 |
ئەگەر گۆڕان لەسەرەتادا هیوای زۆرێك بو بێت، بۆ ئەوەی چاكسازی گشتی بكات، ئەگەر گۆڕان وەك قۆناعێكی نوێ بەشێك بو بێت بۆ بڕینی دۆخی كونكرێتی قۆناعی پێش خۆی، ئەگەر گۆڕان تێكشكاندنی ئەو قەیدە بو بێت، كە وەك بازنەیەك پارتی و یەكێتی دروستیانكرد بو، ئەگەر گۆڕان بەرنامە و ستراتیژ و مۆدیل و پەیكەرێكی جیاواز تر بو بێت، ئەوا ئێستا لەبەردەم لێشاوێكی گەورەی پرسیاردایە، كە پاڵنەری ئەم رەخنەو پرسیارانە، زۆریان لەدڵسۆزیەوەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو دروشمانەی هەڵی گرتبو، گۆڕان لەسەر بنەمای رەحنە دروستبوە، خۆی مەحكومە بە ڕەخنە و پرسیار لە هەموو ناوەندەكانەوە بە تایبەت ئۆرگانەكانی خۆی، بە دیوێكی تردا ئەم پرسیارانە گۆشارێك و چاودێرییەكە بەسەر گۆڕانەوە، بۆیە پرسیارەكە لێرەوە دەست پێ دەكات.. ئایا گۆڕان هێندە وەڵامی پێیە تا تینوێتی ئەم پرسیارانە بشكێنی، ئایا گۆڕان وەڵامی پێیە تا بەرامبەری باوەڕی تەواوی پێ بێكات و بەردەوام بێت لە هاوكاری كردنی ئەم بزوتنەوەیە؟
خۆ ئەگەر گۆڕان سیاسەت و ستراتیژو تاكتیكی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ گەشتن بە ئامانجەكانی، ئەوا سەرەكیترین كاری (ریفۆرمە) لەسەر ئاستی گشتی، لەم نێوەندەشدا ریفۆرمە لەناو دەسەڵات و كۆتایی هێنانە بە باڵادەستی حیزب و دروستبونی حكومەتی دامەزراوەیی و هاوڵاتی، بۆ ئەمەش پێویستی بە تاكتیك و هەنگاوە، دەكرێت بۆ بڕینی كۆمەڵیك خاڵ، چەند خاڵێك بكەیتە قوربانی، گۆڕان بزوتنەوەیەكە دەیەوێت بە بێ خوێن و بە بێ تفەنگ، چاكسازی لەسەر ئاستی گشتی بكات، ئەمەش پێویستی بە كات و كاركردن هەیە، چونكە وەك دەوترێت 22 ساڵە گەندەڵی بوتە سیستم و زۆریك لە جومگەكانی حكومی بەڕێوە دەبات، كەواتە ئەگەر گۆڕان قۆناغێكی نوێ بوبێت ئەوا ئێستا لەبەردەم لێشاوێك پرسیار و فشارێكی قورسی دەنگدەری خۆیەتی .. كەواتە چی بكەین بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە؟
(بەرە و دەسەڵات) ئەو دروشمە بو كە گۆڕان هەڵیگرتبو، لە ئێستاشدا بەشدارە لەحكومەتی بنكە فراوان و بە چەند پۆست بەشدارە، گۆڕان چی كرد؟ گۆڕان هیچی نەكردوە جگە لەچەند پۆستێك؟ گۆڕان ناتوانێت قۆناغی پارتی و یەكێتی تیپەڕێنێ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر روبەڕوی ئەم بزوتنەوەیە بوەتەوە، ئەوەی گۆڕان كردویەتی وەك سەرەتای دەركەوتنی قۆناغێكی نوێ، ئەوە لای دەنگدەرانی ناخوێنرێتەوەو فشارێكی گەورە هەیە، داوای دەستكەوتی زیاتر لەم بزوتنەوەیە دەكرێت، لەنێوان دەنگدەر و لایەنگران و رەخنەگرانی بزوتنەوەی گۆڕاندا سپەسێك دروست بوە، یان با بڵێن وەڵامەكان وەك پێویست ناگاتە هاوڵاتی، یەكەم چاودێر بەسەر بەشداربونی گۆڕان لە دەسەڵاتدا، دەنگدەرەكانی خۆیەتی، لەئێستادا لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی دراسەكراودا گۆڕان دەیەوێت هەمو ئەو كەسانەی لە پۆسەتەكاندان، بهێنێتەوە بەردەم دادگای خەڵكیەوەو بهێنێتە بەردەم هاوڵاتیانەوە , دەتوانین بڵێن لە ئێستادا زۆرترین سیمنارو بەرنامە و جوڵە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بزوتنەوەی گۆڕانە، بە جۆرێك بە هەمو حیزبەكان بە قەد بزوتنەوەی گۆڕان بەرپرسەكانی نەهێناوەتەوە بەردەو هاوڵاتی، بۆ ئەوەی پرسیاری خۆی بكات، هەر لەسەرەتاوە لەمیدیای باژێڕەوانی سلێمانیەوە بەرنامەیەك هەبو كە هەمو وەزیر و پەرلەمامنتار و لێپرسراوەكان بهێنیتەوە بەردەم خەڵك و بەبێ سانسۆر هەمو پرسیارانە بكرێت كە دواجار دەبنە پرسیاری شەقام، ئەم گەڕانەوەیە بۆ بەردەم خەڵك هەمو میدیای مەكۆكانی گرتەوە، دواجار بۆ ئەوە گشتی تر بێتەوە و بچێتە هەموو ماڵێكەوە، لە كەناڵی (کەی ئێن ئێن)ەوە بەرنامەیەك ئامادە كرا، كە هەمو ئەوانەی چی پرسیارێكیان هەیە، روبەڕوی وەزیرەكانی بكەنەوە، بۆ ئەوەی رونتر بێتەوە كە ئایا ئەم وەزیرانە هیچیان كردوە، چی كراوە بۆ ئەوەی حكومەتی هاوڵاتی دروست بكرێت و سەرەتایەك دابنرێت بۆ ئەوەی كۆتای بە گەندەڵی بهێنرێت .
(ئێوە ئەوان) و لەگەڵ داباندا پرسیارە گشتیەكان روبەڕوی وەزیرەكان دەكرێتەوە، كە تاكە سەرەتایە كە بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بە كراوەیی و بێ سانسۆر دەیەوێت بگەڕێتەوە بەردەم داگای خەڵك، ئەمەش وا دەكات كە ئەم بزوتنەوەیە پڕ جوڵەترین حیزب و نزیكترین حیزب بێت لەشەقامەوە .
ئەگەر گۆڕان توانیبێتی :
1. لە بەرامبەر شەڕی داعش و ئەو كێشە دارایی و ئابورییەی توشی كوردستان هاتوە، بوبێتە كۆڵەكەی سەرەكی بۆ كۆتایی هێنان بە فێڕوانی داهات و گێڕانەوەی چەندێن ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی، ئەوا ئەو كەمە موچەیەی دەدرێت ئەگەر گۆڕان نەبوایە چاكسازی و ناچاركردنی پارتی یەكێتی بەم بەرنامانە، ئەوا ئێستا ئەو موچەیەش نەدەبو، سەیری بەرنامەی ئێوە ئەوان بكەن لەگەڵ وەزیری دارایی .
2. گۆڕان توانی رێكکەوتننامەی ستراتیژی هەڵبوەشێنێتەوە، كە كونكرێت كردنی دۆخی هەرێم بوە لە سایەی حكومێكی دابەشكاری و باڵادەستی حیزب و مەسئول .
3. گۆڕان توانی لێپرسراوی لە دەستكەوت و گەندەڵیەوە بگۆڕێ بۆ لێپرسراویەتی هەقیقی .
4. گۆڕان توانی هاوڵاتی و شەقام بكاتە چاودێرێكی سەرەكی بەسەر كۆی دەسەڵاتەوە .
5. گۆڕان توانی ئەو دیوارە بڕوخێنی كە هەر دەبێت كوڕی مسئول و ئاغاكان، بچنە ناوەندەكانی دەسەڵاتەوە، توانی كوڕی هەژار لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوی كەسەكان بنێرێتە ناوەندەكانی دەنگدانەوە .
6. گۆڕان لێپرسراویەتی گۆڕی لە دەستكەوتەوە بۆ بەرپرسیاریەتی .
7. گۆڕان لە هەوڵی یەكخستنی هێزی پێشمەرگەدایە و دەیەوێت هێزێكی نیشتمانی دروست ببێت و جیای بكاتەوە لە حیزب و حیزب دابماڵێ لە پارە و چەك و هەردوكیان بخاتە سەر حكومەتێكی دامەزراوەیی و هەمو هێزەكانی خستونەتە بەردەم ناچار بون بەم پلانە .
8. چەندین پاكێج و پڕۆژەی پێشكەش بە حكومەت كردوە تا كار بۆ چاكسازی بكرێت .
9. پەرلەمانی لە پەرلەمانێكی حیزبی نوستوەوە گۆڕی بۆ پەرلەمانیكی هەمە ڕەنگی چالاك .
چەندین كاری تر، بەڵام دەنگدەری و رەخنە گرەكانی، بەردەوام داوای زیاتر لەم بزوتنەوەیە دەكەن، بۆیە ئێوەو ئەوانی (کەی ئێن ئێن)و سیمینارو گەڕانەوەكان بۆ بەردەم پرسیارەكانی خەڵك، سەرەتای دەركەوتنی باڵادەستی چاودێری شەقام و گەڕانەوە بۆ بەردەم دادگای هاوڵاتیانە. |
|
|