|
له كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی كوردی، لە پڕۆژەکەی گۆڕاندا |
نوسه‌ر: عه‌بدوڵای مه‌لا نوری
|
Monday, May 19, 2014 |
وا دیاره هیچ كات به قه‌ده‌ر ئێستا عێراق له روی سه‌ربازی و ئابوری و سیاسی و په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه لاواز نه‌بوه. عێراقی دوای گرتنی موسڵ و تكریت له لایه‌ن داعشه‌وه ته‌واو جیاوازه، له عێراقی دوای گرتنی رومادی!.
له عێراقی دوای گرتنی رومادیدا ده‌ركه‌وت به‌غدا به‌م ده‌موده‌سته نه‌ك ناتوانێت بیر له گرتنه‌وه‌ی موسڵ بكاته‌وه، به‌ڵكو گومان ده‌كرێت بتوانێت به باشی پارێزگاكانی تریش بپارێزێت، یان هه‌ر له بنه‌مادا شتێك به ناوی پاراستنی ناوچه سونییهكان، له خه‌یاڵی دەسەڵاتدارانی شیعه‌دا نیه.
له عێراقی دوای موسڵ دا ده‌وترا سوپا نه‌ما، بەڵام حه‌شدی شه‌عبی دەبێت، له عێراقی دوای رومادی ده‌ركه‌وت حه‌شدی شه‌عبیش نایه‌وێت، یان ناتوانێت ناوچه سونیه‌كان بپارێزێت!.
به پێی زانیاریه‌كان له ئێستادا ئەرکی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه شیعیه‌كان له‌وه ده‌رچوه بیر له پاراستنی ناوچه سونیه‌كان بكه‌نه‌وه، ئه‌م هێزانه موهیمه‌ی تریان هه‌یه، كه موهیمه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانایه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، له ناوچه شیعیه‌كان دابڕێنراون و خراونه‌ته سه‌ر ناوچه سونییەکان.
شیعه و حه‌شدی شه‌عبی لای خۆیانه‌وه ماده‌ی (140) جێبه‌جێده‌كه‌ن، هه‌ر به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن خه‌ریكی فراوانتركردنی سنوری ناوچه شیعیهكانن، له شه‌ڕه‌كانیاندا پاراستنی سونه ئه‌وله‌ویه‌ت نیه، به‌ڵكو فراوانخوازی خۆیان ئه‌وله‌ویه‌ته.
له‌م دۆخه‌و له‌م عێراقه شێواوه‌دا، ئێمه‌ی كورد چی ده‌كه‌ین؟ پلانمان چیه؟ ئێمه كه هه‌رگیز بیرمان له‌داگیركردنی خاكی كه‌س نهكردوتهوه، چی بۆ خاكه داگیركراوه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین؟ ره‌نگه هه‌ندێك بڵێن ئه‌وه نیه ناوچه‌كه له ئیستادا له ژێر ده‌ستی خۆماندایه، پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا له روی یاساییەوە، له روی سیاسیه‌وه ئه‌مه چ گه‌ره‌نتیه‌كی هه‌یه؟.
له سه‌روبه‌ندی گفتوگۆكان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، چه‌ند جارێك به‌شێك له لایه‌نە شیعیه‌كان به لایه‌نی كوردیان راگه‌یاندبو، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی راده‌گه‌یه‌نن بێ كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان فه‌رمون چی ده‌كه‌ن بیکەن.
پێشتریش ئه‌و موئامه‌ره نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له سه‌ر شۆڕه‌شه‌كانی باشوری كوردستان كراوه، تا ده‌گاته جینۆسایده‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و شوێنه‌كانی تری كوردستان و شه‌هیدبونی ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه و شوێنبزركردنی هه‌زارانی تر و وێرانكردنی زۆربه‌ی خاك و ئاوه‌دانی كوردستان، به‌شی هه‌ر گه‌وره‌ی ئه‌مانه دیسان هه‌ر له پێناو خاكی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان بوه.
به كوردی و به كورتی ئه‌گه‌ر كورد ده‌ستبه‌رداری ناوچه دابڕێنراوه‌كان ببوایه، بێگومان پرسی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی دۆسێیه‌كی ئاسانتر ده‌بو، ره‌نگه رێژه‌ی قوربانیدانی كوردیش به‌م قەبارەیە نه‌بوایه.
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا كه عێراق شێواوه و ئێمه‌ی كورد به ته‌واوی سه‌رده‌می حكومڕانی و دەسەڵاتداری و به هێزی و لاوازی هه‌ردو پێكهاته‌ی سونه و شیعه‌مان ئه‌زمون كردوه و هه‌ڵسه‌نگاندوه، ئه‌مه چی فێركردین؟ چیمان لێده‌خوازێت؟.
به دیاریكراوی له‌م ته‌وقیته‌دا و زۆر به په‌له ده‌بێت كار بۆ ئه‌وه بكرێته‌وه چوارچێهیهكی قانونی و شه‌رعیه‌تێكی سیاسی و كوردستانی به دۆخی ناوچه دابڕێنراوه‌كان بدرێت. پێویسته به فعلی ناوچه دابڕێنراوه‌كان له هه‌مو رویه‌كه‌وه وه‌كو پارێزگاكانی تری هه‌رێم له گه‌ڵ هه‌رێم ده‌مج بكرێت.
پێویسته هه‌رچی زوه هه‌وڵی ئه‌وه بدرێت له رێگه‌ی نوێنه‌رانی كورد و ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیكه كه لایه‌نگری گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕێنراوهكانن بۆ سه‌ر هه‌رێم، چ له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك چ له په‌رله‌مانی عێراق چ له قه‌زا و ناحیەکانی ئه‌و سنوره، به ره‌سمی داوای راپرسی و داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێم بكه‌ن.
هاوته‌ریب پێویسته دڵنیایه‌كی ته‌واو به توركمان و عه‌ره‌به رهسەنهكانی ناوچه‌كه بدرێت كه به هاتنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان فراونتر و پارێزراوتر ده‌بێت و حسابی هاوڵاتی پله یه‌كیان بۆ ده‌كرێت و به‌شداریه‌كی دیار و كارایان ده‌بێت له به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌كانی خۆیان و ته‌واوی كوردستانی باشوری یه‌كگرتودا.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویسته په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌مو رێكاریه سیاسی و قانونی و دیبلۆماسی و سه‌ربازی و ئیداری و ئابوریه‌كان بگره‌نه‌به‌ر و له رێگه‌ی راپرسیهكهوه ئه‌و ناوچانانه بگه‌ڕێننه‌وه.
له پاڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته به تایبه‌ت هه‌ردو ده‌وڵه‌تی توركیا و ئێران له‌وه دڵنیا بكرێنه‌وه كه له گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌من و ئاسایش و به‌رژوه‌ندییه ئابوری و سیاسیه‌كانیان پارێزراوتر ده‌بێت.
ئێستا كاتی ئه‌م بابه‌ته‌یه، ئه‌مه ئه‌ركێكی نیشتیمانی مێژویی گه‌وره‌یه، جگه له‌وه‌ی له رابردودا هه‌مو خێزانێكی كورد له‌و پێناوه‌دا قوربانی داوه، هاوكات به‌شێكی دیار له به‌رنامه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنی هه‌مو حیزبه‌كانی هه‌رێم پێك ده‌هێنێت، به تایبه‌ت پێنج حزبه سه‌ره‌كیه‌كه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌شێت هه‌مو لایه‌ك كار له سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه بكه‌ن، كه له لایه‌ن گۆڕانەوە له كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كاندا خراوه‌ته‌ڕو.
ئێمه ده‌مێكه خه‌ون به ده‌وڵه‌تی كوردیه‌وه ده‌بینین، ده‌مێكه له خهونهكانمادا وه‌كو كۆرپه‌یه‌كی نازدار ناوچه دابڕێنراوه‌كانمان لێدهڕفێنن، خه‌ونی ده‌وڵه‌ت و ژیانمان لێ تاڵ ده‌كه‌ن، ئێستا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كۆرپه نازدارەیه بۆ باوه‌شی دایكی راسته‌قینه‌ی.
دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی كوردی كه له ئاستی خه‌بات و قوربانیهكانماندابێت، به‌نده به گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم.
|
|
|