Print
 
 تێگەیشتن لەڕیفۆرمی ئایینی لەسۆنگەی ژێرخانی مێژوییەوە
نوسه‌ر:  ئاریان رەشید شەریف
Tuesday, May 19, 2015
رۆشنبیرو نوسەرانی کۆمەڵگای ئێمە بەردەوام قسە لەسەر گرنگی و پێویستی ئەنجامدانی ریفۆرمێکی ئایینی دەکەن، هاوشێوەی ئەو ریفۆرمەی لە ئایینی مەسیحیدا لە سەدەی شانزەو لە سەردەمی رۆشنگەریدا بەدیهات. تەنانەت ئەم باس و خواسە تەنها لەسەر زمانی رۆشنبیران و خوێندەواران قەتیس نەبوەو وەکو زمانێکی رۆژانەی خەڵکی ئاساییشی لێهاتوە، خەڵکی بە پەرۆشەوە خوازیاری سەرهەڵدانی چاکسازی بنەڕەتین لە کایەکانی ئایین و دۆخی ئایینداری لەکۆمەڵگای ئێمە، بە تایبەتی دوای پێشهاتەکانی ئەمدوایەو دوای سەرهەڵدانی چەندان گروپ و دەستەی ئایینی توندڕەو و رادیکال، چەندان چین و رێکخراو و کۆمەڵی ئایینی کە لە دیدگایەکی ئایینی پەتیەوە لە دونیاو مێژو کۆمەڵگاو ئینسان دەڕوانن و لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتوریەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەچاوی ئایین و دیدگای تێکستە پیرۆزەکانەوە راڤە بکەن و ژیانی تاک و ژیانی کۆمەڵگاش لە دیدی ئایینی روتەوە چوارچێوە بکێشن.

تەنانەت ئەم باس و خواسە خەونی بەشێکی زۆری رۆشنبیران و نوسەرانی عەرەبیشە لە نمونەی "جۆرج تەرابیشی و محەمەد ئارکۆن و هاشم ساڵح" و چەندانی تر کە چەندین کتێبیان لەمبارەیەوە نوسیوەو چەندین لێکۆڵینەوەو بابەتیان لەسەر پێویستی چاکسازی ئایینی و بەرپاکردنی شۆڕشێکی بنەڕەتی لەسەرجەم کایەکانی ئاییندا خستۆتەڕو. ئەوان بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی لەڕۆژئاوا وەکو سیمبولی بەرخودان و رۆشنگەری و نوێبونەوە و لەدایک بونەوە لەقەڵەم دەدەن و رۆژئاوای دیموکراسی ئەمڕۆ بە بەرهەمی ریفۆرمی ئایینی دەزانن و ئەو بەها مۆراڵی و ئینسانی و کلتوریەی ئەمڕۆ لەرۆژئاوا لەبرەودایە بەدەرئەنجامی حەتمی شۆڕشی چاکسازی ئایینی لە قەڵەم دەدەن. لەو تێڕوانینەشەوە ئەوان خاڵی سەرەتایی و دەسپێکی گەشتن بە هەمان دۆخی ژیاری و ئاشنابون بە هەمان شێوە ژیانی دیموکراسی و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی بە هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی چاکسازی ئایینی وێنا دەکەن ، بەو پێیەی دۆخی ئایینی کۆمەڵگا ئەو ژێرخانە بنەڕەتی و پتەوەیە کە سەرخانی کۆمەڵگای لەسەر دادەمەزرێ .

ئەوەی زیاتر پڕۆژەی چاکسازی ئایینی دەکاتە پێویستیەکی حەتمی ئەو پاشاگەردانی و پەرش و بڵاویەیە لە نێو کایەی ئایینیدا لە کۆمەڵگا ئیسلامیەکان لە ئارادایە. ئەو تێڕوانین و لێکدانەوەو راڤە جۆرارجۆرو فرە چەشنەیە بۆ ئایین و ئاینداری دەکرێت لە نێو ئەو دەوڵەت و کۆمەڵگایانەی تێیدا ئایینی ئیسلام دەسەڵاتدارەو بە جۆرێک لە جۆرەکان ئایین کۆنترۆڵی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتوری کردوە. ریفۆرمێکی بنەڕەتی لە نێو کایەی ئاییندا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنیت ئایین لە دیدو تێڕوانینە دۆگماو چەقبەستوەکان رزگار ببێت و ببێتە موڵکی سەرجەم تاکەکان، خەڵکیش دەستکراوەو ئازاد بن بە ویستی ئازادانەی خۆیان و لەمیانەی بەکارهێنانی عەقڵ و وشیاری خۆیانەوە لە ئایین و ئاینداری بگەن و راڤەی تێکستە پیرۆزەکان و دەقە ئایینیەکان بکەن .

قسەکردن لەسەر خاڵ و بڕگەکانی ریفۆرمی ئایینی و دەستپێکی ئەو ریفۆرمە و گرنگی و بەرئەنجامەکانی وەها پڕۆژەیەک ئامانجی ئەم باسەی من نییە، ئامانجی من لێرەدا قسەکردن نییە لەسەر ماهیەتی ریفۆرمی ئایینی و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو ریفۆرمەو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێنە رێگای وەها پڕۆژەیەک، هەروەکو چۆن ناشمەوێت لێرەدا ناوەڕۆک و جەوهەری بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی لەڕۆژئاوا شیتاڵ بکەمەوەو باس لەو کارو پڕۆژانە بکەم کە ئەم بزوتنەوەیە لەگەڵ خۆیدا هێنایە کایەوە. ئەوەی من لەم باسە کورتەدا دەمەوێ لەسەری بوەستم و قسەی لەسەر بکەم نیشاندانی هەندێ لەو گۆڕانکاری و روداو و پێشهاتانەیە کە پێموایە کاریگەری گەورەیان لە سازکردن و لەبارکردنی زەمینەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ریفۆرمی ئایینی هەبوە .

ئەوەی دەمەوێت لەمیانەی ئەم وتارەدا بیخەمەڕو ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت بەبیرهێنانەوەی خوێنەرو ریفۆرمخوازانی کۆمەڵگای ئێمەیە بەو ژێرخانە مێژویی و بابەتیانەی کاریگەری سەرەکی و گرنگیان لەسەرهەڵدانی ریفۆرمی ئایینی و بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی چاکسازی لەکایەی خوداناسی و خوداپەرستیدا هەبوە لەڕۆژئاوادا . ئامانجی ئەم نوسینەی من ناساندنێکی خێرای تینوانی ریفۆرمی ئاینییە لە کۆمەڵگای ئێمە بەو دۆخ و کەش و هەوایەی زەمینەی سەرهەڵدانی چاکسازی ئایینییان لەڕۆژئاوا رەخساند. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی خەڵکی ئێمەو رۆشنبیرانی ئێمە لەوە تێبگەن بزوتنەوەی چاکسازی ئایینی دەرەنجامی مێژویەکی درێژی ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی و زانستی و کلتوری و بەرمەبنای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی کایەی ئابوری و جوگرافی و ژیاری بوە.  تاوەکو ئێمەش لەمیانەی روداو پێشهات و گۆڕانکاریەکانەوە قسە لەسەر زەمینەی سەرهەڵدانی ریفۆرمی ئایینی بکەین و رادەی شیاویەتی ئەنجامدانی ریفۆرمێکی ریشەییمان لەکۆمەڵگای خۆمان بۆ دەربکەوێت .

ئەگەر بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی بە سیاقە مێژویەکەیەوە گرێبدەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کەوا گەلێک روداو و پێشهات و گۆڕانکاری پێش ئەم مێژوە دەکەون و دەکرێت نەخشی سەرەکیان لەسەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕیفۆرمدا هەبوبێت. ئێمە لەوە دڵنییاین کە ریفۆرمی ئایینی لەسەر دەستی "مارتن لۆتەر" بەدیهات و "جۆن کاڵڤن" یش لەژێر کاریگەری لۆتەر جۆرێکی تری ریفۆرمی ئایینی بەئەنجام گەیاند. لێرەدا بەکورتی باس لە هەندێک لەو پێشهاتانە دەکەین کە لەڕوی مێژوییەوە پێش شۆڕشەکەی "لۆتەر" کەوتون. پێش ئەوەش ناساندنی کورتەیەکی ریفۆرمی ئایینی بە مانا رۆژئاواییەکەی بەخوێنەرانی ئێمە پێویست و گرنگە، تا لەمیانەیەوەو لەڕوانگەی مێژوی سەرهەڵدانیەوە لەروداو و پێشهاتەکانی پێشتر ورد ببینەوە .

"مارتن لۆتەر" لەساڵی (١٥١٧) لە نامە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە لە (٩٥) خاڵ پێکهاتبو ناڕەزایی بەرامبەر "صكوك الغفران- نامەی لێخۆشبون" دەربڕی - کە کەنیسە لەرێگایەوە بەڵێنی بەدەستهێنانی لێخۆشبونی بۆ خەڵک رادەگەیاند لەبەرامبەر بڕە پارەیەک کە خەڵکی دەیاندا بە کەنیسە و کەنیسەش ئەم رێگایەی وەکو ئامرازێک بۆ روتاندنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەی پارەو سامان بەکار دەهێنا- "لۆتەر" ئەو داوایەی پاپا "لیۆنی دەیەم"یشی رەتکردەوە کە داوای پاشگەزبونەوەی لەنامە (٩٥) خاڵیەکەی لێکردبو، دەرئەنجامیش "لۆتەر" کەوتەبەر نەفرەتی "ئیمپراتۆریای رۆمانی پیرۆز" و ئیمپراتۆر "شارلی پێنجەم" فەرمانی نەفیکردنی بۆ دەرکردو لە کەنیسەش بێبەری کراو بە "هرطقة- دەرچوون لە دین" تاوانباریان کرد ، لێرەشەوە شۆڕشەکەی "لۆتەر" هەڵگیرسا ئەوەی دواتر بە "بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی" ناسراو "پڕۆتستانتیزم"ی لێکەوتەوە.

ن لێرەدا جەخت لەسەر هەندێ روداو و پێشهات دەکەمەوە کە لەڕوی مێژوییەوە پێش بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی دەکەون، واتە پێش ساڵی "١٥١٧" ، لەوانە دیدگای فەیلەسوفی ئینگلیزی "رۆجەر بیکۆن" کە فەیلەسوفێکی ئینگلیزی و قەشەیەکی فرانسیسکانی بو، "ڕۆجەر بیکۆن" لە نێوان ساڵانی (١٢١٤-١٢٩٤) ژیاوە واتە سێ سەدە پێش شۆڕشەکەی "لۆتەر". "بیکۆن" بەدامەزرێنەری میتۆدی زانستی دادەنرێت و بە باوکی ئەزمونگەرایی لەقەڵەم دەدرێت، لەڕوانگەی "ڕۆجەر بیکۆن"ەوە ئەزمونەکانی ژیان سەرچاوەی مەعریفەن و مەعریفەی ڕەسەن بەرئەنجامی ئەزمونەکانی ژیانی مرۆڤە، بەمەش گومان دەخاتە سەر هەر حەقیقەت و زانینێک لە دەرەوەی ئەزموون و کاری مرۆڤ بوونی هەبێت، بێگوومان ئەم دیدە تێڕوانینی ئایین بۆ حەقیقەت دەخاتە ژیر پرسیارو روبەڕوی گومانی توندی دەکاتەوە .

كتێبەکەی فەیلەسوفی سیاسی ئیتالی "نیکۆڵا ماکیاڤێلی" بەناوی "الأمير- میر" بەهەمان شێوە پێش شۆڕشەکەی "لۆتەر" دەکەوێت ، "ماکیاڤێلی" لە نێوان ساڵانی (١٤٦٩-١٥٢٧) ژیاوەو کتێبی "میر"ی لە ساڵی (١٥١٣)دا نوسیوە (چوار ساڵ پێش شۆڕشەکەی "لۆتەر"). "ماکیاڤێلی" لەم کتێبەیدا فەلسەفەی سیاسی خۆی دەخاتەڕو، لە ڕێگایەوە هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئایین و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تێڕوانین و دیدگا ئایینیەکان لەوە بخرێن بتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەت و دەوڵەتداری دابنێن ، سیاسەت کایەیەکی سەربەخۆ بێت لە ئایین و ئەخلاق و میر و پادشاکان دەستکراوە بن لە شوێنکەوتنی ئامانج و مەرامە سیاسیەکانیان بەبێ ئەوەی پابەندی ئایین و مۆراڵ ببن . دەسەڵاتی کەنیسەو پیاوانی ئایینیش بەسەر سیاسەت و فەرمانڕەواییەوە بەتەواوی سنوردار بکرێت .

بەهان شێوە کەوتنی "ئیمپراتۆریای رۆمانی رۆژهەڵات" یاخود "ئیمپراتۆریای بێزەنتی" لەلایەن سوڵتانی عوسمانی "محەمەدی دوەم" ناسراو بە "محەمەدی فاتیح" لە ساڵی (١٤٥٣) و گرتنی "قوستەنتینیە" ، یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی مێژوو کە نەخشی سەرەکی لەسەر ئایندەی کەنیسەی کاسۆلیکی بەجێهێشت و پرسیارو گومانی لەسەر ئایینی مەسیحی هێنایەکایەوە. ئەم روداوەش (٦٤) ساڵ پێش پڕۆژەکەی "مارتن لۆتەر" دەکەوێت و دەکرێت کاریگەری لەسەر بیرو ئەندێشەی قەشەو پیاوانی ئایینی کەنیسەی کاسۆلیکی دانابێت و روبەڕوی پرسیارو ئەندێشەی قوڵی کردبێتنەوە. ناکرێت روداوێکی وا گرنگ شۆکی گەورەی لای پیاوانی کەنیسەو ئایندارانی مەسیحی لەڕۆژئاوا دروست نەکردبێت .

دۆزینەوە جوگرافیەکانیش یەکێکی ترن لەو روداوە گرنگ و چارەنوسسازانەی مێژوی رۆژئاوا، کە شوێن پێی خۆیان نەک تەنها لەجیهانی رۆژئاوا بەڵکو لەسەرجەم جیهان و تێکڕای ژیانی مرۆڤایەتی بەجێهێشتوە. ناکرێت دۆزینەوەکانی گەڕیدەی ئیتالی "مارکۆ پۆلۆ" لە کاریگەری بۆسەر ژیانی ئایینی و سیاسی کۆمەڵگای رۆژئاوایی و دونیای مەسیحی نادیدە بگرین . ساڵی (١٢٥٤) ساڵی لە دایک بونی "مارکۆ پۆلۆ"یە و دۆزینەوەی "رێگای ئاوریشم" بەرەو "چین" لە دۆزینەوەکانی ئەوەو گەشتە درێژەکانی بۆ "ئاسیا" چاوی ئەوروپیەکانی لەسەر دونیای سەرسوڕهێنەری "چین" کردەوە. ناکرێت ئەو دۆزینەوە نوێیانە نەخشی سەرەکییان لەسەر ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی رۆژئاوا نەبوبێت و کاریگەریان لە بیروڕای خەڵکدا بەدینەهێنابێت. بەهەمان شێوەش دۆزینەوەکانی "فاسکۆ داگاما"ی پرتۆگالی کە لەسەدەی پانزە ژیاوەو ساڵی (١٤٦٩) لە دایک بوە، کاریگەری توندی لەسەر کلتورو فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دیاریکردوە، "داگاما" یەکەم کەس بوە لە ئەوروپاوە بەرەو "هیند" بە دەریادا گەشتی کردوەو رێگای بەناوبانگی "رأس رجاء الصالح"ی دۆزیوەتەوە، فەزڵی ناسینی ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر زەمینی "ئەفریقا" ناودەبرێت بۆ "فاسکۆ داگاما" دەگەڕێتەوە، بێگومان کاتێک "خەڵکی راهاتو بە ئایینی مەسیحی" بە ئایینی تازەو بیرو ئایدیای نوێ ئاشنا دەبن دوچاری شۆکێکی دەرونی گەورەو دەبن و لە دونیابینی و بیروباوەڕو ئایینی خۆیان دەکەونە پرسیارو گومان. ساڵی (١٤٩٢)ش "کۆمەڵگای مەسیحی ڕۆژئاوایی" توشی سەرسوڕمانێکی گەورە بون کاتێک "کریستۆف کۆڵۆمبوس" دورگەکانی "کاریبی" دۆزیەوەو ساڵی "١٤٩٨" بە قاڕەی ئەمریکا ئاشنا بوو . ئاشنا بونی رۆژئاواییەکان بەو خەڵکەی کە دواتر ناوی "هیندیە سورەکان"یان لێنان لە کەنارەکانی ئەمەریکا شۆک و سەرسامیەکی گەورە بو بۆیان، ئەوان لە نێو دەقەکانی "ئیجیل" و لێکدانەوەو ڕاڤەکردنی پیاوانی کەنیسەوە سەیری دونیاو ژیان و مرۆڤایەتیان دەکردوو ، پێیان وابوو هیچ شتێک لە گەردووندا لە چاوی کەنیسەو پیاوانی ئایینی شاراوە نییە ، هەر بۆیەش دۆزینەوە جوگرافی و زانستیەکان توشی شۆک و لێدانی قورسی دەکردن و روبەڕوی گومان و دودڵی دەکردنەوە .

ئەمانەو چەندین روداوی ترو چەندین دۆزینەوەو پێشهاتی تر، دەکرێت نەخشی سەرەکییان لەسەرهەڵدانی "بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی" دا هەبێت و دەکرێت "مارتن لۆتەر" یەکێک بێت لەو سەدان و هەزاران قەشەو بیریارو پیاوە ئایینی و خەڵکە ئاساییەی کە دوچاری شۆکی دەرونی قوڵ و سەرسامی و سەرسوڕمانی گەورە بوبن. ئازایەتی و ئیرادەی خودی کەسایەتی "لۆتەر"یش ئەوی لەو سەدان و هەزارانە جیا کردۆتەوەو ئەوەی ئەوان درکیان پیکردوەو نەیانوێراوە بیدرکینن و ئاشکرای بکەن، ئەم درکاندویەتی و ئاشکرایکردوە، ئەم دیواری ئەو ترسەی شکاندوەو بیرو ئەندێشەی خۆی لەچوارچێوەی تیۆریاو قسەوە بۆ دونیای پراکتیک تەرجەوە کردوەو شۆڕشی دژی نادادپەروەری و ستەمکاری پیاوانی کەنیسەو قەشەو پاپاو "فەرمانبەرانی ئایینی موقەدەس" راگەیاندوە .

لێرەشەوە بۆ ئێمە گرنگە "بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی" لە سیاقە مێژویەکەیدا بناسین و دراسەی بکەین، گرنگە تێڕوانین و تێفکرینی ئێمە بۆ ریفۆرمی ئایینی بەمانا رۆژئاواییەکەی گرێدراوی مەعریفەو زانیاری ئێمە بێت بەو ژێرخانە ئابوری و بابەتییەی لەو سەردەمەدا رۆژئاوای پێدا تێپەڕیوە. ناکرێت "بزوتنەوەی ریفۆرمی ئایینی" وەکو روداوێکی لە ناکاو و شۆڕشێکی لەخۆوە وێنا بکەین و لە ژێرخان و پیشهاتە مێژویەکەی دایببڕین. دەکرێت ئەم سەرنج و تێبینیانەش روبەڕوی ئەو پرسیارەمان بکاتەوە کە ئایا سەرهەڵدان و ئەنجامدانی ریفۆرمێکی ئایینی لە کۆمەڵگای ئێمە هاوشێوەی ئەوەی لەڕۆژئاوا رویدا لەم کات و سەردەمەدا تا چ رادەیەک گونجاو و شیاوە؟.
Sbeiy.com © 2007