Print
 
 فویلپه‌مپ و حكومه‌ت
نوسه‌ر:  عه‌بدولڕه‌زاق مه‌مه‌ندی‌
Monday, May 25, 2015
فویلپه‌مپ  (Fuel pump) ئه‌و ئامێره‌یه‌ كه‌ به‌نزین له‌تانكیه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ناو مه‌كینه‌ی‌ ئۆتۆمبێل شوفێره‌كان له‌كوردستان ئاشنان پێی‌ بۆیه‌ پێویست به‌ زانیاری‌ ناكات له‌سه‌ری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ‌ بیخه‌ینه‌ڕو ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ن كه‌ به‌هۆی‌ سوتانی‌ یاخود وه‌ستانی‌ ئه‌و ئامێره‌یه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ زۆرترین قسه‌وباسی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌هۆی‌ خراپی‌ به‌نزین و ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌ڵێن خرابی‌ ئۆكتان و جۆریه‌كه‌ی‌ به‌تایبه‌ت له‌ كاتی‌ به‌رزبونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما كێشه‌ی‌ سوتان و وه‌ستانی‌ (فویلپه‌مپ) سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌ و بوه‌ته‌ هۆی‌ زیان گه‌یاندنێكی‌ به‌رچاو به‌ شوفێران و هاوڵاتیان. بۆیه‌ پێویسته‌ بزانین زیانه‌كانی‌ خراپی‌ به‌نزین وكاریگه‌ریه‌كانی‌ چین و كێ‌ لێیان به‌رپرسیاره‌.

یه‌كه‌م: زیانه‌ ئابوری‌ و ماددیه‌كان.. نرخی‌ هه‌ر فویلپه‌مپێک له‌ 25,000 بۆ 45,000 دیناره‌ له‌گه‌ڵ گۆڕینی‌ كرێ‌ ده‌ستی‌ فیته‌ر 20,000 بۆ30,000 به‌پێی‌ جۆر و شێوه‌ی‌ ئۆتۆمبێل و شوێنی‌ تانكی‌ به‌نزینه‌كه ‌ده‌گۆڕێت واته‌ سوتان و له‌كاركه‌وتنی‌ فویلپه‌مپێک به‌لانیكه‌م 50,000 دینار له‌سه‌ر شوفێر ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژێكدا 150 ئۆتۆمبێل له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك فیتپه‌مپی‌ بسوتێ‌ ده‌كاته ‌(7,500,000 دینار)×3 پارێزگا=22,500,000 دینار له‌ڕۆژێكدا×30ڕۆژ=675,000,000 ملیۆن دینار×12مانگ=8,100,000,000 هه‌شت ملیار وسه‌دملیۆن دینار، ئه‌گه‌ر دابه‌شی‌ سه‌ر 2500 خێزانی‌ شه‌هیدانی‌ بكه‌ین هه‌رخێزانێك بڕی‌ 3,240,000 دیناری‌ به‌رده‌كه‌وێت، كه‌ مانگانه‌ بۆ هه‌ر خێزانێك بڕی‌ 270,000دینار موچه‌ی‌ پێ دابین ده‌كرێت بۆ ئه‌و 2500 خێزانه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ جه‌نگی‌ دژه‌داعش بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵ، بێجگه‌ له‌ سوتان و گڕگرتنی‌ چه‌ندین ئتۆمبێلی‌ گر انبه‌ها كه‌ ئه‌وانیش ده‌بنه‌ هۆی‌ زیانه‌ ئابوریه‌كان له‌و وڵاته‌مان ده‌كه‌وێت.

دوه‌م: زیانه‌ ته‌ندروستیه‌كان.. خراپی‌ كوالێتی‌ جۆریه‌تی‌ به‌نزین زۆرترین و مه‌ترسیدارترین زیانی‌ هه‌یه‌ به‌پێی‌ پسپۆڕه‌ ته‌ندروستیه‌ جیهانیه‌كان كاتێك به‌نزین و نه‌وت وه‌ك پێویست پاكناكرێنه‌وه‌ چه‌ندین مادده‌ی‌ مه‌ترسیدار بڵاو ده‌كاته‌وه‌ له‌وانه‌ مادده‌ی‌ (نیكل كه‌ مرۆڤ ژه‌هراوی‌ ده‌كات و توشی‌ مردنێكی‌ له‌سه‌رخۆی‌ ده‌كات, له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی‌ زۆرترین مادده‌ی ‌(دوه‌م ئۆسیدی‌ كاربۆن كه‌ زۆرترین كه‌س توشی‌ نه‌خۆشی‌ ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی‌ ڕه‌بۆ و سه‌ره‌تان په‌نجه‌ شێر ده‌كات، له‌گه‌ڵ چه‌ندان نه‌خۆشی‌ تری‌ درێژخایه‌ن كه‌ ئێمه‌ هه‌ستی‌ پێناكه‌ین ڕاسته‌ و خۆ, بۆیه‌ با بڕۆینه‌سه‌ر زیانه‌ ده‌رونی‌ و گیانیه‌كان.

سێیه‌م: زیانه‌ ده‌رونی‌ وگیانیه‌كان وكاریه‌گه‌ریه‌كانی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان و شوفێران.. زیانی‌ گیانی‌ و ده‌رونی‌ چیه‌ كه‌ به‌هۆی‌ له‌كاركه‌وتنی‌ فیتپه‌مپێك دروست ده‌بن؟ شوفێران باری‌ ده‌رونیان تێك ده‌چێت و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ درێژ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ ده‌بێت و ئه‌حسابی‌ ته‌واو جێگیرنابێت دورنیه‌ توشی‌ كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌بێت، ئینجا مه‌ترسی‌ له‌كاركه‌وتنی‌ فیتپه‌مپ له‌ كاتی‌ تیژڕەوی‌ و تێپه‌ڕیندا جاری‌ وا هه‌یه‌ نێوان شوفێر و مه‌رگ ته‌نها (5چركه‌یه‌) به‌دوواكه‌وتنی‌ ده‌بێته‌هۆی‌ پێكدادان و مردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ كاتێك شۆفێر ده‌ستی‌ كورته‌و بڕی‌ 50هه‌زار دیناری‌ نیه‌ و قه‌ردی‌ ده‌كات و ئێواره‌ ده‌چێته‌وه‌ ماڵ توشی‌ كێشه‌ی‌ خێزانی‌ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێده‌نگی‌ لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار شوفێر وا لێده‌كات كه‌ بیر له‌ هۆكاری‌ دوژمنایه‌تی‌  بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت كه‌ ئه‌وه‌ش خراپترین كاریگه‌ریه‌ به‌ڕای‌ ئێمه‌. بابێینه‌سه‌ر هۆكاره‌كان چین كه‌ به‌نزین وه‌ك دۆلار كوالیتیه‌كه‌ی‌ له‌به‌رزی‌ و نزمیدایه‌؟

چواره‌م: به‌نزین بۆچی‌ خراپه‌..به‌پێی‌ وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرس رێكخراوانه‌ی‌ باس له‌ هۆكاره‌كان ده‌كه‌ن زیاتر په‌له‌كردن له‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ به‌نزین و كه‌م خه‌رجی‌ له‌كاتی‌ پاككردنه‌وه‌ و هه‌رزانی‌ نرخ بۆئه‌وان و كۆنی‌ و دواكه‌وتویی‌ پاڵاوگه‌كان و نه‌بونی‌ (كواڵیتی‌ كۆنتڕۆڵ)ی‌ باش و لێنه‌پرسینه‌وه‌ له‌و خاوه‌ن پاڵاوگه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌.

پێنجه‌م: كێ‌ به‌رپرسه‌ له‌ خراپی‌ كواڵیتیه‌كان به‌گشتی‌ و به‌نزین به‌تایبه‌تی‌؟.. حكومه‌ت وه‌ك باوك و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ وڵات ده‌بێت بزانێت و لێپێچینه‌وه‌ بكات له‌ خراپی‌ كواڵیتیه‌كان و پێویسته‌ پێش هاوڵاتیان ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیان دروست ده‌بێت یاخود ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌ڵێن ئاسایشی‌ خۆراك و ئاسایشی‌ ئابوری‌ وسوته‌مه‌نی‌ چۆن ده‌بێت ئۆتۆمبێل له‌به‌رچاوی‌ حكومه‌ت بسوتێ‌ و خه‌ڵك هاواری‌ لێهه‌ستێت  و كه‌سیش نه‌ڵێت ببورن یاخود به‌رپرسێك نه‌ڵێت ئه‌وه‌ خه‌تای‌ ئێمه‌یه‌ بۆیه‌ من ئیستیقاله‌م دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ توانای‌ چاره‌سه‌ركردنم نیه‌.

شه‌شه‌م: چۆن چاره‌سه‌رده‌كرێت.. به‌ڕای‌ ئێمه‌ پێویسته‌ كوالێتی‌ كۆنتڕۆڵ به‌هێزبكرێت و لیژنه‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ و داواكاری‌ گشتی‌ بێنه‌ ده‌نگ و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هۆكاربن بیانده‌نه‌ دادگا، و خه‌ڵكی‌ و رێكخراوه‌كانیش فشاری‌ مه‌ده‌نی‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت توندتربكه‌ن و به‌ئاگای‌ بێننه‌وه‌.

حه‌وته‌م: ئایه‌ قه‌ره‌بوی‌ هاوڵاتیان ده‌درێته‌وه‌و ده‌كرێته‌وه‌؟.. پێكه‌نینم دێت كاتێك خه‌مخۆران و رێكخراوه‌كان داواده‌كه‌ن هاوڵاتیان قه‌ره‌بوبكرێنه‌وه‌ به‌هۆی‌ زیانلێكه‌وتنیان ئێمه‌ تائێستا قه‌رەبوی‌ ئه‌نفال و كیمیاباران و ماڵوێرانیمان وه‌رنه‌گرتوه‌ تا حكومه‌ت ئیجبار بكرێت قه‌ره‌بوی‌ فویلپه‌مپمان بۆ بكاته‌وه.
Sbeiy.com © 2007