Print
 
 هه‌ده‌په؛ هیوایەک بۆ یەکگرتنی نەتەوە!
نوسه‌ر:  ئاسۆ حامدی
Monday, May 25, 2015
هەڵبژاردنەکان لە تورکیا ئەمجارە بۆ کورد مانایەکی تری هەیە، نەک هەر بۆ باکور بەڵکو بۆ هەمو پارچەکانی کوردستان هەروەها تاقیکردنەوەیەکی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵا ئۆجەلانە لە سیستەمی بیرکردنەوەی ئەم دواییانەی دا.

هەدەپە ئەمجارە هیوایەکە بۆ گەل، دەمیرتاش و فیگەن کە هەردوکیان هاوسەرۆکی حیزبن، سیمبۆلی ئەم هیوایەن، بە هەماهەنگ لەگەڵ جەماوەری بەرفراوانی حزبی هەدەپە و گەلانی چەوساوەی تورکیا بە تورک و عەرەب و ئەرمەنی و کوردو هەمو نەتەوەو مەزهەبیەکانی تر.

کورد لەتورکیە فازی زۆری بڕیوە، لە قەدەغەکردنی زمان و بێ مافی و رەتکردنەوەی نەتەوایەتی چوەتە قۆناغی خۆ هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار و لە ناوەندی پەرلەمان باس لە قوربانیانی رۆبسکی دەکات و شێرە ژنی وەکو گوڵتان کشناک بە ئەفسەری تورک دەڵێ بو تۆپراک بانن دەیل (ئەم خاکە هی باوکت نیە). هەرچەندە ئەفسەرەکە خەڵاتکراو و سەرۆک وەزیران وتی ئەوەی بەردی دژی پۆلیس هەڵگرت بێ شەرەفە مەبەستی ئایسەل تگلوک (ئەندام پەرلەمان) بو. بەڵام فیدان لێی هاتە دەنگ و وتی دەبێ سەرۆک وەزیران داوای لێبوردن بکات. ئەمانە هەمو فازێکی تر لە ژیانی کورد لە تورکیە نیشان دەدەن. نەکەوتنی کۆبانی و هاتنە سەرشەقام و شەهید بونی دەیەها کەس لەم پێناوە شکستی ئاکەپە و ئەردوگان بون کە هەردەم دەیانگۆت کۆبانی کەوتووە و تەواو. لە پراکتیکدا کورد یەک دەنگ بو، دەمیرتاش گوتی گەل سەبری نەما و هەموان هاتنە سەر شەقام ئەوەیە ڕابەری و دیاریکردنی کاتی مناسب و هەڵویستگرتن. کورد ڕابەری وای پێویستە. لە هەمان کات پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان وەک هێزی پالپشت بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان هەستان و هاتنە مەیدان. هەروەها هەڵوێستی پەرلەمان و سەرکردایەتی کورد هەڵوێستێکی جوامێری بون. بە ئاڵای کوردیەوە هێزەکانیان بە ناو تورکیە بۆ کۆبانی چون ئەمەش لە ئاستی ئەنتەرناسیونالی زۆر گرنگ بون. ئەمڕۆش دەبێ بە هەمان روحیەتەوە بێ. کە گەل هاودەنگە و یەک نەتەوەیە.

ئەم تەوقیتە نابێ تێکبدرێ کە کورد یەکگرتو و یەک دەنگی هەیە و دەبێ هەردەم  کار بۆ یەک دەنگی بکرێ، نە دەبێ قورئان بەرزکردنەوەی ئاردۆغان هەڵمانخەلەتێنی و نەک شەڕی براکوژی و دوبارە دوبەش بون و سەنگەر لێکگرتن پەرتمان بکات. ئەو دۆخەی لە کێلەشین رویدا، خزمەت بە کورد و ئامانجەکانی ناکات. دەبێ هەرزو ئەم ماجەرایە کۆتایی پێ بێ و خەڵکی کوردیش موسڵمان بێ یان نا پێویستی بە قورئانەکەی ئاردۆغان نیە و قورئان پیرۆزی خۆی هەیە، خەڵکی باش دەزانن کە بۆ مەرامی سیاسیە و بەس.

هێزەکانی پاراستنی گەل لە داقوق و کەرکوک و مەخمور و شەنگال و کۆبانی و جەزیرە لە دژی دوژمنانی کورد لە مەیدانن و قوربانی دەدەن. هێزەکانی هەدەپە لە هەوڵی بڕینی ئەو ڕادەیەی کەنعان ئیڤرینن کە دژی دیموکراسیە و گەل لەتورکیا و ئەوروپاو ئوسترالیا و کەنەداو ئەمەریکا هیوای لە بڕینی ئەم سەدا دەیەیە کە دانراوە. کورد دەبێ هەمو ئاواتی ئەم دەسکەوتە بێ لەم دەورانەدا کە هەم ئاشتی و هەم دیموکراسی پەرەپێدەدا و هەم شەڕ لە گەلەکەمان دور دەیەختەوە.

ژنانی کورد لەم نێوەدا رۆڵی گرنگیان هەیە و هەمویان لەڕیزی پێشەوەن بۆ ئازادی کە ئەمەش مۆدێلێکی نوێی ئەم هێزەیەو دەکرێ بە گشتی بکرێتەوە و قازانجی زۆر بەگەل دەگەیەنی، هەدەپە هیوای ئەوانی لە خۆی گرتووە وەک هیوای هەموو چەوساوەکان لە تورکیە، ئەم تاکتیکەی هەدەپە بۆ ئەمڕۆی میللەتی کورد باشترین چارەی مامناوەندیە لەم دەورانە هەڵچون و سەرکوتەی رۆژهەڵاتی ناوەندا.

دەنگدانی هەمو کوردان بە هەدەپە شانسی ئەم دەسکەوتانەی کورد لە تورکیا زیاتر دەکەن. ئەگەر وابڕوات ئەوە هەدەپە ئەم ڕادەیە دەبڕێ و ئاکەپە لە کوردستان شکست دێنێ، بەڵام لە پەرلەماندا گرفتەکان قوڵتر دەبن و کارەکانی پەرلەمانتاران قورس و ترسناک دەبێ. ئەمەش بۆ ئەوانەی خۆیان پاڵاوتووە رۆشنە، گەلی کورد دوای ئەم مێژوەش دەچێتە فازێکی تر، کە پێشکەوتنی نەتەوە دەگەیەنێ وەک رۆژنامەنوسێکی عەرەب نوسی لە دوای نەورۆزی دیاربەکرو بانگەوازی ئۆجەلان تورکیا هەر هی تورک نیە. بۆیە دەبێ دەستور بگۆڕدرێ کە ئەمەش خەباتی هەموانی دەوێ، تا ئەمڕۆش ئیستەنبوڵ گەورەترین شارنشینی کوردیە و مەڵبەندێکی گرنگە بۆ نەتەوەی کورد چ لە مێژووی کۆن و چ لە ئایندەدا هەروا دەمێنێتەوە. تەقسیم ئیعتراز و ڕاپەڕینی کوردانی لێنابڕێ.
Sbeiy.com © 2007