Print
 به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شه‌پێدانی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆنفرانسێك له‌هه‌ولێر به‌رێوه‌چو
Tuesday, September 13, 2011

(سبه‌ی‌):
پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) به‌به‌شداری‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س له‌ مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕ و شاره‌زایانی بواری گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆنفرانسی گه‌شه‌پێدانی‌ گه‌شتوگوزار به‌رێوه‌چو.
مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌و كۆنفرانسه‌ رایگه‌یاند: له‌م كۆنفرانسه‌دا له‌ ماوه‌ی 2 رۆژدا ئاماده‌بووان له‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی پلانی ساڵانه‌ و پرۆژه‌كانی گه‌شته‌وه‌ری و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ ناو فه‌رمانگاكانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار و ئاماده‌كردنی یاسای گشتی گه‌شتوگوزار به‌ شێوه‌یه‌كی ورد گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
وتیشی‌: ئامانج له‌ به‌ستنی كۆنفرانسه‌كه‌ش بۆ گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزاره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راسپارده‌ و پێشنیازانه‌ی له‌ لایه‌ن به‌شداربوانی كۆنفرانسه‌كه‌ گه‌ڵاله‌ ده‌كرێت، ستراتیجیه‌تی گه‌شتوگوزار له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ سه‌میر عه‌بدوڵا وه‌زیری‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزار  رایگه‌یاند: زۆر گرنگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ وردتر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌شت و گوزار هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، چونكه‌ به‌رنامه‌دانان بۆ پێشخستنی‌ كه‌رتی‌ گه‌شتوگوزار ته‌نیا كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهات نیه‌، به‌ڵكو جگه‌ له‌  هه‌وڵدانمان بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ تر سه‌ره‌ڕای‌ بونی‌ داهات، ده‌مانه‌وێ‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ پێشكه‌وتنی‌ بواره‌كانی‌ تر هه‌بێت، ئه‌مه‌ش پێویستی‌ به‌پلانی‌ ستراتیجیه‌تی‌ دورمه‌ودا هه‌یه‌.

هه‌ژار ئه‌نوه‌ر

Sbeiy.com © 2007