Print
 بیمه‌ی بێکاری، ئه‌و خوێندکاره‌ کوردانه‌ ناگرێته‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم خوێندنیان ته‌واوکردوه‌
Wednesday, September 14, 2011

(سبه‌ی):
بیمه‌ی‌ بێكاری له‌هه‌رێمی کوردستان‌ كه‌ بۆ ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان دابینكراوه‌، ئه‌و ده‌رچوانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان ته‌واوکردوه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی‌ لای‌ ئه‌و ده‌رچوانه‌ دروستكردوه‌.
شه‌هله‌ حه‌یده‌ر، که‌ ده‌رچوی‌ زانكۆی‌ به‌غدایه‌ به ‌(سبه‌ی‌) راگه‌یاند: من هاوڵاتیه‌کی دانیشتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانم و كوردم، به‌ڵام پێیان وتم پێدانی‌ 150 هه‌زاره‌كه‌ی‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ تۆ ناگرێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زانكۆی‌ به‌غدا ته‌واو كردوه‌.
ناوبراو نیگه‌رانی‌ خۆی‌ پیشاندا، به‌وه‌ی‌ وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مامه‌ڵه‌كانی‌ كردبو، له‌كۆتاییدا پێیان وتبو دابینكردنی‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ و دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ كاره‌وه‌ دابین كراوه،‌ ئه‌و ناگرێته‌وه‌.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ حه‌سیبه‌ عه‌لی‌، كه‌ له‌شاری‌ كه‌ركوك په‌یمانگای‌ ته‌واو كردوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئه‌و كاره‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، دژ به‌ خوێندكارانی‌ كورده‌ كه‌ له‌شاره‌كانی‌ تری‌ عێراق زانكۆ و په‌یمانگایان ته‌واو كردوه‌ و هه‌روه‌ها دوباره‌ ته‌عریبكردنه‌وه‌یه‌.
له‌لای خۆیه‌وه‌ عه‌باس ئه‌كره‌م، به‌ڕێوبه‌ری‌ راگه‌یاندنی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و رێنماییه‌ی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رچوه‌، پێدانی‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نیه‌، كه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ عێراقیان ته‌واو كردوه‌، جگه‌ له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
ئه‌وه‌شی وت: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كه‌سانه‌ دانیشتوی‌ هه‌رێمیش بن، به‌ڵام  كه‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ شاره‌كانی‌ تری‌ عیراقیان ته‌واو كردوه‌، ئه‌وا به‌پێی رێنماییه‌كان ئه‌و 150 هه‌زار دیناره‌ی‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ نایانگرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ک ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش، پێویسته‌ ته‌مه‌نیان‌ له‌ 36 ساڵ كه‌متر نه‌بێت.


هێژا محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007