Print
 ئاژانسی ناسا: رودانی بومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌هێز له‌ رۆژی 26/9دا بنه‌مای زانستی نییه‌
Sunday, September 18, 2011

(سبه‌ی):
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکه‌ میدیا جیهانییه‌کان، به‌پێی پێشبینی پرۆفیسۆرێک ئاماژه‌ به‌ ‌رودانی بومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌هێز ده‌که‌ن له‌رێکه‌وتی 26-9-20111، له‌به‌رامبه‌ردا ئاژانسی ناسا ئه‌و جۆره‌ ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌و به‌ هاوشێوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌کانی رابردوی داده‌نێت، له‌باره‌ی کۆتایی ژیان له‌ساڵی 2012دا.

پروپاگه‌نده‌ی ئه‌مجاره‌ له‌لایه‌ن پرۆفیسۆرێک به‌ناوی ئه‌لکسانده‌ر ریبروڤه‌وه‌ دێت، که‌ له‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیدا رایگه‌یاندبو، به‌هۆی بونی هه‌ساره‌یه‌کی بچوک به‌ناوی لینین که‌ هه‌ر 10 هه‌زار ساڵ جارێک به‌ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه‌، گه‌ر بێتو ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌مان هێڵی زه‌وی و خۆر بوه‌ستێت ئه‌وا به‌هۆی که‌ڵه‌که‌بونی وزه‌یه‌کی زۆره‌وه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌هێز له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کی جیاوازی گۆی زه‌وی روده‌دات.

ئه‌و پرۆفیسۆره‌ باسی له‌وه‌شکردوه‌:
• له‌رێکه‌وتی 27-2-2010 دا به‌هۆی راوه‌ستانی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ له‌ئاستی خۆر و زه‌وی، بومه‌له‌رزه‌که‌ی وڵاتی چیلی رویداوه‌.
• هه‌روه‌ها به‌هه‌مان هۆکار له‌رۆژی 4-9-2010 دا بومه‌له‌رزه‌یه‌کی دیکه‌ وڵاتی نیوزله‌ندای هه‌ژاندوه‌.
• له‌رۆژی 11-3-2011 به‌هۆی دوباره‌ وه‌ستانی ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ له‌ ئاستی زه‌وی و خۆردا بومه‌له‌رزه‌که‌ی ژاپۆن رویدا.

 
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ئه‌و پرۆفیسۆره‌ له‌ماوه‌ی رابوردودا رایگه‌یاندبو، بومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌هێز له‌ رۆژی 17-8-2011 دا له‌ناوچه‌کانی ئالاسکا و سانفرانسیسکۆ روداده‌ت، ئه‌وه‌بو پێشبینیه‌که‌ی راست ده‌رچو.
ئه‌و پرۆفیسۆره‌ رونیکردوه‌ته‌وه‌ له‌ 26-9-2011 ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ هاوتا ده‌بێت له‌گه‌ڵ زه‌وی و خۆردا و ماوه‌ی 0،38 کیلۆمه‌تر له‌زه‌وییه‌وه‌ دورده‌بێت،‌ ئه‌وه‌شی وت: گه‌ر بێت و هه‌ساره‌که‌ له‌ نزیکی 2.0 کیلۆمه‌تره‌وه‌ بێت له‌گۆی زه‌وی، ئه‌وا بومه‌له‌رزه‌که‌ به‌گوڕی 9 پله‌ی رێخته‌ر ده‌بێت و هێزی راکێشانی تیشکی خوارو سور ده‌گاته‌ 25 هێنده‌، له‌ زه‌ریای هێمنیشدا گوڕی بومه‌له‌رزه‌که‌ بۆ 12-15 پله‌ی رێخته‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
له‌هه‌مان کاتدا هه‌ریه‌ک له‌وڵاتانی نیوزله‌نداو ژاپۆن و چین و ئیندۆنیسیا و کۆریا و روسیا و که‌ناره‌کانی خۆرئاوای ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کان، روبه‌ڕوی ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یه‌ ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ک پله‌ی گه‌رمای زه‌ویش بۆ 60 پله‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و ماوه‌ی 3 رۆژیش خۆر له‌سه‌ر زه‌وی ده‌رناکه‌وێت.
له‌به‌رامبه‌ردا ئاژانسی ناسای ئاسمانی، له‌ بایه‌ننامه‌یه‌کدیدا سه‌باره‌ت به‌و هه‌ساره‌یه‌ رایگه‌یاندوه‌، هه‌مو ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌ رودانی بومه‌له‌رزه‌ی به‌هێز ده‌که‌ن هیچ بنه‌مایه‌کی راستی نیه‌ و هه‌مو ئه‌و هه‌واڵانه‌ش ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ به‌و مه‌به‌سته‌ بڵاوکراونه‌ته‌وه‌.
هاوکات ده‌سته‌ی فه‌له‌کی سعودیه‌ و به‌شی فه‌له‌کی یانه‌ی قه‌ته‌ری له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا هه‌مو ئه‌و هه‌واڵانه‌یان ره‌تکرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌که‌ی 26-9-2011 که‌ ئه‌و پرۆفیسۆره‌ شیکردنه‌وه‌ی بۆ کردوه‌.
له‌به‌یاننامه‌که‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕو، هه‌ساره‌ی لینین له‌ ده‌ره‌وه‌ی خولگه‌ی خۆره‌ و له‌کاتی سوڕانه‌وه‌شیدا به‌ده‌وری خۆر، دوری نێوان ئه‌و هه‌ساره‌یه‌و زه‌وی ته‌نها 34ملیۆن کیلۆمه‌تره‌ و ئه‌و هه‌ساره‌یه‌ش له‌ خۆڵ و سه‌هۆڵ پێکهاتوه‌، له‌کاتی نزیکبونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ خۆردا، قه‌باره‌که‌ی بچوک ده‌بێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007