Print
 به‌هۆی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه، ره‌نگه‌ خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بدرێته‌ که‌سایه‌تییه‌کی عه‌ره‌ب
Monday, October 3, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ ستۆکهۆڵمی پایته‌ختی سوید رێوره‌سمی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ بواری پزیشکی ده‌ست پێده‌کات و له‌رۆژانی دواتریشدا خه‌ڵاته‌کانی بواری فیزیا و کیمیا و ئه‌ده‌ب دابه‌ش ده‌کرێت.
بڕیاره‌ له‌رێکه‌وتی 7ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویژ خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی پێشکه‌ش بکرێت، هه‌روه‌ها له‌ 10ی مانگدا خه‌ڵاتی بواری ئابوری پێشکه‌ش ده‌کرێت.
لیژنه‌ی دیاریکردنی که‌سیاته‌ییه‌کان بۆ به‌خشینی خه‌ڵاته‌کان له‌تیمێکی نه‌رویژی پێکهاتوه‌، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌شی پاڵێوراون بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و خه‌ڵاته‌ 241 پاڵێوراوه‌، پێشبینیش ده‌کرێت خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بدرێته‌ که‌سایه‌تییه‌کی عه‌ره‌بی دوای ئه‌وه‌ی ساڵی پار به‌خشرا به‌ (لیۆ جیاباو)ی هاوڵاتی چینی.
ئه‌و که‌سایه‌تیه‌ عه‌ره‌بییانه‌ی که‌ پێشبینی ده‌کرێت خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی وه‌ربگرن بریتین له‌، (لینا بن موهه‌نی)ی نوسه‌ری تونسی و (وائیل غه‌نیم)ی چالاکوانی میسری و چه‌ندین که‌سایه‌تی و نوسه‌ری دیکه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ ده‌سپێکی مێژوی خه‌ڵاتی نۆبڵ له‌ساڵی 1901 ه‌وه‌ تا ئێستا، 776 پیاو بونه‌ته‌ خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ و له‌به‌رامبه‌ریشدا 41 ئافره‌ت ئه‌و خه‌ڵاته‌یان به‌ده‌ستهێناوه‌.

Sbeiy.com © 2007