Print
 په‌رله‌مانتارێکی عێراقییه‌: کۆبونه‌وه‌ی رابردوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بێهیوای کردین
Thursday, October 6, 2011

(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتارێکی لیستی عێراقییه‌ بێهیوایی لیسته‌که‌ی پیشان ده‌دات به‌رامبه‌ر کۆبونه‌وه‌ی رابردوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی عێراقدا، که‌ له‌ماڵی سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ڕێوه‌چو، هاوکات بۆ به‌شداریکردن له‌ کۆبونه‌وه‌ی داهاتوش داوای گه‌ره‌نتی ده‌کات.
محه‌مه‌د خالیدی، له‌لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی (این) رایگه‌یاند: چاوه‌ڕوانمان ده‌کرد له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا سه‌رجه‌م دۆسیه‌کان و ئه‌و کێشانه‌ی به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا ماوه‌ته‌وه‌، یه‌کلایی بکرێنه‌وه‌، به‌ڵام به‌وشێوه‌یه‌ ده‌رنه‌چو.
ئه‌وه‌شی وت: لیسته‌که‌مان به‌شداری کۆبونه‌وه‌ی داهاتو ناکات ئه‌گه‌ر بێتو پێشوه‌خته‌ گه‌ره‌نتی پێنه‌درێت بۆ سه‌رکه‌وتنی کۆبونه‌وه‌که‌و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان.
خالیدی، ره‌خنه‌ی له‌و کۆبونه‌وانه‌ گرت، ته‌نها بۆ چاوپێکه‌وتن ده‌به‌سترێن و ئامانج لێیان چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان نییه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌کۆبونه‌وه‌ی شه‌وی سێشه‌ممه‌ی نێوان سه‌رۆکی کوتله‌ سیاسییه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق، ته‌نها باس له‌وه‌کرا راهێنه‌ره‌ ئه‌مه‌ریکییه‌کان له‌عێراق بمێننه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007