Print
 ئه‌پڵ، دوای مردنی سه‌رۆکه‌که‌ی
Thursday, October 6, 2011
(سبه‌ی):
مردنی (ستیڤ گۆبز)ی، سه‌رۆکی جێبه‌جێکاری پێشوی کۆمپانیای ئه‌پڵ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و پێشبینی ده‌کرێت، کاریگه‌ری خراپی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و کۆمپانیایه‌و رێخۆشکه‌ر بێت بۆ رکابه‌ره‌کانی دیکه‌ی‌ بۆ گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ئاست و تواناکانی ئه‌پڵ له‌بواری ته‌کنه‌لۆژیادا.
له‌وباره‌یه‌وه‌ سایمۆن لیۆن، سه‌رۆکی وه‌به‌رهێنانی سندوقی بۆلاریس ده‌ڵێت؛ له‌ ئێستادا هیچ که‌سێک ناتوانێت جێگه‌ی (ستیڤ گۆبز)، له‌کۆمپانیای ئه‌پڵدا بگرێته‌وه‌.
چاودێرانیش پێیانوایه‌ له‌ کیشوه‌ری ئاسیادا، داهاتوی کۆمپانیای سامسۆنگ په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ کۆمپانیای ئه‌پڵه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی کۆمپانیای سامسۆنگ ئه‌و ئامێرانه‌ی به‌رهه‌می ده‌هێنێت نزیکه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌پڵه‌وه،‌ به‌جۆرێک له‌ ئێستادا سامسۆنگ خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی جۆره‌ کۆمپیوته‌رێکه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی ئای پاد.
ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ نێوان کۆمپانای سامسۆنگ و ئه‌پڵ وایکردوه‌، داهاتی کۆمپانیای سامسۆنگ له‌ ساڵی رابردودا بگاته‌ 115 ملیار دۆلار و داهاتی کۆمپانیای ئه‌پڵیش 345 ملیار دۆلار بوه‌.
هه‌روه‌ک پسپۆرانی بواری ته‌کنه‌لۆژیاش پێیانوایه‌؛ ‌دوای مردنی (ستیڤ گۆبز)، هه‌ریه‌که‌ له‌ گه‌وره‌ کۆمپانیاکانی گوگڵ و مایکرۆسۆفت و سامسۆنگ و فه‌یسبوک، هه‌وڵ ده‌ده‌ن جێگه ‌به‌ کۆمپانیایی ئه‌پڵ لێژ بکه‌ن و سه‌رو ریزبه‌ندی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن.
به‌ڕای ئه‌و پسپۆڕانه‌، له‌ ئێستادا مه‌ترسی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه،‌ ئایا ئه‌پڵ ده‌توانێ به‌هه‌مان توانا و هێزه‌وه‌ کێبڕکێ بکات، یاخود له‌داهاتودا به‌بێ (ستیڤ گۆبز)، ئه‌پڵ ده‌بێته‌وه‌ کۆمپانیایه‌ی ئاسایی.
Sbeiy.com © 2007