Print
 ئه‌یاد عه‌لاوی، جارێکی تر ره‌تیده‌کاته‌وه‌ پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ته‌ باڵاکان وه‌ربگرێت
Thursday, October 6, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆکی ئیئتیلافی عێراقییه‌، له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا که‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری به‌غدا به‌ڕێوه‌چو، رایگه‌یاند: دوای تێپه‌ڕبونی نزیکه‌ی ساڵێک به‌سه‌ر رێککه‌وتننامه‌که‌ی هه‌ولێردا، تا ئێستا شه‌راکه‌تی نیشتیمانی له‌ حکومه‌تی عێراقدا به‌دینه‌هاتوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ڕه‌رای خراپی بارودۆخی ئه‌منی وڵات و بونی گه‌نده‌ڵیه‌کی زۆر و به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێکاری.
وتیشی: تاکڕه‌وی له‌بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵات، نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ له‌سه‌ر دروستی دیموکراسی و فره‌ ره‌نگی سیاسی و داهاتوی سیاسی وڵات دروست ده‌کات.
عه‌لاوی وێڕای هۆشداریدان له‌خراپبونی دۆخی وڵات و گه‌یشتنی به‌ دۆخێکی نه‌خوازراو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، که‌ "به‌هۆی نه‌بونی شه‌راکه‌تی نیشتیمانی راسته‌قینه‌ و پابه‌ندنه‌بون به‌ رێکه‌وتننامه‌که‌ی هه‌ولێر، وازهێنانی خۆی له‌و پۆسته‌ راگه‌یاندوه‌".
ته‌ئکیدی له‌وه‌شکردوه‌ته‌وه‌، که‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ کارکردن له‌ریزی لیستی عێراقییه‌ و حیزبه‌که‌ی (ویفاقی نیشتیمانی)داو له‌ جه‌ماوه‌ریش دانابڕێت.
جێی ئاماژه‌یه‌ پێشتریش عه‌لاوی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبو، ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی باڵای سیاسه‌ته‌ ستراتیژییه‌کان ده‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نوری مالیکی، سه‌رۆکی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی که‌مته‌رخه‌م بوه‌ له‌ پیکهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا.

Sbeiy.com © 2007