Print
 جەمال غەمبار لە ئێوارە کۆڕێکی شێعری مالمۆدا
Saturday, October 8, 2011

(سبه‌ی):
ئێوارەی دوێنێ هەینی جەمال غەمباری شاعیر لە کۆڕێکی شیعریدا هەندێک قەسیدەی خۆی بۆ شێعر دۆستانی سکۆنە لە مالمۆ خوێندەوه‌.
لە کەشێکی هێمن و رۆمانسیانەدا ئامادەبوان گوێ بیستی شیعرەکان و دەنگی مۆسیقا ببون کە ئاوازێکی پاییزانەی ئەدا بەڕۆح.. شیعرەکان  گەشتێک بون بە جیهانی پەپولانەی مناڵی و گومانە ئەزەلیەکانی مرۆڤ لە سروشت و نهێنی گرێ کوێرەی مردن، کە مرۆڤ هەمیشە لەفۆرمی جیاجیای مەرگەکانەوە بیر لەماڵئاوایی خۆی لەبوون و ژیان ئەکاتەوە.
غوربەت کە پانتاییەکی فراوانی هەبو هاواری رۆح بو لە تەنیایی و نامۆبونی مرۆڤ لە تاراوگە و لەنیشتمانیش.
فاتیمە ئەو غەدرەی زۆر باوکی ئێمە بۆ سپیکردنەوەی شەرەف (بەمانا کلتوریە کلاسیکیەکە) ناچار پارچەیەکی جگەری خۆی ئەبڕێت و لەساتی کوشتنەوە، خۆی ئەکاتە بەندێکی هەتا هەتایی ویژدانی، یەکێک لە دو بەهێزترین شیعرەکانی کۆڕەکە بو، لەگەڵ قەسیدەی ئەنفال، وێناکردنی تراژیدیانەی ئەو کارەساتە بو لەفۆرمێکی شیعری بەرزدا کە چیرۆکەکانی مەرگی بەفر و گەرمیانی گەلی ئێمەی لە بیابانی لمی عەرعەری تژی بە کەڵبە تیژەکانی بەعس ئەگێڕایەوە، کە خوا و تراکتۆرەکان تە نها گەواهی چیرۆکەکانی پاش ئەو کۆمەرگەن کە لە چاڵەکانی ئە نفال و بەکەوچکی شۆفڵ نێژران.
جێی ئاماژه‌یه‌ کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوان و گەنجانی کوردستان لەسوید کەرتی مالمۆ، بەهاوکاری رێکخراوی فۆکوس -ئەی لە دانیمارک ئەم کۆڕەیان ساز کردبو، بە کامێرای فیلمی چوار گیراوە و بەمنزیکانە لە کۆنتۆی مالمۆکورد لەیوتوب بڵاو ئەبێتەوە.

Sbeiy.com © 2007