Print
 سلێمانی‌: سبه‌ینێ‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاکاندا دابه‌شده‌كرێت
Tuesday, October 11, 2011
(سبه‌ی):
وه‌زاره‌تی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا که‌ کۆپییه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کردوه‌، وا بڕیاره‌ وه‌ك قۆناغی‌ یه‌كه‌م رۆژی چوارشه‌ممه‌ 12-10-2011 بیمه‌ی‌ بێ‌ كاری‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگا حكومیه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا‌ دابه‌شبكرێت.
هاوکات ئاسۆس نه‌جیب، وه‌زیری‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ رایگه‌یاندوه‌: له‌ سنوری‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ بیمه‌ی‌ بێكاری‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگا حكومیه‌كان له‌فه‌رمانگه‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ چاودێری‌ خێزان دابه‌شده‌كرێت، كه‌ له‌ 1-9ه‌وه‌ بۆیان ئه‌ژمار كراوه‌و بڕه‌كه‌ی‌ بریتیه‌ له‌ 150 هه‌زار دیناری‌ مانگانه‌.
وتیشی: مه‌رجه‌ ئه‌و ده‌رچوه‌ی‌ سودمه‌ند بێت له‌بیمه‌ی‌ بێ‌ كاری‌ هاوڵاتی و دانیشتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێت، ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگاكانی‌ حكومی‌ بێت، ته‌مه‌نیشی‌ له‌ 36 ساڵ زیاتر نه‌بێت و هیچ كارێكی‌ نه‌بێت له‌كه‌رتی‌ گشتی‌ یان كه‌رتی‌ تایبه‌ت.
له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌، به‌م نزیكانه‌ له‌هه‌ولێر و دهۆكیش بیمه‌ی‌ بێ‌ كاری‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی‌ زانكۆ و په‌یمانگاکاندا به‌هه‌مان شێوه‌ دابه‌شده‌كرێت.
ئه‌وه‌شی تێدا هاتوه‌: تا ئێستا (20720) ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگا فۆڕمی‌ بیمه‌ی‌ بێ‌ كاریان پڕكردۆته‌وه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش له‌سنوری‌ پارێزگای هه‌ولێر، كۆیه‌، سۆران، چۆمان، مه‌خمور، مێرگه‌سور، ته‌قته‌ق و رواندز، (8045) فۆڕم پڕكراوه‌ته‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌لار، رانیه‌، ده‌ربه‌ندیخان و چه‌مچه‌ماڵیش (6248) ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگا فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه‌.
له‌سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆك و ئاكرێ‌ و ئامێدی‌ و زاخۆش، (6427) ده‌رچوی‌ زانكۆ و په‌یمانگا فۆرمی‌ بیمه‌ی‌ بێ‌ كاریان پڕكردۆته‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامه‌.
Sbeiy.com © 2007