Print
 وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا
Thursday, October 13, 2011

(سبه‌ی):
وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت: "ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخێكدا ده‌كه‌ین كه‌ به‌سه‌ر‌ چه‌ندین ئه‌گه‌ری جیاوازدا كراوه‌یه‌، خۆشمان بۆ هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كان ئاماده‌كردوه‌. هه‌ر كاتیش هه‌ستمان كرد دۆخه‌كه‌ به‌ره‌وه‌ چه‌قبه‌ستن ده‌ڕوا، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها وه‌ك ته‌ماشاكار نامێنینه‌وه‌".
له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سبه‌ی که‌ سبه‌ینێ (هه‌ینی) بڵاوده‌کرێته‌وه‌، د.شاهۆ سه‌عید وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت: "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی، هه‌ندێ جار روداوی دروستكردوه هه‌ندێ جاریش مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ روداودا كردوه‌، له‌ ماوه‌ی دو ساڵی ته‌مه‌نیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی دروستكه‌ری روداو ده‌ركه‌وتوه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ 25/7دا ئیراده‌ی گۆڕان نه‌خشه‌ی سیاسی گۆڕی، مێژوی كوردستانی كرد به‌ دو به‌شه‌وه‌، مێژوی پێش‌ 25/7 و مێژوی پاش 25/7، ئیتر له‌ زه‌ینیه‌تی هه‌ندێ كه‌سدا دروستكردنی روداو بوه‌ته‌ پێناسی گۆڕان".
سه‌باره‌ت به‌یاننامه‌ 7 خاڵییه‌که‌ی گۆڕانیش د.شاهۆ ده‌ڵێت: "به‌یاننامه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشبینییه‌ك بو بۆ په‌ره‌سه‌ندنی دۆخی كوردستان به‌ئاڕاسته‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زاییدا له‌گه‌ڵ پاكێجێك له‌ پێشنیازدا بۆ رێگرتن له‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌. له‌ سه‌ره‌تای به‌یاننامه‌كه‌دا سه‌رنجی رای گشتی و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێممان بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ شه‌پۆلی ناڕه‌زایی دژی سته‌م ئیستبدادو گه‌نده‌ڵی ناوچه‌كه‌ی ته‌نیوه، كوردستانیش به‌ده‌ر نیه‌ له‌ ئیراده‌ی گۆڕانكاری و به‌ده‌ریش نیه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و سته‌م، ئه‌وه‌ بو ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی خراپ وه‌ڵامی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئێمه‌ی دایه‌وه‌. پێشبینیه‌كه‌ی ئێمه‌ راست ده‌رچو به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی تائێستاش دۆخه‌كه‌ به‌ كراوه‌یی به‌سه‌ر هه‌مو ئه‌گه‌ره‌كاندا ماوه‌ته‌وه‌، پاكێجه‌كانی ئێمه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ به‌ئاماده‌یی ماونه‌ته‌وه‌".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ ده‌وترێت گۆڕان کێشه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵحدایه‌، وته‌بێژی گۆڕان ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ راست نیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌به‌رزترین پله‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزیدایه‌ زۆرترین به‌رپرسیارێتی له‌م قۆناغه‌دا ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و، ئینجا خۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ته‌نها نوێنه‌رایه‌تی خۆی ناكات، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی عه‌قڵیه‌تیكی سیاسی ده‌كا كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی ده‌ده‌ین، هه‌روه‌ها پاسه‌وانی له‌ سیستمێكی سیاسی ده‌كا كه‌ ده‌بێ بگۆڕدرێ، واته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا پاشان پاسه‌وانه‌كه‌ی".

Sbeiy.com © 2007