Print WWW.SBEIY.COM
 باڵانسی سیاسی لە کورستان
ئاسۆ حامدی
29/12/2013

بۆئەوەی کۆمەڵگایەکی ئارام و خۆشگوزەران بیناسازی بکرێت، ئەوە دەبێ هاوسەنگی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری، ژینگە، فەرهەنگی لە کۆمەڵگادا هەبێت.

فاکتەرە سەرەکیەکان بۆ باڵانسی کۆمەڵگا؛
١.فاکتەری ناسیونال (فاکتەری ناوەخۆ)
٢.فاکتەری ئەقلیمی (فاکتەری دەرەوە)
٣.فاکتەری ئەنتەرناسیونال (فەکتەری دەرەوە)
لە ناوەخۆ باڵانسی کۆمەڵگا خۆی لە هەمو چۆنایەتیەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، چۆناییەتیش بریتین لە؛
چۆنایەتی ئابوری، چۆنایەتی سیاسی، چۆنایەتی کۆمەڵایەتی، چۆنایەتیەکانی ژینگە، چۆنایەتی پرۆسێسەکان (سیستەم و بەڕێوەبردن).

لە کوردستان ناهاوسەنگی لە هەمو مەیدانێکدا هەیە بچوکترین نمونە، موچەی کرێکاران و فەرمانبەران و موچەی ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەریەکان، نا هاوسەنگی لە نەخشەسازی شارەکان وگەڕەکە کان جیاوازیەکی زۆریان هەیە. بەنمونە کەم ئەندامەکان هیچ حسابیان بۆ ناکرێ لە نەخشەسازی باڵەخانە و شارەکاندا. ئەم جیاوازیانە لە هەمو دایرە و قوتابخانە وسیستەمی پەروەردە و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان هەستیان پێدەکرێت.

ئەم هەمو جیاوازیانە لە کەلتوری کۆمەڵگا و کەلتوری رێکخراوەیی تا رەگی کۆمەڵگا چون. هەمو کەس لەم کۆمەڵگایە هەستیان پیدەکات و رەزالەتی بە هەمو بێ ماف و کەم دەرامەتەکان و خەڵکی هەژار دەدەن. ئەم هەمو نا تەباییە کە لە ئاستەکان هەیە خەڵکی هەست بە پەیوەندی و بڕوابون بە دەسەڵات و حیزب و رێکخراوەکانی کەم دەکاتەوە، مرۆڤەکان توشی سینیزم دەبن و بون. هەمو ئەم خەلکانە لە نێو واقعی کۆمەڵگادا هەمو ئەم جیاوازیە و نایەکسانیە هەست پێدەکەن. بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئارام و خۆشگوزەران هەبێ دەبێ ئەم پێشمەرجانەی کە بوەتە هۆی دروستکردنی ئەم نایەکسانیە لەبەین ببردرێن. ئەمەش پەیوەندی بە چۆنیەتی سیستەم و ستراتیژ و کەلتور و رێکخراوبون لە کۆمەڵگادا هەیە.

ئەم هێزە ناوخۆیە کاتێ یەکگرتو دەبێ کاتێ کە خەڵکی لە کوردستان هەستی نەتەوایەتی و ئینتمای نەتەوییان لە واقع بە عەمەلی بۆ رون بوەوە. خەڵکی دەبێ لە پراکتیکدا هەست بە نەمانی ئەم جیاوازیانە بکەن یان لانی کەم کەم ببێتەوە.

چاکسازی لە کۆمەڵگا و بونی هاوسەنگی لە چۆنایەتیەکانی کۆمەڵگا لە گرەوی هاتنە مەیدانی کۆمەڵانی خەڵکە بە هۆشیاری و دیموکراسی لە رێگای دیالۆگ و دور لە توندوتیژی دایە. هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆن و هەم هاوڵاتیان ماف و ئەرک و لێپرسراویەتیان هەیە. بەڵام بەداخەوە لەم نێوەدا هەر دەسەڵات لەم نێوەدا تجاوز بە ماف و ئەرک و لێپرسراویەتی دەکا، هەم ئۆپۆزسیۆنێکی کارا نەیتوانیوە ئەلتەرناتیڤی دروست بخاتەڕو، هاوڵاتیان هەردەم قوربانین.


ئەگەری دامەزراندنی حکومەتی بنکەفراوان هەیە، یەکێ لە هەرە ناڕۆشنیەکان و دڵەڕاوکێیەک کە کۆمەڵانی خەڵک هەی بێ نەبونی چاودێریەکی جدیە لە کاروبارەکانی حکومەت، چونکە ئۆپۆزسیۆنێ نیە لە رێگای شەقام و لە رێگای هێزەکانیەوە بتوانێ بەربەرەکانێ حکومەت بکات. ئەم مۆدێلە لە حوکمکردنە بۆ دەسەڵات خۆشترین مۆدێلە، بەڵام بۆ کۆمەڵانی خەڵک نا چالاکترین مۆدێلی حوکمە، چونکە حکومەتێکی بێ رکابەرییە و هەموان لە دەسەڵاتدان و دابەشکردنی دەسەڵاتە لەگەڵ سەرمایەی کۆمەڵایەتی (خەڵکی وای بۆ دەچن _ رەنگە هیچ بنەمایەکی نەبێ). ئەگەر حکومەتی بنکەفراوان توانی بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ و پتەو بینابکا ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە لەم دەورانەدا، بەڵام ئەمە قورسترین ئەرکە لەمکاتەدا.

پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، یەكلاکردنەوەی هەمو گرفتە مێژوی و سیاسی و ئابوری و خاک لەگەڵ حکومەتی عێراقی بەناو فیدراڵی، مەسەلەی سنور و هێزەکانی تری نێو کوردستان بەتایبەت لە ناوچە کانی ماددەی ١٤٠دا.

حکومەتەکانی عێراقی و ئێرانی و سوری و تورکی هەمویان هەماهەنگ کار بۆ شکستی کیانێکی نەتەوەیی دەکەن. میللەتی کورد بە نا یەکگرتوی لە هەمو ناوچەکانی خۆیدا ناتوانێ لەم دەورانە باڵانس لەگەڵ دراوسێکانی بپارێزێ. دوژمنان یەکرتون و گەل پەرتەوازە.

نەبونی دیپلۆماسیەتیكی کوردی لەم دەورانەدا و ناهاوسەنگی لە تواناکانی ماددی و سەربازی و دیپلۆماسی بەنمونە ئێرانیەکان و تورکەکان لەم نێوەدا کێشەکانیان لەلایەک دەگوزنەوە بۆ کوردستان لەلایەکی تریش لە هەوڵی خواردن و بردنی پارچە خۆشەکەی کێکی وزەی کوردستاننن. کورد وەک نەتەوە هەماهەنگ نیە لەم دەورانە و لە لایەکی تر مەوقعیەتی ئێران لە ناوچەکە لەگەڵ تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەندا رۆشنە، کە چ کاریگەریەکیان هەیە هەر لە کێشەی ئیسرائیل و عەرەب، شۆڕش لە سوریا، لە کوردستان و میسر و ...هتد.

رەنگدانەوەی ئەم نا هاوسەنگیە لە ناوخۆ، لە ئەقلیم بە خستنەبەری هەمان نا هاوسەنگی لە ئەنتەرناسیۆنال بۆ مەقعیەتی گەلی کورد دروستکردوە. هەڵوێستی دیپلۆماسیەتی کوردی و هەژاری لەم نێوەدا بوەتە هۆیەکی گرنگ بە لەدەستدانی لایەنگری و هاوسەنگی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا. لەلایەکی تریش وڵاتانی زلهێز هەردەم بەئاشکرا دەڵێن قازانجی بەرزی نەتەوەیی وڵاتانی خۆیان دۆست و دوژمنانی وڵاتەکانیان دیاری دەکەن و هیچ دۆست و دوژمنێکی هەمیشەییان نیە، تەنها قازانجی بەرزی نەتەوەیی بەردەوامیان هەیە.

ئەگەر حکومەتی ئایندەی کوردستان کاربکات بۆ هاوسەنگی کۆمەڵگا دەبێ لە خۆیەوە دەست پێبکات و لە چوار خاڵی سەرەکی ستراتیژ و کەلتور و سیستەم و رێکخراوبون بە بەرنامەی دروست و کارنامەی دروست. هێرشە دەرەکیەکان لەسەر کۆمەڵگای کوردستان زۆر زۆرن و هەمەلایەنن، نەک هەر مەسەلەی سەربازی و تیرۆر و هێرش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، نەک هەر مەسەلەی سنور و ناوچە دابڕاوەکان، بەڵکو سیاسەتەکانی ناوەخۆ و مەسەلەکانی وزەو سامانە نەتەوەییەکان و داهاتی نەتەوەیی و داهاتی تاکەکان و مەسەلەی پەروەردەو خوێندن و مرۆڤ وەک سەرمایەیەکی سەرەکی و گرنگ لە کۆمەڵگادا. ئەوەی گرنگی پێبدرێ گۆڕین لە کەلتور و باوەڕێکە کە مرۆڤ ئەسیر و بێکار و بێ بەرهەم دەکات، کۆمەڵگا دەکاتە کۆمەڵگایەکی بەرخۆری. هەروەها مەسەلەی گرنگیدان بە دیپلۆماسیەتی نەتەوەیی و کارکردن بۆ هاوتەبایی و یەکترقەبوڵکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەقلیم و نەتەوە جیاجیاکاندا. بەڵام بەم شێوەیە کارکردنەی ئێستا ئەم هەمو وەزعانەی هەیە زۆر زەحمەتە هیچی لێ سەوز ببێت.

لە نا باڵانسەوە بۆ باڵانس قوربانی لە هەموان دەوێ، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیان، بەڵام بەشی شێر بەر دەسەڵات دەکەوێ، هێشتا زوە حوکم لەسەر حکومەتی بنکە فراوان بدەین لە چوار ساڵی ئایندەدا، بەڵام مێژو شەرم لە کەس ناکات.