Print WWW.SBEIY.COM
 سیناریۆی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ زۆرینه‌
سیروان ره‌شید
20/08/2007
ره‌وشی‌ سیاسی‌ عیراق به‌ قۆناغێكی‌ زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، به‌ جۆرێك ده‌توانین بڵێین هیچ كاتێك عیراق وه‌ك ئێستا به‌و شێوه‌یه‌ تووشی‌ ته‌نگژه‌ی‌ سیاسی‌ نه‌بووه‌.

دواین هه‌وڵی‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و كاریگه‌ره‌كانی‌ عیراق پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و بوو له‌ نێوان كورد و شیعه‌دا بۆرزگاربوون له‌و ئیفلیج بوونه‌ سیاسیيه‌ی‌ عیراقی‌ تێكه‌وتووه‌.

ئه‌گه‌ر چی‌ تائێستا هیچ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و ئیقلیمی‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ره‌ نوێیه‌ی‌ عیراقی‌ نه‌كه‌وتۆته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك چاودێرانی‌ سیاسی‌ و هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانی‌ عیراقی‌ پێیان وایه‌ به‌ره‌كه‌ رێككه‌وتنێكی‌ "شیعی‌ و كوردی"یه‌ و ناتوانێت به‌بێ‌ پێكهاته‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ تری‌ عیراق كه‌ سوننه‌یه‌ قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ببات، چونكه‌ زۆر به‌ی‌ قه‌یران و كیشه‌كانی‌ عیراق په‌یوه‌سته‌ به‌سوننه‌وه‌.

له‌ڕاستیدا یه‌كێك له‌ سیناریۆ به‌ هێزه‌كان كه‌ ئه‌م به‌ره‌ نوێیه‌ كاری‌ له‌سه‌رده‌كات، دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تێكی‌ زۆرینه‌ و كارپێنه‌كردنی‌ سیستمی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانییه‌ له‌داهاتوودا، ئه‌م سیناریۆیه‌ش نزیكترین ئه‌و خیاراتانه‌یه‌ كه‌ په‌نای‌ ده‌برێته‌به‌ر، به‌وه‌ش قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌ شێوازی‌ حوكمڕانی‌ له‌عیراقدا ده‌ستپێده‌كات،

له‌كاتی‌ نووسینی‌ ئه‌م وتاره‌دا ئه‌ندام پارله‌مانێكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌به‌غداوه‌ پێی‌ وتم چوارلایه‌نه‌كه‌ی‌ ناوبه‌ره‌ی‌ میانڕه‌و له‌دوای‌ ته‌واوبوونی‌ گفتوگۆگانیان هه‌وڵی‌ گۆڕینی‌ حكومه‌تی‌ ئێستاده‌ده‌ن و حكومه‌تێكی‌ نوێ‌ له‌ بیست و پێنج وه‌زیر پێكده‌هێنن و مالیكیش هه‌رده‌كرێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌ندام پارله‌مانه‌كه‌ هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی‌ پێڕاگه‌یاندم كه ‌له‌نێوان وه‌زیراكاندا جگه‌ له‌وه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ له‌و چوار حزبه‌ ده‌بن، هه‌وڵیش ده‌درێت سێ‌ كه‌سایه‌تی‌ سوننه‌ی‌ ته‌كنۆكراتیش وه‌زاره‌تیان بدرێتێ‌ .

به‌ڵام ئایا به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و ده‌توانێت وا به‌ ئاسانی‌ ئه‌و كاره‌بكات؟ له‌وه‌ڵامدا ده‌توانین بڵێین نه‌خێر، چۆن؟.

پێكهاته‌كانی‌ ناو به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و كه‌ له‌ چوار حزبی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردی‌ و شیعی‌ پێكهاتوون هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ راگه‌یاندنییه‌وه‌، به‌ به‌ره‌یه‌كی‌ تایفی‌ له‌نێوان كورد و شیعه‌دا ناوزه‌ندكرا، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ناتوانین بڵێین ئه‌و به‌ره‌یه‌ كۆكراوه‌ی‌ هه‌موو كورد و شیعه‌شه‌، چونكه‌ قورساییه‌كی‌ باشی‌ شیعه‌ و كورد هێشتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌و به‌ره‌یه‌ش قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و چوار حزبه‌ی‌ ناوی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه ‌به‌ره‌كه‌ به‌ره‌یه‌كی‌ حزبییه ‌و له‌نێوان ئه‌و چوار حزبه‌دا وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌تی‌ نێوانیان به‌ستراوه‌، به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ره‌كه‌ كۆمه‌ڵێك حزب و لایه‌نی‌ گرنگ هه‌ن كه‌ قورساییه‌كی‌ باشیان له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ عیراقدا هه‌یه‌ و ئه‌و لایه‌نانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌رپرسی‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگا گرنگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تن، تیایاندایه‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌كانی‌ عیراقن، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ نزیكه‌ی‌ نیوه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ پارله‌مانیان به‌ده‌سته‌ (به‌ره‌ی‌ ته‌وافوق 43 كورسی‌، لیستی‌ عیراقییه‌ 25 كورسی‌، ره‌وتی‌ سه‌در 25 كورسی‌، حزبی‌ فه‌زیله‌ 15 كورسی‌، دیالۆگی‌ نیشتمانی‌11 كورسی‌،

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ 5 كورسی‌، موساڵه‌حه‌ و ته‌حریر3 كورسی‌، ریسالیون 2 كورسی‌، رافیده‌ین و حه‌ره‌كه‌ی‌ ئێزیدی‌ 2 كورسی‌)، كه‌واته‌ له‌ كۆی‌ 275 كورسی‌ پارله‌مانی‌ عیراق لایه‌نه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و 131 كورسییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ 45% ی‌ ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ پارله‌مانی‌ عیراق، هه‌رچی‌ حزبه‌كانی‌ به‌ره‌ی‌ میانڕه‌ویشه‌ خاوه‌نی‌ 144 كورسی‌ پارله‌مانه‌.

له‌كاردانه‌وه‌یه‌كیشدا دوای‌ راگه‌یاندنی‌ به‌ره‌كه‌ عه‌دنان دلێمی‌ ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ كۆنگره‌ی‌ ئه‌هلی‌ عیراق، كه‌ دووه‌م حزبی‌ گه‌وره‌ی‌ ناو لیستی‌ به‌ره‌ی‌ ته‌وافوقه‌ وتی‌: "ته‌وافوق به‌ نیازه‌ به‌ره‌یه‌كی‌ به‌هێز له‌و حزب و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ناو به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و دروستبكات به‌ مه‌به‌ستی‌ رووخاندنی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی"‌.

به‌سه‌رنجدان له‌سه‌ر قورسایی‌ ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ دیاره‌ ژماره‌یه‌كی‌ باشی‌ كورسی‌ پارله‌مان و پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌رییان له‌ ناو گه‌لی‌ عیراقدا هه‌یه‌، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زه‌حمه‌ته‌ به‌ره‌ی‌ میانڕه‌و به‌ته‌نها و به‌و پێكهاته‌یه‌ی‌ ئێستایه‌وه‌ بتوانین چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و ئه‌منیی‌ بكات، به‌ دوریش نازانرێت كه ‌ئه‌و به‌ره‌یه‌ توندوتیژی‌ و توندڕه‌وی‌ زیاتری‌ به‌دوادابێت .