Print WWW.SBEIY.COM
 تەماشای‌ ناوەوەی‌ هۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکەی‌ داعش بکە
02/05/2015 18:49:23
(سبەی):
بەرپرسی پەیوەندییەكانی هوتێل نەینەوا ئۆپڕۆی، رایدەگەیەنێت؛ رێكخراوی داعش هوتێلە پێنج ئەستێرەییەکەی‌ کردوەتەوە کە گەورەترین هوتێلی شاری موسڵە و لە حوزەیرانی‌ رابردوەوە داخراوە.
سەعد ئەحمەد، ئەوەی‌ خستوەتەڕو کە رێكخراوی داعش لەگەڵ كردنەوەی هوتێلەكە، ناوەكەی لە ئۆپڕۆی بۆ "هوتێلی میراتگران" گۆڕیوە و بە دانیشتوانی موسڵی راگەیاندوە، دەرگای هوتێلەكە بەرویاندا كراوەیە، بەڵام دەیان چەكداری رێکخراوەکە پاسەوانی دەكەن .
هوتێلی نەینەوا ئوپڕوی لە ساڵی (1986) لە موسڵ كراوەتەوە و لە (11) نهۆم پێكهاتوە و گەورەترین هوتێلی شاری موسڵە و بەیەکێک لە هۆتێلە گەورە و بەناوبانگەکانی‌ عێراق دادەنرێت، لە ساڵی (2003)یش کرایە بارەگای گشتی هێزەكانی ئەمریكا و دوای کشانەوەی سوپای ئەمریكا، وەزارەتی گەشتوگوزاری عێراق بە گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای سۆمەر بۆ وەبەرهێنان دوبارە نۆژەنیكردەوە و كرا بە هوتێلێكی پێنج ئەستێرە.
لە حوزەیرانی‌ رابردوەوە و دوای‌ هێرشی‌ چەکدارانی‌ داعش و کۆنتڕۆڵی‌ شارەکە، (نەینەوا ئۆپرۆ)ی‌ بەڕوی‌ میوانان و خەڵکی‌ شارەکەدا داخرا، بەڵام بە وتەی‌ بەرپرسی پەیوەندییەكانی هوتێلەکە لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەی‌ داعش و بە دوبارە کردنەوەی‌ دەرگاکانی‌ وەک لە وێنەکانیشدا دەردەکەوێت دەیان كەس لە دانیشتوانی موسڵ لەگەڵ خێزانەكانیان سەردانیان کردوە، بەڵام بە رەچاوکردنی‌ رێنماییەکانی‌ رێکخراوەکە و پۆشینی‌ جل و بەرگی پەسەندکراوی‌ خۆیان.