کاتى لێپرسینەوە و سزادانى گەندەڵکارانە

(سبەى):
قەیرانى دارایى هەرێم کە نزیکەى ساڵێکە بەردەوامى هەیە، کاریگەرى راستەوخۆى کردوەتە سەر زۆرینەى خەڵک بەتایبەتى فەرمانبەران و دەست و پێیەکانى حکومەتیشى بەستوە، بەڵام ئەو دۆخە سودێکیشى هەیە بەوەى لێپێچینەوە لە بەهەدەردان و گەندەڵیەکانى رابردو بەشێوەیەکى بەرفراوان دەستیپێکردوە و وەزیرى دارایى هەرێمیش رایدەگەینێت بە کردارى چاکسازى دەستپێکردوە.

پەردە لەسەر گەندەڵیەکانى (23) ساڵى رابردو هەڵدەدرێتەوە
لەماوەى رابردودا لایەنە پەیوەندیدارەکانى چاودێریکردن بە پەرلەمان و چاودێرى دارایى و دەستەى دەستپاکى هەرێمەوە هەڵمەتێکى بەرفراوانیان دەستپێکردوە بۆ چارەسەرى دۆخەکە و سوککردنى ئەو فشارە داراییەى لە ماوەى (23) ساڵى رابردودا حیزبە فەرمانڕەواکان خستویانەتە سەر شانى حکومەت.

دواى ئەوەى لەلایەن وەزیرى داراییەوە هەندێک لێپێچینەوەى یاسایى بەرامبەر کەمتەرخەمى و زیادەڕۆییە داراییەکان ئەنجامدرا، ئەو کەس و لایەنانەى زەرەمەند بون هەڵمەتێکیان لەدژ ئەنجامداو دواى ئەوەش هەریەکە لە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى جەختیان کردەوە کە هەموان لەو دۆخە بەرپرسن، بەشێوەیەک وەک وەزیرى دارایى رایگەیاند: نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەمیانى سەردان و دواکۆبونەوەى لەگەڵیدا لە وەزارەتى دارایى وتویەتى: "ئەو قەیرانەی روبەڕوی هەرێم بوەتەوە، بەهۆی کەڵەکەبونی کێشەکانی (23) ساڵی رابردو بوە و ئێستا دەرکەوتوە، بۆیە پێویستە بەردەوامبین لە هەنگاوەکانی چاکسازی".

هاوکات ژمارەیەک پەرلەمانتار لە چەند رۆژى رابردودا کۆمەڵێک دۆسیەى بەهەدەردانى سامانى گشتى و گەندەڵیان ئاشکراکرد کە شەقامى شڵەقاند و ئەوەش وایکرد داواکارییەکان بە ئاراستەى ئەنجامدانى چاکسازى بەردەوامبن.

عەلى حەمەساڵح، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان و جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایى و ئابورى لە پەرلەمانى کوردستان، بە بڵاوکردنەوەى گەندەڵى لە خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان لە هەرسێ شارەکەى هەرێم "گۆمەکەى شڵەقاند" و سکاڵاى یاسایى تۆمار کرد لەوەى کە لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک زیاتر لەو بڕەى بۆیان تەرخانکراوە خەرجکراوە و لە سلێمانیش بە پێچەوانەوە نیوەى ئەو بڕە خەرجکراوە کە هەردو حاڵەتەکە شایەنى لێپێچینەوەیە.

دواتریش بەڵگەنامەى دیارنەبونى (40) ملیار دیناری وەزارەتی پیشمەرگە پەردەى دیکەى لەسەر گەندەڵیەکان هەڵدایەوە، بەتایبەت بەهۆى ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە بە موچەیەکى کەمەوە لە بەرەکانى شەڕدان، بەڵام پارەیەکى زۆریان دیار نەماوە.

بەپێى ئەو بەڵگەیە و یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی (2013)ی هەرێمی کوردستان بودجه‌ی بەکاربردنی‌ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و ‌ئه‌نجومه‌نی‌ دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم‌ و ده‌زگای‌ گشتی‌ ئاسایش‌ و یه‌ده‌گی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی بڕدراوه‌‌ و بریاربوه‌ پاره‌كه‌ بدرێت به‌ (10) شوێن‌ له‌نێویاندا (40) ملیار دیناری‌ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بوە تا بۆ ئه‌و پێشمەر‌گانه‌ی تەرخان بکات كه‌ موچه‌كانیان له‌ (600) هەزار دینار كه‌متره‌، بەڵام دواى بەدواداچون و بە وتەى سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، "ئه‌و بڕە‌ پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى پێشمەرگەوە وه‌رنه‌گیراوه‌ و تائێستا نازانرێت پاره‌كه‌ چی‌ لێكراوه‌‌و چۆن خوراوه".

ئەوە جگە لە دیارنەبونى چارەنوسى (پێنج) ملیار دینارى وەزارەتی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی لە کابینەى پێشوی حکومەتدا، هەمان پەرەلمانتار لەبارەى ئەو چارەنوسى ئەو بڕە پارەیەوە بە (سبەى) وت: "به ‌فه‌رمانی وه‌زاری ژماره‌ (4642) له (‌27/3/2013)ی وه‌زاره‌تی دارایی، ئەو بڕه‌ پارەیە دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وەرگرتنی پارەکە رەتدەکاتەوە"، ئەوەش وایکردوە (24/9/2014) به‌نوسراوی ژماره‌ (6/9/14) داوای لێپێچینه‌وه‌ى له ‌چاره‌نوسی ئه‌و (5) ملیار دیناره‌ كردوه، ‌به‌ڵام "تائێستا‌ هیچ وه‌ڵامێكم به‌ده‌ست نه‌گه‌شتوه".

هەر بە پێى ئەو بەڵگانەى لە ماوەى رابردودا بڵاوکرانەوە دواى شه‌ش مانگ‌ بەدواداچونى ئومێد حه‌مه‌ عه‌لی‌، په‌رله‌مانتاری‌ گۆڕان و ئه‌ندامی لیژنه‌ی‌ ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مان و دو په‌رله‌مانتاری‌ دیكه‌ ئاشکرابو کە وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانی حکومەتى هەرێم لە کابینەى پێشودا بە سەدان هەزار دۆلارى بەهەدەرداوە تەنها لە ئەنجامدانى مەراسیمى یادکردنەوەى کیمیابارانى شارى هەڵەبجەدا کەئەوەش ناڕەزایەتى خەڵکى ئەو شارە و تەواوى خەڵکى هەرێمى لێکەوتەوە.

بەپێى ئەو بەڵگانە؛ تەنها لەو ساڵیادەدا (55) هه‌زار دۆلار دراوه‌ به ‌ته‌والێت و ‌سێو، ئەوە جگە لەوەى ژمارەیەک هونەرمەند و کۆمپانیا و لایەن پارەیەکی‌ زۆریان بۆ خەرجکراوە، بەشێوەیەک هونەرمەندی‌ تێدایە کە بەشداری‌ یادەکەشی‌ نەکردوە، بەڵام زیاتر لە دە هەزار دۆلاری‌ بۆ خەرجکراوە و  به‌ناوی روماڵكردنی بۆ میدیای نێوده‌وڵه‌تی په‌نجا هه‌زار دۆلار دراوه‌ به ‌كه‌سێك و یه‌ك ریكلامیش بۆ یادی (25) ساڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده ‌هه‌زار دۆلاری‌ بۆ خەرجکراوە.

"چاکسازییەکان لە بەرژوەندی هەندێک کەسی داوە"
رێباز محەمەد حەملان، وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر پشکى بزوتنەوەى (گۆڕان)، جەخت لە هەنگاوەکانى چاکسازى دەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت پێش ئەوەى پۆستەکە وەربگرێت موچەى فەرمانبەران دو مانگ دواکەوتوە و پێشتر کێشەکان کەڵەکەبون.

لەو لێدوانەیدا بۆ (سبەى) وەزیرى دارایى دوپاتى کردەوە کە بەردەوامن لە هەنگاوەکانیان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و دەڵێت: "پلانى تۆکمەمان داناوە بۆ کەمکردنەوەى خەرجیەکان کە ئەوەش زۆر لایەن دەگرێتەوە لەوانە؛ پێداچونەوە بە ئۆتۆمۆبێلانەی کە حکومەت بەکاری دەهێنێت و خانوانەی بەکرێی گرتون، لەگەڵ ئەو رێکخراوانەی بودجە لە حکومەت وەردەگرن و تائێستاش بەردێکیان نەخستوەتە سەر بەردێک بۆ وڵات.

جەختیش دەکاتەوە کە کاریان کردوە بۆ نەهێشتنى موچەى "بن دیوار" و دو موچەیى و دەڵێت: "لە رێگەی داتابەیسێکەوە ناوی دوبارەو وەهمی فەرمانبەران ئاشکرا دەکەین، جگە لەوەش لەمانگی داهاتودا راگەیاندراوێک بڵاودەکەینەوە، کە ئەو کەسانەی ناوی دوبارە و وەهمییان هەیە بێن ئاشکرای بکەن، ئەگەرنا روبەڕوی لێپێچێنەوەی یاسایی دەبنەوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ژمارەی سەرجەم فەرمانبەرە بندیوارەکان ئاشکرا دەکەین".

جەختیش دەکاتەوە کە چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی بەردەوامی دەبێت و ئەوەش دژی هیچ لایەنێک نیە، بەڵکو ئەو چاکسازییانە لە بەرژەوەندی هەندێک کەسی داوە، کە بونەتە بار بەسەر بودجەی وڵاتەوە، جگە لەوەش هیچ شتێکیش رێگر نابێت لە بەردەممان بۆ بەردەوامی دان بەو چاکسازییانە، کە تێیدا موچە دەکەین بە سیستمى بانکى و سەرقاڵى ئەوەشین ناوی فەرمانبەرانی هەرێم بە دیجیتاڵى دەکەین.

بەڵێنەکان بونەتە کردار
وەزیرى دارایى لەماوەى رابردودا بەڵێنى بزوتنەوەکەى و پێکهێنەرانى کابینەى هەشتى حکومەت کە کابینەیەکى بنکە فراوانە و هەڵگرى ئاڵاى چاکسازیە، خستوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوانەش چەند گەنجینەیەکى هەڵوەشاندوەتەوە و زیاتر لە (1200) فەرمانبەریش کە پێشتر لەسەر میلاکی گەنجینەی سلێمانی لە هەولێر دامەزرابون دابەشکرد بەسەر وەزارەتەکاندا و دەیانخاتە سەر کار.

بەپێی فەرمانی وەزاری، وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بە ژمارە (9278) لە (24/12/2014) دەرچوە و ئیمزای رێباز محەمەد حەملانی لەسەرە، (1237) فەرمانبەر کەپێشتر لەسەر میلاکی گەنجینەی سلێمانی لە هەولێر وەک فەرمانبەری وەزارەتی دارایی دامەزرابون، دەگوازێتەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتەکانی دیکە و دەیانخاتە سەر کار و بەپێی شوێنی نیشتەجێبونیان میلاکیان دەگوازێتەوە سەر فەرمانگەکانی دیکەی حکومەتی هەرێم.

دەستەى دەستپاکیش دەستى بە لێپێچینەوە کرد
سەرۆکى دەستەى دەستپاکى هەرێمى کوردستان ئاشکراى دەکات لەسەر داواى پەرلەمانتارێکى گۆڕان رێکارى یاساییان لەسەر چەند دۆسیەیەک گرتوەتە بەر و دواى تەواو بونى لێکۆڵینەوەکان دوا بڕیاریش بۆ پەرلەمان و راى گشتى ئاشکرا دەکەن.

دواى ئەوەى پەرلەمانتارێکى گۆڕان لەسەر نایاسایى بونى خەرجکردنى بودجەى پارێزگاکان لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک و بونى ژمارەیەکى زۆرى فەرمانبەرى "بن دیوار" لە وەزارەتى دارایى، سکاڵاى ئاراستەی دەستەى دەستپاکى هەرێم کرد و داوایکرد کەیسەکان بجوڵێنن،  لای خۆیشیەوە د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەکە بە (سبەى) راگەیاند: دواى ئەوەى بە فەرمى سکاڵاکەیان پێگەیشتوە راستەوخۆ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە و رێکارە یاساییەکانیان گرتوەتە بەر.

لەو لێدوانەیدا ئاماژەى بەوەشکرد لەسەر ئەو کەیسانە داواى زانیارى لە وەزارەتى دارایى دەکەن، چونکە دۆسیەکان پەیوەندى بە بودجە و بەهەدەردان و کەمتەرخەمیەوە هەیە و دواتریش پێویستیان بە وەرگرتنى راى دیوانى چاودێرى دارایى دەبێت وەک لایەنى تایبەتمەند.

وتیشى: "بەشێوەیەکى رەسمى و بەپێى ئەو دەسەڵاتەى پێماندراوە بەدواداچونى تەواو بۆ ئەو بابەتانە دەکەین تا دەگەینە ئەنجامى کۆتایى"
جەختى لەوەشکردەوە ئەگەر دواى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت هەر کەس و لایەنێک کەمتەرخەم یان بەمەبەست پارەى گشتى بەهەدەرداوە دەیدەنە دادگا، "بەڵام بۆئەوەى بگەینە بڕیارێکى دروست لێکۆڵینەوە لە بابەتەکان دەکەین، چونکە ئەو بابەتانە دو لایەنى هەیە یان ئەوەیە لادانە لە رێنماییەکان و سەرپێچى یاساى بودجەیە یان شتێکى دیکەیە و دەشێت گەندەڵى تێدا کرابێت".

ئاماژە بەوەش دەکات رۆژانە سکاڵا دەگاتە دەستەکەیان و کارى لەسەر دەکەن کە لەناویاندا بابەتى گەندەڵى یا ئیختیلاس و دەستکارى پارەى گشتى هەیە و دەڵێت:"هەمو ئەوانە کاریان لەسەر کراوە، بەڵام هێشتا لە قۆناغى لێکۆڵینەوەدان و نەگەیشتونەتە دادگا واتە یەکلا نەبونەتەوە بۆیە لەبەر تێکنەچونى رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان ئاشکرامان نەکردون، دواى ئەوە دەگەنە قۆناغى کۆتایى و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت بە دڵنییایەوە ئاشکرایان دەکەین و بۆئەوەش راپۆرتى ساڵانەمان هەیە کە تێیدا ئاماژەیان بۆ دەکەین".

رونیشى دەکاتەوە کە ئێستا راپۆرتى ساڵى رابردوى دەستەکەیان ئامادەیە و رەوانەى پەرلەمانى دەکەین و دواتریش لە سایتى فەرمى خۆیان بڵاوى دەکەنەوە، دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت رێ لە بەهەدەردان و گەندەڵى بگرین، بەڵام ئەگەر بگاتە ئەو حاڵەتە و نەتوانین ئیش بکەین و ئەو ئەرکانەى بۆمان دانراوە نەتوانین جێبەجێیان بکەین، ئەوە بە دڵنیاییەوە بە پەرلەمانى کوردستان دەڵێین سوپاس بۆ ئەو متمانەیى پێتان بەخشین و وا ئەو متمانەیەتان دەدەینەوە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوەتە ئەوە هیواداریشین نەشگات، بەڵام ساڵى رابردو هەرێمى کوردستان دۆخێکى قورسى بەڕێکرد، بۆ ئەمساڵ ئەگەر دۆخى وڵات بەرەو پێش بچێت و ئەو گرفتانە نەمێنێت، ئەوا دەتوانین ئۆفیسى زیاتر بکەینەوە و کارى زیاتر بکەین و لەبرى چەند دۆسیەیەک سەدان دۆسیە بکەینەوە بۆئەوەى لێکۆڵینەوەیان لێبکەین".

"نابێت چاوپۆشى لە هیچ کەس و لایەن و بەرپرسێک بکرێت"
پەرلەمانتاران جەخت لەوە دەکەنەوە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە لە پێناو کەمکردنەوەى بەهەدەردانى سامانى گشتى و بەکارهێنانى بۆ بەرژەوەندى تایبەت و گەندەڵى لە کاروبارەکاندا.

مونیرە عوسمان، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان، جەخت لە گرنگى ئەم قۆناغە دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان و لایەنەکانى دیکەى ئۆپۆزسیۆن بەشداریان لە کابینەى هەشتى حکومەتى هەرێمدا کرد و هەموان پەرلەمانتارانیان دەستواڵاکردوە بۆ بەدواداچونى دۆسیەکان لەناویاندا ئەو گەندەڵى و بەهەدەردانانەى بارگرانیەکى زۆریان خستوەتە سەر بودجە و داهاتى گشتى و قوتى خەڵک.

لەو لێدوانەیدا بۆ (سبەى) وتیشى: "ئێمەش هەمو هەوڵەکانمان خستوەتە کار بۆئەوەى بە بەرنامەیەکى هەمەلایەن و هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بارگرانیە کەم بکەینەوە و چارەسەرى بکەین بە رێگەى یاسایى، بەتایبەت کە لە (23) ساڵى رابردودا حکومەت بەداخەوە خاوەنى پلانێکى گشتگیر و هەمەلایەنە نەبوە و خۆى بۆ قەیرانێکى لەم شێوەیە ئامادە نەکردوە کە بتوانێت لانى کەم موچەى دو مانگى فەرمانبەران دابین بکات، سەربارى ئەوەش بڕێکى زۆرى کورتهێنانى هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە بودجەیەکى زەبەلاحى لە بەغداوە بۆ هاتوە، لە برى ئەوە تەخشان و پەخشانى پارەى زۆر کراوە و حکومەت خراوەتە خزمەتى حیزبەوە".

جەختیش لە پێویستى پشتیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەت و پەرلەمان دەکاتەوە بۆ چارەسەرى ئەو دۆخە و دەڵێت :"ئیتر کاتى ئەوە هاتوە چاوپۆشى لە هیچ کەس و لایەن و بەرپرسێک نەکرێت لەبەرامبەر گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى گشتى خەڵکى کوردستان، چونکە ئەوانە بەرپرسى یەکەمن لەم دۆخە و قەیرانەى بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتوە و خەڵک باجەکەى دەدات".


بەڵگەنامەکان؛ (40) ملیار دیناری وەزارەتی پێشمەرگە لە کابینەی پێشو نادیارە

چارەنوسی (5) ملیار دیناری خاوەن پێدوایستییە تایبەتەکان نادیارە

 به‌ به‌ڵگه‌وه‌؛ گه‌نده‌ڵیه‌كانی یادكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ چۆن ئاشكراكراوه‌





29/01/2015 بینین: 17255
 
زیاتر
 1      
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبەجێدەکات
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێدایە
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت
نەتەوە یەكگرتوەكان: 85 هەزار كەس لە رومادی هەڵاتون
واشنتۆن كوبای لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەرهێنا
سەدان كۆچبەری نایاسایی لە كەناراوەكانی ئیتالیا رزگاردەكرێن
قەتەر لە بەغدا باڵیۆزخانە دەكاتەوە
پلاتەر بۆ جاری پێنجەم وەك سەرۆكی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە
لەبارەی هەڵبژاردنەكەی (فیفا)وە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فیفا كەوتە قۆناغی دوەم
مەرجەعیەتی شیعە: دورنییە جەنگێكی خوێناوی هەڵگیرسێت
''کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن بودجەی یەک ساڵی هەرێم بدەن''
سلێمانی؛ كۆنگرەی سێیەمی ئازادی ژنانی كوردستان بەڕێوەدەچێت
بەوێنە؛ سەردانی وەزیری دارایی بۆ لای خانەنشینان
هەولێر؛ سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی دادوەری دەكات
پسپۆڕێكی بواری تیرۆر: داعش تەنها لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان شارەزایە
سوریا؛ بەری نوسرە شاری ئیدلەب كۆنتڕۆڵ دەكات
كۆمەڵی ئیسلامی سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت
هەڵەبجە؛ روداوێکی هاتوچۆ پێنج کەسی کردە قوربانی
حەویجە؛ داعش هێزێكی تایبەت بە سزادانی ژنان پێكدێنێت
لیبیا؛ داعش گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە شاری سەرت کۆنتڕۆڵکرد
یەمەن؛ هۆزە میلیەكان شاخی عەریش-یان كۆنتڕۆڵ كرد
جۆش ئارنست: ئەمەریكا بەرپرس نیە لە ئاسایشی عێراق