خەڵکی بادینان له فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێن
|
دیمانەی: عەبدول قەرەگۆلی
سەرنوسەری گۆڤاری باشور پێیوایە، دو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم بیست ساڵه بەناوی خەباتکردن بۆ ئازادیەوە، فره‌ده‌نگی و ره‌نگیان له کۆمەڵگادا کوشتوە. هەروەک رایدەگەیەنێت، ترسی ئه‌وان له ئازادی یه‌كسانه به مانه‌وه‌یان له كورسی ده‌سه‌ڵات و به كۆیله‌كردنی کۆمەڵگا.
شێروان شێروانی، لەم دیمانەیەیدا لەگەڵ (سبەی)، رەتیدەکاتەوە خەڵکی دەڤەری بادینان لەئاست کەموکوڕییەکاندا بێدەنگ بوبێتن و دەڵێت: ده‌نگی بادینان خۆی ماتداوه و له فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش وه‌كو بۆمبێكی ته‌وقیتكراو له چاوه‌ڕوانیدا دەبینم.
سبەی: دوای تێپەڕبونی 22 ساڵ لە حکومڕانی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان، تاچەند ژینگەی مومارەسەکردنی ئازادی پەیڕەو کراوە یاخود ئازادی رادەربڕین لە چ ئاستێکدایە؟
شێروان شێروانی: دو بوختانی گه‌وره له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتیه‌وه به‌رامبه‌ر به چه‌مكی ئازادیه‌وه كراون، یه‌كه‌میان ئازادی وه‌كو خێر به میلله‌ت ده‌فرۆشنه‌وه و غیابی پۆستاڵه‌كانی به‌عس بەنمونه ده‌كه‌نه به‌هانه‌ی هه‌بونی ئازادی له باشوری كوردستان.
دوه‌میش، له كوێ بوه ئازادی راده‌ربرین هه‌بوبێت بەبێ گره‌نتی پاراستنی ئه‌و ئازادییه، واته ئه‌وه‌ی له ئازادی گرنگترە گره‌نتی كردنه‌كه‌یه‌تی، رۆژانه رۆژنامه‌نوسان ده‌درێنه دادگا یان پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت وه‌ك باجێك به‌رامبه‌ر به راده‌ربڕینیان، كه‌چی له‌ولاشه‌وه پێمان ده‌ڵێن چه‌نده ئازادن، بۆیە ئەمە بێجگە لەوەی دوفاقی بێت نیفاقیشە.
سبەی: کەواتە دەسەڵاتی کوردی بۆچی لە مومارەسەکردنی ئازادی دەترسێت؟
شێروان شێروانی: هیچ لایه‌نێك ناتوانێت زەمینەی ئازادی فه‌راهه‌مبكات كه خۆی بڕوای به ئازادی نه‌بێت، نمونه‌ش دو هێزە دەسەڵاتدارەکەی هەرێمن کە به‌ناوی خەباتکردن بۆ ئازادییه‌وه له شاخ، زه‌ڕبه له دۆزی كورد ده‌ده‌ن و بیست ساڵیشه به‌و ناوه‌وه فره‌ده‌نگی و ره‌نگیان له کۆمەڵگادا كوشتوه.
ئه‌و دو هێزه هه‌زاره‌ها رۆڵه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌یان به كوشتداو شیرازەی كۆمه‌ڵگه‌یان شێواندوە. هەربۆیە ترسی ئه‌وان له ئازادی یه‌كسانه به به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكیان و به‌مانه‌وه‌یان له كورسی ده‌سه‌ڵات و به كۆیله‌كردنی کۆمەڵگا.
ئه‌وان هاوكێشه‌یه‌كیان دروستكردوه كه به فعلی خۆیان خستۆته به‌ره‌ی دژ به ئازادیه‌كانی خه‌ڵك، هه‌رکاتێکیش دۆخەکەیان بە دڵ نەبو، سێ چوار بارەگای به‌رامبه‌ر ده‌سوتێنن و دەبابە ده‌به‌نه سه‌ر هێزی مه‌ده‌نی.
سبەی: زۆرجار دەوترێت خەڵکی دەڤەری بادینان لەئاست کەموکوڕی و روداوەکاندا بێدەنگن، بەڕای تۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە بێدەنگە، یان بێدەنگ کراوە؟
شێروان شێروانی: خەڵکی بادینان له په‌راوێزی حیزبایه‌تیدا رۆحیه‌تێكی سلێمانچێتیان تێدایە و ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌یان بۆ ساز ببێت، هه‌مو كه‌سێك ده‌زانێت ئه‌وان كێن و چ خه‌ونێكی گه‌وره‌یان هه‌یه. ئه‌و دۆخه‌ی چینه رۆشنبیره‌كه‌ی ناو پارتی گه‌ل له ساڵی 1991دا دروستیان كردبو له بواری ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری‌دا، له سلێمانیش نمونه‌ی نه‌بو، بەڵام لێیان تێكدا.
بادینان خاوه‌نی ده‌یان سیمبولی شه‌هیدن وه‌كو؛ ره‌ئوف ئاكره‌یی و رێناس موحه‌مه‌دی زه‌حمه‌تكێشان و ئه‌بو نه‌سیری شیوعی و نه‌زیر عومه‌ری كۆمۆنیست و زه‌كی ئامێدی حیزبی پاك و سەیدا موشیری یه‌كگرتو و ده‌یانی تر، به‌ڵام چی بكات لەوەی کە هێزێک لێیان راستبێتەوە و به‌رامبه‌رەکەی نه‌خوێنێته‌وه و زمانی هه‌ر گوله و چاوی سوربێت!
ئه‌وه‌ی دەڵێت بادینی بێده‌نگن بوختانێك ده‌كات، مه‌گه‌ر ئاگاتان له ده‌نگی سه‌ید ئه‌كره‌م نیه چۆن زیندانیكراوه، یاخود ده‌یان گه‌نجی ئابڵوقه‌دار له زاخۆ، وه‌لێ ده‌نگی بادینان خۆی ماتداوه و له فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێت، فرسه‌تێك كه به‌ڕای من نه ئاوڕ لەدوای خۆی نە له‌پێشی خۆی دەداتەوە و ره‌حمیش به كه‌س ناکات، ئه‌مه‌ش وه‌كو بۆمبێكی ته‌وقیتكراو له چاوه‌ڕوانیدا ده‌بینم .
سبەی: ئەو میکانیزمانە چین، تا چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و خەڵکانی ئازادیخواز بیگرنەبەر بۆ شکاندنی هەمو ئەو تەوقانەی کە کراوەتە ملی ئازادی، واتە چۆن دەتوانین ئازادی بەمانای خۆی لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بکەین؟
شیروان شێروانی: هه‌ریه‌كه و ره‌نگه به‌پێی بواری كاری خۆی بتوانێت بڕیار له‌سه‌ر میكانزمی كار بۆ شكاندنی ئه‌و ته‌وقه بگرنه‌به‌ر، بەڵام به‌ڕای من خاڵێكی هاوبه‌ش هه‌یه ده‌بێت پێشمه‌رج بێت بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌و میكانیزمانه، ئه‌ویش بڕوابون به مافخوراویتە له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی جه‌وهه‌رییه، هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه به‌شێكی زۆری خه‌ڵك ئه‌وه‌ی تێپەڕاندبێت و له سته‌یجی (قۆناغ) دوه‌م بێت، كه چی بكات.
هەروەها گۆڕانکاری بەبێ میدیا و خه‌ڵك دورست نابێت، هه‌ردوكیان یه‌كتر به‌هێز ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌ستی پێده‌كرێ ئه‌دای خه‌ڵكه، میدیا تا سنورێكی زۆر رۆیشتوه، بەڵام خه‌ڵك ده‌بێت بڕژێتە سه‌ر شەقام و داوای مافی خۆی بكات و خۆی به غه‌ریب نه‌زانێت.
سبەی: لە چەند رۆژی رابردودا دەنگۆیەک بڵاوبویەوە لەبارەی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنت و ناوی چەند کەس و دەزگایەکیش دەهێنرا بۆ ئەو کارە، ئەوە تا چەند راستبو؟
شێروان شێروانی: بەڵێ شتێکی وا هەبو، بەڵام ئه‌مه شتێكی غه‌ریب نیه به‌لای منه‌وه، چونكه وه‌زیفه‌ی ئەو ده‌زگایه‌ی کە باسدەکرێت، به‌شێكی بۆ كپكردنی ده‌نگی ئازاد و میدیاكارانی سه‌ربه‌خۆ و چالاكڤانانی بێلایه‌ن ته‌رخانكراوه.
به نیسبه‌ت خۆشمه‌وه، پێشتر به ناڕاسته‌وخۆ چەندین جار ئه‌م ئاماژه‌یه‌م وه‌رگرتوه، كه نابێ چالاكی بكه‌م و ده‌بێت وه‌كو ئه‌وان بیربكه‌مه‌وه و نابێ سنوری هێڵی سور ببه‌زێنم. چ له‌ڕێگه‌ی خانه‌واده‌كه‌مه‌وه و چ له‌ڕێگه‌ی رێگه‌گرتن له من و گۆڤاری باشور و ئه‌و ستافه‌ی كه له ده‌وروبه‌رم هه‌ن ئه‌مه‌ما پێوتراوە، تەنانەت لەڕێگای دیکەشەوە پۆست و ئیمتیازات خراوەتە بەردەممان، بەڵام ئەوانە نەیتوانیوە ملكه‌چمان بكه‌ن و له‌ڕێگه‌ی خۆمان لا بده‌ین.
سبەی: پەیامت چییە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی تیرۆر و توندوتیژی دەکەنە ئەڵتەرناتیڤی گفتوگۆ؟
شێروان شێروانی: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له توندوتیژی لەناوبردنی فكره، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی مێژویی و درۆیه‌كی واقیعیه، سه‌ده‌ی بیست خوێناوترین ئه‌زمونی توندوتیژی له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی فكری به‌رامبه‌ر به‌ڕێكرد، بەڵام هیچ شتێكی پێ سه‌وز نه‌بو له ماڵوێرانی زیاتر، بۆیە ئەگەر بێت‌و لە سەدەی بیستویەکدا و تازه به تازه بێن موماره‌سه‌ی ئه‌و ئەزمونە بكه‌ن، ئەوا زۆر هه‌ڵه‌ن.
بۆیە دەبێت دڵنیابن نه فكر ده‌مرێت و نه توندوتیژیش چارەسه‌ره، دیالۆگ شوێنپێی هه‌مو میکانیزمێکی گرتوەته‌بەر، بزوتنەوەی گۆڕان توانی له سێ مانگدا به‌بێ چه‌ك و به‌بێ چاو سوركردنه‌وه، 25 كورسی بەدەستبهێنێت، یه‌كگرتو له بادینان به هه‌مو فلته‌رێكی قورس و ئازاردا تێپه‌ڕ بوە و گەشەی بەرچاوی کرد‌و بو به ئه‌مری واقیع.
(سه‌رده‌شت)یان كوشت و ویستیان به فیشه‌ك بێ ده‌نگمان بكه‌ن، بەڵام نه‌ك نه‌یانتوانی، به‌ڵكو سه‌رده‌شت بو به‌ناوی قۆناغێك و بو به شۆڕشێك له قه‌ڵه‌م و هۆشیاری بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی. بۆیه دەڵێم دیالۆگ بۆ ئازادی یان ئازادی بۆ دیالۆگ!
|
|