Print WWW.SBEIY.COM
 حه‌ره‌می‌ زانكۆ یان حه‌ره‌می‌ په‌رله‌مان، بورهان گوڵه‌ به‌ نمونه‌
به‌ختیار شاره‌زوری
15/03/2011

ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ سه‌رانی‌ ده‌سه‌ڵات و راگه‌یاندنه‌كانیان بكه‌ین، ده‌بینین توشی‌ چ هستریایه‌ك بون كه‌ بۆ خۆشیان نازانن چ ده‌ڵێن خۆیان باش ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن به‌هۆی‌ كوشتنی‌ پرینسیپه‌كانی‌ حیزبه‌وه‌ چۆن هه‌مو دروشم و پرینسیپه‌كانی‌ حیزبی‌ بون له‌ چوارچێوه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك و كه‌سێكدا كۆكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ ناو ده‌سه‌ڵات به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانیشیانه‌وه‌ پێشبڕكێ‌ ده‌كه‌ن بۆ رازی‌ كردنی‌ دڵی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ك و كه‌سێك، ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ گێلاندنی‌ كۆی‌ كۆمه‌ڵگایه‌ له‌به‌رده‌م كه‌سێكدا، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا توشی‌ گرفتی‌ بیرچونه‌وه‌ بون كه‌ چی‌ ده‌ڵێن...

 ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ده‌یكه‌ن بۆ به‌یانی‌ بیریان ده‌چێته‌وه‌، كه‌ چییان وه‌توه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ هه‌مان سینارۆیی‌ سه‌رانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌ كه‌ ئێسته‌ له‌ به‌رده‌م گۆڕانی‌ خێرادایه‌... ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ ماوه‌یه‌كه‌ هیچی‌ پێ‌ نه‌ماوه‌ باسی‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ زانكۆ ده‌كات، كه‌ حاكم شێخ له‌تیف و دكتۆر شاهۆ و دكتۆر زانا حه‌ره‌می‌ زانكۆیان شكاندبێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ نه‌ هه‌ڵگری‌ چه‌ك بون نه‌ نامۆ بون به‌ زانكۆ و بگره‌ پێشتر مامۆستای‌ زانكۆ بون، با بپرسین له‌ ناو حه‌وشه‌ی‌ په‌رله‌ماندا هێرش كردنه‌سه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك و برینداركدنی‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ په‌رله‌مانه‌ یان زانكۆ، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ كاك حاكم و هاوڕێكانی‌ له‌سه‌ر داوای‌ خوێنداكاران چونه‌ته‌ ناو زانكۆ، با بپرسین برینداركردنی‌ بورهان ره‌شید گوڵه‌ هێرشكردن نیه‌ بۆ سه‌ر كۆی‌ ده‌نگده‌ران، كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ری‌ هێرشكردنه‌ بۆ سه‌ر حه‌ره‌می‌ تاكی‌ هاوڵاتی‌ كه‌ ده‌نگده‌ره‌...

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ تاڕاده‌ی‌ بێ‌ كۆتایی‌ گه‌وجێنه‌ره‌، چونكه‌ پێیوایه‌ پرۆسه‌ی‌ گه‌مژاندنی‌ گشتی‌ وه‌ك وێنه‌ی‌ خۆی‌ ده‌بێت... ئه‌وان ناهێڵن په‌یمان عیزه‌دین له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا لێدوان بدات، پاشان له‌ حه‌وشه‌ش ده‌ریده‌كه‌ن، پاشان له‌ به‌رده‌م حه‌وشه‌ ده‌ری‌ ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێ‌ ده‌كه‌ن، ئایا ئه‌مه‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ په‌رله‌مان نیه‌...؟ ئایا هێرشی‌ سه‌ر بورهان گوڵه‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌م نیه‌...؟ كه‌ په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مان شوێنی‌ هه‌قیقه‌تی‌ نوێنه‌رایتی‌ خه‌ڵكه‌، یان چه‌ندین نامه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ عه‌بدوڵای‌ مه‌لانوری‌ و زۆریك له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ گشتی‌ نیه‌...؟ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ خۆپیشاندان و سوركردنی‌ شه‌قامه‌كانی‌ سلێمانی‌ شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ گشتی‌ نیه‌...؟ كوشتنی‌ رۆژنامه‌نوسان و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كوشتن لێیان شكاندنی‌ حه‌ره‌می‌ گشتی‌ نیه‌...؟ داگیركردنی‌ كۆی‌ ده‌سه‌ڵات و كۆی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگا له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ كوشتنی‌ حومه‌ت و حه‌رم نیه‌...؟

هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌كرێت وه‌ك جیاوازی‌ سه‌یر بكه‌ین بزانین له‌نێوان هه‌وڵدان بۆ كوشتنی‌ بورهان گوڵه‌ و حه‌رمی‌ زانكۆ، كامیان ئه‌چنه‌ چوارچێوه‌ی‌ ئیفلیج كردن و ناته‌ندروستی‌ ئه‌دائی‌ ده‌سه‌ڵات و شكاندنی‌ حورمه‌تی‌ گشتیه‌وه‌...؟ داخستنی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین له‌لایه‌ن قوتابیانی‌ پارتیه‌وه‌ كوشتنی‌ حه‌ره‌می‌ زانكۆ نیه‌...؟ هه‌مو ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی‌ خۆیانه‌ ئه‌یانه‌وێ‌ له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كاندا پێمان بڵێن ئه‌وه‌ ئێمه‌ین به‌رگری‌ له‌ حه‌ره‌م حورمه‌تی‌ زانكۆ ده‌گرین، به‌ڵام خۆشیان باش ئه‌و راستیه‌ ده‌زانن هه‌مو ئه‌م لێدوان و قسه‌ی‌ میدیاكانیان نیشانه‌ی‌ نزیك بونه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌ناری‌ كۆتایی‌ بونیان.