Print WWW.SBEIY.COM
 زانكۆی‌ سلێمانی‌ پانتاییه‌ك بۆ تێك شكاندنی‌ بته‌كان
به‌ختیار شاره‌زوری
28/04/2011

هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌پێی‌ پێكهاتی‌ خۆی‌ وه‌ك بزوێنه‌ر به‌ره‌و ئاڕاسته‌ی‌ گۆڕان نوخبه‌یه‌ك كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كات، كه‌ تێفكرینی‌ ئه‌م نوخبه‌یه‌ ده‌بێته‌ ئه‌و رێگایه‌ی‌ كه‌ ده‌مانباته‌ به‌رده‌م دنیایه‌ك كه‌ ده‌كرێ‌ هه‌ڵگری‌ پێناسی‌ ئازادی‌ تاكه‌كان بێت... ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ ئێسته‌ له‌ سه‌رجه‌م رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا ده‌بێته‌ خولقێنه‌ری‌ ئه‌و دنیایه‌ی‌، كه‌ ئێمه‌ رۆژانه‌ له‌ رێی‌ ئه‌نته‌رنێته‌وه‌ به‌ریه‌ك ده‌كه‌وین كه‌ تێدا ماف و ئه‌ركه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی‌ سستم و یاسایه‌كدا دیاری‌ كراوه‌، به‌ تایبه‌ت سایته‌كان و یه‌كه‌كانی‌ چات و..facebook ..paltalk ..tagged ..skype ..twitter. ئه‌و دنیایه‌ی‌ كه‌ ئه‌م نوخبه‌یه‌ داوای‌ ده‌كات یه‌كسان كردنی‌ مرۆڤه‌ به‌رامبه‌ر مرۆڤ نه‌ك جه‌لاد و كویله‌ ئه‌مڕۆ...

له‌م هه‌رێمه‌دا كه‌ جگه‌ له‌ حوكمێكی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ و پیرۆزكردنی‌ تاك و له‌ به‌رامبه‌ریدا به‌ كۆیله‌ كردنی‌ تاكه‌كانی‌ تر هیچی‌ تر له‌ سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع بونی‌ نیه‌، بۆیه‌ كاتێك تاكێكی‌ خوێنده‌وار ده‌كه‌وێت به‌رده‌م ئه‌م حوكمه‌ مێگه‌لیه‌ ناتوانێت هه‌زمی‌ بكات و سه‌قفی‌ داواكانی‌ زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ بچوكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومكه‌ر و سستمی‌ خێڵه‌كیانه‌، ئیتر به‌ر یه‌ككه‌وتنه‌كان زیاد ده‌كه‌ن، له‌م نێوه‌نده‌دا نوخبه‌ی‌ رۆشنبیر ده‌بنه‌ هه‌ڵگری‌ مرۆڤ دۆستی‌ به‌ تایبه‌ت له‌ناو هه‌رێمه‌كه‌ی‌ خۆیدا، چونكه‌ ئه‌وان واتا ده‌سه‌ڵات 20 ساڵه‌ بت دروست ده‌كه‌ن و پێمان ده‌ڵین ده‌بێ‌ سه‌ری‌ كۆیلایه‌تیمان نه‌وی‌ بكه‌ین بۆ بته‌كان، ئیتر ئه‌م نوخبه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م لێپرسراویه‌تیه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ نه‌هێڵێت كه‌رامه‌ت و حورمه‌تی‌ تاكه‌كان له‌ناو بۆته‌ی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ كۆیلایه‌تیدا ئه‌تك بكرێ‌...

ئێستا له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك شۆڕشگێڕ پێیان وابو كه‌ شۆڕش نه‌ك هه‌ر ئامانجه‌كانی‌ نه‌هاتوه‌ته‌دی‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ شۆڕش كوشتنی‌ هه‌مو به‌ها پیرۆزه‌كانی‌ شۆڕش بوه‌، بۆیه‌ ویستیان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌یه‌كی‌ نوێدا كار بۆ به‌هاكانی‌ مرۆڤی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بكرێ‌ پاشان كۆمه‌ڵێك نوسه‌ر بونه‌ پێشڕه‌و و چونه‌ پاڵ ئه‌م نوخبه‌ رۆشنبیره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ به‌و دروشمانه‌ی‌ كه‌ شۆڕش به‌ ئامانجی‌ خۆی‌ داده‌نا...

لێره‌وه‌ زانكۆكان به‌ تایبه‌ت زانكۆی‌ سلێمانی‌ وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ مامۆستا و خوێندكار و فه‌رمانبه‌ره‌وه‌ ده‌بنه‌ سه‌نته‌ر بۆ گۆڕانه‌ گه‌وره‌كان زانكۆی‌ سلێمانی‌ توانی‌ ئه‌و مه‌سجه‌ بدات به‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ چی‌ تر ناتوانن بتخانه‌ دروست بكه‌ن ئه‌و مه‌سجه‌ بو كه‌ كۆیله‌كانی‌ له‌ بێ‌ ده‌نگیه‌وه‌ فێری‌ زمانی‌ وتن كرد زانكۆی‌ سلێمانی‌ هه‌مومانی‌ برده‌ به‌رده‌م بته‌ جه‌لاده‌كان و وتیان: چی‌ تر ئێوه‌ كۆیله‌ نین ده‌توانن ئه‌م بتانه‌ بشكێنن پێیان وتین: ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵات نیه‌ ئێمه‌ دروست بكات ئه‌وه‌ ئێمه‌یت ده‌سه‌ڵات دروست ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ ئێمه‌ین كه‌ به‌ خوێنی‌ خۆمان ته‌لارێكمان دروست كردوه‌ ده‌بێت هه‌مومان تێیدا بحه‌سێینه‌وه‌، نه‌ك گروپێك بیكه‌ن به‌ مه‌عبه‌دی‌ بته‌كان، زانكۆی‌ سلێمانی‌ ده‌بێته‌ ناوه‌ندێك بۆ ئه‌و هاوارانه‌ی‌ كه‌ له‌ ژوره‌ تاریكه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌خنكێن ده‌بێته‌ زمان بۆ ئازادی‌ ده‌بێته‌ ژیان بۆ باخچه‌كانمان، زانكۆی‌ سلێمانی‌ ئێسته‌ بوه‌ته‌ ناوه‌ندێك بۆ كوشتنی‌ به‌ بت كردنی‌ به‌شه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر به‌شه‌ره‌كانی‌ تردا، زانكۆی‌ سلێمانی‌ زانستگایه‌ك بۆ له‌ دایكبونی‌ ده‌نگی‌ نوێ‌ و كوشتنی‌ ئه‌قڵی‌ دۆگمایی‌ ناوه‌ندێك بۆ دنیا بینی‌ تازه‌ و روخانی‌ دیوه‌خانی‌ پاشاكان شوێنیك بۆ ئازادكردنی‌ كۆیله‌ و روخانی‌ بته‌كان له‌م ناوه‌نده‌دا كه‌س له‌كه‌س پیرۆزتر نیه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ته‌نها له‌ خه‌یاڵدانی‌ تاكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌بو كه‌ ته‌نها بۆ خۆمان باس ده‌كرد لێره‌ به‌ هاواره‌وه‌ ده‌وترێ‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان سه‌را بسوتێنن زانكۆی‌ سلێمانی‌ هه‌زاران سه‌رای‌ تیا له‌ دایك ده‌بێت.

ئێسته‌ زانكۆ هه‌ر یه‌كه‌ و دڵۆپێ‌ خه‌می‌ دایكانی‌ شه‌هیدانی‌ هه‌ڵگرتوه‌ و بته‌كانی‌ پێ‌ ده‌شكێنن، چی‌ تر زانكۆ رازی‌ نابێت دیاری‌ ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵات چه‌ند بتێك بێت... ئه‌وه‌ زانكۆیه‌ هه‌مو بته‌كان به‌ شكاوی‌ ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ ماڵی‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌ڵێت: ئه‌و كۆشكه‌ی‌ كه‌ به‌ خوێنی‌ ئێمه‌ دروست بو، ئێوه‌ ناتوانن واژۆی‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ تیدا بكه‌ن ئه‌وه‌تا هاوار ده‌كه‌ن:
حكومه‌تمان میلیشیایه‌
نه‌وت خۆری‌ ساوایه‌