Print WWW.SBEIY.COM
 گه‌ر گۆڕان ماڵێك بێت...
به‌ختیار شاره‌زوری
16/05/2011

ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ پێی‌ وایه‌ به‌ لوله‌ی‌ تفه‌نگ هاتوه‌ و گه‌ر تفه‌نگه‌كان نه‌بن ناڕۆن، بۆیه‌ له‌ هیچ شتێك ناترسێ‌ با بپرسین كام شت...؟

یه‌كه‌م: نه‌ له‌ خۆپیشاندان سڵ ده‌كاته‌وه‌ و نه‌ ده‌ترسێ‌، چونكه‌ مۆڕڵی‌ دیموكراتی‌ تیا نیه‌ تا له‌جۆری‌ گوشاره‌كان تێ‌ بگا ئه‌و به‌رده‌وام هێزی‌ گوشار به‌ شه‌ڕی‌ تفه‌نگ و ده‌بابه‌ ده‌زانی‌ پێی‌ وایه‌ ته‌نها لوله‌ی‌ تفه‌نگه‌كان حسابێكیان هه‌یه‌، ئیتر ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ دیموكراتیه‌ت و مافه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكومه‌ت هێنراوه‌ و كوێره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵیانواسیوه‌... ئه‌م چه‌كدارانه‌ خوێنده‌وارنین تا ئه‌م جۆره‌ له‌ دنیا بینی‌ بزانن، بۆیه‌ به‌لایانه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ هه‌مو خۆپیشانده‌ران بكوژن بڵێن تاوانبارن و ئاژاوه‌گێڕن، یان نه‌ك رۆژانه‌ بێنه‌ سه‌را، به‌ڵكو به‌ درێژایی‌ ساڵ بهاتنیایه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌لایه‌وه‌ ئاسایی‌ بو، چونكه‌ نابینایه‌ ته‌نها گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌كان و پاره‌كانیان ده‌بینین، بۆیه‌ له‌و هه‌مو خۆپیشاندانه‌دا وه‌زیرێك ئه‌ندام په‌رله‌مانێك به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ گشتی‌ وازی‌ نه‌هێنا له‌ پۆسته‌كه‌ی‌.

دوه‌م: میدیای‌ ئازاد ده‌بینین چه‌ندین ساڵه‌ میدیای‌ ئازاد به‌تایبه‌تی‌ هاوڵاتی‌ و ئاوێنه‌ و لڤین... چه‌ندین دۆسیه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیان به‌ دیكۆمێنتی‌ كۆنكرێتیه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و كاریگه‌ریه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بو، ئه‌گه‌رچی‌ متمانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ لای‌ هاونیشتمانیان نه‌هێشت و راده‌ی‌ رۆشنبیری‌ تاكی‌ به‌رزكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌م لای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ (ئازادی‌ به‌س ئه‌وه‌ بوه‌ بنوسه‌، به‌ڵام هیچ شتێكت جێبه‌جێ‌ ناكه‌م) كاتێك ده‌وترێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ چواره‌م كه‌ له‌پاڵ هه‌رسێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌دا كاریگه‌ری‌ هه‌بێت له‌ڕوی‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ زۆر باشیان بۆ ئۆپۆزسیۆن دروست كرد.

سێیه‌م: ئۆپۆزسیۆن كه‌ پێش 25/7 و پێش بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن به‌مانا هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی‌ بونی‌ نه‌بو، ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌بو به‌ دڵی‌ ده‌سه‌ڵات كاریان ده‌كرد، هه‌ر كاتێك به‌ دڵیان نه‌بوایه‌ ئه‌وا لوله‌ی‌ تفگه‌كان بێ‌ ده‌نگی‌ ده‌كردن، ئه‌وان وا له‌ دیموكراسی‌ گه‌شتون كه‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ستایشكه‌ر بێت و هیچی‌ تر.

چواره‌م: رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌ حیزب له‌ڕێگه‌ی‌ پاوانكردنی‌ ئابورییه‌وه‌ ته‌واوی‌ رێكخراوه‌كانی‌ ناچار كردبو له‌ چوارچێوه‌ی‌ شتایشی‌ ئه‌واندا كار بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر به‌ دڵی‌ ئه‌وان نه‌بوایه‌ نه‌سریه‌كانیان ده‌بڕین نه‌ده‌توانرا هیچ بڵێن.

پێنجه‌م: داواكاری‌ گشتی‌ و یاساكانیش نه‌یان ده‌توانی‌ وه‌ك پێویستی‌ جێبه‌جێ‌ كردن له‌ به‌رپرسێكی‌ حیزبی‌ یان ئیداری‌ بپێچنه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا كه‌س نه‌یده‌ویرا به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات هیچ بڵێ‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ خۆیان ده‌یان وت: گه‌نده‌ڵی‌ هه‌یه‌.

هه‌مو ئه‌مانه‌ نه‌یان توانی‌ عه‌قڵی‌ عه‌سكه‌ریانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بێ‌ لایه‌ن بكه‌ن، نه‌یان توانی‌ وه‌ك پێویست تاك ئازاد بكه‌ن و بتوانێت هاوار بكات و ره‌خنه‌ بگرێت ده‌سه‌ڵات له‌ خه‌ونێكی‌ درێژ وریا بكاته‌وه‌، كه‌ مه‌سجێك ئاڕاسته‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بكات و بڵێت: (براده‌رانی‌ شۆڕش ئه‌مه‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ ده‌وێت و پێویسه‌ سیستم هه‌بێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت و یه‌كسانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێت، تا هاوڵاتی‌ هه‌ست بكات كه‌ شۆڕش ئامانجه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ كردوه‌ و دروشمه‌كان بونه‌ته‌ كردار)... له‌ دوای‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ كاتێك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دایك ده‌بێت، قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌ بونی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ هه‌قیقی‌ دروست ده‌بێت مانا ده‌دات به‌ دیموكراتی‌... پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ ئایا ده‌سه‌ڵات هه‌زمی‌ ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ ده‌كات...؟ بێ‌ گومان نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆخۆی‌ پێویستی‌ به‌ ئازایه‌تیه‌ك هه‌بو كه‌ ره‌گێكی‌ له‌ناو شۆڕشدا بێت و ببێته‌ قه‌ڵغانێك بۆ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ تا بتوانێت رێ‌ بۆ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ خۆش بكات تا به‌شدار بن له‌ به‌ سیستم كردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌.

كاتێك بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دایك ده‌بێت قۆناغێكی‌ تر دروست ده‌بێت، كه‌ هاوڵاتی‌ له‌ سایه‌ی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یدا بتوانێت ره‌خنه‌ بگرێت و داواكانی‌ روبه‌ڕوی‌ ده‌سه‌ڵات بكاته‌وه‌... با بپرسین بۆ دوای‌ دروست بونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ بزوتنه‌ویه‌كی‌ بێ‌ چه‌كه‌ و خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌ ده‌كات هاوڵاتی‌ ده‌توانێت نه‌ترسێ‌ و ئازایانه‌ روبه‌ڕوی‌ ده‌سه‌ڵات بێته‌وه‌...؟ بۆ ئێسته‌ ده‌سه‌ڵات ناچاره‌ گوێ‌ له‌ میدیا ئازاده‌كان بگرێ‌...؟ بۆ ناچاره‌ باسی‌ شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌ری‌ یاسا بكات...؟ ئه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بو توانی‌ هه‌مو هێزه‌كان كۆبكاته‌وه‌ و پڕۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ و فه‌لسه‌فه‌ی‌ حكومی‌ پێَبێ‌، خۆ ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ماڵێك بێت ئه‌وا حه‌وشه‌ی‌ پشته‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك شێری‌ نوستوی‌ به‌ ئه‌زمونی‌ تێدایه‌، له‌ ئێستادا گۆڕان و یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ توانیویانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ بێ‌ چه‌ك، كه‌ جۆرێكه‌ له‌ خه‌باتی‌ سه‌رده‌میانه‌ و دنیای‌ تازه‌ خۆیان رێكبخه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ به‌هه‌مان عه‌قڵی‌ كۆنه‌وه‌ ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌ حوكمڕانییه‌كی‌ شكستخواردو بدات...