Print WWW.SBEIY.COM
 زیاد ده‌كات زیاد ده‌كات موچه‌كه‌مان زیاد ده‌كات
به‌ختیار شاره‌زوری
14/02/2012

(نامه‌كان ده‌چنه‌ ناو سندوقی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌)
رۆژانه‌ چه‌ندین نامه‌ ده‌چێته‌ ناو سندوقی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ هه‌مو نامه‌كان هه‌ڵگری‌ په‌یامێكی‌ توڕه‌ن ده‌چێته‌ ناو ماڵی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌... هه‌مو نامه‌كان ئاماژه‌ن به‌ حاڵه‌تیكی‌ ترسناك، ئاماژه‌ن به‌ دۆخێك كه‌ داواكاریه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و ئاگادار كردنه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌ سنوره‌ سوره‌كان نزیك بونه‌ته‌وه‌...

هه‌مو نامه‌كان دێن و ده‌چنه‌ ناو سندوقه‌كانه‌وه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌كانه‌وه‌ خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ماڵی‌ ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌سه‌ڵاتیش وه‌ك پیاوێكی‌ موعتاد و بێباك له‌ هه‌مو شتێ‌ خه‌ریكی‌ پێكهه‌ڵدانی‌ خۆیه‌تی‌ له‌سه‌ر كورسی‌ و مێزه‌كه‌ی‌ چوارده‌وه‌ری‌ پڕه‌ له‌ نامه‌ توڕه‌كان پڕه‌ له‌ سكاڵاكان، ده‌سه‌ڵات بۆری‌ نه‌وته‌كانی‌ هێناوه‌ته‌ ژێر كورسیه‌كه‌ی‌ و خوێنی‌ هاوڵاتی‌ نۆش ده‌كات... ده‌سه‌ڵاتێك پێیوایه‌ ئه‌و تفه‌نگه‌ی‌ به‌ دیواری‌ ژوره‌كه‌یدا هه‌ڵیواسیوه‌ ئه‌مڕۆی‌ پێ‌ كڕیوه‌ و نامه‌كان هیچ به‌هایه‌كی‌ نیه‌ وێنه‌ی‌ گه‌نجێتی‌ خۆی‌ به‌ شاخێكه‌وه‌ و به‌ ئاربیجیه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ نامه‌كان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نازانێ‌ مافی‌ تاك چیه،‌ چونكه‌ ئه‌و دوێنی‌ به‌ شاخه‌وه‌ به‌ ئاربیجی‌ و پوزه‌وانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ كڕیوه‌، ده‌سه‌ڵاتێك له‌ خه‌وێك و مه‌ست بونێكی‌ قوڵدایه‌ و بێ‌ ئاگایه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌چی‌ تر ئه‌م جۆره‌ نه‌خوێنده‌وارانه‌ ناتوانن شار به‌ڕێوه‌به‌رن كوڕانی‌ شاخ ناتوانن ببنه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شاره‌كان، هه‌مو ئه‌مانه‌ ده‌كرێت له‌م نامه‌یه‌دا گه‌ڵاڵه‌ بوبێ‌ كه‌ باسی‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌كات، كه‌ ده‌كرێ‌ ئه‌م گۆرانیه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ بۆ بكرێ‌ كه‌گشتاندن بێت بۆ هه‌مو تاكێك و هه‌مو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی،‌ كه‌ دور له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بنه‌ كاڵایه‌ك له‌به‌رده‌م به‌رپرسه‌كاندا، ئاماژه‌یه‌ به‌ ئاوه‌ژۆبونه‌وه‌ی‌ هه‌مو چه‌مكه‌كانی‌ نیشتمانی‌ بون و هاوڵاتی‌ بون به‌ دیوێكی‌ تردا ئاماژه‌یه‌ به‌ دۆخیكی‌ بێزراو و قبوڵ نه‌كراو كه‌ نه‌توانرێ‌ سستمێك هه‌بێت به‌رهه‌مهێنی‌ وه‌ڵامێك بێت، كه‌ پرسیاره‌كان تێر بكات دواجار ده‌بێته‌ ئه‌و بوركانه‌ی‌، كه‌ خانوه‌كه‌ به‌سه‌ر سه‌ڵاتیكی‌ موعتادا بڕوخێنی‌، 17ی‌ شوبات نامه‌ گه‌وره‌كه‌ بو به‌ڵام ده‌سه‌ڵات خستیه‌ پشتی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ كه‌له‌ شاخ گرتویه‌تی‌ وه‌ك وه‌ڵامێك .

ئه‌م گۆرانیه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ گه‌مژاندنی‌ تاك له‌به‌رده‌م موچه‌یه‌كدا كه‌له‌ بنه‌ڕه‌تدا مافی‌ زیاتری‌ هه‌یه‌ له‌ داهاتی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ و دیوی‌ دوه‌می‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ بونی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ بێباک، كه‌ ناتوانێ‌ نامه‌كان بخوێنێته‌وه‌... هه‌مو نامه‌كان ده‌بنه‌ ئه‌و تنۆكه‌ ئاوه‌ی‌ كه‌ ده‌ریایه‌ك دروست ده‌كه‌ن و ده‌بێته‌ لافاو ماڵی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوخێنێ‌ به‌م مه‌ست بونه‌شه‌وه‌ فریای‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ هه‌مو نامه‌كان ناكه‌وێ‌ .