Print WWW.SBEIY.COM
 په‌یامه‌که‌ی كاك نه‌وشیروان
به‌ختیار شاره‌زوری
22/03/2012

وه‌ك سه‌ره‌تا ده‌بێ‌ بزانین ده‌وڵه‌ت چ شیكاریه‌ك هه‌ڵده‌گرێ‌...؟ ئایا ده‌وڵه‌ت بون له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌بێت كاتێك باس له‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ین...؟ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك بنه‌مای‌ زانستی‌  له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقع  هه‌بێت، پاشان ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نرێت له‌ڕوی‌ سنوری‌ جوگرافی‌ و بنه‌مای‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی و دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ زه‌مینه‌سازی‌ بۆ كرا بێت، با بپرسین ئایا هه‌رێم له‌ئێستادا ده‌توانێت ببێته‌ ده‌وڵه‌ت؟ كه‌ تائێستا دو ئیداره‌یی‌ و له‌هه‌ر یه‌ك له‌م دو ئیداره‌یدا ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوچه‌یی‌ و كه‌سیش هه‌یه‌ حیزب خۆی‌ له‌ هه‌رێم و به‌ها نیشتمانیه‌كان به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانێ‌ و‌ بنه‌ماڵه‌كان خۆیان له‌ حیزب به‌ گه‌وره‌تر ده‌زانن و ده‌سه‌ڵاته‌كان كارتۆنیه‌... ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ له‌ ئاست كۆمه‌ڵێك بازرگانی‌ ناو حیزبه‌كاندا زۆر بچوكتره‌ له‌وه‌ی‌ پێی‌ ده‌وترێ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆر كات دادوه‌ری‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ ئه‌م بازرگانانه‌دایه‌... ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێ‌ كردن تا ئاستی‌ هه‌ڵوه‌شاندن نوقمی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بوه‌ و‌ یاسادانان هه‌مومان له‌ زاری‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانه‌وه‌ ده‌بیستین، كه‌ چه‌ند لاوازه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م بازرگانانه‌دا.

خاڵێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌ی‌ كاك نه‌وشیروان بونی‌ ئابوریه‌كی‌ سه‌ربه‌خۆیه،‌ كه‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ سود له‌ رێگاكانی‌ تری‌ ئابوری‌ وه‌ربگیرێت، وه‌ك كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی‌ تا بتوانرێ‌ بڕی‌ پێداویستیه‌كانی‌ ناو هه‌رێم پڕبكاته‌وه،‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌ره‌تایی‌ ترین پێداویستی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێت تاكه‌ سه‌رچاوه‌ش نه‌وته‌، كه‌ هه‌مومان باش ده‌زانین كه‌ سستمێك نیه‌ بۆ رێكخستنی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌و نه‌وته،‌ بگره‌ هه‌ر كه‌سێكی‌ بازرگان بڕی‌ هه‌یه‌ له‌و نه‌وته‌ و‌ ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ به‌غدا‌وه‌ دێت چۆن و چی‌ به‌سه‌ر دێت... ‌ئایا تاك له‌سایه‌ی‌ ئه‌م ئابوریه‌ حیزبی‌ و ناوچه‌یدا تا چه‌ندێ‌ هه‌ست به‌ بونی‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌كات، تا بتوانرێ‌ ولا هه‌بێت بۆ ئاماده‌گی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ.

خاڵێكی‌ تر بونی‌ زه‌مینه‌یه‌كی‌ له‌باری‌ ده‌ره‌كی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئایا له‌سه‌ر بونی‌ پشتگیری‌ كۆده‌نگی‌ نیوده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌ت بونی‌ هه‌رێمه‌؟ ئایا له‌سه‌ر ئاستی‌ عێراقی‌ ده‌توانرێ‌ ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانه‌وه‌ بخرێته‌سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر سلێمانی‌ هه‌ولێر و دهۆك بێت، ئه‌وا چه‌ندین ساڵه‌ كورد بۆچی‌ خه‌بات ده‌كات، ئایا ناكاته‌وه‌ ئۆتۆنۆمیه‌كه‌ی‌ به‌عس.

خاڵێكی‌ تر ئاشتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه،‌ كه‌ ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یمانێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بێت و ئازادیه‌كان فه‌راهم بێت بنه‌مایه‌ك هه‌بێت بۆ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌ی‌ هه‌مو چێن و توێژه‌كان، به‌ڵام له‌ هه‌رێمێكدا هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ سایه‌ی‌ حیزبی‌ ته‌قلیدیه‌وه‌ له‌ ژێر سفره‌وه‌ن ئیتر ده‌وڵه‌ت بون مانایه‌كی‌ زانستی‌ وه‌رناگرێ‌.

ئایا تاك به‌ گشتی‌ هه‌ست به‌بونی‌ مافی‌ خۆی‌ ده‌كات تا بتوانرێ‌ وه‌ك سه‌رمایه‌یه‌كی‌ مرۆی‌ بۆ پشتگیری‌ كردن له‌م ده‌وڵه‌ته‌ كاری‌ له‌سه‌ر بكرێ‌؟ هه‌مو ئه‌مانه‌ و چه‌ندین چه‌مكی‌ تر كه‌ ده‌كرێ‌ ورد تر و زانستیانانه‌تر بخوێنرێته‌و و كاری‌ له‌سه‌ر بكرێ‌ ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی‌، كه‌ په‌یامه‌که‌ی كاك نه‌وشیروان زه‌نگێكی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كار بۆ دروستكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌ت بكرێ‌ له‌ ئێستادا راگه‌یاندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ زیانی‌ زیاتر ده‌بێت، وه‌ك له‌ قازانجی‌ مێژوش شاهیدی‌ ئه‌وه‌ن، كه‌ چه‌ندین هه‌وڵ هه‌بوه‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌ت و له‌به‌رنه‌بونی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌ت له‌به‌رده‌م ئاسان ترین كێشه‌دا روخاوه‌ و له‌ناوچوه،‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستا‌وه‌ هه‌مو حیزب و چین و توێژه‌كان كار بۆ دروستكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌وڵه‌ت بكرێ‌ تا له‌ داهاتودا بگه‌ینه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی،‌ كه‌ خه‌باتی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورده.