Print WWW.SBEIY.COM
 ته‌كنیككاران له‌نێوان ماف و ئه‌ركدا
به‌ختیار شاره‌زوری
23/04/2012

هه‌ر پیشه‌یه‌ك بۆخۆی‌ هه‌ڵگری‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی‌ خۆیه‌تی‌، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ به‌ستنه‌وه‌ی‌ به‌ پیشه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی‌ تره‌وه‌، كه‌ ده‌كرێ‌ پیشه‌ له‌ ناو بازنه‌ی‌ حكومیدا له‌سه‌ر بنچینه‌ی‌ پێگه‌ی‌ خۆی‌ و گرنگیه‌كه‌ی‌ به‌ پله‌به‌ندی‌ چوارچێوه‌ی‌ خۆی‌ هه‌بێت، له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ حكومه‌تدا پیشه‌كان ده‌بنه‌ ته‌واوكه‌ری‌ پێداویستیه‌كان و جوڵه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام ده‌دات به‌ كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئاستی‌ گشتی‌، كه‌ هه‌مو پیشه‌كان ده‌بێت سیستمێكی‌ ته‌ندروست بێت بۆئه‌وه‌ی‌ بتوانرێ‌ به‌ یاساكان كاربكرێت ئه‌وكات هه‌ر تۆژێك، كه‌ هه‌ڵگری‌ تایبه‌تمه‌ند و پیشه‌یه‌كه‌ گرنگی‌ كاری‌ خۆی‌ ده‌زانێ‌ به‌ واتایه‌كی‌ تر له‌به‌رامبه‌ر یاساكاندا ماف و ئه‌ركی‌ خۆی‌ ده‌زانی‌ ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ رۆژانه‌.

خۆ ئه‌گه‌ر له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا سه‌یری‌ رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان بكه‌ین هێنده‌ كاركردن بوه‌ به‌ هه‌مان میتۆدی‌ كۆن و ته‌قلیدیانه‌ و به‌عسیانه‌ هێنده‌ كار نه‌كراوه‌ تا رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌كان وه‌ك رێكخراوێكی‌ مه‌ده‌نی‌ كار بكه‌ن و نوێنه‌ره‌كانیان، بریتی‌ بێت له‌ گه‌یاندنی‌ داواكاری‌ و سكاڵای‌ ئه‌و توێژه‌ و دروستكردنی‌ فشار بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌ پیشه‌ییه‌كانیان، كه‌ ده‌كرێت هه‌مو ئه‌م رێكخراو و كۆمه‌ڵانه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت كار له‌سه‌ر داواكانیان بكه‌ن، بابپرسین تا چه‌ندێ‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا توانراوه‌ رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ سیستمێك رێك بخرێت و یاسایه‌كیش هه‌بێت بۆ كاری‌ گشتی‌...؟ حیزب له‌ كوردستاندا به‌ تایبه‌ت پارتی‌ و یه‌كێتی‌ چۆن هه‌رێمی‌ كوردستانیان له‌ هه‌مو رویه‌كه‌وه‌ كردوه‌ته‌ دو ناوچه‌ و دو حكومه‌تی‌ خێڵه‌كی،‌ هه‌رواش رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌كانی‌ ناو حكومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌تیان دابه‌ش كردوه‌، كه‌ بوه‌ته‌ هۆی‌ لێكترازانی‌ ته‌واوی‌ هه‌وڵی‌ گشتی‌ رێكخراوه‌كان، به‌ده‌ر له‌مه‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ نوێنه‌ری‌ رێكخراوه‌كانیان له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ ولاء بۆ حیزب و رۆبۆرته‌كانی‌ حیزبیان كردوه‌ته‌ نوێنه‌ری‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ كه‌ جگه‌ له‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ حیزب و سه‌پاندنیان به‌سه‌ر رێكخراوه‌كاندا نه‌یانتوانیوه،‌ وه‌ك پیشه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رێكخراوانه‌دا بكرێ‌ ئه‌م نوێنه‌رانه‌ش هه‌ندێ‌ كات، به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ حیزبیش دانه‌نراوه‌ بگره‌ بوه‌ به‌ خواستی‌ تاكه‌كه‌سی‌ به‌ ئاره‌زوی‌ كه‌سێكی‌ باڵا له‌ناو پارتی‌ و یه‌كێتیدا دانراوه، كه‌ به‌ گشتی‌ بوته‌ هۆی‌ ئیفلیج كردنی‌ جومگه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ كۆمه‌ڵگا كه‌ زۆرجار حساب نه‌كرنی‌ بۆ چینه‌كانی‌ ناوه‌ڕاست و خوارو، بوته‌ هۆی‌ كێشه‌ له‌نێوان چینه‌كاندا ده‌رئه‌نجامی‌ هه‌مو كێشه‌كان نه‌بونی‌ یاسایه‌كه‌، كه‌ هه‌مو چینه‌كان ماف و ئه‌ركی‌ خۆیان بزانن به‌ دیوێكی‌ تردا هه‌مو رێكخراوه‌كان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ سیستمدا هه‌یه،‌ كه‌ ئه‌قڵی‌ كوردی‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رهه‌مهێنی‌ یاسایه‌ك بێت، كه‌ ماف و ئه‌ركی‌ رێكخراوه‌كان دیاری‌ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كراوه‌ته‌ پاشكۆی‌ حیزب وه‌ك رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی‌ پارتی‌ خۆ كۆمیدیاكه‌ لێره‌دا، كه‌ ئه‌م دو رێكخراوه‌ حیزبیانه‌ پڕن له‌ دروشمی‌ گه‌وره‌ی‌ كارتۆنی‌، ئه‌كرێت حیزب چه‌ند كه‌سێكی‌ دیاری‌ كراوی‌ خۆی‌ هه‌بێت تا پڕۆژه‌كانی‌ بخاته‌ به‌رده‌م ئه‌م چین و توێژانه‌ و رێكخراوه‌كان دواجار رێكخراوه‌كانن له‌سه‌ر ئاستی‌ تاك ده‌نگ ده‌ده‌ن به‌و پڕۆژانه‌ی،‌ كه‌ ده‌توانێ‌ به‌پێی‌ یاسا كاره‌كانیان بۆ رێكبخات، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ته‌ندروستدا بێت و فره‌حیزبی‌ فره‌ ده‌نگی‌ بێت، ئه‌وا له‌نێوان حیزب و ئه‌م رێكخراوانه‌دا جۆره‌ په‌یمانێك دروست ده‌بێت بۆ به‌ڵێنه‌كان خۆئه‌گه‌ر جێبه‌جێ‌ نه‌كرا، ئه‌وا ئه‌و په‌یمانه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌و و ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌ی‌ حیزبێكی‌ تر ده‌ده‌ن نه‌ك تاك و نوێنه‌ری‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ به‌ ئیمتیازات و پۆست بكرێته‌ كۆیله‌ و كاڵا و مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌ بكرێ‌، كه‌ ئێسته‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وی‌ خواستی‌ ئه‌م دو حیزبه‌وه‌ بێت بێ به‌ش ده‌بێت له‌ مافی‌ سه‌ره‌تایی‌ خۆی‌ هه‌مو نوێنه‌ری‌ رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌كان جگه‌ له‌ كاركردن بۆ سه‌رانی‌ حیزب و بارگرانی‌ به‌سه‌ر رێكخراوه‌كانه‌ و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ گشتی‌ هیچ شتێكی‌ تر نه‌بوه‌.

له‌ ئێستادا ڕێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ری و دیموكراتیه‌كانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ رێگریه‌كی‌ گه‌وره‌ن له‌به‌ده‌م به‌ دیموكراتیزه‌ بونی‌ رێكخراوه‌كان، چونكه‌ ده‌رماڵه‌كان به‌ستراوه‌ به‌ ئه‌ندام بون به‌ رێكخراوه‌كانه‌وه،‌ وه‌ك ئابونه‌وه‌ی‌ حیزبی‌ نه‌ك به‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ بێت به‌رژه‌وندی‌ گشتی‌ و تایبه‌تی‌ ئه‌ندام ببێته‌ په‌یوه‌ست بون ئه‌مه‌ بۆ خۆی‌ دیدو تیڕوانینێكه،‌ كه ‌له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ مۆدیرن و دیموكراتیدا ناگونجێ‌ ده‌بێ‌ بگۆڕێ‌ ئه‌م رێكخراوانه‌ی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ هه‌ڵبوشێنرێته‌وه‌ و ئاره‌زومه‌ندانه‌ تاكی‌ پیشه‌ی‌ خۆیان رێكخراو دروست بكه‌ن، نه‌ك حیزب و نوێنه‌رایه‌تی‌ نه‌بێته‌ ده‌ستكه‌وت، به‌ڵكو به‌رپرسیاریه‌تی‌ بێت... ئالێره‌وه‌ سه‌ندیكای‌ ته‌كنیككاران وه‌ك هه‌ر رێكخراوێكی‌ تر به‌ده‌رنیه‌ له‌م پاوانكردنه‌ و ناتوانێت په‌یڕه‌وێك به‌رهه‌م بهێنێ،‌ كه‌ گوزارشت له‌ كۆی‌ ئه‌م تاكانه‌ بكات له‌ناوه‌ی‌ حكومه‌ت و له‌ ده‌روه‌ی‌ حكومه‌تن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌، كه‌ تائێستا نه‌توانراوه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌بده‌ئی‌ هه‌بێت بۆ سه‌ندیكا و پاشان كاربكرێ‌ بۆ سه‌ربه‌خۆ بونی‌ له‌ ده‌روه‌ی‌ حیزب .

ته‌كنیككارانی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ وه‌ك چینێكی‌ ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌ت له‌ناو فه‌رمانگه‌كاندا، وه‌ك بونی‌ خۆی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌ و مافه‌ پیشه‌ییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی‌ ته‌كنیككار بۆچونێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و مافانه‌یان بۆ جێبه‌جێ‌ بكرێ‌، وه‌ك هه‌مو رێكخراو كۆمه‌ڵه‌ و پیشه‌كانی‌ تر دنیایه‌ك گله‌یی‌ و ره‌خنه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سیستم كه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامدا ده‌كاته‌ ئه‌وه‌ی‌ بڵێین، هه‌ڵوێستی‌ گشتی‌ ده‌بێت و سه‌ره‌تاكانی‌ ده‌ركه‌وتون هه‌ر له‌ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی‌ سه‌ندكاكانی‌ ته‌كنیككاران و ده‌رماڵه‌ی‌ پیشه‌یی‌ و ده‌رماڵه‌ی‌ ترسناكی‌ و مافی‌ نیشته‌جێ‌ بون و كه‌مئه‌ندامانی‌ ته‌كنیكاران و دڵنیایی‌ ته‌ندروستی‌ و جێبه‌جێ‌ نه‌كردنی‌ یه‌ك سیستمی‌ موچه‌ی‌ یه‌كگرتو، بۆ ته‌كنیكاران و رێكخراوێكی‌ سه‌ربه‌خۆ و بونی‌ نوێنه‌ریان له‌ بڕیاری‌ سیاسی‌ و بونی‌ یاسایه‌ك بۆ كه‌رتی‌ تایبه‌ت و مافی‌ ته‌كنیككاران تێیدا، كه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ ئاماژه‌ن به‌ سه‌رله‌نوێ‌ گۆڕانكاری‌ گشتی‌ له‌سه‌ر هه‌مو ئاسته‌كاندا بۆ رێكخراو و سه‌ندیكاو كۆمه‌ڵه‌كان له‌ناویاندا سه‌ندیكای‌ ته‌كنیككارانی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ و بونیادنانه‌وه‌ی‌ به‌ پێ‌ ماف و ئه‌ركی‌ ته‌كنیكار له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ كاركردندا.